|
به‌یاننامه‌ی هاوبه‌شی یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران و كۆمیته‌ی ژنانی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زحمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانی زمانی دایكه‌وه
كاتێك كه ساڵی 1999ی زایینی رێكخراوی زانستی، په‌روه‌رده‌یی و كولتووری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (UNESCO) رۆژی 21ی فێوریه‌ی وه‌ك رۆژی زمانی دایكی دیاری كرد، ئه‌م رۆژه بووه بۆنه‌یه‌كی جیهانی‌و هه‌موو ساڵێك نه‌ته‌وه‌كانی جیهان رێز له‌و رۆژه ده‌گرن‌و ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه بابه‌تی زمانی زگماكی بۆ رای گشتی گرنگی‌و بایه‌خێكی زۆری هه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌وه وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌یه كه نزیك به شه‌ش هه‌زار زمان له جیهاندا هه‌ن‌و ده‌بێ وڵاتانی جیهان بۆ پاراستن‌و به‌ره‌وپێشبردنیان تێبكۆشن. زمان وه‌كوو پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی شوناس‌و بوون‌و پڕۆسه‌ی دروستكردنی ناسنامه‌ی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك دێته ئه‌ژمارو نه‌ته‌نیا یه‌كێكه له توخمه‌كانی سه‌ره‌كی‌و دیاریكه‌ری كولتووری كۆمه‌ڵگا، به‌ڵكوو رۆڵێكی كاریگه‌ر ده‌بینێت له‌پێناو كولتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ك له نه‌سلێكه‌وه بۆ نه‌سلێكی دیكه. به تواندنه‌وه‌و هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌و له‌نێوبردنی زمانێك، ده‌توانین بڵێین هه‌موو كولتووری ئه‌و كۆمه‌ڵگا‌و نه‌ته‌وه‌یه‌و به‌گشتی مێژوو و به‌هاو میراته فه‌رهه‌نگییه‌كانی به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێ. سه‌ركووتی هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌كیش له سه‌ركووتكردنی زمانی ئه‌و گه‌له‌وه ده‌ست پێده‌كات. چه‌ندین ده‌یه‌یه كه به‌هۆی زاڵبوونی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆره‌كان له‌ئێراندا، زمانی كوردی‌و زمانی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران كه‌وتۆته به‌ر سیاسه‌تی سیستماتیكی نكۆڵی‌كردن، تواندنه‌وه‌و سڕینه‌وه‌ی یه‌كجاره‌كی‌و سه‌رده‌ستكردنی زمانی فارسی، ئه‌مه‌ش بۆته هۆی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی فه‌رهه‌نگی‌و سیاسی‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی له نێو هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی غه‌یره‌فارسی ئێران درووست كردووه. هه‌رچه‌نده ده‌بینین كه له زۆربه‌ی وڵاتانی فره‌زمان‌و فره‌كولتووری وه‌ك ئێران‌دا، پرسی چه‌ند زمانی دووپات بووه چاره‌سه‌ر كراوه‌و مافی خوێندن‌و نووسین به زمان زگماكی به نه‌ته‌وه‌كانی پێكهێنه‌ری ئه‌و وڵاتانه دراوه‌و حكوومه‌ته‌كان بۆ خۆشیان ئیمكانات‌و پێویستی ماددی و مه‌عنه‌وییان بۆ دابین ده‌كه‌ن، به‌ڵام له ئێرانی بنده‌ستی هه‌ر دوو حكوومه‌تی پێشووی دیكتاتۆریی شاهه‌نشاهی و رێژیمی ئێستای كۆماری ئیسلامی، ئه‌م پرسه گرنگه هه‌تا ئێستاش بێ‌چاره‌سه‌ر ماوته‌وه‌و ئه‌و مافه دێموكراتیكه زه‌وت‌و پێشێل كراوه. كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر رای گشتی جیهان وا بنوێنێ كه مافی به‌كارهێنانی خوێندن‌و نووسینی زمانی زگماكی بۆ نه‌ته‌وه‌كانی پێكهێنه‌ری وڵاته‌كه‌ی ره‌چاو كردووه، ئه‌سڵێكی رواڵه‌تی به‌ناوی ئه‌سڵی 15ی له یاسای بنچینه‌یی گونجاندووه و سی ساڵه ژێستی پێوه ده‌گرێت، بێ ئه‌وه‌ی به‌كرده‌وه ئه‌و مافه ره‌وایه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی جێبه‌جێ كردبێت. بێ‌خه‌به‌ر له‌وه‌ی كه ئه‌زموونی هه‌ندێ له وڵاتانی دیكه‌ی جیهان كه سیاسه‌تی نكۆڵی‌كردن، هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌و له‌نێوبردنی زمانی نه‌ته‌وه‌كان بووه، تووشی شكست هاتووه‌و ئه‌وان ناچار بوون له پڕۆسه‌یه‌كی دێمۆكراتیكدا ئه‌و مافه ئینسانی‌و مه‌ده‌نییه‌ی هاووڵاتیانی خۆیان له‌به‌رچاو بگرن. چوونكه به داكۆكیكردن‌و به‌رخۆدانی ئه‌و نه‌ته‌وانه له‌پێناو خوێندن به زمانی خۆیان وه‌كوو پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی شوناسی نه‌ته‌وایه‌تییان، له ئاكامدا ئه‌و سیاسه‌ته، شكست‌و ته‌سلیمبوونه‌وه له‌به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی ئه‌و گه‌ڵانه دێته ئه‌ژمار، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی زگماكی به هۆی ئه‌ڤین‌و خۆشه‌ویستی دایك بۆ منداڵ ده‌گوازرێته‌وه‌و هیچ هێزێك ناتوانێ ئه‌و سه‌رمایه گه‌وره‌یه له‌و تاكه بستێنێ كه دایك به‌و زمانه‌ی رایهێناوه‌و په‌روه‌رده‌ی كردووه. ئه‌ركێكی گرنگ‌و مێژوویی له‌م پێناوه‌دا، ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی ژنانی كورد كه بۆ پاراستن، گه‌شه‌سه‌ندن‌و به‌ره‌وپێشبردنی زمانی كوردی وه‌كوو سه‌رمایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گه‌له‌كه‌مان به‌جیددی تێبكۆشن‌و به‌رپرسایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی‌و مێژوویی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن. ژنانی كورد به‌هاندانی منداڵه‌كانیان بۆ فێربوون‌و به‌كارهێنانی زمانی دایكیان وه‌كوو پێوه‌رێكی سه‌ره‌كی شووناسی نه‌ته‌وایه‌تی كورد، ده‌توانن خاوه‌ن رۆڵێكی شوێندانه‌ر بن‌و به‌م شێوه‌یه، به داهاتووی كۆمه‌ڵگاكه‌مان خزمه‌تی گه‌وره بكه‌ن. پێویسته له هه‌موو بۆنه‌و ده‌رفه‌تێكی گونجاوی مه‌ده‌نی‌و ئاشتیخوازانه‌دا، مافی دێمۆكراتیك‌و ره‌وای خوێندن‌و نووسین به زمانی دایك بخرێته به‌رباس‌و پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و مافه مه‌ده‌نی‌و كولتوورییه بكرێت كه له هه‌موو په‌یماننامه‌و كونڤانسیۆن‌و به‌ڵگه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ده‌ستنیشان كراوه.
یه‌كیه‌تیی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران كۆمیته‌ی ژنانی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران 15ی فێوریه‌ی 2010 26ی رێبه‌ندانی 1388
|
|||||
|