|
بەڕیوه چوونی کۆبەنەوەیەک له سەر کێشەی کورد
له پارلەمانی (بریتانیا)
ڕۆژی سێ شەمه ڕێکەوتی ٠١/٠٣/٢٠١١ ساعەت ٣٠/٦ ئێواره تا ساعەت ٣٠/٨
بۆماوەی ٢ سەعات کۆبونەوەیەکی ڕەسمی به بەشداری نزیک به ١٥٠ کەس له
کەسایەتی پسپۆڕو خاوەن بڕوانامه و گەنجانی زانکۆو کەسایەتی سیاسی
ونوێنەری حیزب ولایەنه بەشداربووەکان له (کونفرانسی پارته
کوردستانییەکان)و نوێنەرانێکی سیاسی له بەشەکانی کوردستان له یەکێک له
ژورەکانی پارلەمانی بریتانیا که بەمیوانداری پارلەمانتار (جێرمی
کاربین) ڕیکخرابوو بەڕێوه چوو.
مەبەست لەم کۆبونەوەیه گوێ گرتن وباس کردن بوو له سەر كێشەی کوردو
داخوازییەکانی له هەر چوار پارچەکه و هەوڵ دان بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری
له نێوپارەلەمانتاران و دەسەڵاتدارانی بریتانیایی له سەر مافی ڕەوای
گەلی کورد وەک نەتەوەیەک.
یەکێکی تر له ئامانجەکانی ئەو کۆبونەوەیه، ڕێگا خۆش کردن بوو بۆ گرتنی
کۆنفرانسێکی فراوان له سەر کێشەی کورد به بەشداری سیاسەتمەداران
وپسپۆڕانی بریتانیایی و ڕۆژئاوایی.
شایانی باسه (جێرمی کاربین) جگه لەوەی ئەندام پارلەمانە له پارلەمانی
بریتانیا، جێگری سەرۆکی کومیسونی مافی مرۆڤی پارلەمانی بریتانیایه و
دۆستێکی نزیکی کوردیشه. له سەخترین و هەستیارترین ڕۆژەکاندا پشتگیری له
کێشەی کورد کردووه و یارمەتی کوردی داوه.
سەرەتای کۆبونەوەکه له لایەن پارلەمانتار (جێرمی کاربین)وه به چەند
ڕستەیەکی کورت کرایەوه.
پاشان وتەبێژی کۆنرانسی پارته کوردستانییەکان وڕێکخەری ئەو کۆبونەوەیه
ڕێز کاک ئیحسان بەخێرهاتنی میوانەکانی کردوو سپاسی پارلەمانتار (جێرمی
کاربین)ی کردبۆ ئەو میواندارییه. دواتر دەقەیەک بێدەنگی ڕاگەیاند بۆ
ڕێزگرتن له یادی هەموو شەهیدانی ڕیگای ئازادی کردستان و جوڵانەوەی
ڕزگاری خوازانەی گەلی کورد.
بەشوێن ئەودا هەریەک له نوێنەرانی پارچەکانی کوردستان له و کۆبونەوەیه
بۆماوەی ١٠ دەقه باسێکیان له سەر کێشەی کوردو داخوازییەکانی پێشکەش
کرد.
بەڕێز کاک عبدالله موهتدی به نوێنەرایەتی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەو
کۆبونەوەیه باسێکی به زمانی ئینگلیسی له سەر كێشەی کورد لەو پارچەیە
پێشکەش کرد.
بەڕێز کاک عبدالله مهتدی له بەشێک له قسەکانی ئیشارەی به هەل و مەرجی
سیاسی ئێران وبزوتنەوەی دیموکراسی خوازی کرد. تیشکیشی خسته سەر ئەو
ستەم و هەڵاواردنەی که له سەر کورد دەکرێ له کوردستانی ئێران. وه
هەروەها ڕۆڵی مێژویی کوردی له بزوتنەوه ئازادی خوازەکانی ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستی بەرز نرخاند. باسی پێویستی گۆڕانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
ئێرانی کردو چەسپاندنی مافەکانی نەتەوەی کورد له قانونی ئەساسی پاش
ڕوخانی ڕژیم. له کۆتایی قسەکانیشی داوای له کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد
که پشتگیری له بزوتنەوەی دیموکراسیخوازی و مافەکانی گەلی کورد بکەن.
پاش باسکارەکان بەشداربوانی ئەو کۆبونەوەیه. پرسیارو ڕخنەو
بۆچونەکانیان باس کرد.
له کۆتایی کۆبونەوەکه پارلەمانتار (جێرمی کاربین) سپاسی باسکاران و
بەشداربوانی کردو هیوای خواست که ئەم شێوه کۆبونەوانه له داهاتودا
دەسکەوتی گەورەترو باشتری لێبکەوێتەوه.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی بریتانیا
٠٢/٠٣/٢٠١١







 |