رێکخراوەکان، حیزب و ئەرکەکانیان بەشی ٤ پەیوەندی مرۆڤەکان (تاکەکەسەکان) و ئۆرگانیزاسیۆن



رێکخراوەکان، حیزب و ئەرکەکانیان
 
بەشی ٤ پەیوەندی مرۆڤەکان (تاکەکەسەکان) و ئۆرگانیزاسیۆن

کاکۆ عەلیار

  لە هەموو ئورگانیزاسیۆنێکدا مرۆڤ وەک گرینگترین سەرچاوە پێناسه دەکرێت، رەنگه ئەم دەستە واژەیەمان زۆر گوێ لێبووبێت و لامان وەک جۆرێک کلیشەی لێهاتبێ، بەڵام بەو حالەش ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگره.                                              .
 لە لێکۆلینەوەیەکی زانستیدا سالی ١٩٩٩ لە هەموو ئۆرگانیزاسیۆنه ئەمریکاییەکان دەرکەوت که سەرچاوەی مرۆڤی بەتەنها ئەرزشی لە هەموو سەرچاوە فیزیکیەکان ( پاره، بینا، ماشێن، و هتد...) زیاتره. لە رێکخراوەگەلێک کە خەدەمات دەدەن یان له پارته سیاسەکان ئەم سەرچاوە مرۆڤیه ئەرزشی زۆر زیاتریشی هەیه.
لە تیئۆریه کلاسیکیەکانی ئۆرگانیزاسیۆندا مرۆڤ وەک جۆرێک کەرەستەی بەرهەمێنان پێناسەی بۆ دەکرا، لەم پێناسه کلاسیکەدا مرۆڤ «شتێک» بوو کە دەتواندرا کۆنترۆل و مانیپۆله بکرێت، رێک بە شێوەی کەرەستەکان. دەرەنجامی ئەم شێوە روانینه ماندو بوون، بێزاری و سازبوونی کۆمەلێک کێشەی دەروونی بۆ ئەندامانی ئەم رێکخراوانه بوو، لێکۆلینەوەکانی دوواتر دەریانخست کە ئەم تێروانینه وادەکات کە تاکەکان خۆیان لە ئیش کردن بدزنەوە و تا بەرێوەبەری کۆنترۆلی زیاتریان بخاته سەر ئەندامانیش شێوەی نوێتر بدۆزنەوە بۆ خۆدزینەوە لە ئەرکەکانیان.
دەرەنجامی ئەم لێکۆلینەوانه بوو بەوەیکه مرۆڤەکان هەریەکەو پێداویستی تاکی خۆیان هەیه، و ناکرێت مرۆڤ بە شێوەی کەرەسته کۆنترۆل و مانیپۆله بکرێت. ئەم رونینه نوێیه که دەرەنجامی لێکۆلینەوە تازەکان بوو، بووه هۆی ئەوەیکه کارناسانی ئەم بوواره پکەونه شوێن دیتنەوەی بالانسێک لەمابەینی پێداویستیه مرۆییەکان لە لایەک و چاوروانیەکانی رێکخراوەکەش بۆ بەرهەمهێنان و چالاک بوون لە لایەکیتر..
یەکێک لە ناسراوترین دەقه فکریەکان دەربارەی جێگەی تاکەکان لە ئۆرگانیزاسیۆندا گفتگۆی کریس ئارگیریس و هێربێرت سایمۆنه، ئارگیریس لەم پەیوەندیەدا دەڵی: لێکۆلەرەوەکان ئەمرۆ ئیتر تەنیا بەدوای ئەوەوە نین کە چۆن رێکخراوەکان کارامەتر دەبن، بەڵکوو پرسیاری نوێ دەورووژێنن، بۆ نموونه ئۆرگانیزاسیۆنەکان بۆ کێ و چ کەسانێک ساز بون و فۆرمیان پێدراوە؟ چەندە رێکخراوەکان دەتوانن ئینسانی بن و لە هەمان کاتیشدا کارامەییان لەدەست نەدەن؟
ئارگریس پێیوایه تا هەرچەنده ئۆرگانیزاسیۆنەکان لە کۆمەلگای نوێ و مۆدێرندا «ئینسانیتر» بن، بەو میزانەش کارامەییان زیاتر دەبێت، ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە قەواره و فۆرمی هەر رێکخراوەیەک دەبێ بە شێوەیەک بێت کە تاکەکان هەست بە ئاسوودەیی پکەن تێیدا و لەوەها حالەتێکدایه کە کارامەییان زیاتر دەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیار دەکات کە رێکخراوەکان فۆرمێکی ئۆفۆقییان هەبێت و تا بۆیان دەکرێت لە قالبی هەیرارکی کەم بکەنەوە، ئەو ئەرکانەی به ئەندامانی دەسپێرن گۆرانکاریان تێدا بکرێت و سەرجەم بە شێوەیەک هەلسووکەوت پکەن کە تاکەکان خۆیانی تێدا بدۆزنەوە و خۆیان بە بەشێک لە چوارچێوەی گشتی رێکخراوەکە بزانن. ئەم شێوە هەڵسووکەوته لە هەر ئۆرگانیزاسیۆنێکدا لە چاوی ئارگریسەوە دەبێته هۆی کارامەیی و رازی بوونی زیاتر لەنێو ئەندامەکانیدا..
هێربێرت سایمۆن زۆر به گۆماناوه دەروانێته بۆچوونەکانی ئارگیریس، سایمۆن دەڵی: لە تەکامولی مێژووییدا هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەوە نیه که مرۆڤەکان بتوانن بەبێ بوونی سیستەمێکی تۆکمه لە ئۆتۆریته پێشکەوتنیان بێت و بگەنه دەرئەنجامی عەقلانی، ئەوەی کە ئارگیریس پێی دەڵێت مرۆڤی خۆپێگەییشتوو، بە بۆچوونی سایمۆن ناتوانێت گەشه بکات کاتێک قەوارەو ستروکتووری ئۆتۆریته تێکدەشکێت..
سەرەرای بوونی جیاوازی زۆر، ئارگیریس و سایمون هەردووکیان لەسەر ئەوە کۆک بوون که هەموو رێکخراوێک دەبێت باڵانسێک بدۆزێتەوە بۆ پێداویستیه تاکی و مرۆییەکان و گەشه کردن. ئۆرگانیزاسیۆن ناکرێ تەنیا بەشێوەیەک فۆرم بدرێت که تاکەکان تێیدا هەست بە خۆشی و گەشەپێدانی خۆیان بکەن، بەڵکوو دەبێ هەست بە برپرسایەتی بکەن و حەول بۆ بەرهەم هێنان بدەن، بەرهەمێک کە لە کۆمەلگادا لایەنگر و کریاری بۆ پەیدا بێت..
. پێداویستییەکانی مرۆڤ کامانەن؟
لەسەرەوه باسمان لە پێداویستیەکانی تاک لەناو ئۆرگانیزاسیۆندا کرد، لێرەدا دەچینه سەر ئەوەی ئەم پێداویستیانه کامانەن، ئەم سەرەتایەکه لە ورووژاندنی «تیئۆرییەکانی پێداویستی»، کە سەرقالی ناسینی پێداویستی تاکه مرۆڤەکانه، ئەم ناسینه پێویسته چوون زۆر کاریگەری هەیه لەسەر رەفتاری تاکەکان.
تیئۆریه پالنەریەکانی (مۆتیواسیۆن تیئۆری) «ماسلۆو» دیارترین و کاریگەرترین دەقن لە دەست نیشان کردنی پێداویستە بنەرەتیەکانی مرۆڤ. ماسلۆو خۆی دەرەوون ناس بوو و نووسینەکانیشی لە پەیوەندی لەگەڵ کاری ئۆرگانیزاسیۆن و رێکخستندا نەبوو بەڵام زیاترین کەڵکی لێ وەرگیرا بۆ دانی ئەنگیزه (مۆتیواسیۆن) بەئەندامان و خەلکانێک کە لەناو رێکخراوەکاندا کاریان دەکرد.
     ماسلۆو پێیوایه هەر مرۆڤێک پێنج پێداویستی بنەرەتی هەیه، کە حالەتێکی هەرەمییان (هەیرارکی) هەیه و ئەگەر پێداویستیەکانی خوارەوە جێبەجێ نەکرێن ئەوانەی سەرەوەش ناتوانن هیچ کاریگەریەکیان لەسەر رەفتاری مرۆڤ هەبێت..
ئەم پێنج پێداویستیە بە تەرتیب ئەوانەن: 
یەکەم: پێداویستیە فیزیۆلۆژیکەکان وەک برسیەتی، توونیەتی، خەوتن و هتد... بە گوێرەی ئەم تیئۆریه ئەم پێداویستیانە ئەگەر بکەوێته حالەتی جێبەجێ کردنەوە ئیتر حالەتی پالنەریان نامێنێ و هەموو تواناکان دەکەونەگەر بۆ جێبەجێ کردنی پێداویستی دواتر.
دووهەم پێداویستی ئەمنیەت: ئەم پێداویستیە هەم حالەتی فیزیکی لەخۆ دەگرێ هەمیش حالەتی ئیحساسی، ماسلۆو پێیوایه لەشوێنێک کە ئەمنیەت و یاسا هەبێت مرۆڤەکان هەست بە ترس ناکەن و ئەوە مەیلیان زیاتر دەکات بۆ ئەنجامی ئەرکەکانیان..
سێهەم پێداویستیه کۆمەڵایەتیەکان: هەر مرۆڤێک کۆمەلێک پێداویستی کۆمەڵایەتی وەک بوونی دۆست و برادەر، بوون لە لانیکەم گرووپێکیی کۆمەڵایەتی و سازدانی پەیوەندی ئیحساسی لەگەڵ مرۆڤەکانیتر هەیه. ماسلۆو پێیوایه نەبوونی ئەم پەیوەندیانه دەبێته هۆی دوورکەوتنەوە لەو ژینگەیەی مرۆڤی تێدا دەژی، بەڵام کاتێک جێبەجێ دەکرێن ئیتر ئەمانەش حالەتی پالنەریان نامێنێ و پێداویستیتر پەیدا دەبێ.
چوارەم پێداویستی ستاتووس و پرێستیژ: بە گوێرەی ماسلۆو ئەمە دوو حالەتی هەیه، یەکەم ئەوەیکە مرۆڤ لە لایەن کەسانی دەورووبەریەوە بە فەرمی بناسری و کەسانیتر ئەرزش بۆ کارەکانی دابنێن. دووهەم ئەوەیکە مرۆڤەکە بۆخۆی ئەرزش بۆخۆی و تواناییەکانی خۆی دابنێ. جێبەجێ بوونی ئەم پێداویستیە وادەکات مرۆڤ بڕوا بەخۆی پچێته سەرێ و هەست بەوە نەکات که ژێردەستی کەسانیتره..
پێنجەم پێداویستی خۆ مورتاح کردن: ئەم پێداویستیە بە گوێرەی بۆچوونەکانی ماسلۆو گرنگترین پێداویستی مرۆڤه و دەکەوێته سەرووی هەموو ئەوانەیتر. لێرەدا مەبەست ئەوەیه کە تا چەنده هەر تاکێک دەتوانێ کەڵک لە توانایی و پۆتەنسیالی خۆی وەرگرێ. ماسلۆو پێیوایه ئەمە نیهایەتی ئارەزووی هەر تاکێکه و لە مرۆڤیشەوە بۆ مرۆڤ لە گۆران دایه. ئەم خۆ مورتاح کردنه نایەتەدی مەگەر چوار خالەکەی سەرەوە جێبەچی کرابن، هەر بۆیه ئەم کەسانەی کە دەتوانن ئەم پێداویستیە دابین بکەن ژمارەیان زۆر کەمە.
. سەرەرای ئەوەی ماسلۆو ئەم پێداویستیانەی ئیشارەتمان پێدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە ناو دەبات و پێوایه پەیوەندیەکی ئۆرگانیکیان بە یەکەوە هەیه بەڵام جەختیش لەسەر ئەوە دەکات کە مرۆڤکان جیاوازیان هەیه و رەنگه بۆ هێندێک کەس پێویست نەکات پێداویستیەک سەد لە سەد جێبەجێ کرابێت بۆئەوەی پێداویستی دواتر بێته گۆرێ..
بۆچوونەکانی ماسلۆو لەبابەت تاک و پێداویستیەکانی بێ رەخنه نەبوون و یەکێک لەوانەی کە بۆچوونەکانی ماسلۆوی پێ ناروون بوو دەیوید مەک کلالەنده. ناوبراو گەشەی بە شێوەیەکیتر لە تیئۆری پالنەری دا کە بە پێچەوانەی ماسلۆو شێوەیەکی هێرەمی نیه و وەک بۆخۆی ئیشارەتی پێدەدا مرۆڤ پێویست ناکا حەتمەن پێداویستیەک جێبەجێ بکات بۆ ئەوی بێته سەر پێداویستی دواتر..
مەک کلالەند کە بۆچوونەکانی ئەمرۆ زیاترین لایەنگریان هەیه، پێداویستیە بنەرەتیەکانی مرۆف بە سێ بەش دابەش دەکا.
یەکەم پێداویستی بۆ دەسەڵات: ناوبراو دەلێ ئەم مرۆڤانەی هەست بە پێداویستی بۆ گرتنی دەسەڵات دەکەن زۆر سەرقالی ئەوەن که کاریگەریان لەسەر کەسانیتر هەبێت و بە شێوەیەک کۆنترۆلیان بکەن. ئەم مرۆڤانه هەست بە نزیکی لە شوێنگەلێک دەکەن کە پێیان وایه ستاتووس و پرێستیژیان دەداتێ، هەموو کات چاویان لەو شوێنانەیە کە دەوری بەرپرسایەتییان پێدەدا. کاراکتێری ئەم شێوە مرۆڤانه جۆرێکه کە رێتۆریکیان باشه و پێیان خۆشه لە بۆنەکاندا قسە بۆ خەلکانیتر بکەن.
دووهەم پێداویستی بۆ تێکەڵاو بوون: مەک کڵالەند دەڵی هەموو مرۆڤێک پێداویستیەکی بنەرەتی بۆ تێکەل بون و تەعامول لەگەڵ خەڵکانیتر هەیه. ئەوانەی کە زۆرتر هەست بەو پێداویستیە دەکەن کەسانێکن کە زیاتر سەرقالی ئەوەن کە خۆشەویست بن، هەر بۆیه زۆر جار خۆیان لە کێشه و رەخنه دەدزنەوە و نیگەرانن کە دەستی رەد لەلایەن کەسانی دەورووبەریانەوە بە سینگیانەوە بندرێت. هەڵسووکەوتی ئەم کەسانه بە شێوەیەکه کە دڵی کەس لێیان نەیەشێ و پەیوەندی باشیان لەگەڵ هەمووکەس هەیه و یارمەتی کەسانیتر دەدەن کە موشکیلەیان هەیه..
سێهەم، پێداویستی بۆ دەرەنجامی باش: لە کاتێکدا دەگووترێ خواردن پێداویستیە بۆ برسی نەبوون بەو پێیەش ئیشێ باشتر کردن پێداویستیه بۆ بەدەست هێنانی دەرەنجامی باشتر. ئێشی باشتر کردن بەو مانایەیە کە مرۆڤ شتێک بکات کە پێشووتر نەیکردووە، ئەو تاکانەی کە هەستی پێشکەشکاریان زۆر لەناودایه زۆربەی کاتەکان زیرکەن کە مەجالی گوونجاو بدۆزنەوە و هەر ئەوەشه کە لە مرۆڤی دیکه جیایان دەکەتوە. 
ئەم جۆره کەسانه زۆربەی جاران لە مەجالگەلێک دەگەرێن کە بۆخۆیان بەرپرسیاری بەدەستەوە بگرن بۆ لەناوبردنی تەنگووچەڵەمەکان، لە لایەکی ترەوە هەدەفی گەوەره بەڵام گوونجاو بۆخۆیان دیاری ئەکەن، زۆر بەدوای دەرەنجامی باشەوەن و دەشترسن لە دۆران. پێوانەیەکی دیکه بۆ ئەم شێوە مرۆڤانه ئەوەیه که ریسک دەکەن بەڵام ریسکی لۆژیکی، باش ئەنالیزی بابەتەکان دەکەن پێش ئەوەی هەر بریارێک بدەن. لە لایەکی دیکەوە زۆر پێویستیان بەوەیه کە وڵامی خێرا وەرگەرنەوە لەبابەت ئەو ئیشانەی کە کردوویانه، زۆر بۆیان گرینگ نیه هاوکارەکانیان چۆن دەرواننه ئیشەکەیان بەڵکوو گەییشتن بەو ستانداردەی کە خۆیان دیاریان کردووە گرینگه بەڵایانەوە.
سیسیتەم بۆ سزا دان و تەشویق کردن (هاندان).
  کاتێک باس دێته سەر کارامەبوونی زیاتر و باشتر، ئایتێمی تەشویق کردن و سزا دان زیاترین سەرەنج بۆلای خۆی رادەکێشێ. ئەم سیستەمە لە تیئۆریەکانی ئۆرگانیزاسیۆندا به (ئینتێنسیڤ سیستەم) یان سیستەمە تەشویقیەکان (هاندەریەکان) ناسروان.
   ئامانج لە دانانی ئەم سیستەمە ئەوەیه کە تاکەکانی هەر رێکخراوەیەک بە شێوەیەک هەڵسووکەوت پکەن کە لەگەڵ ئەو ئەمانجەی کە رێکخراوەکە بۆخۆی دیاری کردوە زیاترین نزیکی و هاوخەتی هەبێت. کاتێک ئەم هەلسووکەوته بیندرا ئەوە تەشویق دەکرێن یان بە پێچەوانه کاتێک ئەوە نەبیندرا ئەوە سزا دەدرێن.
کێ تەشویق دەکرێت؟
بە گشتی تەشویق کردن لە هەر رێکخراوەیەکدا دەبێت لەسەر ئەم سێ خالەی خوارەوە جیا بکرێتەوە.
 یەکەم: تەشویقی تاکەکەسی، کە هەر تاکێک خۆی دەتوانێ لەسەر ئەساسی کارامەییه تاکیەکانی خۆی و هەلسووکەوته ئیجابیەکانی وەریبگرێت..
دووهەم: تەشویقی گروپی، ئەمه بە گرووپێک لە ئەندامان لە رێکخراوەکەدا دەدرێت کە پێکەوە کارێکی هەوبەشیان کردووە و دەرەنجامی باشی بۆ رێکخراوەکە بووه.
سێهەم: تەشویقی سیستەمی، کە بە سەرجەم ئەندامانی رێکخراوەکە دەدرێت.
شێوەکانی تەشویق کردن.
 بە گشتی ٢ شێوه تەشویق کردن لە ناو رێکخراوەکاندا بوونی هەیه. 
یەکەم: تەشویقی ریئالی کە مانای دانی پاره، سیاره خانوو و بە گشتی هەرشتێک کە حالەتی فیزیکی بۆ مرۆڤ هەبێت.
 .دووهەم: تەشویقی سیمبۆلی کە مانای دەستخۆشانه لەلایەن بەرپرسانەوەیه، جا ئەگەر ئەم کاره لە بۆنه گشتیەکاندا بکرێت باشتره.
چی تەشویق دەکرێت.
 بە بۆچوونی کلاسیک تەشویق کردن یان بۆ رەفتاری باش و گوونجاوه یان بۆ دەرەنجامی باش و ئیجابی، بۆ نموونە ماکس وێبێر لە پێناسەی قەوارەی رێکخراوەی بۆرۆکراتی (هەرێمی) دەڵیت، ئەوەی کە دەبێت تەشویق بکرێت توانایی تاکه بۆ بەرێوەبردن و بەکارهێنانی یاساکان بەشێوەیەکی دوروست، بەبێ لەبەرچاو گرتنی ئەو دەرەنجامەی کە دەیبێت بە تاکەکە خۆی..
خوێندنەوە نوێترەکان تێکەڵاوێک لەهەر دوو حالەتەکە بە گوونجاترین شێوە دەزانن..


ئه‌م بابه‌ته 2767 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:36:04/07/2020


زۆرترین خوێندراو