|
راگه‌یاندنی كۆتایی پلینۆمی پێنجه‌می كۆمه‌ڵه
به‌م جۆره به ئاگاداری ده‌گه‌یه‌نین كه كومیته‌ی ناوه‌ندی
كۆمه‌ڵه، هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی دوازده‌هه‌م، پێنجه‌مین پلینۆم
(كۆبوونه‌وه‌ی به‌رین)ی خۆی له رۆژه‌كانی كۆتایی مانگی
گه‌لاوێژی ئه‌م ساڵ به‌رێوه برد. له‌م پڵۆنۆمه‌دا كۆمه‌ڵێك له
گرینگ‌ترین مه‌سه‌له سیاسی و ته‌شكیلاتیه‌كان كه‌وته به‌ر باس و
لێكۆڵینه‌وه و قسه وباسیان له سه‌ر كرا‌و بڕیاریان له سه‌ر درا.
گرینگ‌ترین و یه‌كه‌مین خاڵی ئه‌م پلۆنۆمه لێكۆڵینه‌وه‌و لێك
دانه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی گه‌وره‌وی دژی دیكتاتۆری خه‌ڵكی
ئێران،لێكۆڵینه‌وه‌ی بارودۆخ و ره‌وتی رووداوه سیاسیه‌كان له ئێران
و ره‌وتی ئه‌گه‌ره‌كانی داهاتوو و ستراتژی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان
وسیاسه‌ته‌كانی ئێمه له به‌رانبه‌ر قۆناغی نوێی سیاسی له ئێران
بوو كه به تێر‌و ته‌سه‌لی باسیان لێكرا.
له‌م به‌شه‌ی به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه، بزوتنه‌وه‌ی ئێعترازی
ودێموكراسی خوازی ئه‌م دوواییانه‌ی خه‌ڵكی ئێران تاووتوێ كرا
وخاڵه لاواز‌و به‌هێزه‌كانی ده‌ست نیشان كرا.پلۆنۆم به تێكرای ده‌نگ
هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانی تا ئێستای رێبه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی سه‌باره‌ت
به‌م بزوتنه‌وه‌یه په‌سه‌ند كرد و به‌تایبه‌ت له سه‌ر ئه‌م خاڵه
پێداگری كرد كه كه‌م وكووڕیه‌كانی زاڵ به سه‌ر رێبه‌ری ئه‌م
بزوتنه‌وه‌یه و بیرباوه‌ر و گوتاری ره‌سمی ئه‌و،نابێ ببێته كۆسپ
له به‌ر ده‌م پشتیوانی كردن له‌و بزوتنه‌وه‌یه‌و له ئێعتراز و
خواسته‌كانیان .بزوتنه‌وه‌ی ئێعترازی ئه‌م دووایانه كه له باری
به‌رینیه‌وه، به‌رده‌وام بوون و،هه‌روه‌ها ناوه‌رۆكی دروشم
وخواسته‌كانیان له هه‌موو سی ساڵه‌ی ته‌مه‌نی رژیمی سه‌ره‌رۆی
كۆماری ئیسلامی بێ وێنه بووه،له درێژه و گه‌شه‌ی خۆی دا جۆرێك
بێداری سیاسی و وشیاری و هاوپشتی خه‌باتكارانه‌ی به‌ره‌ی لاوی
ئێران ی پێكهێناوه، ده‌سكه‌وتی وه‌ها حاشا هه‌ڵنه‌گر و به گشتی
وه‌ها بارودۆخێكی له كۆمه‌ڵگای ئێران دا خوڵقاندووه كه ته‌نانه‌ت
به ئه‌گه‌ری سه‌ر كه‌وتنی ده‌وڵه‌تی شێوه كوده‌تا، كه بێ شك
ته‌نیا ده‌توانێ سه‌ر كه‌وتنێكی كاتی بێ، به دڵنیاییه وه ده‌كری
وه‌ك قۆناغێكی تازه و بی گه‌ڕانه‌وه له مێژوی كۆماری ئیسلامی و
له بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ئێران باس بكرێت.
له پلۆنۆم دا به تایبه‌ت له سه‌ر ئه‌م خاڵه پێداگری كرا كه
بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی كوردستان وێرای جه‌خت كردنه‌وه له
سه‌ر خواست و داواكاریه مێژووییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له مه‌ڕ
لابردنی جیاوازی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و، فه‌رهه‌نگییه‌كان
و له هاو پشتی و هاوكاری له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی دیمۆكراسی خوازی
خه‌ڵكی ئێران وله‌م رێگایه‌شه‌وه له سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌م
بزوتنه‌وه‌یه و خواسته‌كانی كاریگه‌ر بێ و هه‌م جارێكی دیكه‌ش
ده‌ور و پێگه‌ی كورد له بزوتنه‌وه‌ی سه‌راسه‌ری خه‌ڵكی ئێران
سه‌قام گیر بكا.
له‌كۆتایی دا، ئه‌گه‌ره‌كانی مۆمكین له پێناو ره‌وتی رووداوه‌كان
وچاه‌نووسی بزوتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی ئه‌م دواییانه كه‌وته
به‌ر باس و له به‌رامبه‌ر هه‌ر كام له‌م ئه‌گه‌رانه واته
به‌رده‌وامی وگه‌شه‌ی بزوتنه‌وه‌و سه‌ركه‌وتنی به سه‌ر كه‌م كووڕی
وله‌مپه‌ره‌كان و گه‌شه‌ی ئه‌و تا به چۆك داهێنان و سه‌رئه‌نجام تا
رووخانی سه‌ره‌رۆیی و یان سه‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵات له سه‌ركوتی
بزوتنه‌وه‌ی ئێعترازی و سه‌قامگیری كاتی ئه‌ودا، یا شێوازێكی
دیكه كه به‌رده‌وامی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه ده‌توانێ له داهاتوودا
بیدۆزیته‌وه، سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه كه‌وته به باس و لێكۆڵینه‌وه. هه‌ر
چۆنێك بێ به تایبه‌ت له سه‌ر ئه‌م خاڵه پێداگری كرا كه كۆمه‌ڵه
نابێ سیاسه‌تی ئه‌م رووداوه تا رووداوی دیكه بگرێته به‌رو به
جێگای ئه‌و ده‌بێ ستراتژی خۆی و گرینگتر له‌و گشت بزوتنه‌وه‌ی
ئازادیخوازی كوردستان روون كاته‌وه‌و هه‌نگاوی پێویست له به‌رامبه‌ر
هه‌ركام له‌م ئه‌گه‌رانه بگرێته به‌ر. له كۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا
پلۆنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی چوارچێوه‌ی بڕیارنامه‌یه‌كی له
گردوكۆی ئه‌م باسه په‌سند كرد.
له به‌شی دووهه‌م دا كه ته‌رخان كرابوو بۆ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه
به‌رامبه‌ر ئۆپۆزسیۆنی سه‌راسه‌ری ئێران له سه‌ر گۆڕانكاری باش
(موسبه‌ت) وئاشكرا له نێوان ئۆپۆزسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و
بزوتنه‌وه‌ی ناوخۆ پێك هاتووه تاكید كرایه‌وه. راستیه‌كه‌ی
ئه‌وه‌یه كه رووداوه‌كانی ئه‌م دوواییانه له ره‌وتی گه‌شه‌ی
خۆی دا گشت هێزه دیموكراسی خوازه‌كانی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی
لێك نزیك كردۆته‌وه‌و بارودۆخی له‌بارتری بۆ یه‌كێتی و هاوپه‌یمانی
به‌رینتری دیموكراسی خوازی ره‌خساندوه وهه‌ر ئه‌وه خۆی یه‌كێك
له ده‌سكه‌وته به نرخه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌یه كه ده‌بێ به‌ر
پرسانه و بێ به‌ر چاوته‌نگانه كه‌ڵكی لێ وه‌رگیرێت. نه‌یارانی
رژیمی كۆماری ئیسلامی كه له ته‌واوی ئه‌م سێ ده‌یه دا له دژی
رژیمی دیكتاتۆری ویلایه‌تی فه‌قیه و له دژی سه‌ره‌رۆیی ئایینی و
بۆ ئازادی و عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی خه‌باتیان كردووه و
سه‌ره‌ڕای كه‌م بوونی ئیمكانات، لێبڕاوانه له پێناو له قاودانی
جینایه‌ته‌كانی ئه‌م رژیمه هه‌وڵیان داوه، له گه‌ڵ به‌شێك له
هێزه‌كانی ناوخۆ كه تا ئێستا له چوارچێوه‌ی نیزامی ده‌سه‌ڵات دار
وبه خواستی چاكسای خوازانه‌ی به‌ر ته‌سك چالاكییان كردوه ئێستا
به كرده‌وه هاو ته‌ریب بوون. ناكۆكی یاسای گشتی كۆماری ئیسلامی
و دامه‌زراوه‌كانی دیكی ئه‌م نیزامه له گه‌ڵ ئازادی، دیموكراسی،
مافی مرۆڤ، یه‌كسانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی
وفه‌رهه‌نگی زیاتر له پێشوو بۆ جه‌ماوه‌ری هه‌ر چی به‌رینتر له
خه‌ڵك و لاوان كه تازه هاتوونه‌ته ناو دنیای خه‌باتی سیاسیه‌وه
روون بۆته‌وه. هه‌ر بۆیه هه‌موو ئه‌وانه مه‌یدانی چالاكی بۆ
یه‌كێتی كرده‌وه‌و هاوپه‌یمانی زۆر زیاتری له سه‌رده‌می پێشوو
كردۆته‌وه كه ده‌بێ سه‌رنجی پێبدری و ببێته بنه‌مای هاوكاری.
پلۆنۆم وێرای تاكید له سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی تا ئێستای كۆمه‌ڵه،
دووباره تاكیدی كرد كه كۆمه‌ڵه ده‌بێ هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ پێك
هێنانی هاوكاری هێزه دیموكراسی خوازه‌كان و هه‌ل ره‌خساندن بۆ
هاوپه‌یمانی شیاو له پێناو خه‌بات بۆ دێموكراتیزه كردنی گشت
كۆمه‌ڵگای ئێران و قه‌واره‌ی سیاسی ئه‌و زیاتر بكا‌و هه‌ر له‌م
كاته‌ش دا له سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش پێداگری كرد كه ده‌بێ له‌م
ده‌رفه‌تانه بۆ هێنانه گۆرێی خواسته سیاسیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان
كه‌ڵك وه‌رگیرێ.
به‌رنامه‌ی دواتری پلۆنۆم ته‌رخان كرا بۆ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه له
به‌رامبه‌ر حیزب و رێكخراوه‌كانی كوردستانی ئێران .پلۆنۆم وێڕای
وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی پرش وبڵاوی له نێو حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران
كه به تایبه‌ت به جیابوونه‌وه‌كان و كێشه‌ی ئه‌م دوو - سێ ساڵه‌ی
دووایی زیاتر بووه و وه‌ك هۆكارێكی خراپ و رێگر له پێناو پێك
هێنانی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوو له بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای خه‌ڵكی
كوردستان كاریگه‌ری بووه، سه‌ره ڕای ئه‌مه، جارێكی تر له سه‌ر
پێویستی پێكهێنانی به‌ریه‌كی هاوبه‌شی كوردستانی تاكید ده‌كات و
هه‌وڵ ده‌دا له‌م پێناوه‌دا وه‌ك رابردوو به‌شێك له سیاسه‌ته‌كانی
ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی بێ.كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه
هه‌ر له‌م كاته دا وه‌ك یه‌كێك له پێویستیه‌كانی قۆناغی ئێستا
له‌سه‌ر پێك هێنانی په‌یوه‌ندیه‌كی دۆستانه له گه‌ڵ حیزبه
كوردستانیه‌كان كه له‌م بزوتنه‌وه‌یه دا چالاكن پێداگری كرد
وكومیته‌ی ناوه‌ندی راسپارد كه له هه‌ر شوێنێك هاوكاری هاوبه‌ش
له سه‌ر ئه‌ركی خه‌بات مومكینه له پێناو وه‌دیهاتنی هه‌وڵ بدا.
پلۆنۆمی پێنجه‌م هه‌روه‌ها له‌م به‌رنامه‌یه‌ی خۆی دا له سه‌ر
ره‌وت وحیزبه سیاسیه‌كان كه په‌یوه‌ندی نزیكتریان له گه‌ڵ كۆمه‌ڵه
هه‌یه لێكۆڵینه‌وه‌ی كرد و سیاسه‌تی گونجاوی داڕشت و له كۆتایی دا
ئه‌م باس و بڕیارنامه و په‌سنكراوانه، په‌سند كران و دواتر له كاتی
دیكه دا به ئاگاداری گشتی ده‌گه‌یه‌نین.
بارودۆخی ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات یه كێكی دیكه له
به‌رنامه‌كانی كاری پلۆنۆم بوو.له‌م په‌یوه‌ندیه دا له كه‌م
وكوڕیه رێكخراوه‌یی وگرفته‌كانی چالاكی ئێمه له‌م به‌شه له
ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه له ده‌وره‌ی رابردوو وه هه‌روه‌ها له سه‌ر
پێویستی سه‌رنجی زیاتری كومیته‌ی ناوه‌ندی به‌م به‌شه له
ته‌شكیلات و به گشتی له سه‌ر پێویستی سه‌رنجی زیاتر به چالاكی
كۆمه‌ڵه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات قسه كرا و بڕیار درا تا گه‌ڵاڵه‌ی
پێویست له‌م باره‌یه‌وه بۆ كۆنفرانسی سه‌راسه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵات
كه له داهاتوو دا به رێوه ده‌چێت ئاماده بكرێت. له‌م پێوه‌ندیه
دا له سه‌ر گه‌ڵاڵه‌ی باس كرا‌و كار بكرێت و پێشكه‌ش به كۆمیته‌ی
ناوه‌ندی بكرێت.
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له به‌شێكی دیكه‌ی به‌رنامه‌ی كاری خۆی دا
به‌شێك له كار‌و باری ناوخۆی تاووتوی كرد كه جێ به‌جێ كردنیان
دوا كه‌وتبوو وه چه‌ند كۆمیسیۆنیك وێڕای دیاری كردنی ماوه‌ی
ئه‌ركه‌كه‌یان ماموری جێ به‌جێ كردنیان كران.
پلۆنۆم له كۆتایی كاری خۆی دا دوایین به‌رنامه‌ی خۆی خسته روو
واته هه‌ڵبژارنی ده‌فته‌ری سیاسی كۆمه‌ڵه و ئه‌ندامانی
ده‌فته‌ری سیاسیی بۆ ده‌وره‌ی داهاتوو تا پلۆنۆمی دواتر هه‌ڵبژارد.
به‌م جۆره پلۆنۆمی پێنجه‌می كومیته‌ی ناوه‌ندی، هه‌ڵبژێردراوی
كۆنگره‌ی دوازده‌هه‌می كۆمه‌ڵه، دوای یه‌ك هه‌فته كاری چڕ‌وپڕ له
سه‌ر گرینگ‌ترین كێشه‌كانی داهاتووی كۆمه‌ڵه وده‌ركردنی
بڕیارنامه‌یه‌كی یه‌كگرتوانه كۆتایی به‌كاره‌كانی خۆی هێنا.
پێویست به وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه كه بۆ ئاڵ وگۆری بیر وڕا وهاوڕایی
وپێك هێنانی ڕای هاوبه‌شی زیاتر، له په‌راوێزی ئه‌م پلۆنۆمه دا
دوو سمینار یه‌كه‌م سه‌باره‌ت به رێكخستنی ته‌شكیلاتی نهێنی
كۆمه‌ڵه به به‌شداری ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی و كادره‌كانی
چالاكی ئه‌م به‌شه و دووهه‌م به به‌شداری ئه‌ندامانی كومیته‌ی
ناوه‌ندی سه‌باره‌ت به باشتر كردنی به‌رێوه‌بردنی ته‌شكیلات
به‌رێوه چوو.
سكرتاریه‌تی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری
زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
22/6/1388
2009/09/13 |