کۆرۆنا، موتربەی هەستی ئینسانی و گەشەی ڕەوتی نەتەوەسازی

کۆرۆنا، موتربەی هەستی ئینسانی و گەشەی ڕەوتی نەتەوەسازی


ئەردەڵان فەرەجی


ئەگەرچی بەشێکی گرنگ و سەرەکی پیلانی دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان بریتی بووە لە کەلێن خستنە ناو کورد بووە و بە درێژایی مێژوو هەموو هەوڵیان کەڵک وەرگرتن لە نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکایەتی نێو کوردان بووە و کەمیش نەبوون ئەو وێستگە گرینگانەی مێژووی کورد کە دوژمنان بەم چەکە بزووتنەوە و پێشکەوتنەکانی کوردیان شسکست پێ هێناوە. لە ئێستاشدا و لە فۆڕم و شێوازی جۆراوجۆردا تێدەکۆشن ئەمە وەک پێناسەیەکی کورد وێنا بکەن و مخابن هەندێک جاریش لە لایەن خودی کوردەوە لە بڵینگۆی کوردەوە ئەم پیلانە و ئەمە وەک پێناسە یان تایبەتمەندییەکی گەلی کورد دووپات دەکەنەوە. ئەم وتارە خەیاڵی نییە بچێتە لێکۆڵینەوە ئەم بابەتە و هۆکارە جوگرافیایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری کورد لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا، بەڵام هەوڵ دەدا بە پێچەوانە هاوپشتی و یەکێتی و بەخەم بوون و پشتگیری کورد لە نێوخۆیدا نەک لە ڕابردوو و مێژوویەکی زۆر کۆندا، بەڵام دوو نموونەی زیندوو ئەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوو بخاتە ڕوو. 

کەمتر لە ٣ ساڵ لەمەوبەر بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستان هەژاند و بە هەزاران کەسی کردە قوربانی و بە دەیان هەزاریشی ئاوارە کرد، ئەمە جیا لەو میلیارەها دۆلار  خەسارەت و زیانی ماڵی بوو کە لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە درا. بیریشمان نەچێتەوە کە ئەم بوومەلەرزەیە لە ئوستانی کرماشان  و لە ناوچەی سەرپێلی زەهاو ڕوودا، ناوچەیەک کە ڕژیمە یەک لە دوای یەکەکانی تاران هەموو هەوڵیان بووە لە کوردستان داببڕن، ڕۆژێک بە بیانووی جیاوازی ئایینی و ڕۆژێک بە بیانووی بوونی دیالیگتیک و زاراوە و ... ، بەڵام بە پێچەوانەی هەموو هەوڵ و پیلانەکان، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان شانۆیەکی دڵڕفێنیان لە هاوپشتی و هاوسۆزی و یەکێتی خۆیان یەکەم جار بە خۆیان، دووهەم بە ڕژیمی تاران بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە نیشان دا. 

وەڕێ کەوتنی کاروانە یەک لە دوایی یەکەکانی یارمەتی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لە شیمالیترین خاڵی کوردستان تا شنۆ و پیرانشار و سەردەشت و بانە و بۆکان، سنە و سابڵاغ و مەریوان و ... بۆ خەڵکی ناوچە لێقەوماوەکانی کرماشان و سەرپێلی زەهاو و دورووبەری، و بەڕێ کردنەوەی تەرمی کاک ئەبووبەکری مەعرووفی لە کرماشان و کامێرانەوە تا بۆکان تابلۆی زێڕین و دیمەنی دڵڕفێنی دڵهەژێنی یەکێتی و هاوسۆزی و هاوپشتی گەلی کورد بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بەخۆی. 

ئەو بزووتنەوەیە خاڵی موتربەی هەست و سۆزی  ئینسانی و وەگەڕکەوتنی چەرخی پرۆسەی نەتەوەسازی بوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بە پێچەوانەی ویست و پیلانی دوژمنانی کورد.

کەمتر لە ٣ مانگ لەمەوبەر ڤیرووسی کۆرۆنا یان کویدی ١٩ بە خێرای لە هەموو جیهان و پاش چین زووتر لە هەمووان لە ئێران تەشەنەی سەند و بە تایبەتی خەڵکی کوردستان ڕۆژهەڵات کەوتنە بەر مەترسی جیددی ئەم پەتا جیهانییە. لە یەکەم شارەکان کە ڕێژەیەکی زۆر تووشی ئەم پەتایە بوون و لە چاو باقی ناوچەکانی دیکەی ئێران و کوردستان خەڵکی شاری سەقز بوون کە بوونە قوربانی سەرەکی ئەم ڤیرووسە.

بۆ هەمووان ڕوونە کە سیاسەتە هەڵە و چاوچنۆکەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری گواستنەوە و تەشەنە سەندنی ئەم ڤیرووسە بوو لە ئێران. 

دەربارەی ئەم بابەتە ڕای گشتی جیهانی و خەڵکی ناوخۆی ئێران تا ڕادەیەکی باش وریا و ئاگان، ئەوەی لێرەدا مەبەستە تیشکی بخرێتە سەر، پرسی بەهاناوەچوونی خەڵکە لەوەها ڕووداو و پێشهاتێکدایە.

هاتنە ئارای دیارەی یارمەتی جەماوەری و دروست کردنی کەمپینگەلی بەهاناوەچوونی لەخەڵکەوە بۆ خەڵک، دیاردەیەکی شیرین و زێڕینی پێگەیشتنی هەستی ئینسانییە کە ڕەگی لە مێژووی هاوسۆزی وخەڵکی «کورد»دایە. دەوڵەت و نیزامی حاکمەی هەر یەکەیەکی سیاسی و جوگرافیایی لە وەها دۆخێکدا هەموو هەوڵی تەرخان کردنی هەموو پتانسیلەکانی وڵاتەکەیەتی بۆ پاراستنی شارۆمەندان و هاوڵاتییەکانی. وڵاتێکی وەک ئیتالیا بە هەر ئاستێک لە ڕەخنە و تێبینی لە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی، کاتێک کە سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی دەلێت؛ «لە شەڕەکانی پێشووتر دا خەڵکی ئیتالیا دەمردن بۆ ئەوەی ئیتالیا زیندوو بمێنێتەوە، بەڵام لەم شەڕەی ئێستا ئیتالیا دەمرێت بۆ ئەوەی خەڵکەکەی بژین» ئەو پەڕەی بە دەربەستی نیزامی حاکمەیە بۆ پارێزگاری کردنی لە خەڵکەکەی خۆیەتی. ئەو لێداوانەی سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا بۆ کەڵک وەرگرتن و تەرخان کردنی سامانی خەزێنەی وڵاتەکەی بۆ  خەڵکی وڵاتەکەی لەم دۆخەی ئێستا کە هەمووان لە قەرەنتینەدا بوون. بە پێچەوانە کۆماری ئیسلامی ئەولەوییەتی یەکەمی خۆی وا داناوە کە نیزام و سیستمەکەی بپارێزێت و خەڵک و پارێزگاری لە خەڵکەکەی هیچ مەحەلێکی لە ئیعراب نییە. دزی و گەندەڵی و فرت و فێل و دوژمنکاری نیزامی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی گەیشتووە ئەو پەڕی خۆی. ڕووحانی لە لێدوانە یەک لە دوای یەکەکانی باس لەوە دەکات کە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دایە و دەیهەوێ بەم شێوەیە ئیقداری دەزگای حاکمە بە خەڵک نیشان بدات، لە لایەکی دیکەوە زەریف بۆ مەزووڵمنەمایی ڕوو لە دنیای دەرەوەی داوا دەکات تەحریمە جیهانییەکان دژی کۆماری ئیسلامی هەڵبوەشێنێتەوە. ئەمە ئەو پەڕی هەلپەرستی و گەندەڵی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە دۆخی خەڵکی وڵاتەکەی. کاتێک کە وڵاتان بە هەزاران میلیارد دۆلار بۆ ڕاگرتن و پاراستنی ژیانی خەڵکی وڵاتەکەیان تەرخان دەکەن، کلکی وشتر دەگاتە عەرز تا خامنەیی لەو سەدان میلیارد دۆلارەی  کە بە ناوی سەیر و سەمەرەوە دەستی بە سەردا گرتووە، بۆ خەڵکەکەی تەرخان بکات. 

لە دۆخێکی ئاوەهادا کە خەڵک لە نادەربەستی و نابەرپرسی، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دڵنیا بوونەتەوە، وەخۆ دەکەون و خۆیان قۆڵی هاوکاری و هاوپشتی هەڵدەماڵن. 

گرنگە لەم دۆخەدا کە خەڵکی خۆبەخش، بە هەڵوێست و وشیار کە دەستیان داوەتە یارمەتی و بەهاناوەچوونی باقی خەڵکانی بێ دەرەتان، کەمداهات و هەژار، ئەوەیان لە بیر بێت، کە ئەم هەوڵ و هیمەتەیان نەچێتە گیرفانی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە. ئەو کاتەی کە خامنەیی کە هەموو خەزێنەی وڵاتی ئێرانی قۆرغ کردووە، بەوپەڕی ڕوو هەڵماڵدراوییەوە داوا لە خێرخوازان و باقی چین و توێژەکانی خەڵک دەکات کە لەم دۆخەدا یارمەتی خەڵکی هەژار و کەم داهات بکەن، دەیەوێت لە ژێر باری بەرپرسایەتی خۆی بدزێتەوە کە ئەوە بەرپرسی یەکەمی لە وڵامدانەوە بە دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکی ئێران و لە هەمان کاتیشدا دەست بگرێت بە سەر ئەم بزووتنەوە مرۆیی و ئینسانییەی خەڵکی ئێران. 

خەڵکی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان کە سەفی پێشەوە ئەم هاوسۆزی و هاوپشتییە مرۆیی و نەتەوەیی بوون نابێت چالاکی و ماندوو بوونیان ببێتە هۆی دەرباز بوونی کۆماری ئیسلامی لە تاوانی کەمتەرخەمی بەرامبەر بە خەڵکەکەی و شاردنەوەی سیمای دوو ڕووی ئەو نیزامە و تەنیا ڕێگەش بۆ ئەوە، ئەمەیە کە نابێت تەنیا خۆیان بە ئەرکی ئەنجام گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکانیان بزانن، بەردەوام بوون لە گوشار و داواکارییەکانیان ڕوو لە دەوڵەت و دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی دەسەڵاتە. 

خەڵکی کوردستان جارێکی دیکە لە تاقیکردنەوەیەکی جەمعی و گشتیدا سەرکەوتوو و ڕوو سوور هاتنە دەر. بەهاناوە چوون و دەستگرۆیی کردنی یەکتر لەم دۆخە تاڵ و ژاناوییە و ئەولەوییەت دان و تەرخان کردنی بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بۆ خەڵکی هاوزمان و هاونەتەوەیان، جیا لەوەی کە تەنیا وڵامدانەوە بێت بە هەستی و سۆزی ئینسانی و مرۆڤ دۆستی و ژیان دۆستیان، لە هەمان کاتیشدا گەشەدان بە ڕەوتی وشیاری نەتەوەیی و بەرپرسیارییەتی جەمعی و کۆلێتیڤی نەتەوەیی کە لە ساتەوەختە سەخت و دژوارەکانی نەتەوەکەیان بوو. 

ئەم قۆناغەش دەریخست کە کۆماری ئیسلامی چەندە دژی خەڵکەکەی خۆی و بە تایبەتی خەڵکی کوردە و کوردەکان تەنیا خۆیانن کە دەتوانن هەوێنی پشتیوانی و پشتگیری یەکتر بن. پێشبینی داهاتوو و جیهانی پۆست کۆرۆنا ئەستەمە، دەتوانێت کاریگەری نیگەتیڤ و نەرێنی بێت و دەشتوانێت ئەرێنی و پۆزەتیڤ بێت نەک بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو جیهان، بەڵام وشیاری بە کۆمەڵی خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان بەرامبەر بە گەندەڵی و فریوکاری و نەزانکاری و ناشایستەیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی  ئەوندەی دیکە مەشرووعییەتی ئەو ڕژیمەی لە بەرچاوی خەڵک هەڵوەراند و لە هەمان کاتیشدا ئەو «ئیقتدار»ـەی کە کۆماری ئیسیلامی پێوەی دەنازێت بردە ژێر پرسیار کە ئاسۆی  کۆمەڵگای ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی و کۆرۆنا ڕوونتر و ڕۆشنتر کردووەتەوە. 



ئه‌م بابه‌ته 3616 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:24:02/05/2020


زۆرترین خوێندراو