|
په‌یامی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه
به بۆنه‌ی ده‌سپیکردنی ساڵی تازه‌ی
خوێندن
مامۆستایان وخوێندکارانی ئازادیخواز و تێکۆشه‌ری کوردستان!
ساڵێکی تازه‌ی خوێندن له خوێندنگاکانی کوردستان ده‌ست پێده‌کا. به‌م بۆنه‌وه
گه‌رمترین پیرۆزباییتان پێشکه‌ش ده‌که‌ین و ساڵێکی پڕ له سه‌رکه‌وتنتان بۆ به‌ئاوات
ده‌خوازین.
خوێندنگاکانی کوردستان، به هه‌وڵ و هیممه‌تی ئێوه مامۆستایانی دڵسۆز و
ئێوه نه‌وه‌ی نوێی لاوانی ئازادیخواز و پێشکه‌وتنخوازی کوردستان، بوونه‌ته مه‌یدانێکی
گرنگی داکۆکیکردن له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی خه‌ڵکی
کوردستان و، کانگای به‌رانبه‌رکێ له‌گه‌ڵ کۆنه‌په‌رستی و، ناوه‌ندی گه‌شانه‌وه‌ی
بیری ئازاد و پشکووتنی ئاوات و ئاره‌زووی به‌هره‌مه‌ندی له ژیانی ئازادانه و
شایسته‌ی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه.
هاوینی ئه‌مساڵ، له‌و ڕۆژانه‌دا که شاره‌کانی کوردستان، ببوونه شانۆی ده‌نگهه‌ڵبڕینی
جه‌ماوه‌ری ئازادیخوازی کوردستان له دژی سته‌م و بێدادی کۆماری سه‌رکوتگه‌ران و
تاڵانگه‌ران و له دژی حکوومه‌تی چه‌ته و ڕێگران، ده‌نگی ئێوه نه‌سلی په‌ر‌وه‌رده‌بووی
ناو ئامێزی شۆڕشی ڕزگاریخوازانه‌ی کوردستان، ده‌نگی ئازادی و عه‌داڵه‌ت و پێشکه‌وتنخوازی
و، ده‌نگی وه‌جوابهاتن له‌سه‌ر مافه پێشێلکراوه‌کانی گه‌لی کورد بوو . به‌شداریکردنی
ئێوه له‌و بزووتنه‌وه شکۆداره‌دا، هاتنه‌مه‌یدانی ئومێد و داهێنان و نوێخوازی
بوو. ئێوه پێکه‌نین و شادی و ته‌وژم و تینتان هێنایه‌وه ناو ئه‌و شه‌قامانه که
حکوومه‌تی پارێزه‌رانی خه‌م و ژێرده‌ستی و ملکه‌چی، چاره‌که سه‌ده‌یه‌که هه‌وڵ
ده‌دا ده‌نگ و ڕه‌نگیان لێ بسڕێته‌وه و، تاریکی و بێده‌نگییان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێ.
ئه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌ک بوو که تێیدا جارێکی دیکه ده‌روازه‌ی ماڵان بۆ له
ئامێزگرتنی تێکۆشه‌ران کرانه‌وه و، متمانه و هاودڵی و بڕوا به‌هاوچاره‌نووسی، له
په‌نجه‌ره‌ی هه‌موو ماڵه‌کانه‌وه سه‌ری کێشایه ناو شه‌قامه‌کان. ئه‌وه بزووتنه‌وه‌یه‌ک
بوو که تێیدا ئێوه لاوان خۆتان له لای ده‌ستی نه‌سلی تێکۆشه‌رانی دێرینی
بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی کوردستان دیته‌وه و هاوخه‌باتییه‌کی گه‌رموگوڕتان ته‌جره‌به
کرد. ده‌وری فیداکارانه‌ی ئێوه له‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا شایسته‌ی ئه‌وه‌یه جارێکی
دیکه‌ش پیرۆزباییتان لێ بکرێ. ده‌رسه‌کانی ئه‌و خه‌باته شکۆداره ده‌توانن له
داهاتووشدا ڕێ نیشانده‌ر و ئومێدبه‌خشی سه‌رکه‌وتن بن.
ئێستا ئێوه جارێکی دیکه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ خوێندنگاکان و، ئاوه‌دانی به
حه‌وشی خوێندنگا و ژووره‌کانی ده‌رسخوێندن ده‌به‌خشنه‌وه. جارێکی دیکه له ده‌وری
یه‌کتر کۆ ده‌بنه‌وه. ئه‌وه ده‌رفه‌تێکه بۆ ئێوه و مامۆستا تێکۆشه‌ره‌کانتان
هه‌تا به هه‌وڵدان و ماندووبوونێکی شایسته، فه‌زایه‌کی به‌رین بۆ فێربوون، بۆ په‌ره‌پێدانی
زانست، بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له ژیان و ئه‌زموونه‌کانی و بۆ دارشتنی بناغه‌کانی
ژیانی داهاتووی خۆتان و کۆمه‌ڵگاکه‌تان بخوڵقێنن.
ئه‌وه هه‌روه‌ها ده‌رفه‌تێکه بۆ داکۆکیکردن له مافه‌کانتان. مافی به‌هره‌مه‌ندبوونی
خۆتان و دایک و باب و هاوچاره‌نووسانتان له ژیانێکی باشتر و به دوور له هه‌ژاری
و بێ‌کاری و سه‌رکوت و سانسۆر. مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له زانست و زانیاری به بێ
هیچ له‌مپه‌رو کۆسپێکی کۆنه‌په‌رستانه. مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له وه‌سیله‌کانی
گه‌یاندنی زانیاری. مافی ڕاده‌ربڕینی ئازادانه له سه‌ر هه‌موو مه‌سه‌له‌یه‌کی
په‌یوه‌ندیدار به زانست و ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی. مافی ڕاوێژکردن و لێکۆڵینه‌وه له
ڕێگه‌کانی به‌ره‌وپێشچوونی ژیان به هه‌موو لایه‌ن و ڕووکاره‌کانییه‌وه. مافی له‌ده‌وری
یه‌ک کۆبوونه‌وه و خۆڕێکخستن و لێک‌گرێدانی تواناییه‌کان بۆ داکۆکیکردن له ویست
و داواکانتان و، مافی خوێندن و قسه‌کردن به زمانی زکماک. هه‌موو که‌س مافی ئه‌وه‌ی
هه‌یه هه‌ر به‌و زمانه که له ماڵه‌وه له گه‌ڵ دایک وباوک و خوشک وبراکانی ده‌دوێ
و له کۆڵان و شه‌قام له گه‌ڵ هاوڕێ و هاوماڵانی ده‌دوێ، به هه‌مان زمانیش له
خوێندنگه‌کان بدوێ و بنووسێ و بخوێنێ.
مامۆستایانی تێکۆشه‌ر و زانستپه‌روه‌ری کوردستان!
ده‌وری ئێوه له پێگه‌یاندنی نه‌سلی بزۆز و پڕته‌کان و به‌رچاوڕوونی
لاوانی ئه‌مڕۆدا، ده‌ورێکی شایسته‌ی پێ‌زانین و ده‌سخۆشانه‌یه. ئه‌زموونی ئێوه له
زانست‌دا و له ناسینی ژیان و هه‌ورازونشێوه‌کانیدا، له پاڵ تین و ته‌وژمی لاوان و
حه‌زی بێئه‌وپه‌ڕیاندا بۆ فێربوون، ده‌توانێ خوێندنگاکان بکاته‌وه به ناوه‌ندی
داهێنان و به‌ره‌وپێشچوون.
ساڵی تازه‌ی خوێندنتان لێ پیرۆز بێ و بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و ڕزگارکردنی زانست
له چنگ کۆنه‌په‌رستی و ڕزگارکردنی مرؤڤ له چنگ ده‌سه‌ڵاتی زۆرداران و چه‌وسێنه‌ران.
کومیته‌ی ناوه‌ندیی
کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی
کوردستانی ئێران
27ی خه‌رمانی 1384،
ڕێکه‌وتی 18ی سیپتامبری 2005
|