|
به‌یاننامه‌ی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به بڕیاری داخستنی D.T.P
رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی 11-12-2009 دادگای یاسای بنه‌ڕه‌تی توركیه بڕیاری داخستنی پارتی كۆمه‌ڵگای دێموكراتی توركیه (D.T.P) ی به تومه‌تی هاوكاری له‌گه‌ڵ ترۆریزم ده‌ركرد‌و هاوكات ئه‌حمه‌د تورك سه‌رۆكی ئه‌و حیزبه‌و ایسل توغلو‌و 37 كه‌س له كه‌سایه‌تی‌یه‌كانی D.T.Pی بۆ ماوه‌ی 5 ساڵ كاری سیاسی‌و ئه‌ندامه‌تی له هه‌ر حیزبێكی سیاسی توركیه‌یان لێ قه‌ده‌غه كرا. بڕیاری ئه‌و دادگایه‌ی توركیه له كاتێكدا ده‌رده‌چێ كه له ماوه‌یه‌ك له‌وه پێشه‌وه له لایه‌ن حكوومه‌تی توركیه‌وه ره‌وتێك بۆ دابین كردنی هێندێك له مافه سه‌ره‌تایی‌یه‌كانی گه‌لی كورد ده‌ستی پێی كردبوو‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرا درێژه‌ی ئه‌و ره‌وته به سه‌رئه‌نجامێكی باش به قازانجی كورده‌كانی كوردستانی توركیه‌و وڵاتی توركیه به گشتی ته‌واو بێ، به‌ڵام بێ‌گومان ئه‌م بڕیاره ده‌توانێ كوسپێك له سه‌ر رێگای به‌ره‌وپێش چوونی ره‌وته‌كه دابنێ به چه‌شنێك كه هه‌ر ئێستا بۆه‌ته هۆی ئاڵوزی‌و‌و بشێوی زیاتر له‌م وڵاته‌دا. ئێمه وێڕای مه‌حكووم كردنی حوكمی داسه‌پاوی دادگای یاسای بنه‌ڕه‌تی توركیه به سه‌ر D.T.Pدا هیواداری ده‌رده‌بڕین سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش ره‌وتی كرانه‌وه‌ی دێموكراسی به رووی كورده‌وه به‌رده‌وام‌و به‌ئاكام بێ. هه‌روه‌ها هیوادارین كه خوشك‌و برا كورده‌كان‌و ده‌وڵه‌تی توركیه بتوانن به هاوكاری زیاتر له رێگای تێ‌په‌ڕبون به سه‌ر ئه‌م ئاسته‌نگه‌دا، یارمه‌تیده‌ری به‌ره‌وپێش چوونی هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی‌و دێموكراتی له‌و وڵاته‌دا بن.
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران كۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران سازمانی خه‌باتی كوردستانی ئێران پارتی ئازادی كوردستان 14 – 12- 2009
|
|