|
پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران، مامۆستایان و ژنان بكه‌ین
له چه‌ند مانگی
رابردوودا و به‌تایبه‌ت له چه‌ند حه‌وتووی رابردوودا، ناره‌زایه‌تیی
به‌رینی كرێكاران و مامۆستایان
و ژنانمان له دژی سه‌ره‌ڕۆیی و سه‌ركوته‌كانی كۆماری ئیسلامی
بینیوه. تایبه‌تمه‌ندیی گشتیی ئه‌م ناره‌زاییانه و له‌وانه
ناره‌زاییه‌كانی كرێكاران و مامۆستایان و ژنان، رێكخراوبوونی ئه‌م
ناره‌زاییانه و روون بوونی خواسته‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وانه‌یه.
بێ‌گومان له
هه‌ل‌ومه‌رجێكدا كه كۆماری ئیسلامی سیاسه‌تی سه‌ركوت و سانسۆری
زیاتر كردووه و گرتنی به‌رینی هه‌ڵسووڕاوانی فه‌رهه‌نگی و
مه‌ده‌نی و راگه‌یاندنه‌كانی په‌ره پێداوه، وه‌ڕێ‌خستنی
خۆپیشاندان، مانگرتن و كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییانه و
دروشمه‌كانیان له لایه‌كه‌وه نیشانه‌ی بوێری و خواستی رێكخراوه
مه‌ده‌نیه‌كان و له لایه‌كی دیكه‌وه نیشانه‌ی سه‌ره‌تای قۆناغێكی
نوێ له ناره‌زایی جه‌ماوه‌ری و به‌گژداچوونه‌وه‌ی ده‌زگای
سه‌ره‌ڕۆی ده‌سه‌ڵاتدار به شێوه‌یه‌كی رێكخراو و مودێرنه، كه
مژده به‌خشی سه‌رهه‌ڵدانی خه‌باتێكی سیاسیی ئاستێكی باڵای
بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی كۆمه‌ڵگای ئێرانه.
بزووتنه‌وه‌ی
كوردستان و كۆمه‌ڵه كه به درێژایی ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی،
داكۆكی‌كاری دیموكراسی و ئازادی بووه، خه‌باتی مه‌ده‌نیی ئه‌م
دواییانه به وردی و به سه‌رنجه‌وه ده‌بینێت و پشتیوانی لێ
ده‌كات. لێكهه‌ڵپێكان و پته‌وتر كردنی په‌یوه‌ندیی بزووتنه‌وه‌ی
كوردستان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی مه‌ده‌نیی و دیموكراتیك له ئێران،
یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی كۆمه‌ڵه و هه‌موو ئازادیخوازانی ئێرانه.
پێكهێنانی
به‌ره‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی دیموكراسی‌خوازی له ئێران، به‌گشتی له
كاناڵی هاوپشتی و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی بزووتنه‌وه
كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و مه‌ده‌نیه‌كانه‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت. هه‌ربۆیه
قۆناغی نوێی خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به دروست ده‌بێ به قۆناغی
هاوپشتی و هاوئاهه‌نگیی بزووتنه‌وه عه‌داڵه‌تخوازانه و
دیموكراتیكه‌كان بزانرێت كه بێ‌گومان بناغه‌كانی گه‌شه‌یه‌كی نوێ
له بزووتنه‌وه‌ی گشتی و ئازادیخوازانه له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا
پته‌و ده‌كات.
سكرتاریه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
2007-03-9
18ی
ره‌شه‌مه‌ی
1385
|