![]() له یادی 100 ساله‌ی 8ی مارس, روژی جیهانی ژن
سه‌د ساڵ پێش ئیستا ژنانی ئازادیخواز و سۆسیالیست دژ به هه‌ڵاواردنی جینسی و بێ‌مافی ژن، له پێناو دنیایه‌كی باشتری شیاوی ئینسان و هه‌روه‌ها بۆ رێزگرتن له تێكۆشان و ده‌سكه‌وته‌كانی چالاكانی ئه‌م بواره ڕۆژی 8ی مارسیان وه‌كوو ڕۆژی ژن له دنیادا دیاری كرد. ئه‌م ساڵ له كاتێكدا یاد له‌م ڕۆژه ده‌كه‌ین كه بارۆدوخی ژیانی ژن له ئێران‌دا ناله‌باری و ئاڵۆزییه‌كی زۆری به خۆیه‌وه دیوه. له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی ئایینی له ئێران ناله‌بارییه‌كانی ژیان ته‌نگی به میلیونها ژن له‌م ناوچه‌یه هه‌ڵچنیوه. بێده‌ره‌تانی ئابووری، بێده‌سه‌ڵاتی یاسایی و سیاسی وێرای یاساكانی تایبه‌ت به ئاپارتایدی جینسی هه‌موو پێكه‌وه روخساری ژنانی ئه‌م وڵاته‌ی له ئاو و ره‌نگی مروڤایه‌تی خستووه و سه‌د ساڵ پاش 1908 هێشتا ژن ئه‌سیری نه‌ریتی پیاومه‌زنی ویاسای نابه‌رابه‌ره وئاڵ وگوره‌كان له‌م باریه‌وه له هه‌ڵسه‌نگاندن له گه‌ڵ ده‌سكه‌وته‌كانی دیكه‌ی کۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتووی ئه‌مڕۆ، زور به‌رچاو نیین. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ژنان به گشتی و ژنانی ئێران به تایبه‌تی شانازی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه وێڕای هه‌موو فشار و زۆرێك به‌رده‌وام خوی له گه‌ڵ ده‌سكه‌وته‌كانی كومه‌ڵگای جیهانی رێك خستووه و تا راده‌یه‌كی زور جێگای به نه‌ریتی كۆن و یاسا ئاینیه‌كان لێژ كردووه، له بواره‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و ته‌نانه‌ت زانستی شدا ده‌ور و نه‌خشی به‌رچاویان هه‌یه. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش حكومه‌تی ئێران به مه‌به‌ستی ئاست ته‌نگ كردنه‌وه‌ی راده‌ی به‌شداری ژنان له زانستگه‌كان و خۆێندنی باڵادا هه‌وڵی زوری خسته گه‌ڕ وته‌نانه‌ت پێشنیاری په‌سه‌ند كردنی یاساشی له‌م بابه‌ته‌وه هێناێه ئاراوه. چونكه ژنان له زۆربه‌ی بواره‌كاندا و به تایبه‌ت له بواری زانستیدا به خێرایی گره‌وی كێبه‌ركێیان له وه‌رگرتنی پله‌ی بالای خۆێندن له هاوكاره پیاوه‌كانیان بردۆته‌وه. ئه‌م ده‌سكه‌وته كه‌م ۆێنه‌یه بۆ عه‌قلیه‌تی پیاومه‌زن زۆر قورس و قه‌بووڵ نه‌كراوه. به‌ڵام بارودۆخی بزووتنه‌وه‌ی ژنان و ده‌سكه‌وته‌كانی ئه‌م راستییه‌ی زورتر پێ سه‌لماندووین كه زوڵم و زۆر ده‌بێته مایه‌ی خه‌باتێكی بێ وچان و به‌رز بوونه‌وه‌ی پله‌ی تێگه‌یشتن له هه‌موو بوارێك‌دا و زۆر جاریش له گه‌ل یه‌ك گه‌شه ده‌كه‌ن. له كوردستانیش ژنان تۆیشه‌یه‌كی پڕله خه‌بات, حماسه و ئه‌زمونیان بۆ جیلی داهاتوو به دیاری هێناوه. بزووتنه‌وه‌ی ژنان له كوردستان به یارمه‌تی ژنانی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێران بۆ پساندنی کۆت و به‌ندی کۆمه‌ڵگای پیاوسالار لێوه‌شاوه‌یی زۆری له خۆی نیشان داوه و هێشتاش له هه‌موو بزووتنه‌وه‌كانی تر بۆ پێك هێنانی ئاڵ وگۆڕ ئاماده‌تره. له سه‌ده‌مین ساڵیادی 8ی مارس روژی جیهانی ژن، هه‌موو ژنان و به تایبه‌ت ژنانی كورد په‌یمان تازه بكه‌ینه‌وه كه هێز و توانای خۆمان بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری زوڵم و فه‌رهه‌نگی پیاومه‌زنی بخه‌ینه گه‌ڕ و به شێوه‌یه‌كی رێكخراو و یه‌كگرتوو له‌م پێناوه‌دا تێ‌بكۆشین. به ئاماده‌كاری سیاسی و به‌رنامه‌ی گونجاو رێگا بۆ به‌شداری پتر له چاره‌نووسی خومان و پێك هێنانی فرسه‌ت بۆ نواندنی نه‌خش و رۆڵی ژنان له ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵ و گورێك له داهاتوودا, خوشتر و له بارتر بكه‌ین. تێ بكوشین تا ساڵه‌كانی داهاتوو ببێته ساڵانی سه‌ركه‌وتن و سڕینه‌وه‌ی كۆیله‌تی ژن. پیرۆز بێت یادی سه‌د ساڵه‌ی رۆژی جیهانیی ژنان رێكخراوی ژنانی کۆمه‌ڵه مارسی 2008
|
|||||
|