هێزەكانی كوردستانی رۆژهەڵات: كۆڵەكەی بنیاتنانی بەرەیەك لە هێزەكانی دێموكڕاتیكی ئێران

خەسرەو ئەڵماسی

له مێژووی هاوچەرخ و لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، چیتر ئەوە تەنیا دەوڵەتەكان نین كە لە داڕشتن و ئاراستەكردنی سیاسەت و پەیوەندییەكان و ئاڵووگۆڕەكانی رۆڵ دەبینن؛ بەڵكوو یاریكەرە نادەوڵەتییەكانیش بە پێی قەبارە و قورسایی خۆیان هاتوونەتە گەمەكانەوە و زۆرجار دەبینین هاوپەیمانێتییەك لە نێوان دەوڵەتێكی ناوچەیی یاخود تەنانەت زلهێزێكی جیهانی لەگەڵ یاریكەرێكی نادەوڵەتیی سیاسی دروست كراوە و پێكەوە كاریان بۆ بەدیهێنانی ئامانجێكی هاوبەش كردووە. لە كاتێكدا كە پێشتر زۆربەی لایەنەكانی هاوپەیمان، زۆرجار ئەو جۆرە لە هاوپەیمانێتی و فۆڕم و ئاست و ئامانجەكانیان دەشاردەوە و تەنانەت زۆرجار نكۆڵییان لێدەكرد، لە ئێستادا گۆڕانكاریی بنەڕەتی دروست بووە و هەندێك لەو بە یەكەوە كاركردنانە بۆ هەموو لایەك روون و ئاشكرا كراوە و بە ئاشكرایی لە میدیا رەسمی و ناڕەسمییەكاندا باسی لێوە دەكرێت و تەنانەت كۆبوونەوە و كۆنفڕانسی سیاسی و توێژینەوەیی و زانستیشی بۆ رێكدەخرێت. لەم گۆڕانكارییەدا، كورد و هێزە كوردییەكان وەك یاریكەرێكی هەرێمی دەوڵەتی و نادەوڵەتی زۆرترین قازانجیان كردووە و لە پاش راپەڕینەكەی ساڵی ١٩٩١ی كوردستانی باشوورەوه،‌ بەردی بناخەی جۆرە هاوپەیمانێتییەكی ئاشكرا لەنێوان هێزە كوردییەكانی باشوور و وڵاتانی رۆژاوایی و لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایاتە یەكگرتووەكان دانرا.

لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی عێراق و لە ماوەی ئۆپەراسیۆنەكە و دواتریشدا، هێزەكانی كوردستانی باشوور لە رووی سیاسی  و نیزامی و زانیاریی سەربازییەوە توانییان هاوشانی هێزەكانی دیكەی عێراق و زۆر جاریش باشتر لەوان پێوەندییەكی تۆكمە لەسەر ئاستی بەرژەوەندی و متمانەی دوو لایەنە بۆ گەیشتن بە ئامانجگەلێكی روون و دیاریكراو دروست بكەن و لە ئاڵوگۆڕەكانی دواتر و هاوكێشە‌ سیاسی و یاسایی و نیزامی و ئابوورییەكان دەوری سەرەكی و یەكلاكەرەوە ببینن و لە دامەزراندنەوەی سەرلەنوێی عێراق و داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتی وڵاتدا دەستی باڵایان هەبێت. كورد تەنانەت توانی نازناوی دروستكەری شا بۆ خۆی مسۆگەر بكات؛ بەو واتایەی بێ رەزامەندی كورد ناتوانرێت هیچ كاندیدێك بۆ پۆستە باڵاكانی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ و دیمۆكڕات دەستنیشان بكرێت.     

لە پەرەسەندنەكانی دواتر و شەڕی دژی تیرۆریشدا، هێزە كوردییەكان توانییان بۆشایی داڕمانی سووپای عێراق بە خێرایی پڕبكەنەوە و خۆیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بە سەرۆكایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكان دا ببیننەوە و وەك سەرەكیترین هێزی جێی متمانە و كاریگەر لەسەر زەوی لەلایەن هاوپەیمانانەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و تا ئاستی هاوبەش و هاوپەیمانێكی نوێی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست برۆنە پێشەوە.

شەڕی دژی تیرۆر لە ناو خاكی سووریاش، دەرفەتێكی دیكەی بۆ هێزە كوردییەكانی ئەو پارچەیەی كوردستان رەخساند و سەرەڕای تێبینییەكانی هەندێك لە هاوپەیمانە لە پێشترەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و لە ناویشیاندا توركیای ئەندامی ناتۆ، ویلایەتە یەكگرتوو‌ەكان هێزە كوردییەكانی رۆژاوای لە چوارچێوەی هێزێكی رێكخراوتر و گشتگیرتر بە ناوی هێزەكانی سوریای د‌یمۆكڕات رێكخستەوە و هەم لە رووی چەكوچۆڵی پێویستەوە و هەم لە رووی راهێنانی نیزامییەوە پشتگیری و هاوكاری پێشكەش كردن و سەرەڕای هەڕەشە و ناڕەزایی دەربڕینەكان، لە ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە هێزە تیرۆریستییەكان وەك هاوپشك و هاوپەیمانی جێی متمانە و كاریگەر بەشداری پێكردن.

شەڕی تیرۆریزم لە ئێستادا لە هەوڵەكان بۆ بنبڕكردنی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، داعش، چڕبۆتەوە، بەڵام ئەو له ‌پێشینەیی بوونە وای نەكردووە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانه هەرێمییە‌كانی سەرچاوەكانی دیكەی هەڕەشە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانیان لە بیر بچێتەوە؛ بە پێچەوانەوە، بە بەردەوامی گوێمان لە كاربەدەستانی سیاسی و نیزامی و ئاسایشی ئەمریكا و هاوپەیمانە ناوچەییەكانی، لە ناویشیاندا عەرەبستان و ئیسرائیل، دەبێت كە رێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران وەك هەڕەشەیەكی گەورە بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی خۆیان ئەژمار دەكەن. لێدوانە هەڕەشاوییەكان و هەروەها سەپاندنی گەمارۆ یەك لە دوای یەكەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە سەر رێژیمی ئیسلامی ئێران، بە هۆی پشتیوانیكردنی ئەو رێژیمە لە گرووپە تیرۆریستییەكان و پەرەپێدانی بەرنامە مووشەكییەكەی و ناردنی چەك بۆ دەرەوەی وڵات و دەستوەردانی نەرێنی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكەدا و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە ناوخۆدا، هەوڵەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بۆ بیركردنەوە لە بنیاتنانی هاوپەیمانییەكی ناوچەیی دژ بە رێژیمی ئیسلامی ئێران لێ كەوتۆتەوە. وێڕای هەوڵە كردارییەكان بۆ ئاڤاكردنی هاوپەیمانێتییەكی لەو شێوەیە، باس لە كەڵك وەرگرتن لە هێزی لایەنە‌ ناڕازییەكان لە ناوخۆی ئێران و هەروەها هێزی نەتەوە و ئیتنیكە جیاوازەكانی ئێران دەكرێت.

لە دۆخ و دەرفەتێكی ئەوتۆدا، هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و دێموكڕاسیخوازی ئێرانی دەتوانن لە بڵاوی و تاكڕەوی دوور بكەونەوە و هەوڵەكانیان بۆ دروستكردنی بەرەیەكی سیاسی و نیزامی بە ئامانجی بنیاتنانی ئێرانێكی دێموكڕاتیك وەگەڕ بخەن. پاش وەدەرنانی هێزەكانی رێكخراوی موجاهیدینی خەلق، وەك بەهێزترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی رێكخراوی ئێرانی، لە وڵاتی عێراق و گیرسانەوەی ئەندامەكانیان لە وڵاتانی رۆژاوایی هەوڵە سیاسییەكانی ئەو رێكخراوە بۆ دووبارە دەركەوتنەوەی وەك بەهێزترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی رێكخراو چڕتر كراونەتەوە و نەبوونی بەرەیەك یان پارتێكی سیاسی بەهێزی دیكە، مەودای مانۆڕدانی ئەو رێكخراوەی بەرینتر كردووە. لە هەمان كاتدا، كوڕی ئاخرین شای ئێران، جموجۆڵە سیاسی و دیپڵۆماسییەكانی لە ئێستادا چڕتر كردۆتەوە.

پارتە سیاسییە لێكترازاو و دابڕاوەكانی كوردستانی رۆژهەڵات پێویستە لەم دۆخەدا، وێڕای جەختكردنەوە لەسەر مافە رەواكانی گەلی كورد و ئامانجەكانیان بۆ دروستكردنی قەبارەیەكی تایبەت بە كوردستانی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی ئێرانێكی فیدڕاڵ و دێموكڕات، بە سێ ئاراستە هەوڵ و تێكۆشانە سیاسییەكانیان وەگەڕ بخەن: یەكەم پێویستە ئەو پارتانە هێزی سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرە یان هاوپەیمانییەكی گشتگیڕ و فراوان بۆ لە خۆگرتنی هەموو یان زۆربەی پارتە سیاسییەكان رێكبخەن و بۆ ئەم قۆناغە و بە شێوەیەكی كاتی چاوپۆشی لە جیاوازییە سیاسی و ئایدۆلۆژی و بەرژەوەندییە حیزبییەكانیان بكەن و‌ هێزەكانی چەپ و راست و ناوەڕاست و ئیسلامی و سێكۆلار پێكەوە یەكگرتوو و یەكگوتار بن. دووەم پێویستە دەستەیەكی نوێنەرایەتی ئەو بەره یاخود هاوپەیمانێتییەی كوردستانی رۆژهەڵات لەگەڵ هێز و لایەنەكانی دیكەی سەر بە نەتەوەكانی دیكەی ئێران، بە مەرجێك‌ باوەڕیان بە ئامانجی دیاریكراوی ئاڤاكردنی ئێرانێكی فیدڕاڵ و دێموكڕاتیك و پاراستنی مافی كورد لە قەوارەیەكی تایبەت بەخۆیدا هەبێت،‌ بكەونە گفتوگۆ و وتووێژ كردن و هەوڵی دروستكردنی بەرەیەك یان هاوپەیمانێتییەك بۆ یەكخستنی هێز و توانای سیاسی و نیزامییان  و تۆڕی پەیوەندییەكانیان لە ژێر چەترێك لە شێوەی بەرەیەكی سیاسی - نیزامی یان هێزەكانی ئێرانی دێموكڕاتیك بدەن. سێهەم پێویستە هەوڵ بدڕێت دەستەی نوێنەرانی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵات گشتگیرتر و بەرینتر بكرێت و دەستەیەكی فراوانتر لە هەموو هێزەكانی بەشدار و ئەندام لە بەرە و هێزەكانی ئێرانی دێموكڕاتیك پێك بهێندرێت و لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕ دژی تیرۆریزم و لە سەرووشیانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكان بكەوێتە پێوەندی كردن و دانوستاندن.

هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات و هاوپەیمانێتییەكی بەرفراوانی هێزە دێموكڕاتیكەكانی ئێران هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی نیزامییەوە پێویستیان بە یەكتر هەیە؛ هیچ هێزێكی سیاسی ئێرانیی ناكوردی لە ئێستادا هێزێكی چەكداری رێكخراوی وەكوو هێزە كوردییەكانی نییە و هێزی چەكداری كورد دەكرێت فراوانتر و گشتگیرتر بكرێت و لە نەتەوەكانی دیكەی ئێرانیشی پێ زیاد بكرێت. مەرج نییە هێزەكان لە رووی جوگرافییەوە لای یەك بن، بەڵام پێویستە لە رووی فەرماندەیی و رێكخستنی نیزامییەوە هاواهەنگ و رێكخراو بن. لە رووی دیپڵۆماسی و تۆڕی پێوەندی نێودەوڵەتییەوە، هێزە كوردییەكان دەتوانن سوود لە دەرفەت و تواناكانی نەتەوەكانی دیكەی ئێران وەربگرن و پێوەندییەكانیان پەرە پێبدەن. بەو شێوەیە، هێزە سیاسییەكانی كوردستانی رۆژهەڵات دەتوانن ببنە هێزی داینەمۆی یەكخستن و وەگەڕخستنی تواناكانی هەموو یان زۆرینەی هێزە دیموكڕاسیخوازەكانی ئێران و بەو شێوەیە ئامرازی پێویست لە لایەن و ئێڵێمێنتە ناڕازییەكانی ناوخۆی ئێرانی بۆ ئەگەر و گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان دابین بكەن و خواست و ئامانجەكانی خۆشیان لە چوارچێوەی ئامانجێكی فراوانتری هێزە دیموكڕاتیكەكانی دیكەی ئێرانی جێ بكەنەوە و شانس و دەرفەتی مسۆگەركردنیان بخوڵقێنن. بەرەیەك لە هێزەكانی دێموكڕاتیكی ئێرانی كە كورد كۆڵەكەی سەرەكیی دروستكردنی بێت، بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هێزێكی دیكەی جێی متمانە و كاریگەر لەسەر زەوی بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و دوای باشوور و رۆژاوا، رۆژهەڵات دەتوانێت سێهەم هەرێمی كوردی بێت كە سەربازەكانی هاوپەیمانان و لە سەرووشیاندا ئەمریكا تیایدا هەست بە ئاسایش و گیانپارێزراوی و هاوپشكی و هاوپەیمانی راستەقینە بكەن.       
      



ئه‌م بابه‌ته 573 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:00:03/08/2017


زۆرترین خوێندراو