سووژدەببە، دەم بجوڵێنە، ئیدی خۆت ئیمان دەهێنیت



وەهمی ئیدئۆلۆژی و مەترسیەکانی، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و داهاتووی کۆمەڵە


کاکۆ عەلیار


لە  ماوەی ڕابردوودا و لە پەراوێزی ناکۆکیەکانی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران،  جارێکیتر کۆمەڵێک چەمک و درووشمی وەک چەپ یا ڕاست، ناوسیۆنالیزم یا کۆمۆنیزم، چەپی ئۆرتۆدۆکس و رێویزیۆنیسم، شورا یا پارلەمان و هتد.. هاتنەوە بەر دیدەمان. بۆ جارێکی دیکە وەبیریان هێناینەوە کە تا چ ڕادەیەک ئایدیۆلۆژی تێڕوانین و تێگەییشتنی مرۆڤەکان رێک دەخات و لەسەر جەستە و رێکخستنیان، لەسەر دابەشکردنی شوێن و کات، لەسەر پۆلێنکردن و جیاکاری و جیاوازیەکان، لەسەر چۆنیەتی تێگەییشتنمان لە ڕاست و هەڵە، حەقیقەت و درۆ و هتد.. کاریگەری دادەنێ.  کۆی هەموو ئەوانەش بە پراکتیزەکردنی جۆرێک لە توندووتیژی و لە چوارچێوەی سیستمێکدا دێنە ئاراوە کە شتێک ئاشکرا دەکەن و شتێک دەشارنەوە، سنوور دەکێشن و ناهێڵن لەو دیوی سنوورەکەوە هیچ ببیندرێ.

ئەم نووسراوەیە تێدەکۆشێت سەرەنجی خوێنەر بۆ مەترسیەکانی بیری ئیدئۆلۆژیک بە گشتی و تایبەتەن لە چوارچێوەی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا کە هەڵگری بەشێک لەجەستەی کۆمەڵەیە راکێشێ، هاوکات باس لە خولیای نەسلی نوێتری رێبەری کۆمەڵە بکات سبارەت بە داهاتوو. من بڕگە بڕگە لە چەند شوێن ئاماژەم بە ڕوانگەی خۆم و هەڵوێستێک کە دەبێ لەو بارەوە بیگرین داوە، ئێمە جارێک ٢٢ ساڵ پێش ئێستا لەو سیستمە دابڕاوین، نەک هەر لە هەیکەلی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، بەڵکوو لە ئایدیۆلۆژیای کۆمۆنیزمیش، لە بە ئایدیۆلۆژی کردنی سیاسەتیش، لە هوموو ئەو جەغزە خەتەرناکانەی کە ئایدیۆلۆژی لە دەوری بیری ئێمە سازیان دەکات و تا مرۆڤ لێی رزگار نەبێت فام ناکا دنیای ناو ئەم سنوورە چەند چەتوون و هەناسەبڕە، ئێمە ٢٢ ساڵ بەر لە ئێستا پێداچوونەوەمان نەک هەر بە ئەزموونی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا کرد، بەڵکوو پەنجەرەیەکیشمان بەڕووی خۆمان و بزووتنەوەکەماندا کردەوە کە هەوای تازە بێنێتە ژوور، ئێمە دێوەزمەی ئێدئۆلۆژیمان لەخۆمان داتەکاند و لە دەلاقەی ئەو پەنجەرەیەوە ڕوانیمانە سەردەمی نوێ و پێداویستیەکانی، مەجالمان بەخۆماندا کە بە داینامیزمێکی بابەتیانە و دوور لە وەهم و خەیاڵەوە سیاسەت دارێژین و دیپلۆماسی و  رێکخەستن بکەین، سەرجەم ئێمە کەشێکمان رەخساند کە وێنەی شتەکان ئەو جۆرەی کە هەن ببینین، نەک ئەو جۆرەی خەیاڵی بۆ دەکەین.
ئەمانە ئاسان بە دەست نەهاتوون، خەساریان کەم نەبووە، بۆ کەسێک کە بیری ئایدیۆلۆژی بەسەریدا زاڵ نەبووبێ هاسان نیە لەوە تێبگا کە ئەم کارە چەندە دەتوانێ سەخت و پڕ مەترسی بێت، ئەو کاتەی ئۆتۆپیای خەیالی حیزبێک دەرووخێنی، ئەو کاتەی مرۆڤەکان وشیار دەکەیەوە کە دەشێ لەگەڵ واقعی هەسپێکراو کە بوونی هەیە مامەڵە بکەن نەک لەگەڵ ئەو ئەگەرە خەیاڵیەی کە وەک واقعی حەتمی و مێژووکرد بۆیان وێنا کراوە، دەیانبەیە بەردەم هەڵدێرێکی خۆفناک، خەونەکانیان لێ دەستێنیەوە، ئاسانیش نیە بەدیلت هەبێ کە برابەرکێ بکا لەگەڵ ئەوەی پێشوویان. بیری ئیدئۆلۆژی  بۆ سەلماندنی خۆی پێویستی بە بەڵگەهێنانەوەی واقعی نیە، بەلام بیری رئالیستی هەیەتی، لە دنیای ئایدیۆلۆژیدا مەرج نیە ئایدیاکان ئێستا بسەلمێندرێن، بەڵکوو بە وێنا کردنی حەتمیەتی مێژوویی خۆی لەهەر چێشنە پاساوێکی لۆژیکی دەدزێتەوە و هەمیشە موژدەی واقعێک دەدا کە ڕاستەقینەترە و خۆشترە بەڵام هێشتا نەهاتووە، لە دنیای واقعیدا بەڵام تۆ دەبێ هەم بچیە شەڕی ئەو وەهمەوە و مرۆڤەکان بێنیەوە سەر عەرز، هەم بەڵگەمەند بی و هەم هەستی سەرکەوتن کوێر نەکەیەوە.

بۆ جیلی ئێمە کە کەم و زۆر بەرهمی مەدرەسەی فکری کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانین، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سازمانە کوردستانیەکەی لە چەقی ڕووداوە سیاسیەکاندا نەبووە، نە لە ڕووی سیاسەیەوە گووتارێکی بەهێزیان بووە، نە چاڵاکی و هوڵسوورانی پێشمەرگانەیان بووە، و نە ڕەنگدانەوەی دەنگ و ڕەنگییان لە کۆمەڵگادا قورسایی کردۆتە سەر شانمان، لە ڕاستیدا سیاسەت و مێتۆدێک کە ئەوان کاریان پێ کردووە پەراوێزنشین بووە، هەمژێن و هاوتەریبی گۆرانکاریە سەردەمیەکان نەبووە، و سیاسەتەکانیشیان هەڵقوڵاوی هیچ داواکاریەکی واقعیانەی نەک کۆمەڵگای کوردەواری بە گشتی، بەڵکوو چینی هەژار و کام داهاتەکەشی نەبووە. تەنیا یەک شت بووە و تا ئێستاش هەیە، ئەویش ناوی کۆمەڵەیە.

کەوایە ڕووداوەکانی ئەم دوواییانەی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەهانەیە نەک هۆکار بۆ ئەوەی نەبان نەبین لە ئاڵووگۆرەکانی ناویان، هۆکاری سەرەکی ناوی کۆمەڵەیە، خودی کۆمەڵە و داهاتوویەکە کە چارەنووسی هەموومانی پێوە گرێدراوە، ئەم حالەتە ئەرکدارمان دەکات بۆ جارێکیتر ململانێی فکری لەگەڵ لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە، لە لایەکەوە ئێمەی جیلی نوێتری کۆمەڵە پێوستمان بە رەخنەی ئەساسی لەوانە  تا چی تر حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نەبێتە دوامەنزڵی هزری هەر کەسێک کە کۆمەڵە بزوێنەر و هاندەری خەباتیەتی. لە لایەکی ترەوە پێویستمانە جارێکیتر خۆمان و گووتارمان عەرزە بکەین، بڵەین کە ئەزموونی کۆمۆنیزم نەک هەر لە دنیای واقعدا شکستی هێناوە، بەڵکوو لە جەوهەریشدا بیرۆکەیەکەی ئایدیۆلۆژیکە و لەگەڵ سەردەمی ئێمەدا نەگوونجاوە، مەترسیداریشە چوون تۆتالیتاریزم و دیکتاتۆری لێ بەرهەم دێت. دەبێ رەخنەی ماهیەتی لێ بگرین و بۆ جیلی نوێی کوردستان و هەموو هۆگرانی ئازادی و عەداڵەتی لە کوردستان شی بکەینەوە کە حەوزەی نفووز و قوڵایی ستراتێژێکی ئێمەی کۆمەڵەی نوێ چیتر ئاوێتەکراوی وەهمی ئایدیۆلۆژی نیە، بڵەین کە ئێمە نوێنەرایەتی سەردەم دەکەین و لەگەڵ بەرەی پێشکەوتنخوازی جیهانی خۆمان وێنا دەکەین، بە کوردی و بە کورتی بڵەین ئێمە کۆمۆنیست نین، لەگەڵ بە ئیدئۆلۆژیک کردنی سیاسەت نین، چەقبەستوو نین و پێمان لەسەر عەرزە، ئێمە  ئەو جیلەین کە ئاوێنەی باڵا نوێنی بڕوا بەخۆی کۆمەڵەین و مەژدەهێنەری سەرکەوتنی دوارۆژ.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و وەهمی ئایدیۆلۆژی

 کۆمۆنیزم و تێروانینی ئیدیڵۆژیک بە سیاسەت و حیزبایەتی ٣٨ ساڵە بۆتە مۆتەکەی سەرشانی کۆمەڵێک مرۆڤ لە ناو بازنەیەکی دیاریکراو بە ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، تابووتێکی بەتاڵ کە کاک ئیبراهیمی عەلیزادە داویە بەسەر شانی (ئەوانیتردا)، ئەوانیش ناتوانن خۆیانی لێ دەرباز کەن، و هەر جارەو بەشێوەیەک دەبێتە هۆکاری دابڕان و لێکترازان. خۆڵەمێشێک کە لەمێژ ساڵە  هیچ تۆفانێک بۆی ناگەشێتەوە، خوڵانەوە لە بازنەیەک کە خاوەنەکەی خۆی باوەری پێی نیە و خاوەنداریەتی ناکات، بەڵام ناهێڵێ (ئەوانیتر) بیر لەو دیوی سنووری ئەم بازنەیە بکەنەوە، ئەوانیتریش ناتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە چی رێگەیان پێ نادات بیر لەوە دیوە سنوورەکە بکەنەوە.

فیتگنشتاین لەم بارەوە دەڵێت: بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ بیرکردنەوە بکێشین، دەبێت بتوانین بیر لە هەردوو دیوی ئەو سنوورە بکەینەوە، واتە بتوانین بیر لەوەش بکەینەوە کە رێگامان پێ نادات بیری لێ بکەینەوە. ئایدیۆلۆژی ئەگەر لە ڕوانگەی خۆدی مارکس و بە مێتۆدی مارکسیستیش پێناسەی بکەین، لەڕاستیدا هیچ شتێک نیە جیا لە هوشیاریەکی ساختە، هۆشیاریەک کە تاک دەباتە ناو هەڵەیەکی کوشەندە و پێیوایە شتەکان لە خۆیاندا ماهییەت و بوونێکیان هەیە، وێنەکەی بۆ ئێمە بەڵام ماهییەتێکی جیاواز، لە ڕاستیدا ئایدیۆلۆژی پرۆسەیەکە بۆ لادانی وێنەی شتەکان لە بوونە واقعی و سرووشتی خۆیان.
ئایدیۆلۆژی پرۆسەیەک نیە کە بیر کردنەوەی تێدا نەبێ، یان زانستی تێدا نەبێ و لە بەڵگەمەندی زانستیەوە زۆر دوور بێت، بەڵام ئەو کاتە دەبێتە مەترسی کە ئیدیالیزمی فەلسەفی تێکەڵ بە لۆژیکی زانستی دەکرێت و به سوار کردنی حەتمیەتی مێژوویی، مرۆڤەکان جەزم و سەرخۆشی وەهمێک دەکات کە هەر چەشنە بیرێکۆیەکی جیا لەوە، بە لاناو بردنی بەهەشتی سەرزەوی و داهاتووی گەشاوەی خۆیان دەزانن.  ئایدیۆلۆژی جۆرێکە لە هەڵە کە پێشوەخت لەسەر ئەو گریمانەیە ساز بووە کە بەرانبەر بە هەر هەڵەیەک جۆرێک لە (راستی) هەیە، واتە چۆن پرۆسەیەک هەیە کە دەتوانێت تێروانینی هەڵە دروست بکات، دەبێ پرۆسەیەکیش هەبێت کە ئەو هەڵانە بپشکنێت و ڕاستیان بکاتەوە و حەقیقەت بدۆزێتەوە، حەقیقەتی حەتمی مێژوویی.

ئەگەر لەم سەرەتایەوە بڕوانین و وتەکانی کاک ئیبراهیمی عەلیزادە لە دەسپێکی کۆنگرەی ١٨ی خۆیانمان گوێ دابێ، وێکچوون و هەمژێنی زۆر بەدی دەکەین، کاک ئیبراهیم دەسپێکی قسەکانی بە باس لە حەقیقەتێکی سادە! کە گوایە تا ئێستا کەس باسی لێ نەکردووە، بەڵام وڵامی هەموو قەیرانەکانی پێیە، دەست پێدەکات. حەقیقەتێک بە ناوی زانست! کە دوای ٣٨ ساڵ لە تەمەنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و لە کۆنگرەی ١٨ دەکرێتە ئێکسیر و دەرمانی هەموو ئەو مێژووی شکستە. ناوبراو خۆی بیری لێدەکاتەوە، بەسەر خۆیدا زاڵ نیە، بەڵام بەسەر ئەوانی دیکەدا زاڵی دەکات، هەر جارە و لە هەر قۆناغێکدا بە لێکدانەوەیەکی لاوازتر لە جاری پێشوو بۆ ئەوانەی دیکەی موتوربە دەکات، ئەوانیش کە ژمارەیان لە جاری پێشوو کەمترە، وێنەیەکی خەیاڵی بۆ پەیوەندی خۆیان لەگەڵ ئیمانە نوێیەکەدا دەکێشنەوە و دەبنە ئیماندار.

ئێنگێلس لە پێناسەی ئایدیۆلۆژی لە نامەیەکدا بۆ فرانز مێهرێنگ ئاوا دەنووسێ: ئایدیۆلۆژی پرۆسەیەکە کەسی بیرکەرەوە وشیارانە ئەنجامی دەدات، بەڵام بە هوشیاریەکی هەڵەوە، هەموو هۆکارە راستەقینەکانی پرۆسەکە لەلای بە نەزانراوی دەمێننەوە، چونکە ئەگەر وانەبا، هەر لە بنەرەتدا نەدەبووە پرۆسەیەکی ئایدیۆلۆژی.

نارەوا نیە ئەگەر ئەمجارە و جارێک بۆ هەمیشە، (ئەوانیتر) ئەم پرسیارە بورووژێنێن و هەوڵبدەن بزانن کە بۆ نازانن، بزانن بۆ تەنیا هەندێک شتی دیاریکراو دەزانن و هەندێک شتی تر نا، بۆچی هەر سەردەمە و پەیوەند بۆ جۆری باروودۆخەکە پێناسەیەک لە کۆمۆنیزم لە لایەن کاک ئیبراهیمەوە سەر هەڵدەدات و لە سەردەمی دواتر جۆرێکی دیکە، بۆچی ئەو دیوی سنوورەکە نابیندرێ، هەر قسەکەی فیگتنشتاین ڕاست نیە کە ئەو بەرێزانە پێویستە بیر لەوەش بکەنەوە کە کام هۆکار ناهێڵێت بیری لێ بکەنەوە!
ئایا هەموو ئەزموونی شکستی جیهانی کۆمۆنیزم، لە رۆژئاوا، لە رۆژهەڵات، لە ئێران و کۆردستان و تەنانەت ناو حیزبەکەی خۆشیان بەس نیە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە کە ئەوە چیە و کامە هۆکارە کە ناهێڵێ بیر لە هاتنە دەر لەو جەغزە مەترسیدارە ئایدیۆلۆژێکە بکرێتەوە؟
ئایا هێزی عادەتی ڕوانینی ئایدیۆلۆژیکە کە مرۆڤەکان خەیاڵاوی دەکات و ئیمانیان لا ساز دەکات، نەک قەناعەتی عەقلیان بە خودی ئۆتۆپیاکە، وێنەی ئەو پەیوەندیە خەیاڵیەی لەگەڵ ئۆتۆپی سازی دەکەرێ، دەبێت بە پەیوەندیەکی ئیمانی ڕاستەقینە  لەگەڵ ئۆتۆپیاکە، وادیارە بۆ هەموو شێوازەکانی زەینی ئایدیۆلۆژیک ئەمە ڕاستە کە ئیمان پێش ریتواڵەکانی ناکەوێت، بەڵکوو بەدوایاندا دێت،
ئاڵتووسێر دەڵێ: مرۆڤەکان لە ئایدیۆلۆژیادا وێنەیەکی خەیاڵی هەلوومەرجەکانی بوون دروست ناکەن، بەڵکوو وێنەیەکی خەیاڵی لە پەیوەندی خۆیان بەو هەلوومەرجانەوە دەکێشن.

ئەم وێنە خەیاڵیە دەبێ کۆتایی پێبێت، ئەم وەهمە کە بۆ ٤ دەیەیە خۆی و لەگەڵ خۆی بەشێک لە کۆمەڵەی بردۆتە لێواری هەڵدێر و هەرجارە و لە چەپ و لە راستەوە لێی بەردەبێتەوە دەشێ دیواری لەپێش داندرێ، ئەو هەوڵە نزۆکەی کاک ئیبراهیمی عەلیزادەش بۆ سادە کردنەوەی کۆمۆنیزم کە تراژێدیەکی دەردناکە لە کەمی مەعریفەی زانستی (بە پێچەوانەی ئیدیعای هەڵگرتنی درووشمی حەقیقەتێک بە ناوی زانست)، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ رێکخستنەوەی واقعێک کە خۆی لە هەمووکەس باشتر دەزانێ چەندە تاڵ و بێ سەمەرە و بێ داهاتووە.
داهاتووی بزووتنەوەی کوردستان و چارەنووسی دانیشتووانی بە دڵنیاییەوە لە گرەوی سەرکەوتنی گووتاری کۆمەڵە دایە، پشتیوانی لە مافە ئینسانیەکانی گەلی کورد بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە پێویستی بە کۆمەڵەیەکی بەهێز و واقع بینە، ئێمە بە وەهمی ئۆتۆپیایی کۆمۆنیزم نەک سەرناکەوین، تەنانەت چکۆلەترین خزمەتیشمان بە بێبەشانی ئەو کۆمەڵگایە پێ ناکرێ.
کۆمەڵە شیاوی سەرکەوتنە و ئیرادەش بۆ ئەو کارە هەیە، ئێمە ٢٢ ساڵ پێش خۆمان لە خەیاڵ داتەکاند و پێمان گەییشتەوە سەر عەرز، سەیر نیە ئەگەر هەنووکە بپرسین: هاورێیانی جییلی نوێی ناو حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و سازمانی کوردستانی، ئایا کاتی نەهاتووە ئێوەش بپرسن لە کاک ئیبراهیمی عەلیزادە تا کەی و تا کوێ درێژە دەدات بە شتێک کە خۆشی بڕوای پێی نیە؟

ئایا کاک ئیبراهیم وڵامەکەی باسکال دەداتەوە: سووژدە ببە، دەم بجوڵێنە، ئیدی خۆت ئیمان دەهێنیت.
ئایا ئەم تراژێدیایە بەردەوام دەبێت؟
ئایا ئەم خەوە هەستانی نیە و ئەم قافڵە وەستانی نیە؟؟








ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:11:10/03/2022


زۆرترین خوێندراو