قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی کۆتاییان بۆ نییە!


ئەردەڵان فەرەجی

خامنەیی ڕۆژی٢١ سەماوز لە دانشتنێکی لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوەکانی کۆماری ئیسلامی باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بە نیازە لە ساڵی ١٣٩٨ هەتاوی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنت. بە دوای ئەوەی کە ترامپ ڕۆژی ١٨ی گوڵانی ئەمساڵ هاتنە دەروەی وڵاتەکەی لە ڕێکەوتننامەی ناوکی شەش وڵاتی زلهێزی جیهانی لە سەر پرسی ناوکی ئێران ڕاگەیاند و لە دوو قۆناغی ٩٠ و ١٨٠ ڕۆژە گەمارۆکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کارا کردەوە، دۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە ماوەی نزیکەی چل ساڵی لە سەر کار بوونی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران چۆتە خراپترین و لاوازترین ئاستی خۆیەوە. 

ئەگەرچی خامنەیی و ڕووحانی و باقی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا ویستوویانە دۆخی نالەباری ناوخۆیی و بە تایبەتی باری ئابووری و هەژاری و بێ دەرەتانی خەڵکی ئێران بیخەنە ئەستۆی ئەمریکا و سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی و لە بەرامبەریشدا هەوڵیان داوە ئاکار و سیاسەتی هەڵە و چەوت و تاڵان و بڕین و گەندەڵی و بێ کیفایەتی خۆیان لە گەیاندنی دۆخی خەڵکەکەیان بۆ ئەم ڕۆژ ڕەشییە بشارنەوە. 

ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە چواری بەفرانبار حەسەن ڕووحانی گەڵاڵەی بودجەی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی بە مەبەستی پەسند کردن، ڕادەستی مەجلیس کرد، هەڵبەت بەر لەوەی کە بیدا بە مەجلیس پێشوەخت دابووی بە خامنەیی بۆ ئەوەی سەرەتا ڕەزامەندی ئەوی بۆ وەربگرێت و وەک ساڵی پار نەکەوێتە موناقشەی ئەندامانی مەجلیسەوە. 

دیارە هەڵسەنگاندن و تاوتوێ کردنی بودجەی وڵاتێکی وەک ئێران و هەر وڵاتێکی دیکە بە هۆی تایبەتمەند بوونی ئەو بوارە پێویستی بە شارەزایی ئابووریناسانە هەیە، بەڵام بە دەست نیشان کردنی هەندێک خاڵی گرنگ و وروژاندنی چەند پرسیار ئاسۆی ئابووری ئێرانی تێدا بەدی بکرێت. بودجەی ساڵی ٩٨ی هەتاوی ۱۷۰۳هەزار میلیارد تمەن خەمڵێندراوە و هەمووان دەزانین کە بەشێکی بەرچاوی ئەو بودجەیە بە لەبەرچاوگرتنی وابەستەبوونی ئابووری ئێران بە نەوت، لە فرۆشی نەوتەوە دابین دەکرێت. 

بەڵام، بە پێی ئەو گەڵاڵەیە دوو سەرچاوەی سەرەکی بودجەی ئێران دەستنیشان کراون کە بریتین: لە فرۆشی نەوت و باج وەرگرتن. پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەمەیە کە بە دوای ئەو گەمارۆییانەی کە ئەمریکا لە ڕۆژی ١٤ خەزەڵوەرەوە (آبان) خستوویەتە بواری جێ بە جێ کردنەوە –هەڵبەت بە دانی دەرفەتێکی کورت بە ٨ وڵاتی تایبەت کە کڕیاری نەوتن لە ئێران- فرۆشی نەوتی ئێرانی گەیاندۆتە یەک لە سەر سێی فرۆشی ئاسایی خۆی. بە پێی ئامارەکانی لە ماوەی مانگەکانی ئاگۆست تا نوامبر فرۆشی نەوتی ئێران لە مانگانە ٩٣ میلیۆن بۆشکە بۆ تەنیا ٣٥ میلیۆن بۆشە لە مانگدا دابەزیوە. لە حاڵێکدا لە گەڵاڵەی ئامادە کراو بۆ بودجەی ساڵی ٩٨ فرۆشی ڕۆژانە یەک میلیۆن و پێنج سەد هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا لەبەرچاو گیراوە کە ئەم بڕە زیاترە لەو ڕێژەیەی کە هەر ئێستا ئێران هەناردەی دەکات واتە بە پێی ئەو گەڵاڵەیە ئێران دەبێت مانگانە لانی کەم ٤٥ میلیۆن بۆشکە بە نرخی ٥٤ دۆلار بە نرخی ٥٨٠٠تمەن بفرۆشێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی چەند مانگی داهاتوو کە دەرفەتی وڵاتانی تایبەت کراوی کڕیاری نەوت لە ئێران تەواو دەبێت، ئێران چۆن دەتوانێت ئەو ڕێژە دیاریکراوەی خۆی دەفرۆشێت؟ ڕاستە لەو نێوانەدا هەندێک وڵات ڕەنگە ئامادە بن کە نەوتی ئێران بە دەستی دوو بفرۆشن و لە سەروو هەموویانەوە ڕووسیا، بەڵام ڕووسیا خۆی کە وڵاتێکی هەناردەکاری نەوتە لە جیهاندا، ئایا ئاماد دەبێت بڕی ئەو نەوتە بەو نرخە دیاریکراوە بفرۆشێت یان نا؟

خاڵێکی تر دەربارەی فرۆشی نەوت و دابین کردنی پارەی پێویست بۆ بودجەی پێشنیاری ئەوەیە کە بە هۆی گەمارۆکانی ئەمریکا و تەنانەت بە پێی سیاسەتی وڵاتانی سەرەکی کڕیاری نەوت بەڵێنیان داوە کە لە بڕی پارە نەوتی ئێران کاڵا و شمەک بە ئێران بدەن و بۆیە پارەیەکی کاش ناکەوێتە دەست بەرپرسانی ئیرانی کە هێزی بەڕێوبردنی پرۆژە یاسای بودجەی بە دەستەوە بگرن. 

سەرچاوەی دووەمی بودجەی ساڵی ٩٨ وەرگرتنی باج لە بەرچاوگیراوە. بۆ هەمووان ئاشکرایە کە لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دێمۆکرات و پیشەیی جیهان گرنگترین سەرچاوەی بودجەی ئەو دەوڵەتانە وەرگرتنی سیستماتیک و شەفافی باجە. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە نە وڵاتێکی پێشکەوتووی پیشەیی و دێمۆکراتە و ئابوورییەکی شەلەل و ڕانتخواری هەیە کە هەر کەس چەندە لە سیستم و دەسەڵات نزیک بێت بە هەمان ڕێژە لە کەیکی داهات و سامانی وڵات سوودمەند دەبێت، ناتوانێت سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراوە بێت. ئەمە لە حاڵێک دایە کە بە وتەی خودی ڕووحانی برادەرانی دەوڵەتی با توفەنگ (مەبەستی سپا بوو) نزیکەی ٦٠٪ ئابووری ئێرانیان لە قۆرغی خۆیان گرتووە و لە دانی باج بێ بەرین. ئەمە وا دەکات تەنیا خەڵکی ئاسایی و خاوەن بیزینیسە بچووکەکان ئەم یاسای وەرگرتنی بودجە بیانگرێتەوە. بەو حاڵەشەوە ئەگەر هەموو دام و دەزگا و کۆمپانیا و جومگە ئابوورییەکانی سپاش بێ بەری نەبووایەن لە دانی باج، لە دۆخی شلەژاوی ئابووری ئێران کە تا دێت بەرەو داکشان و سستی و کزی دەچێت، دەیانتوانی ئەم بودجە قورسە دابین بکەن؟! بۆیە وەک ساڵی پار کە نیکبەخت نوێنەری وەزارەتی پلاندانان و بودجە بۆ شی کردنەوەی بودجە چووبووە مەجلیس وتی ڕاستە ئێمە وەک دەوڵەت ئەو بودجەیەمان (مەبەستی بۆ پرۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە) تایبەت کردووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی پارە و بودجەی پێویست ناچنە بواری جێ بە جێ کردنەوە. –تخصیص دادیم ولی تحقیق نمی شە!. لە وڵاتانی پێشکەوتوو بڕی ٢٠٪ بودجەی هەر وڵاتێک و لە هەندێک لە وڵاتانی لە حاڵی گەشە دا تا ٣٠٪ ئەو بودجەیە تەرخان دەکرێت بۆ ڕاپەڕاندی کار و ئەرکی دەوڵەتان بە کارمەند و باقی تێچووەکانی دەوڵەتەوە، بەڵام لە بە پێچەوانە لە ئێران ٨٠ بۆ ٩٠٪ بودجەی ئێران دەچێت بۆ بەخێوکردنی دەوڵەت بۆ دابین کردنی تێچووەکانی خۆی و تەنیا ٢٠ بۆ ١٠٪ تەرخان دەکرێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزاری و ئاوەدان کردنەوەکان کە بە وتەی نیکبەخت تایبەتی دەکەن، بەڵام دەستەبەر نابێت. ئەمانە لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە تەرخان کردنی بە دەیان ملیارد دۆلار بودجە بۆ بەشی سەربازی سپا و حەوزەکانی عیلمیە قوم و بەناو زانستگاکانی فیقی ئیسلامی گەورە ئاخوند و ئایەتوڵڵاکان شتێکی ئەوتۆ بۆ باقی پرۆژە خزمەتگوزاری و تەنانەت دانی حەقدەست کرێکار و کارمەندەکانی دەوڵەتی و خانەنشینان نامێنێتەوە. 

خاڵێکی تر ئەوەی کە بە مەودای چەند ڕۆژ بەر لە دانی گەڵاڵەی بودجە بە مەجلیس عەلەوی وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیم لە مەجلیس باسی لەوە کرد کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی ٦٨ کۆبوونەوە و کۆڕبەندیان بەڕێوە بردووە و ئەمە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر مان و نەمانی ڕژیم و هاوئاواز لەگەڵ وتەکانی خامنەیی بۆ پلانی دەرەکی بۆ لەناوبردنی ڕژیم لە ساڵی ٩٨ دا، بواری بۆ ئەوە خۆش کرد کە ئەم بڕی چوارسەد میلیارد تمەن بە بودجەی وەزارەتی ئیتلاعات زیاد بکرێت. تەرخان کردنی ئەم بڕە پارە زۆرە و بە تایبەتی لەم دۆخە نالەبارەی ئابووری ئێران، گوزەرانی تاڵی ژیانی خەڵک، ئەم ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی چەندە لە داهاتووی خۆی دەترسێت و دابین کردنی ژیان و کەرامەتی ئینسانی هاوڵاتییەکانی کە ئەرکی سەرەکی هەر دەسەڵاتی خەڵکییە بۆ ئەو لە ڕیزبەندی چەندەم دایە. «کانت» دەڵێت: دەسەڵات بۆ خۆی نابێتە هۆی گەندەڵی، بەڵکوو ئەوە ترس لە لەدەست دانی دەسەڵاتە کە دەبێتە هۆی گەندەڵی، ئەم وتەیە بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی پڕ بە پێستە. 

ئەگەرچی ڕووحانی ڕۆژی ڕادەستکردنی گەڵاڵە بودجە بە مەجلیس باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بە دوای خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵ پار بوو کە بڕیاری کشانەوەی لە بەرجامی دا و بەم وتەیە دەیویست یەکەم نەیارانی ناوخۆی خۆی پێ سەرکۆنە بکات کە لە سەرەتادا دەرفەتیان بۆ ئەو خۆپیشاندانانە ڕەخساند و لە لایەکی دیکەوە تاوانی هەموو کاولکاری و دەستەبەر نەکردنی بەڵێنە درۆینەکانی بخاتە ئەستۆی بێگانە و ئەمریکا و گەمارۆکانی، بەڵام هەمووان دەزانن کە دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بەر لە هاتنە سەرکارییەوە بەڵێنی ئەوەی دەدا کە لە ڕێکەوتننامەی بەرجام دێتە دەرەوە و تا ئێستاکەش هەموو هەوڵی جێ بە جێ کردنی بەڵێنەکانی کاتی کەمپینی تەبلیغاتییەکانی بووە و ئەوەی کە ترامپ بەو هۆیەوە لە بەرجام کشاوەتەوە، درۆیەکی گەورەیە. 

ساڵی ڕابردوو ئێران شانۆی دەربڕینی ڕۆژانەی ناڕەزایەتی خەڵک لە چین و توێژی جیا دا بوو. هەر لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانی ماڵ خوراوەکان، کامیوندار و شۆفیری بارهەڵگرەکان، مامۆستایان، کرێکاران حەوت تەپە و فولاد و باقی کرێکارانی دیکەی ئێران، ژنان، خوێندکاران، دەروێشەکان، جوتیار و وەرزیران و خەڵکی هەژار و کەم داهات بۆ دابین کردنی لانی کەمی پیداویستییەکانی ژیانیانەوە بگرە تا چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژینگەیی... بە هەموو ئەمانەوە و بەو چاوخشاندنە خێرایە دەر دەکەوێت ئاسۆیەک بۆ قەیرانە ئابوورییەکانی ڕژیم کە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی قەیرانی ناوخۆیی و داماڵینی مەشرووعییەت و ڕەوای ئەو ڕژیمەیە هەر وا داوێن گیری دەمێنێتەوە. 

ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە قەیران قووڵە چارهەڵنەگرەکانی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی و هەروەها قەیرانی ناوچەیی و دەرەکییەکان کە بەرەوڕووی بۆتەوە هیچ ئاسۆیەک بۆ ڕەواندنەوەیان بەدی ناکرێت و تا دێت ئەو قەیرانانە پەرە دەستێنن. بودجەش کە پێوەندی ڕاستەخۆی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێرانەوە هەیە، بۆ تەیار کردنی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکان و سپا و دەست و پێوەندەکانی ڕژیم گەڵاڵە کراوە و خامنەیش لە سەری ڕەزامەندە و چاوەڕوان دەکرێت بە کەمترین دەستکارییەوە لە لایەن مەجلیسەوە پەسند بکرێت. ئەمە وا دەکات ئەوندەی دیکە ژیان و گوزەرانی خەڵک و بە تایبەتی چینی هەژار و کەم بکەوێتە دۆخێکی نالەبارترەوە.

چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆکە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە و وەک مۆتەکە ژیانی لێ هەراسان کردوون، نەمان و ڕووخانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. بە درێژایی مێژووی نزیک بە چل ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەوە بۆ یەکەم جارە کە خواستی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵسووکەوت کردن وەک وڵاتێکی ئاسایی لەگەڵ دنیای دەرەوە و خەڵکی ناوخۆی وڵاتەکەی و دەر و دراوسێی، لەگەڵ خواستی زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران هاوتەریبە و ئەمە دەرفەتێکی مێژووی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتوو و ئازادیخوازی ئێرانی ڕەخساندووە کە بتوانن ئەو ڕژیمە بڕوخێنن و ڕژیمێکی پابەند بە بنەما گشتییەکانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، ئاشتیخواز، دادپەروەر و دێمۆکرات بۆ خۆیان و وڵاتەکەیان بێننە سەر کار.



 



ئه‌م بابه‌ته 147 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:35:03/01/2019


زۆرترین خوێندراو