|
په‌یامی کۆمیته‌ی سوئیسی کۆمه‌ڵه
به بۆنه‌ی جێژنی نه‌ورۆزه‌وه
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان
نه‌ورۆز له وڵاتانی فه‌لاتی ئێران، وه‌ک جێژنێکی نه‌ته‌وه‌یی و پیرۆز
به درێژایی مێژوو ڕێزی لێ گیراوه. ئه‌و گه‌لانه‌ی وا ئاریایی و له
ده‌وری یه‌کتر ده‌ژین، هه‌ر یه‌که و نه‌ورۆز وه‌ک جێژنی نه‌ته‌وه‌ی
خۆیان پێناسه ده‌که‌ن و هه‌ر کامه‌یان به شێوازی جۆراوجۆر و تایبه‌ت
به خۆیان ئه‌م جێژنه یاد ده‌که‌نه‌وه و ڕێزی لێ ده‌گرن.
نه‌ورۆز سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جێژنێکی نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویی بێ، بۆ زۆرێک
له گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، یه‌کێکه له جێژنه هه‌ره
جوانه‌کانی جیهان که په‌یامی جوان و مرۆڤ دۆستانه و ئاشتیخوازانه و
ڕه‌هایی به‌خشانه‌ی له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵگرتووه و هه‌تا ئێستا
پاراستوویه‌تی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یکه جێژنی نه‌ورۆز گه‌لێک حه‌قایه‌ت و داستان و
ته‌نانه‌ت ئه‌فسانه‌شی لێ ده‌گێڕنه‌وه که زۆربه‌ی ئه‌و داستان و
ئه‌فسانانه‌ش سه‌رچاوه‌یان ڕاپه‌ڕین له دژی زوڵم و زۆر و چه‌وسانه‌وه
و بێدادییه، به‌ڵام ئه‌وه‌یکه زۆر گرینگه بۆ گه‌لی کورد، هه‌ر له
کۆنه‌وه نه‌ورۆز بۆته ڕه‌مزی خۆڕاگری و ژیانه‌وه و
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه.
نه‌ورۆز له ناوه‌که‌شیدا دیاره که بارگاوییه به نوێبوونه‌وه و
سه‌رهه‌ڵدانه‌وه. ئه‌وه له شێعری شاعیران و ته‌نانه‌ت له یه‌که‌مین
نووسینه‌کانی زمانی کوردیش‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. بۆ نموونه له "مه‌م
و زینی"ی خانی‌دا که له سه‌ده‌ی شازده‌هه‌می زایینی‌دا نووسراوه، به
جوانترین شێوه داستانی نه‌ورۆز باسکراوه. ته‌نانه‌ت ده‌ستپێکی
داستانه‌که له نه‌ورۆزدایه.
جگه له زۆر داب و نه‌ریتی زۆر جوان و سرووشت دۆستانه و گه‌لێک هه‌ڵس
و که‌وتی مرۆڤ دۆستانه له جێژنی نه‌ورۆزدا، له سه‌ده‌کانی ڕابردوودا
نه‌ورۆز بوو به جێژنێکی گرینگی شۆڕشگێڕانه و نه‌ته‌وه‌یی که
ڕه‌نگڕێژ بوو به په‌یامی سیاسی و ڕزگاریخوازانه.
ئێستاش سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌کانی کورد جێژنی نه‌ورۆز وه‌ک جێژنی
نه‌ته‌وه‌یی پێناسه ده‌که‌ن و په‌یامی خۆیان له‌و ڕۆژه‌دا
ڕاده‌گه‌ێنن. هه‌روه‌ها خه‌ڵک له‌و ڕۆژه‌دا هه‌ست و سۆزی
سه‌رکوتکراویان ده‌رده‌بڕن و په‌یامی خۆیان به گوێی دیکتاتۆره‌کان
ده‌گه‌ێنن.
بێ هۆ نییه که له وڵاتانی خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی سه‌رکوتگه‌ر، وه‌ک
عێراقی پێشوو و هه‌روه‌ها تورکیه و سوریه، یاد جێژنی نه‌ورۆز
قه‌ده‌غه ڕاگه‌ێندرا و یاد کردنه‌وه‌ی به تاوان ده‌ژمێردرا. خه‌بات
و گیانبازیی زۆری بۆ کرا تا کورد توانی جێژنی نه‌ورۆز به ئازادی یاد
بکاته‌وه.
نه‌ورۆز له هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان به گه‌وره‌ترین جێژن
ده‌ناسرێ. هه‌موو چین و توێژ و ئایینه جیاجیاکان له کوردستان جێژنی
نه‌ورۆز به هی خۆیان ده‌زانن. ئه‌وه گه‌وره‌یی و جوانییه‌کی
تایبه‌تیی داوه به نه‌ورۆز و گڕی هیوای ڕزگاری، ساڵ به ساڵ له دڵی
خه‌ڵکی کورددا به تینتر ده‌کات.
له ناو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ئه‌گه‌ر جێژنی نه‌ورۆز ته‌نیا
جێژنی سرووشت و ماڵ ته‌کاندن و شتی تازه کڕین و سفره‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگه
"که هه‌ر هه‌موویان جێی ڕێزن و جوانن" به‌ڵام بۆ کورد، نه‌ورۆز ڕه‌مزی
به‌رخۆدان و شۆڕشگێڕی و سه‌ربزێوی و په‌یامی ئازادییه.
نه‌ورۆز بوو ئاگرێکی وه‌های خسته جه‌رگه‌وه
لاوان به عه‌شق ئه‌چوون به به‌ره‌وپیری مه‌رگه‌وه
هێشتا ڕووی نه‌داوه له تاریخی میلله‌تا
سنگی کچان قه‌ڵغانی گولله بێ له هه‌ڵمه‌تا
ئه‌م ڕۆژی ساڵی تازه‌یه نه‌ورۆزه هاته‌وه
جێژنێکی کۆنی کورده به خۆشی و به هاته‌وه
جێژنی نه‌ورۆز له هه‌موو خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان پیرۆز بێت
به هیوای یاد کردنه‌وه‌ی جێژنی نه‌ورۆز له وڵاتێکی ئازاد‌دا
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمیته‌ی سوئیس
20ی
مارسی
2010
|