دیکتاتۆرەکان هەمیشە براوەن! تەنیا یەکجار دەیدۆڕێنن



دیکتاتۆرەکان هەمیشە براوەن!

تەنیا یەکجار دەیدۆڕێنن


ساڵوەگەڕی ئاخێزە جەماوەرییەکانی ٩٨ی هەتاوی



ئەردەڵان فەرەجی



گومان لەوەدا نییە کە ئەوەی ئەمڕۆ و لانی کەم لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی و دواتر لە ساڵی ١٣٩٦ و ٩٨ی هەتاوییەوە بەم لاوە حاشا هەڵنەگرە، ئەوەیە کە ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەر کار هێشتووەتەوە، بەهێزبوونی دەزگای سەرکوتی ئەو ڕژیمەیە. بە چاوخشندنێکی خێرا بە سەر بوارە جیاجیاکانی حوکمڕانی کۆماری ئیسلامی هەر بواری ئابووری، ئازادی، مەشرووعییەت و ڕەوایی، داڕمانی شکۆی کەسایەتی تاکی ئێرانی تەنیا بۆ دەستخستنی ژەمێک خواردنەوە بگرە تا ئەو کەلەبەری قووڵەی نێوان خەڵک و دەسەڵات و ئینزوا و بە تاقکەوتنەوەی کۆماری ئیسلامی لە کۆمەڵگای جیهانی و وەستانی گەشە و پێشکەوتن ودەری دەخەن کە ئەو دەسەڵاتە نەدەبوایە تا هەنووکە لە سەر کار و حوکمدا بامایەوە، بەڵام ئەوە هێزی سەرکوتی ئەو ڕژیمەیە کە ئەو ڕژیمەی لە سەر کار ڕاگرتووە

لە ماوەی زیاتر لە یەک دەیەی ڕابردوو خەڵکی ئێران بە چین و توێژە جیاجیاکانیانەوە لە ناڕەزایەتی بە دۆخی ژیان و گوزەران و دۆخی ئازادییەکانیان هاتوونەتە سەر شەقام و خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە ماوەی ئەم چل ساڵەی ڕابردوودا لە سەنگەری پێشەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەوە بوون، بەڵام هەموو جارێک شکستیان خواردووە. هەموو جارێک هاتوون و سەرکوت و خەڵتانی خوێن کراون، قۆڵبەست و ڕاپێچی زیندان و سیاچاڵەکان کراون، ملیان بە پەتی سێدارەوە کراون و سەرەنجام شکستیان خواردووە و هەموو جارێکیش کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بووە لە سەرکوت و داپڵۆسینەکان، بەڵام خەڵک هەرجارەو جەستووتر و بە جەربەزەتر لە جاری پێشوو هاتوونەتەوە مەیدان.

یەکێک لە شێوە باوەکانی سەرکوتکردنی خەڵک لە کاتی خرۆشان و ڕژانە سەر شەقام، لێدان و کوشتنی تاکە ئاساییەکانی بەشدار لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانە و نەک سەردەستە و لیدر و پێشاهەنگەکان و مەبەست لەم کارەش ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و تاق خستنەوەی لیدر و سەردەستەکانە. بەو مانایە ئەم خۆفە بخنە ناو دڵی خۆپیشاندەرانەوە کە کەسی دواتر ڕەنگە ئەو بێ و بترسێت و بگەڕێتەوە. یەکێک لەو دیمەنە نایابانەی خۆپیشاندانەکانی خەزەڵوەری ٩٨ ئەو دیمەنە بوو کە یەکێک لە هێزە سەرکوتگەرەکان لە مەودای یەک دوو متری دا تەقە لە یەکێک لە خۆپیشاندەران دەکات و دەیخاتە سەر زەوی، بەڵام خۆپیشاندەری هاوڕێی پشت سەری بە بێ ترس و دوو دڵی و تەنانەت بۆ یەک چرکەش، ڕەپێی سەرکوتگەر و تەقەکەرەکە دەکەوێت و هەڵمەتی بۆ دەبات، ئەو دیمەنە شابەیتی دۆخی خەڵکی وەزاڵەهاتووی خەڵکی ئێرانە.

خەڵکی ئێران لە دۆخێکی ئەوهادا لە دووی دەرفەتێکی دی دەگەڕێن بۆ هاتنە مەیدان و ڕەنگە لە خولی داهاتووشدا سەرکەوتوو نەبن و جارێکی دیکەش ئەوە هەر کۆماری ئیسلامی بێت کە براوەی ئەو ململانێ خیابانییە بێت، ئەوە حەقیقەت و ڕاستی هەموو دیکتاتۆرەکانە، چونکا دیکتاتۆرەکان هەموو کات براوەن، هەموو کات، بەڵام تەنیا یەک جار شکست دەخۆن و ئەویش دوا ململانێی نێوان خەڵک و دیکتاتۆرەکانە


ئه‌م بابه‌ته 254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:39:09/11/2020


زۆرترین خوێندراو