سکرتێری گشتیی YNDK یەکگرتنەوەى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران پیرۆز دەکات



غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK پەیامێکى پیرۆزبایى ئاراستەى بەڕێزان عەبدوڵڵاى موهتەدى سکرتێرى گشتیی کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران و عومەر ئیلیخانى زادە جێگرى سکرتێرى گشتیی کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران کرد و، بەبۆنەى یەکگرتنەوەى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران، پیرۆزبایى لێکردن و هیواى پێشڤەچوون و سەرکەوتنى بۆ خواستن، ئەمەش دەقى پەیامەکەیە :



برای بەڕێز کاک عەبدوڵڵاى موهتەدى سکرتێرى گشتیی کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران

براى بەڕێز کاک عومەر ئیلیخانى زادە جێگرى سکرتێرى گشتیی کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران

سڵاوێکی برایانەی گەرم ...

بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، بەبۆنەی یەکگرتنەوەى هەردوو کۆمەڵە تێکۆشەرەکەتان (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران دەکەین و، هیڤیدارین یەکگرتنەوەى کۆمەڵە ببێتە فاکتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەرکەوتنی زیاتر لەپێناو خزمەتکردن و سەرکەوتنى دۆزی رەوای گەلەکەمان.

بەڕێزان؛ یەکگرتنەوەى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران هەنگاوێکى بوێرانەو کارێکى نەتەوەیى و نیشتمانى مەزنە، بە چاوى رێزەوە لەو هەنگاوەتان دەڕوانین و بە بەرزى دەینرخێنین، یەکگرتنەوەى (کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران) لەم کاتەدا کەوا کوردستان و رۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەکی گشتیی و بەتایبەت رۆژهەڵاتى کوردستان لە رەوشێکی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی کۆمەڵێ‌ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانکارى مەزن دەکرێت، پێویستییەکى بابەتى و مێژوویى بوو، ئومێددەکەین یەکگرتنەوەى کۆمەڵە ببێتە فاکتەرێکى بەهێز بۆ یەکێتی و یەکدەنگی کوردان و سوودوەرگرتن لەگۆڕانکارییەکان، بێگومان باوەڕى نەگۆڕمان وایە کە یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى داگیرکەرانى کوردستان و دوژمن و ناحەزانمان، لەم رووەوە یەکگرتنەوەى کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانی ئێران بە چەکێکى کاریگەر دەزانین بۆ هەڵوەشاندنەوەو رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمنان و داگیرکەرانى کوردستان، بەباوەڕی ئێمە هەنگاوى دواى یەکگرتنەوەى کۆمەڵە، بۆ خورتکردنى خەبات و تێکۆشان بریتییە لە پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەری، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان لەپێناو ئەم ئامانجەدا تێبکۆشین.

لەکۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و، سڵاو لە خەبات و بەرخودانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین و بەچاوی رێزەوە لێی دەڕوانین و، هیوای پێشڤەچوون و سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و، جەختدەکەینەوە سەر پتەوکردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتکردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی کوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواکانمان ... لەگەڵ سڵاوو رێزى دووبارەماندا .


هەر بژین و سەرکەوتووبن بۆ کوردو کوردستان.

براتان

غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستانYNDK

23 / 11 / 2022


ئه‌م بابه‌ته 132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:04:29/11/2022