بۆ ئازادی و ئازاد ژیان بوو

عەبدوڵڵا موهتەدی

سی و هەشت ساڵ لەوە پێش، لە وەها رۆژێكدا، ئایەتوڵڵا خومەینی فەرمانی هێرشی هەمەلایەنەی بۆ كوردستان دەركرد.

ئەو هێرشە ناڕەوا و بێ‌پاساوە، نوختەی وەرچەرخانێكی گەورەی لە مێژووی گەلی كورد لە كوردستانی رۆهەڵات پێك هێنا و قۆناغێكی بەتەواوی نوێی كردەوە. بە هەمان ئەندازە گەورە و مێژوویی بریاری وەستانەوە و بەرەنگار بوونەوە لە هەمبەر لێشاوی هێرشی گەوەری كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان بوو كە لە ئێوارەی هەمان رۆژی فەرمانی هێرش لەلایەن شۆڕشگێڕانی ئەو سەردەمەوە دەركرا. بەڵام ئەو بڕیارە رەنگدانەوەی ئاوات و ویستی كۆمەڵانی بەرینی خەڵكی كوردستان بۆ ئازادی و ئازاد ژیان بوو. هەر بۆیەش بیست و هەشتی گەلاوێژ رۆژی تاوانكاری دڵتەزێن بەدژی گەلی كورد، رۆژی ئیعدامی بەكۆمەڵ، رۆژی تیرەباران كردنی بێ‌ دادگایی، رۆژێكە كە داسی مەرگی كۆماری ئیسلامی سەری بەرزی كوڕان و كچانی كوردەواری بڕیەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا رۆژی بەرەنگاریی نەتەوەیی خەڵكی كوردستانیشە. رۆژێكە كە سی و پێنج ساڵا پێش ئەوەی داعشی سوننی هێرشی تێرۆریستی خۆی بۆ سەر كوردستانی ئەمدیو بخاتە گەڕ، داعشی شیعە هێرشی دڕندانەی خۆی بۆ سەر كوردستانی ئەودیو دەست پێكرد. هەروەكوو چۆن كوردی ئەمدیو بەخەباتی بێ‌وێنە و قارەمانانەی خۆیان بوون بە نموونەی بەرەنگاری لە عێراق جێی ستایشی هەموو جیهان و هەموو ناوچەكە، كوردی ئەودیویش لە ئێرانێكدا كە خەریك بوو دەكەوتە ژێر چنگی دیكتاتۆرییەكی دینی بێبەزەبی بوون بە نموونە و سیمیۆلی موقاومەت و بەرخۆدان. بەبێ‌ ئەو خەباتە هەمەلایەنە سیاسی، كۆمەڵایەتی، رۆشنبیری و پێشمەرگانەیە، كوردی ئێران هەرگیز نەیاندەتوانی بزووتنەوەكەیان بۆ ماوەی سی و هەشت ساڵا لەدژوارترین باروۆدخدا زیندوو رابگرن، كوانووی خەبات بە گەرم و گوڕی یهێڵنەوە و دەسەڵاتی تۆتالیتەری كۆماری ئیسلامی بەدوای چوار دەهە داپڵۆسین و داگیركاری لە كوردستان، ئێستاش هەموو ڕۆژێك چاوەڕوانی تەقینەوەی بوركانی كوردستانی ڕۆهەڵات بێت.
 هەر بۆیەش هەموو تاكێك و هەموو بنەماڵەیەكی كوردی رۆژهەڵات دەبێ‌ قەدری ئەو وەستانەوە و بەرەنگارییە بزانن و فێری زارۆك و نەوەی نوێی خۆیانی بكەن.
جیاوازیی ئەم دیو و ئەودیو لە خەباتەكیاندا لەوەدا بوو كە ئەو داعشانەی هاتنە سەر ئێمە، گروپێكی تێرۆریستی ئاماڵا چەتە نەبوون، بەڵكوو جێگرەوەی دەوڵەتێكی بەهێزی وەك ئێران بوون كە وەك داعشەكانی ئێرە لە ترسی فرۆكەی ئەمریكا رایان نەدەكرد، بەڵكوو بە فڕۆكەی دروستكراوی ئەمریكا شار و گوندی ئێمەیان دەكێڵا. نە جیهان بەفراوانی لەسەرمان هاتە دەنگ، نە لەشكرێك پشتی گرتین، نە ئامرازی نوێی راگەیاندن هەبوو كە سكاڵای خۆمانی پێبكەین، نە تەنانەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەبوون كە دەنگمان بەدنیا بگەیەنین. بەڵام لە خۆبەخشی و لە گیانی شۆڕشگێڕانە هیچمان كەم نەهێنا. ئێستاش دەزانین كە ئەوان دەتوانن دەسدرێژی بكەنە سەر كوردستانی ڕۆژهەڵات و دەستی تێرۆریستی لە ئێمەمانان بوەشێنن، بەڵام ئەوانن كە دەبێ‌ لە كوردی رۆژهەڵات بترسن، ئەوانن كە لە گەمارۆی ١٠ملیۆن كوردی ڕۆژهەڵاتیدا شەو و ڕۆژ دەبەنە سەر.
با دۆست و دوژمن بزانێ‌ هەموو كۆرپەیەكی بەرمەمكانی ئەمڕۆی كوردەواری، پێشمەرگەیەكی سبەی رۆژی كوردستانە. دەرنگ یا زوو، ئەوانن كە دەبێ‌ لەحاست پرسی رەوای كورد سەردانەوێنن.  
ئەمڕۆش كە لە جیهانێكی جیاوازدا دەژین كە دەنگی ئازادی و دادخوازی وەكوو جاران كپ ناكرێ‌، ئەمڕۆش كە دیكتاتۆرەكان و رژیمە داپڵۆسێنەرەكان لە هەموو جێهان خەریكە جێگەیان پێ‌ لەق دەبێ‌، ئەمڕۆش كە كورد لە هەموو ناوچەكە دەسكەوتی گەورەی بەدەست هێناوە، ئەمڕۆ كە بەئاواتین لە داهاتوویەكی نزیكدا سەربەخۆیی كوردستانی باشوور لاپەڕەیەكی گەش و نوێ‌ لەمێژووی هەموو گەلی كورددا بكاتەوە، بەڵێ‌، لەوەها سەردەمێكدا ئێمەی كوردی رۆژهەڵات لە هەموو شتێك زیاتر پێویستیمان بە بووژانەوەی جوڵانەوەی رۆژهەڵاتە، مەرجی سەرەكیی ئەمەش بوونی یەكگرتویی نێوخۆییمانە. بەبوونی ئەو یەكگرتووییە، دەتوانین هەموو هەڕەشەكان بەرپەرچ بدەینەوە و هەموو هەلەكان بقۆزینەوە. تەنیا لەو یەكگرتووییەشدایە كە دەتوانین سەرنجی كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ لای كوردستانی رۆژهەڵات و خەباتەكەی و داخوازییەكانی راكێشین.


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:32:05/10/2017


زۆرترین خوێندراو