|
بیرجیاوازی و دێمۆکراسی حیزبی
ئه‌بووبه‌کر مودەڕسى
له کێشه‌کانى نێوخۆیى ئه‌م یه‌کساڵ‌و
نیوەدا، وته‌بێژان‌و لایه‌نگرانى
که‌مینه جار له‌گه‌ڵ جار زۆرینه‌ى
کۆمه‌ڵه‌یان به پاوانخواز،
پێشێلکه‌رى دێمۆکراسى و نادیمۆکرات
ناوزەد کردووەو به‌رهه‌ڵستکاری و
ناڕەزایه‌تى خۆیان به نه‌بوونى
دێمۆکراسى له ناوخۆى کومه‌ڵه
دەربڕیوە. بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى چاوێکیان
به سه‌ر ئه‌دەبییاتى سیاسى که‌مینه‌ى
کۆمه‌ڵه له‌و ماوەدا خشاندبێت،
له‌گه‌ڵ شه‌پۆلێک له تۆمه‌ت و بوختان
ئاشنا بوون. کۆمه‌ڵه ئه‌گه‌ر ته‌نیا
حیزبی کوردى و ئێرانى نه‌بێ، لانیکه‌م
یه‌کیک له‌و حیزبانه‌یه که به
راشکاوى له پێڕەوى ناوخۆىدا باسى
که‌مینه و بیرجیاوازانى ناو حیزب
دەکا و مافیان بۆ دەربڕینى بیروڕا و
پڕوپاگه‌ندەکردن له ناو حیزب به
رەسمییه‌ت دەناسێ. هه‌ڵبه‌ت پێویسته
ئاماژەیه‌ک به‌وە بکرێ که دێمۆکراسی
ناو حیزبی له هه‌مو لایه‌نه‌کانى و
به تایبه‌ت مافى تاکه‌کان، راست
ئه‌وە نیه که له ناو کۆمه‌ڵگادا
باسى لێوە دەکرێ‌و دەسه‌لمێندرێ. له
ناو کۆمه‌ڵگادا دێمۆکراسى به هه‌موو
خاڵه‌کانى له سه‌ر مافى تاکه‌کان
له‌بنه‌ڕەتدا، پێوەند دەبێته‌وە به
ته‌نزیمى پێوەندى نێوان دەسه‌ڵاتى
سیاسى له کۆمه‌ڵگا (دەوڵه‌ت یان
حکوومه‌ت) له‌گه‌ڵ شارۆمه‌ندانى ئه‌و
وڵاته. دێمۆکراسى و مافى مرۆڤ له
واقیعدا بۆ پاراستنى تاکه‌کان له
به‌رامبه‌ر سه‌رەڕۆیی دەسه‌ڵاتى
حکوومه‌تییه که هه‌موو ئامرازەکانى
سه‌رکووت‌و گۆشارهێنان بۆ خه‌ڵکى له
به‌ردەست دایه‌و به‌ردەوام مه‌ترسى
ئه‌وە هه‌یه ئه‌گه‌ر مه‌جالى
پێبدرێ‌و له لایه‌ن دامه‌زراوەکانى
مه‌دەنى ناو کۆمه‌ڵگا چاودێرى نه‌کرێ،
ببێته دەسه‌ڵاتێکى رەها و مافى
تاکه‌کان پێشێل بکات. کۆمه‌ڵگا
یه‌که‌یه‌کى یه‌کگرتوو نیه و
به‌رژەوەندى جیاوازى تێدایه که
به‌ردەوام له ململانێ له‌گه‌ڵ
یه‌کتریندان‌و له لایه‌کى دیکه‌وە
تاکه‌کانى ئه‌و کۆمه‌ڵگایه له سه‌ر
بنه‌مای پێکهاتن و به ئێرادەى خۆیان
شارۆمه‌ندى وڵاتێکى تایبه‌ت نین،
واته هیچ که‌س به ئیرادەى خۆى له
وڵاتێکى تایبه‌ت له دایک نه‌بووە و
به‌ڵێنى ئه‌وەیان نه‌داوە به
بیروباوەڕێک پابه‌ندبن.
به پێچه‌وانه حیزبێک له سه‌ر
بنه‌ماى پێکهاتن‌و یه‌کگرتن له سه‌ر
قه‌بووڵى بیروباوەڕێک‌و یان لانیکه‌م
قه‌بووڵى چوارچێوەى بیروباوەڕێک‌و
به‌رژەوەندییه‌کى تایبه‌ت، له دەورى
یه‌ک کۆدەبنه‌وە. تاکه‌کان له ناو
حیزبێکی سیاسى به‌و پێکهاتنه له‌سه‌ر
کۆمه‌ڵێک پڕەنسیپ و رێسای حیزبی که
به‌شێکى له پێڕەوىناوخۆ به وردى
دیاریکراوە‌و به‌شێکى دیکه‌شی، خۆى
له کۆمه‌ڵێک به‌ها دا دەبینێته‌وە
که حیزبه‌که‌ى پێدەناسرێته‌وەو له
وانه‌یه زۆریشى هه‌ر نه‌نوسرابێت.
به هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌وە دێمۆکراسى
نێوحیزبى، پێویستییه‌کى حاشا
هه‌ڵنه‌گرە‌و هیچ رادەیه‌ک له سه‌ختى
رێگا و دیکتاتورییه‌ت و ناله‌بارى له
وەزعى سیاسى، ناتوانێ به‌هانه‌یه‌ک
بێت بۆ ئه‌وەى دێمۆکراسى له ناو
حیزبێک، به تایبه‌تى سه‌ربه‌ستى
تاکه‌کان له دەربڕینى بیروڕاى خۆیان
له چوارچێوەى به‌هاکان و
ئه‌رزشه‌کانى ئه‌و حیزبه، وەلابندرێ
و حاشاى لێبکرێ. بێگومان به کردەوە
دەرهێنانی ته‌واوى دێمۆکراسى، ناتوانى
له حیزبێکى نهێنى به‌رێوە بچێ کاتێک
رێکخستنه نهێنییه‌کان ناتوانن له
ناو خۆیاندا هه‌ڵبژاردن بکه‌ن. با
ئه‌وەش بزانین ته‌نانه‌ت ئه‌وکات که
که‌سانێک له به‌شى نهێنى بانگ دەکرێن
له کۆنگرە به‌شدارى بکه‌ن، ئه‌و
جۆرەى له ناو حیزبی ئێمه باو بووە،
ئه‌و به‌شدار بووانه، که
هه‌ڵبژێردراوى رێکخستنه‌کانى خۆیان
نین، به ماناى دەقیقى وشه‌که
ناتوانن نوێنه‌رایه‌تى به‌شى
رێکخستنه‌کانى خۆیان بکه‌ن. که‌وابوو
سنوورى پراکتیزە کردنی دێمۆکراسى
نێوحیزبى، ناتوانى له ژێر کاریگه‌رى
بارودۆخى سیاسى و چۆنیه‌تى چالاکى
ئه‌و حیزبه‌دا نه‌بێت. ....
ئه‌زموونه‌کانى ئێمه له ساڵانى
رابردوو، و به تایبه‌ت که‌ندو
کۆسپه‌کانى ئێمه له جه‌ریانى
کێشه‌کانى ناوخۆى حیزبی کۆمۆنیست که
له ئاکامدا گه‌یشته جیابوونه‌وەى
ئێمه و ساغ کردنه‌وەى کۆمه‌ڵه،
هه‌موانى هێنایه سه‌ر ئه‌و
قه‌ناعه‌ته که له پێڕەوى
ناوخۆماندا، بۆ یه‌که‌مین جار مافى
بیرجیاوازى له ناو کۆمه‌ڵه‌دا
بسه‌لمێنین و بتوانین له ئه‌گه‌رى
هاتنه پێشى هه‌ر جۆرە ناکۆکییه‌ک له
سه‌ر پرسه سیاسى و ته‌شکیلاتییه‌کان،
بتوانین ئه‌و ناته‌باییه به
شێوەیه‌کى مه‌دەنیانه ببه‌ینه پێش.
هه‌ربۆیه‌ش که‌مینه‌ى ئێمه‌و یان
باشترە بڵێین ئه‌و هاوڕێیانه که
دوایی که‌مینه‌یان پێک هێنا بۆ
دەربڕینى بیروڕا "جیاوازەکه‌یان" و
که‌ڵک وەرگرتن له‌و مه‌جالانه که
پێڕەوى ناخۆ بۆیانى فه‌راهه‌م کردبوو،
له سه‌ر خوانێکی حازرو بزر
دانیشتبوون‌و دەیانتوانى که‌ڵکى
لێوەرگرن. له راستیدا بۆ ماوەیه‌کیش
که‌ڵکیان لێوەرگرت و بیرۆکه‌کانی
خۆیان بردە نێو ته‌شکیلات و ته‌نانه‌ت
سنوورەکانى ئه‌وشیان نه‌هێشت و له
سه‌ر هه‌موو شتێک له وانه
ئیجرائیاتی رۆژانه‌ش شتیان نووسى و
به خه‌یاڵی خۆیان "ئیفشاگه‌ریان" کرد
و له نیهایه‌تدا شه‌ڕێکى گه‌ورەى
راگه‌یاندنیان دەست پێ‌کرد. که
قه‌زاوەتی زۆربه‌ى هه‌رە زۆرى
ئه‌ندامان به نیسبه‌ت قسه‌کانیان‌و
کارەکانیان‌و به تایبه‌ت شێوازی
شه‌خسى کردن و ناووناتۆرە لێنان به
جێگاى باسى سیاسى ئه‌وانیان پێ باش
نه‌بوو و لاینگریان لێنه‌کردن، واته
ئه‌وکات که، سه‌رو به‌ندى
یازدەهه‌مین کۆنگرەى کۆمه‌ڵه بوو،
که‌مینه‌ى ئێمه زانى که‌مینه‌یه و
ناتوانێ له رێگاى یاسایی و به زەبرى
دەنگ کارى خۆى بباته پێش، جا ئه‌وجار
ئاژاوە دروست بوو و قۆناغى تێکدەرى
به جێگاى مشت‌ومڕی سیاسی و قه‌ناعه‌ت
پێهێنان دەستى پێ‌کرد.
که‌وابوو هه‌ر وەک زۆر جاران له ناو
خۆماندا باسمان کردووە، به‌شى هه‌رە
زۆرى موشکڵى ئێمه کاتێک دەستى پێ‌کرد
که که‌مینه قه‌بولى نه‌کرد
که‌مینه‌یه. واقعییه‌ت ئه‌وەیه ئه‌و
ئاژاوەیه‌ى له حاڵى حازردا له
لایه‌ن که‌مینه له ناو رێکخراوى
حیزبى ئێمه سه‌ری هه‌ڵداوە، راست به
پێچه‌وانه‌ى تۆمه‌ت‌و بوختانى ئه‌وان
به ئێمه، نه له پاوانخوازى
دەفته‌رى سیاسی، به‌ڵکوو له بێباوەڕى
رێبه‌رانى که‌مینه به دێمۆکراسى
نێوحیزبی‌و بێ به‌هابوونى ئه‌و
چه‌مکه‌و به کردەوە نه‌بوونى
ئیلتزام به یاسا و رێساى پێوەندیدار
به‌و، سه‌رچاوە دەگرێ. ئه‌وانه‌ى به
شێوەیه‌کى جیددى به دێمۆکراسى
پابه‌ند بن دەبێ ئاکامى دەنگى
زۆرینه‌ى خه‌ڵک و لێرەدا دەنگى
زۆرینه‌ى ئه‌ندامانیان قه‌بووڵ بێت.
ئه‌و ئاکامه شه‌رت نییه هه‌میشه
سه‌رکه‌وتن و به دەست هێنانى
زۆرینه‌ی دەنگ بێت دەتوانى به
پێچه‌وانه دۆڕاندن و بوون به
که‌مینه‌شى تێدا بێت. هه‌ڵبه‌ت با
ئه‌وەش بڵێین که فاکتۆرى دیکه‌ش هه‌ن
که که‌مینه‌ى ئێمه‌ى له خه‌باتى
سیاسى ناوخۆیی سارد دەکردەوەو ئه‌وانى
هاندەدا به‌رەو ئاژاوەنانه‌وە به
جێگاى خه‌باتى سیاسى. راستییه‌که‌ى
ئه‌وەیه که ئه‌وان له بنەڕەتدا
ته‌نانه‌ت بۆ خۆشیان خۆیان وەک
گرووپێکى سیاسى و باوەڕی چاو
لێنه‌کردووە و ته‌نانه‌ت زۆر جاران
دانیان به‌وەدا ناوە. به‌ڵام ئه‌و
لایه‌نه له نێوەرۆکی که‌مینه‌ى
ئێمه دەبێ له مه‌جالێکى دیکه
بدرێته به‌ر باس و لێکۆڵینەوه.
کێشه‌و مشت‌و مڕی ناوخۆیی له سه‌ر
مه‌سه‌له‌ى چکۆله و گه‌ورە له ناو
کۆمه‌ڵه‌دا، هیچ کات ئێمه‌ى لاواز
نه‌کردووە‌و به پێچه‌وانه جارى واش
بووە که بۆته هۆى پێشچوونى ئێمه‌و
ئاکامه‌که‌شى یه‌کگرتوویی پته‌وترى
ئێمه‌ى لێکه‌وتۆته‌وە. نمونه‌ى وا له
کۆمه‌ڵه‌دا که‌م نیه. گارانتییه‌ک بۆ
سه‌رهه‌ڵنه‌دانى بیرى جیاواز له ناو
حیزبى سیاسی‌دا نیه، به‌ڵام
گارانتییه‌ک بۆ ئه‌وەى ئه‌و کێشانه
به چکۆله‌و گه‌ورەوە بکه‌وێته
کاناڵێکى چاکساز نه روخێنه‌ر، نه
ته‌نیا پێویستى به پێڕەوی نێوخۆیه‌کی
دێمۆکراتیکه، به‌ڵکوو له‌وە زۆرتریش
به‌ستراوەته‌وە به به‌رز کردنه‌وەى
فه‌رهه‌نگێکى سیاسى باڵا و په‌رەپێدان
به کولتورى دیمۆکراتیک له ناو
حیزب‌دا. با ئه‌و دەرسه گه‌ورەیه له
قۆناغى دواى یه‌کلا بوونه‌وەى ئه‌م
کێشانه له بیرنه‌که‌ینه‌وە.
ئاسۆی ڕۆژهه‌ڵاتی ژماره 2 |