ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە: پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی کۆمەڵە



ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە: پیلانگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی کۆمەڵە

لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە ماوەیەکی کورتدا چەند هەواڵی ناڕوون لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتیەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی تیمێکی ١٠  کەسی بڵاوکرایەوە. بەداخەوە بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکردنی چەند کەس لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بوو کە بە ئامانجی چالاکی تەبلیغی و تەشکیلاتی لە پارێزگای ورمێ، لە بۆسەی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی کەوتبوون. چەند ڕۆژ دواتری لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، هەواڵێکی دیکە لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و هەواڵگری (فارس) بڵاوکرایەوە کە تۆمەتگەلێکی دوور لە ڕاستی و هەڵبەستراوی خستبووە پاڵ پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.

جگە لەوەی لە نێوان هەواڵەکان و لێدوانی بەرپرسانی ئۆرگانە ئەمنیەتیەکان و ڕاگەیاندنەکانی ڕژیم ناتەبایی و جیاوازی حاشاهەڵنەگر هەیە هەروەها بەلەبەرچاوگرتنی شکست و ڕێسواییە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ڕابردوودا و هەوڵی هەمەلایەنەی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکست و ڕێسواییانە، هەر لە سەرەتاوە ئەگەری پلان دانان بۆ وەها سێناریۆگەلێکی بێ بنەما و تۆمەت هەڵبەستن بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، لە ئارادابوو. هەر بۆیە، وەک هەمیشە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان و حیزبەکانیەتی کە دەکەونە بەر هێرشی تۆمەت، و دەبێت باجی ڕاگرتنی هەیمەنەی لەرزۆکی ڕژێم لە بەرانبەر کۆمەڵگای جیهانی، ناوچەکە و خەڵکی ئێران بدەن.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە توندی ئەم ئیدعا و تۆمەتانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕەد دەکاتەوە و ئەم پڕۆژەیە، وەکوو بیانوویەک بۆ سەرکوتی زیاتر لە کوردستان، و پەروپاگاندا بە  دژی خەباتکارانی بەرحەقی خەڵکی کوردستان و ئێران  دەزانێت. هەروەها ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەڕەشەی گیانی لە سەر پێشمەرگە دەسبەسەرکراوەکانی خۆمان دەزانین و چاوەڕوانیمان لەسەرجەم، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕای گشتی ئێران ئەوەیە لە هەمبەر، ئەو سێناریۆسازییە دووپاتکراو و چەواشەکارانە بێ دەنگ نەبن، تا جارێکی دیکە ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە نەبنە قوربانی سەرەڕۆیی، پیلانگێڕی و زیادەخوازی و بەربەرەکانێی ئیدئۆلۆژیکی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.



کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتێکشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

27ی جولای 2022ی زاینیی

چوارشەممە، 5ی گەلاوێژی 1401ی هەتاوی





ئه‌م بابه‌ته 903 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:15:27/07/2022