بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد

 

لە درێژەی چالاکییەکاندا بۆ داکۆکی لە زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد کە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا مانیان لە خواردن گرتووە و بۆ گەیاندنی دەنگی حەقخوازانەیان بە بیڕوڕای گشتی، سەعات 2ی پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 24ی سێپتامبر، وەفدێکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستانی ئێران له‌ وڵاتی سوئیس، کە پێکهاتبوون لە بەڕێزان خالید حسێن­زادە و عادڵ ئەلیاسی سەردانی بەڕێز Kaspal Haller بەرپرسی به‌شی سیاسی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی گەلانی هەڕەشە لێکراو و سکرتێری گروپی پارڵمانتارانی سوئیس بۆ پرسی کوردیان کرد. لەو دیدارەدا وەفدەکەی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکڕات بەڕێز Kaspal Haller یان لە جەریانی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی کورد له‌ گرتووخانه‌کا‌نی ئێران­دا دانا و لەمبارەوە هەر دوو لایەن ئاڵ و گۆڕی بیر و ڕایان کرد و هەندێک پێشنیار هاتە ئاراوە بۆ پشتیوانی لەو بەندکراوانە. بۆ وێنە پێشنیاری ئەوە کرا بۆ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لە وڵاتی سوئیس و بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ڕۆژنامەوانان و پاڕڵمانتارانی سوئیس لە حاست مانگرتنی بەرینی زیندانیانی سیاسی کورد، سمینارێک بەرپا بکرێ و بانگهێشتی کۆڕ و کۆمەڵ و لایەنە جۆراوجۆرەکان بکرێ. هەروەها بڕیار درا کۆنفرانسێکی مەتبووعاتی ساز بکرێ بۆ نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بۆ ڕێکخستنی باشتری ئەم مەبەستە وتەبێژێک دیاری بکرێ. هەر لەم پێوەندییەدا بڕیار دراوە لە ڕۆژانی داهاتوودا و لە ڕێگەی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی گەلانی هەڕەشە لێکراو و بەڕێز Kaspal Haller کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کۆمیسیۆنی پرسی کورد لە پاڕڵمانی سوئیس ساز بکرێ و دوایین زانیارییەکان دەربارەی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەو کۆمیسیۆنە بدرێ.

بەڕێز Kaspal Haller بەڵێنی بە وەفدەکەی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکڕات­‌دا هاوکاریی زۆرتریان بکات و داخوازییەکانیان بگەێنێتە ناو پاڕڵمانی سوئیس.

 

حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران- سوئیس

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران - سوئیس

2008-09-25

 

 

HOME

webmaster@komala.org

---Printer