![]() به‌رده‌باران کردنی "دوعا" مه‌حکوم ده‌که‌ین
رۆژی 7ی مانگی ئاپریلی 2007 کچێکی ته‌مه‌ن 17 ساڵ له شارۆچکه‌ی "به‌عشیقه" به‌ردباران کرا. رووداوه‌که دڵته‌زێن بوو و هه‌ستی هه‌موو ئینسانێکی مرۆفدۆستى هه‌ر له هه‌وه‌ڵین ساته‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌دا هه‌ژاند. "دوعا" به تاوانی خوشه‌ویستی وا بێ به‌زییانه و له رێگای ئه‌م کاره‌ساته بی وێنه‌یه‌وه درایه به‌ر هێرشی شاڵاوی به‌رد و به هاوکاریی پۆلیسی "به‌عشیقه" و به ده‌ستی پیاوانی بنه‌ماڵه‌ى خوێ کوژرا. "دوعا" که له بنه‌ماڵه‌یه‌کى ئێزدى بوو، گوناهی ئه‌وه بوو که پیوه‌ندی خۆشه‌ویستی له گه‌ڵ کوڕێکی موسڵمان و عه‌ره‌ب هه‌بوو. سزای "دوعا" مه‌رگ نه‌بوو. "دوعا" منداڵ بوو و به پێی هه‌موو به‌ڵگه و بریاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان بۆ هیچ خه‌تایه‌ک نابێ سزای مه‌رگی بدرێتێ. به‌داخه‌وه کوشتنی ژن به‌تاوانی نامووس روداوێکی ڕوژانه و روو له زیاد بوونه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، به‌ڵام له‌وه دژی مرۆفتر و دزێوتر ئه‌م شێوه‌یه له کوشتن واته به‌ردبارانه. ئه‌مه دیارده‌یه‌کی سامناک و نامرۆڤانه‌یه که به‌بڕوای ئێمه کولتوری پیاوسالار و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی له پێناو چاوترسێن کردن و تۆقاندنی بزاڤى رزگاریخوازانه‌ی ژنان له‌م به‌شه له کوردستان که‌ڵکی لێوه‌ر ده‌گرێ. ئێران و کوردستانی رۆژهه‌ڵات ماوه‌ی سێ ده‌هه‌یه به‌ده‌ست رژیمى کۆمارى ئیسلامییه‌وه ئه‌سیری ئه‌م دیارده دزێوه‌یه. کۆمه‌ڵه و چالاکانی "رێکخراوی ژنانی کۆمه‌ڵه" به توندی ئه‌م رووداوه نامرۆفانه‌یه، سزای مه‌رگ بۆ منداڵێک به تاوانی سروشتی‌ترین هه‌ستی ئینسانی واته خۆشه‌ویستن مه‌حکووم ده‌کات و به مه‌به‌ستی داکۆکی کردن له که‌رامه‌تی ئینسان و شه‌رمه‌زار کردنی ئه‌م کاره‌ساته ده‌نگی خومان ده‌خه‌ینه په‌نای ده‌نگی هه‌موو رێکخراوه‌کانی داکۆکی له مافی ئینسان و چالاکانی مافی مرۆڤ و بێده‌نگی له‌م بابه‌ته‌وه مه‌حکوم ده‌که‌ین. له هه‌مان حاڵ‌دا به‌پێویستى ده‌زانین ته‌ئکید بکه‌ینه‌وه که ئه‌م تاوانه به‌هیچ شێویه‌یه‌ک نابێ ببێته هۆى خستنه ژێر فشارى خوشک و برا ئێزدییه‌کان و که‌رامه‌تیان. ئه‌مڕۆ ئه‌م تاوانه له‌نێو ئه‌وان رووى داوه به‌ڵام ساڵه‌هایه ئه‌م شێوه سزادانه له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ى کورده موسوڵمانه‌کان‌دا روو ده‌دات، به‌ڵام به‌داخه‌وه ده‌نگى ئیعتیراز به‌رامبه‌ریان به‌شێوه‌ى پێویست به‌رز نه‌بۆه‌ته‌وه و هه‌نگاوى یاسایى بۆ بنه‌بڕ کردنى هه‌ڵ نه‌گیراوه. مه‌رگى دڵته‌زێنى "دوعا"ى جوانه‌مه‌رگ ده‌بێ ببێته ده‌رسێک بۆ هه‌مووان و ته‌کانێک له هه‌موو کۆمه‌ڵگادا به‌رامبه‌ر به دیارده‌ى کچ‌کوژى و ژن کوژى له کوردستان بخوڵقێنێت.
رێکخراوی ژنانی کومه‌ڵه ئاپریلی 2007 |
|||||
|