بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات وئامادە بوون بۆ ئەگەرەکان

مستەفا زاهیدی

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و ئێران بە تایبەتی لەم ماوەیەدا بوون بە چەقی هەواڵەکان. ململانێی هێزەکان لەم ناوچەیە چاوەڕوانی هەموو ئەگەرێکی لێدەکرێت بە تایبەت لە ئێران. ئەگەرەکانی گۆڕانی رژیم لە ئێستادا زیاتر لە هەر کاتێکە، جا گۆڕان بە هۆی هەستانی خەڵکەوە بێت و شۆڕشێکی جەماوەریی هۆکاری گۆڕان بێت یان بە هۆی هێرشەوە. هەرکام لەم ئەگەرانە بوونیان هەیە. بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە یەک ساڵی رابردوودا سەرەڕای گوشارە ئابووریی و ئەمنییەتی و سیاسییەکان زیاتر لە هەرکاتێک پەرەیان سەندووە. لە شەقامەکانی ئێرانەوە دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک زۆر بە ڕوونی دەبیسترێت. مانگرتنی کرێکاران و مامۆستایان لە یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار بەڕێوەچووەو گڕوو تینی خستۆتە گیان بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان. گوشاری ئابووری تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوەو هەموو دەروازەکانی ئومێدی باشتر بوونی ژیان لە ئەگەری مانەوەی ئەم رژیمەی داخستووە. زیاتر لە هەرکاتێک شووشەی عومەری رژیم ڕوو لە شکانە. خەڵک متمانەی بە رژیم بە هەموو باڵەکانییەوە نەماوە. ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و ڕێبەندانی 1396ی هەتاوی (٢٠١٨) نیشانی دا خەڵک پشتیان لە رژیم بە هەموو باڵەکانییەوە کردوەو ئیتر ناکرێت بە ناو جیاوازی باڵەکانەوە خەڵک فریو بدرێت و بگەڕێندرێنەوە بۆ ماڵەوە. مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولادی ئەهواز کە نزیک بە ٤٥ رۆژ بەردەوام بوو دەرخەری ئەو راستییەبوو کە کرێکاران و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا خوازیاری گەیشتنن بە مافەکانی خۆیان. بزووتنەوە بە ناو ژنانی مەیدانی ئینقلاب، کە دژی حیجابی زۆرە ملێ زۆر بە ئاشکرا وەستانەوە بەشێوەی ئاشکرا وەستانەوە بوو دژ بە یەکێک لە بنەماییترین بونیادەکانی مانەوە رژیم کە حیجابە. مانگرتنی مامۆستایان لە چەند قۆناغدا وزۆر رووداوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مەدەنی، دەرخەری ئەو راستییەیە کە لە ناوخۆی وڵاتەوە دەسەڵات بونیادەکانی رووخاوە. لە هەر ئەگەرێکدا خەڵک ئامادەن خۆیان چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست و کۆتایی بە تەمەنی نگریسی ئەم رژیمە بهێنن.

لە دەرەوەی وڵاتیش و لە پەیوەند بە کێشەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ ئێران، ئەم ململانێیە زۆر تۆختر بۆتەوە. هەرکات ئەگەری ئەوە هەیە لە کەنارەکانی کەنداوی فارس و دەریای عومان جەنگێک ڕووبدات. جەنگێک کە ئیتر بە هیچ شێوەیەک جەنگێکی مەودا دیار نییە، بەڵکوو ئەو جەنگە ئەگەر رووبدات بە مانای تەواو بوونی تەمەنی رژیمە . نە ئەوەیە لە باری سەربازییەوە و چەک و چۆڵی سەربازییەوە ئێران توانای وەستانەوە دژ بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ببێت کە بە نوێترین چەکەکانی ئەمریکا پڕچەک کراون و نە ئەوەیە لە باری هێزیشەوە ئیتر کۆماری ئیسلامی ئەو هێزە مرۆییە بڕوادارەی لەگەڵ بێت کە ئامادە بێت جەنگی بۆ بکات. هەر بۆیە رژیم پەنای بردۆتە بەر هێزە دروستکراوە دەرەکییەکانی خۆی وەک «حیزب اللە»ی لوبنان و «حەشدی شەعبی» و «فاتمیون» و «زەینەبیون» و دەیهەوێت بە پشت بەستن بەم هێزانە بتوانێت خۆی رابگرێت. بەڵام ئەم هێزانەش ئەوە نین کە بتوانن بەرگەی توانای سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگرن. لە ئەگەری جەنگ رەنگە ئەم هێزانە بتوانن ماوەیەک ببن بە لەمپەر لە بەردەم هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیدا، بەڵام سەرەنجام ئەوان توانای جەنگی کۆتاییان نییە.

بە گشتی بە هەرکام لە بژاردەکان تەمەنی رژیم روو بە کۆتاییە و رژیمی ئیسلامی لە ئاویلکەی گیانداندایە. کۆتایی هاتنێک کە ئەتوانرێت بە قۆناغێکی نوێ لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران ناوی ببەین. قۆناغێک کە دەتوانین بە قۆناغی مەرگی یەکێک لە گەورەترین پشتیوانەکانی تیرۆریزمی ئیسلامی و هەروەها مەرگی یەکێک لە گەورەترین دەسەڵاتەکانی هەڵگری ئایدیای ئیسلامی سیاسی ناو دەبرێت. ئەوەی کە دەسەڵاتی دوای کۆماری ئیسلامی چ ماهییەتێکی دەبێت ڕوون نییە. بەڵام تەنها یەک خاڵ روونە ئەویش ئەوەیە ئیسلامی سیاسی و دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە ئێران کارنامەی خۆی نیشانی خەڵکی ئێران داوەو هەر دەسەڵاتێک بە هەر ماهییەتێکەوە بێتە سەر کورسی، ناتوانێت دەسەڵاتێکی ئایینی بێت.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بۆ ئەم قۆناغە نوێیە تا چەند ئامادەیە؟ چی کردووە بۆ ئەم قۆناغە نوێیە؟ پێویستە چی بکات بۆ ئەوەی بە هێزەوە ئامادەگی ببێت لەم قۆناغە نوێیەدا.

بەداخەوە کورد تا ئێستە وەک بزووتنەوە دەتوانین بڵێین ئامادەیی نییە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم قۆناغە نوێیە. وەک حیزب هەرکام لە حیزبەکان ئامادەیی خۆیان هەیە. هێزی پێشمەرگەیان هەیە و خەریکی راهێنانن بەم هێزانە. ڕێکخستنی ناوخۆیان هەیەو خەریکی کارکردنن لە رێگای رێکخستنەکانیانەوە. هەر حیزبە و بە پێی توانا و قورسایی خۆی وەک حیزب خەریکن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگاو دەورووبەری خۆیان دابنێن. بەڵام ئەم کاریگەرییە نەبووە بە کاریگەری بزووتنەوە بە گشتی. تا ئێستەش پرش و بڵاوی بە حیزبەکانەوە دیارە. نایەکگرتوویی بە حیزبەکانەوە دیارە. ئەمەش لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا وەک خەسارێکی گەورەی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دەکرێت چاوی لێ بکەین و کە دەردەکە بناسین هەوڵ بدەین بۆ چارەسەرکردنی. بۆ ئەم قۆناغە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت یەکگرتووانە لە دەوری یەک کۆببنەوەو بە کۆمەڵێک ستراتیژی تایبەتەوە خۆیان ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووی بوونەوەی ئەگەرەکان. چ لە قۆناغی ئێستا و چ لە دوای رووخانی رژیمیش پێویستە یەکگرتوانە و بە کۆدەنگییەوە ئامادە بن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەو گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند.

بۆ ئەم مەبەستە پێویستە چەند خاڵێک بگیردرێتە بەر کە ئەتوانێت ئامادەمان بکات بۆ ئەوەی لە هەر ئەگەرێکدا نەک دۆڕوا نەبین، بەڵکوو براوەش بین.

-ژووری کاری هاوبەش

مەبەست لە ژووری کاری هاوبەش

دروستکردنی ناوەندێکە بۆ ئەوەی بتوانرێت بە کۆدەنگییەوە خوێندنەوە بۆ دۆخەکە بکات و هەڵوێستێکی کۆدەنگانەی بەرامبەر بە ڕووداوەکان ببێت. ئەمە دەکرێت وەک پەڕلەمان لە تاراوگە یان ژووری کاری هاوبەش ناوی ببرێت. دەکرێت لە هێز و لایەنە سیاسییەکان پێک بێت و کەسانی سەربەخۆ و دڵسۆزیش لەم ژوورە کارە هاوبەشەدا بەشدار بن. ئەم ژووری کاری هاوبەشە ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوەی بیروڕا جیاوازەکان، لێکدانەوەو تاوتوێ کردن، خەسار ناسی کردن و سەرەنجام دروستکردنی کۆ دەنگییەک بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ناوەند یان هێزە دەرەکییەکان.

-دیپلۆماسی هاوبەش

یەکێک لە ئەنجامەکانی ژووری هاوبەش دەتوانێت دروستبوونی دیپلۆماسییەکی هاوبەش بێت. دیپلۆماسییەک کە وا بکات کورد بە یەکگرتوانە لەگەڵ هێزە دەرەکی یان ناوخۆییەکان بکەوێتە گفتوگۆ. هەر لایەنەو قسەی خۆی نەکات. کۆدەنگییەک لە دیپلۆماسییدا کە وەک کورد لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ناوەند یان وڵاتە بیانییەکان قسە بکەین. هەموان نوێنەرایەتی کورد بکەن لە کوردستانی رۆژهەڵات نەک نوێنەرایەتی حیزب و لایەنەکان. وەک بزووتنەوە بکەوینە گفتوگۆ. ئەمە جگە لەوەی کە یەکگرتوویی ناوخۆیی نیشان ئەدات، لەهەمانکاتدا ڕووبە بەرامبەرەکانمان هاوهەڵوێستین. دڵگەرمییە بۆ ناوخۆی کوردستان و خەڵکی کوردستان قسەکان و بڕیارەکان بە قسە و بڕیاری تاکەکەس یان حیزب نابینین. بەڵکوو وەک بڕیاو و وتەی بزووتنەوەو ڕێبەرایەتی شۆڕش چاوی لێدەکەن و ئامادەن بۆ جێبەجێ کردن و هاوهەنگاو بوون لەگەڵیدا.

دیپلۆماسی هاوبەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دروستبوونی لۆبی بۆ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات لە ئەورووپا و ئەمریکا. دروستبوونی ئەم لۆبییە دەتوانێت خزمەت بە دۆزی کورد بکات لە پارچەکانیتریش. تا ئێشتە یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستان بە گشتی و بە تایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات، پرش و بڵاو بوونە لە دیپلۆماسی کردندا و دروست نەکردنی لۆبییە. لەئەگەری دروستبونی وەها ناوەندێک ئەتوانرێت خزمەت بە دۆزی رەوای کورد بکردرێت و بزووتنەوەی کورد و خواستەکانی بە دونیا بناسێندرێت.

-ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە

یەکێک لەو هەنگاوانەی کە هەر ئێستا و لە ئێستادا دەبێت کاری بۆ بکرێت دروستبوونی ژووری ئۆپەراسیۆنی هێزی پێشمەرگەیە. هێزێکی هاوبەش کە بکرێت وەک ئەرتەشی کوردستان چاوی لێ بکرێت. هەرکام لە حیزب و لایەنەکان بە پێی قورسایی هێز بەشدار بن لە ڕێبەری کردنی ئەم هێزی پێشمەرگە یان ئەرتەشەدا. لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆندا بڕیارەکان بدرێت و ئەوەی لە ژووری ئۆپەراسیۆن بڕیاری لەسەر دەدرێت و لەسەری ساخ دەبنەوە وەک بڕیاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان چاوی لێ بکرێت و ئامادەیی بکرێت بۆ جێبەجێ کردنی. ئەمە جگە لەوەی کە لە ئێستادا ئەتوانێت دەرخەری هێزی ئێمە بێت بەرامبەر بە نەیاران، ورە بەخشە بە کۆمەڵگا و هەروەها مەترسی ڕووداوی ناوخۆشی وەک جەنگی ناوخۆ لە داهاتووی کوردستان کەم دەکاتەوە. هەروەها ئەم هێزە ئەتوانێت بە کۆدەنگیەوە بەر بەوە بگرێت ئەڵتەرناتیڤ بۆ کوردستانی رۆژهەڵات دروست بکرێت.

-میدیای هاوبەش

یەکێک لەگەورەترین خەسار و زیانەکانی ئێستای بزووتنەوەی کوردستانی رۆژهەڵات نەبوونی میدیایە. لە ئێستادا هەست بە بۆشایی میدیایەکی کاریگەر دەکرێت. میدیایەک کە خەڵک بە میدیای بزووتنەوەی بزانن و بتوانێت کۆمەڵگا یەکدەست بکات. لە ئێستادا ٢ یان ٣ی تەلەفیزیۆنی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بوونیان هەیە. ئەو کاناڵانە لە باری ماددیەوە تێچوویەکی زۆریان خستۆتە سەر دەستی حیزبەکان. بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەو دەرئەنجامەی نییە کە خۆشیان چاوەڕوانی لێدەکەن. هەرکام لە حیزبەکان بە جیا لە باری کادێر و هێزەوە تواناکانیان سنووردارەو توانای ئەوەیان نییە کە بتوانن تەلەفیزیۆنێکی بەهێز کە لانیکەم لە رۆژدا ٥-٦ کاتژمێر بەرنامەی ببێت بەڕێوە ببەن. ئەو بەرنامانەش کە هەیە ئەوەندە سەرنجڕاکێش نییە کە بتوانێت سەرنجی بینەر بۆلای خۆی رابکێشێت. بینەر ئەوە کاتەی کە هەیەتی تەرخانی دەکات بۆ کاناڵەکانیتر و پشت لە کاناڵە حیزبییەکان دەکات. نە لەباری ناوەرۆک و نە لەباری تەکنیکەوە ئەو توانایان نییە کە ببن بە میدیایەکی سەرنجڕاکێش و بەهێز کە بتوانن کۆکەرەوەی خەڵکی کوردستان بن لە دەوری گوتارێ و سیاسەتێکی هاوبەش. بوونی میدیایەکی هاوبەش ، میدیایەک کە دەنگی بزووتنەوە بێت نەک تەنها دەنگی حیزبەکان. دەرخەری هەڵوێستەکانی کورد بێت لە کوردستانی رۆژهەڵات ، گرینگییەکی هەنووکەییە و پێویستە کاری بۆ بکرێت.

ئەمانە رەنگە ئەو هەنگاوانە بن کە لە ئێستادا گرینگن بۆ بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات. لە ئێستادا لە ئەگەری ئامادە نەبوونی ئەم بزووتنەوەیە بە کۆدەنگی، بە

دڵنیاییەوە لە داهاتوودا و لە ئەگەری گۆڕاندا ئەوەی زیانی بەر دەکەوێت کورد و بزووتنەوەی کوردە. ئەم بزووتنەوەیە دەبێت بە کۆ دەنگی ستراتیژێکی ڕوون و یەکگرتوانەوە ڕووبەڕووی رووداوەکان ببێتەوەو خۆی بۆ ئامادە بکات. لە ئەگەری وەها یەکگرتوویەکدا بێگومان ئەوەی براوەیە بزووتنەوەی کوردستانە و نەبوونی کاریگەری خراپی دەبیت لە سەر کورد و بزووتنەوەکەی و ئایندەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان .

-دروستبوونی ناوەندێکی یاسایی هاوبەش

هەر لە ئێستاوە دەبێت ئێمە خۆمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەین. ژووری کاری هاوبەش دەبێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ یاسا ناسەکان هەوڵ بدات بۆ داڕشتنی یاسایەکی بنەڕەتی کە لەو یاسایەدا رێز لە سەروەری تاک گیرابێت. یاسایەک بێت پشت بە بنەماکانی دیمۆکراسی ببەستێت. یاسایەکی سیکۆلار و دیمۆکرات کە تێیدا رێز لە بەها مرۆییەکان گیرابێت. ئەم یاسایە ئەتوانێت متمانە بەخش بێت بۆ خەڵکی کوردستان کە لە رۆژەکانی یەکەمی گۆڕاندا بشێوی زاڵ نابێت بەسەر کۆمەڵگادا بە پشت بەستن بە ناوەندێکی ناوەندێکی یاسایی ئەمنییەتی کۆمەڵگا دەپارێزرێت.

دەرئەنجام:

لە دەیەی ١٩٨٠ و لە مانگ و ساڵەکانی یەکەمی هێرشی رژیم بۆ سەر کوردستان، کورد خاوەنی وەها ئەزموونێک بووە. «هەیئەتی نوێنەرایەتی کورد» کە نوێنەرایەتی حێزبەکانی کوردستان و کەسایەتییە دیارەکانی دەکرد توانی یەکگرتوانە بەرامبەر بە رژیم هەڵوێست بگرێت و زۆر جاران خواستەکانی بزووتنەوە بە سەر نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا داسەپێنێت. ئێمە دەبێت کەڵک لەو ئەزموونەی رابردوومان بگرین و بە بێ هیچ دەمارگرژییەک و تەنها و تەنها لە پێناو بزووتنەوەدا کار بکەین و خۆمان بۆ دەرفەتەکانی داهاتوو ئامادە بکەین. وریای مەترسیەکان بین. خاڵە لاوازەکانی خۆمان بناسین و کاریان لەسەر بکەین و خاڵی بەهێزی خۆشمان دیاری بکەین و بەهێزتری بکەین.

بێگومان هەرکام لەو بوارانەی سەرەوە کە ئاماژەی پێدرا پێویستی بە تاوتوێ کردن و لێکدانەوەی زیاتر هەیە. بەڵام بە گشتی ئەمانە بەشێکن لەو خاڵانەی کە وەک بزووتنەوەی کورد دەتوانین لە سەریان کار بکەین و رێک بکەوین و هەوڵ بدەین بە یەکگرتووییەوە ڕووبەڕووی ڕووداوەکان ببینەوە.


ئه‌م بابه‌ته 449 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:08:02/06/2019


زۆرترین خوێندراو