|
دیداری نێوان نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ و گروپی پاڕڵمانتارانی سوئیس بۆ پرسی کورد
له سه‌ر داوا و بانگهێشتی گروپی پاڕلمانتارانی سوئیسی بۆ پرسی کورد، ڕۆژی 5 شه‌ممه 4 ی ژووئه‌ن، نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ به هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ کومیته‌ی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان له وڵاتی سوئیس سه‌ردانی پاڕڵمانی سووئیسیان کرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز کارلۆ سومارۆگا، سکرتێری گروپی پاڕڵمانتارانی سوئیسی بۆ پرسی کورد کۆبوونه‌وه. لایه‌نی میوان بریتی بوون له به‌ڕێزان، خالید حسێنزاده نوێنه‌ری کۆمه‌ڵه له کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ له وڵاتی سووئیس، دوکتور خوسره‌و عه‌بدوڵڵاهی نوێنه‌ری حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران، ئاغای ناسر بۆلیده‌یی نوێنه‌ری حیزبی خه‌ڵکی به‌لووچستان و ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌یی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ، کاک نه‌وزاد گۆمه‌شینی به‌رپرسی پێوه‌ندیی کومیته‌ی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان له وڵاتی سوئیس له‌گه‌ڵ گروپی پاڕڵمانتارانی سووئیس بۆ پرسی کورد، کاک عادڵ ئه‌لیاسی و کاک ئازاد عوسمان نوێنه‌رانی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و حیزبی شیوعی کوردستان و ئه‌ندامانی کاتیی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری کومیته‌ی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان له وڵاتی سوئیس. هه‌روه‌ها به‌ڕێز کاسبار هالێر به‌رپرسی دامه‌زراوه‌ی داکۆکی له گه‌لانی هه‌ڕه‌شه لێکراو له کۆبوونه‌وه‌که ئاماده بوو. ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی کۆبوونه‌وه‌که پرسی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و هه‌ل و مه‌رجێک بوو که ئه‌وه نه‌ته‌وانه تێیدا ده‌ژین. وه‌فدی پێکهاتوو له نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ و کومیته‌ی هاوکاریی هێزه کوردستانییه‌کان باسێکی تێر و ته‌سه‌لی له‌مباره پێشکه‌ش به لایه‌نی سووئیسی کرد و ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه به‌رانبه‌ر به نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران ده‌کرێ شی کرده‌وه. هه‌ره‌ها هه‌ل و مه‌رجی سیاسیی ئه‌مڕۆی ئێران، به تایبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی سه‌رکۆماری له ئێران باسی لێ‌کرا. وه‌فدی میوان باسی له‌وه کرد کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدراڵ که له 17 حیزبی فێدڕاڵخوازی ئێرانی پێکهاتووه، توانیویه‌تی خواستی به فێدڕاڵی کردنی ئێران به‌رێته ناو خه‌ڵکی ئێران و به تایبه‌ت بیکاته یه‌کێ له خواسته‌کانی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران. باس له‌وه کرا ئه‌گه‌رچی نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی ئێران، زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێران پێک دێنن، به‌ڵام له که‌مترین ماف به‌هره‌مده‌ن، ته‌نانه‌ت تا جێگه‌یه‌ک خویندن به زمانی دایکی بۆیان به ڕه‌وا نابیندرێ و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران وه‌کوو شارۆمه‌ندی پله دوو و سێ له‌گه‌ڵیان هه‌ڵسوکه‌ت ده‌کات. دیداری نێوان نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ و لایه‌نی پاڕڵمانتاری سوئیسی ده‌سکه‌وتی باشی بوو. به تایبه‌ت به‌ڕیز کارلۆ سومارۆگا سکرتێری گرووپی پاڕڵمانتاری سوئیس به‌ڵێنیدا باس و خواستی وه‌فدی میوان بباته ناو کۆبوونه‌وه‌کانی پاڕڵمان، تا جێیه‌ک که له داهاتوودا بانگهێشتی نوێنه‌رانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ بکرێ له پاڕڵمانی سوئیس و له زانکۆکانی ئه‌م وڵاته له سه‌ر پرسی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و خواسته‌کانیان سمینار و کۆنفڕانس ساز بکه‌ن. پاش نزیکه‌ی دوو سه‌عات، کۆتایی به چاوپێکه‌وتنه‌که هات و وه‌فدی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدڕاڵ له لایه‌ن به‌ڕێز کارلۆ سومارۆگا و گروپی پاڕلمانتارانی سوئیس به‌دره‌قه کران.
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران کومیته‌ی سوئیس 2009-06-05
|
|