|
حیزبایه‌تی یان تاقم‌سالاری؟
روونكردنه‌وه‌یه‌كی پێویست
له ماوه‌ی دوو سێ هه‌فته‌ی رابوردوودا له رێگه‌ی هه‌ندێك له
ماڵپه‌ڕه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك هه‌واڵی تێكه‌ڵ پێكه‌ڵ و
چه‌واشه‌كراو سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵه و رووداوه‌كانی ناو
ئۆردووگاكانی بڵاو كرایه‌وه. گه‌رچی ئێمه له‌رێگه‌ی
راگه‌یاندنه‌كانی سكرتاریه‌ت و راگه‌یاندنی كۆتایی پلێنۆمه‌وه
به‌كورتی هه‌ڵه‌كانمان راست كرده‌وه و راستییه‌كانمان خسته روو،
به‌ڵام دیسانیش جۆرێك نیگه‌رانی و دڵه‌راوكێ، هه‌روه‌ها پرسیار و
ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار گومان له‌سه‌ر چۆنیه‌تی رووداوه‌كان،
هۆكاره‌كانی و داهاتووه‌كه‌ی زه‌ینی زۆرێك له دۆستان و
دڵسۆزانی بۆ ماوه‌یه‌ك داگیر كرد. هه‌رچه‌ند به‌خۆشییه‌وه زۆر
زوو وه‌زعه‌كه هێور بووه‌وه و بازاڕی ده‌مگۆش رووی له كزی
داوه، به‌ڵام دیسانیش ئێمه به ئه‌ركی خۆمانی ده‌زانین كه
به‌ورده‌كارییه‌كی زۆرتره‌وه ئه‌و دۆستانه و سه‌رجه‌م رای
گشتی له چۆنیه‌تی كێشه‌كه و زه‌مینه و هۆكاره‌كانی ئاگادار
بكه‌ینه‌وه. به‌تایبه‌ت كه شه‌ڕێكی پڕۆپاگه‌نده‌یی نامرۆڤانه
بۆ خه‌وشاندنی سیمای گه‌شی كۆمه‌ڵه و چه‌واشه كردنی
راستییه‌كان هاتۆته ئاراوه و رژیمی كۆماری ئیسلامی و
دوژمنانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستان ویستوویانه و
ده‌یانه‌وێ له‌و كێشه‌یه به‌دژی كۆمه‌ڵه و هه‌موو بیروباوه‌ڕی
پێشكه‌وتنخوازانه كه‌ڵك وه‌ر بگرن، ئه‌مه‌ش وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌كی
دروست و راستگۆیانه له هه‌میشه زیاتر بۆ ئێمه ده‌كا به
پێویست. ئه‌وه‌ی له خواره‌وه ده‌یبینن، پوخته‌ی
روونكردنه‌وه‌یه‌كه كه به ئاگاداریی هه‌مووان ده‌گا.
با هه‌ر له‌م پێشه‌كییه‌دا ئه‌وه‌ش بڵێین كه زۆرێك له دۆستان و
دڵسۆزان و زۆرێك له ئه‌ندامان و پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كۆمه‌ڵه
به هاتنه پێشی ئه‌م رووداوانه دڵنیگه‌رانن، هه‌قیشیانه،
له‌وانه‌یه گله و ره‌خنه‌شیان له ئێمه هه‌بێت، له‌وه‌شدا
ناهه‌قیان نییه، ئێمه‌ش له هه‌بوونی كه‌م و كووڕی له كاری
ئه‌و دووسێ ساڵه‌ی رابوردوودا نكۆڵیمان نییه و هه‌م له
كۆنگره‌ی دوازده و هه‌م به‌تایبه‌ت له پلێنۆمی دووهه‌مدا به
دوورودرێژی لێمان كۆڵیوه‌ته‌وه و ده‌رسمان لێوه‌رگرتووه. به‌ڵام
ئه‌وه‌ی كه ده‌توانین به‌دڵنیاییه‌وه و به سه‌ربه‌رزییه‌وه
پێداگری له‌سه‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه ئێمه سه‌ره‌ڕای هه‌موو
پیلانگێڕییه‌كان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ر له ئیتیلاعاتی
كۆماری ئیسلامی و دوژمنانی ئاشكرای گه‌لی كورده‌وه تا
نه‌یارانی شاراوه هه‌تا توانیان هانی ئه‌و كێشانه‌یان دا و
ده‌ستیان تێخست، سه‌ره‌ڕای هێرشێكی پرۆپاگه‌نده‌یی داڕێژراو و
شاڵاوێكی گه‌وره‌ی درۆ و بوختان و سووكایه‌تی كه به‌ره‌وروومان
ساز كرا و به‌داخه‌وه هه‌ندێك جار دۆستان و هاوڕێیانی قه‌دیمی
خۆشمانی خسته گومانه‌وه، سه‌ره‌ڕای رووتی و بێ‌ئیمكانییه‌كی
ئیگجار زۆر كه ئه‌وه بۆ ساڵێك ده‌چێ بینی پێگرتووین و زۆر
ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ی دیكه كه هه‌ر به قسه خۆشه و لێره‌دا
ناچینه ناو وردكارییه‌كه‌یانه‌وه، به‌ڵێ سه‌ره‌ڕای هه‌موو
ئه‌وانه، كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ جارێكی دیكه‌ش توانی شۆڕشگێڕی
خۆی نیشان بدا و ئیسباتی بكاته‌وه، توانی له‌حاست هه‌موو
سه‌ختییه‌كاندا و له‌پێناو چه‌سپاندنی حیزبێكی خاوه‌ن
بیروباوه‌ڕ، پاك و خاوێن و یه‌كگرتوو و به‌دیسیپلین كه تێیدا
لیپرسینه‌وه له هه‌موو ئاستێكدا له‌ئارا دایه به خۆڕاگری و
مه‌تانه‌ته‌وه بوه‌ستێته‌وه.
ناكۆكیی سیاسی، كامه؟
پێش ئه‌وه‌ی بچینه ناو ورده‌كاریی خودی كێشه‌كه، به پێویستی
ده‌زانین كه چه‌ند دێڕێك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه "سیاسی"یه‌ی كه
رۆژی ئاخری پلێنۆمی سێهه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه
هه‌م به كوردی و هه‌م به فارسی به‌نێوی كاك عه‌بدوڵڵا
كۆنه‌پۆشییه‌وه چووه سه‌ر ئه‌و ماڵپه‌ڕانه، بدوێین. با بزانین
ئایا ناكۆكییه‌كی سیاسی له‌م كێشه‌یه‌دا له ئارادا بوو و
سیاسه‌ت هیچ جێگه‌یه‌كی هه‌بوو یان كێشه‌كه له جێگه‌یه‌كی
دیكه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو؟
یه‌كه‌م، هه‌موو ئه‌وانه‌ی كاك عه‌بدوڵڵا كۆنه‌پۆشی له
نزیكه‌وه ده‌ناسن وله راده‌ی خوێنده‌واری و ئاستی
رۆشنبیرییه‌كه‌ی ئاگادارن، ده‌زانن كه نووسینی ده‌قی ئاوا،
به‌بێ له‌به‌رچاو گرتنی ناوه‌رۆكه‌كه‌ی، به‌كوردی یان به
فارسی، بۆ ناوبراو كارێكی هاسان نییه و روون و ئاشكرایه كه
ئه‌و نووسراوه‌یه له ده‌ست و خامه‌ی ئه‌وه‌وه ده‌رنه‌هاتووه.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه ئه‌مه یه‌كه‌مین نووسراوه‌ی هه‌موو
ژیانی سیاسی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشییه و له هه‌موو ساڵانی
رابوردوو تا ئێستا ئێمه هیچ نووسراوه‌یه‌كی بچووكیشمان له‌و
به‌ڕێزه‌وه به‌رچاو نه‌كه‌وتبوو.
با هه‌ر لێره ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌ین كه توانایی له بوواری
نووسین یان بێ‌توانایی له‌و بوواره‌دا خۆی به‌ته‌نیایی هیچ شتێك
له چاكه و خراپه، له هه‌ق و ناهه‌ق یا خزمه‌ت و بێخزمه‌تی
كه‌سه‌كان ده‌رناخا. به‌تایبه‌ت له كاری خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌دا.
كۆمه‌ڵه زۆر كه‌سی هه‌بووه و هه‌یه‌تی و له داهاتووشدا
ده‌یبێت كه تواناییه‌كه‌یان له بوواری نووسیندا نییه، به‌ڵام
له بوواری خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، كاری رێكخستن، كاری
پێشمه‌رگانه و هه‌موو جۆره بووارێكی دیكه خزمه‌تی گه‌وره‌یان
كردووه و شوێنه‌واریان دیار بووه و ئێستاش دیاره. ئه‌مه‌ش
سه‌رچاوه‌كه‌ی له جه‌ماوه‌ری بوونی كۆمه‌ڵه و له‌و راستییه
دایه كه كۆمه‌ڵه ده‌مێك ساڵه ته‌نیا له بازنه‌ی بچووكی
رووناكبیراندا نه‌ماوه‌ته‌وه و به درێژایی خه‌باتی خۆی نه‌ك
ته‌نیا به‌شێكی به‌رچاو له باشترین رووناكبیرانی كوردستانی له
ریزی خۆیدا جێگه كردۆته‌وه، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی
زۆر گه‌وره‌ی له باشترین هه‌ڵسووراوانی جه‌ماوه‌ری، له
كه‌سایه‌تییه خۆشه‌ویست و باوه‌رپێكراوه‌كانی نێو خه‌ڵك، له
خه‌باتكارانی ناو كرێكاران و جووتیاران، له هه‌ڵسووڕاوانی
خه‌باتی شۆڕشگێڕانه، له هه‌ڵسووڕاوانی بوواری كاری رێكخستن،
له چالاكانی بوواری پێشمه‌رگایه‌تی، ته‌نانه‌ت له بوواری
قسه و وتار پێشكه‌ش كردن به خه‌ڵك و هتاد بۆ لای خۆی راكێشاوه
و ئه‌و هاوڕێیانه‌ش ته‌ربیه‌تی سیاسی كۆمه‌ڵه‌یان وه‌رگرتووه و
به‌شانازییه‌وه گه‌وره‌ترین خزمه‌تیشیان بۆ حیزبه‌كه‌یان و بۆ
خه‌ڵكه‌كه‌یان لێوه‌شاوه‌ته‌وه و له داهاتووشدا لێیان
ده‌وه‌شێته‌وه. كه‌وابێ مه‌به‌ستی ئێمه سووك كردنی كه‌س یا
گاڵته پێكردن یا ته‌وس لێدان نییه. كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی
كه‌سێكه له بوواری دیكه‌دا خزمه‌تی به كۆمه‌ڵه كردووه و
هه‌میشه، ته‌نانه‌ت له ئاخرین پلێنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا،
قه‌دری خزمه‌ته‌كانی گیراوه. مه‌به‌ستی ئێمه له باس كردن و
ده‌ست نیشان كردنی ئه‌وه‌یكه ئه‌و نووسراوانه، هیچكام له
ده‌قه‌كانی، هی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی نییه، هیچكامیشیان
به‌په‌له و به‌و چه‌ند سه‌عاته و هه‌ر ئه‌و رۆژه نه‌نووسراون،
ته‌نیا بۆ ده‌رخستنی ئه‌و راستییه‌یه كه ئه‌و نووسینه
ره‌نگدانه‌وه و هه‌ڵگری راسته‌قینه‌ی باوه‌ڕی سیاسی نییه
به‌ڵكوو ئاماده كردنی ئه‌و نووسینه و بڵاو كردنه‌وه‌كه‌ی له‌و
كاته دیاریكراوه‌دا خۆی به‌شێكه له پیلانێك و بۆ داپۆشینی
ئه‌و پیلانه و بۆ چه‌واشه كردنی رای گشتی پێشتر ئاماده
كراوه و له‌و رۆژه‌دا خراوه‌ته سه‌ر ئینترنێت. هه‌روه‌ها
ده‌رخستنی ئه‌و راستییه‌شه كه ئه‌و نووسراوه‌یه له
جێگه‌یه‌كی دی ئاماده كراوه و خراوه‌ته ئیختیاری ناوبراو و
ئه‌و پیلانه ده‌ست یان ده‌ستگه‌لێكی له پشت بووه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش جێگه‌ی پرسیاره كه ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی ئه‌و
نووسراوه‌یه هه‌ڵگری باوه‌ری سیاسی كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشیه و به‌قسه‌ی خۆی له چوار ساڵ له‌وه پێشه‌وه ئاوا
بیر ده‌كاته‌وه، ئه‌ی بۆچی ئه‌و نووسراوه‌یه نه‌ك چوار ساڵ
به‌ڵكوو چوار رۆژ پێشتر نه‌خرایه به‌رده‌ستی ئه‌ندامانی
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه؟ بۆچی تا له رێگه‌ی
ئینتێرنێته‌وه بڵاو نه‌بووه‌وه كه‌س لێی ئاگادار نه‌بوو؟ ئایا
یاسا سه‌ره‌تاییه‌كانی كاری حیزبی نه‌یده‌خواست كه ئه‌و
نووسراوه‌یه پێشتر به‌ده‌ست كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بگا و له حیزب‌دا
بڵاو بكرێته‌وه، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی بۆ بگیرێ و قسه‌یه‌كی
له‌سه‌ر بكرێت؟ له راستیدا ته‌نیا كاتێك سه‌رجه‌می پیلانه‌كه‌مان
بۆ روون بووبێته‌وه، ده‌توانین وه‌ڵامی دروستی ئه‌م پرسیارانه
بده‌ینه‌وه.
دووهه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی تا ئێستا
ئه‌هلی نووسین نه‌بووه و به‌نووسین راوبۆچوونه‌كانی خۆی
نه‌هێناوه‌ته سه‌ر كاغه‌ز، ئایا به وته و به قسه له كۆنگره
و كۆنفرانسه‌كاندا ئه‌م جۆره باسانه‌ی هێناوه‌ته ئاراوه یان
نا؟ چونكه هه‌روه‌كوو باسمان كرد نه‌نووسین به‌مانای بێ‌قسه
بوون نییه و زۆر جار كه‌سه‌كان نه‌ك له رێگه‌ی نووسین به‌ڵكوو
له رێگه‌ی وته و ده‌ربڕینی نه‌زه‌ره‌وه ده‌توانن به‌شداری
له باسه‌كاندا بكه‌ن و نه‌قشی خۆیشیانیان هه‌بێت.
هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا له كۆنگره و
كۆنفرانس و سێمیناره‌كانی ناو حیزبی ئێمه به‌شداریان كردووه
ده‌توانن شاهیدی بده‌ن كه كاك عه‌بدوڵڵا كۆنه‌پۆشی بێده‌نگترین
و كه‌م قسه‌ترین تاكی نێو ئه‌و كۆبوونه‌وه حیزبیانه بووه و،
بێجگه له سێمینارێكی ئه‌ندامان له سێ ساڵ پێش ئێستا كه
شتێكی جیاوازه، كه‌س له‌و كۆبوونه‌وه فراوانانه‌دا شتێكی له
ئه‌و نه‌بیستووه. به‌شداربووان ده‌زانن له كۆنگره‌ی ده وابوو،
كۆنگره‌ی یازده هه‌ر وابوو، له كۆنگره‌ی دوازده‌ش هه‌ر وا بوو
و سێَمینار
و جه‌له‌ساتی ئه‌ندامانیش هه‌ر به‌و جۆره.
بۆ نموونه ده‌توانین بپرسین ئایا ناوبراو له كۆنگره‌ی ده هیچ
وتارێكی پێشكه‌ش كرد و له‌سه‌ر بابه‌ته گرینگه‌كانی ئه‌و
كۆنگره‌یه هه‌رگیز نۆبه‌یه‌كی گرته‌وه و قسه‌یه‌كی كرد؟
وه‌ڵامه‌كه‌ی نایه. ئایا هیچكام له‌و خاڵانه‌ی كه ئێستا
ئاماژه‌یان پێده‌كا له‌و كۆنگره‌یه هێنایه گۆڕێ؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی
دیسان نایه. ئایا له كۆنگره‌ی یازده‌هه‌می كۆمه‌ڵه له
كێشه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی دواتر به‌ناوی كه‌مینه خۆیان ناساند
هاته ئاراوه، كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی وته‌یه‌ك، قسه‌یه‌ك،
تێبینییه‌ك، ره‌خنه‌یه‌كی هێنایه گۆڕێ؟ ئایا هیچكام له‌م
خاڵانه‌ی كه ئێستا ئاماژه‌یان پێده‌كا و ده‌ڵێ له چوار ساڵ
له‌وه پێشه‌وه باسم كردووه، ئه‌و كات به‌زمانیدا هات؟
هه‌روه‌كوو به‌شداربووانی ئه‌و كۆنگره‌یه ئاگادارن و شریته‌كان
نیشان ده‌ده‌ن، ئه‌و له‌و كۆنگره‌یه‌دا به‌ته‌واوی بێده‌نگ بوو.
پێش كۆنگره‌ی یازده چه‌ندین سێمیناری ئه‌ندامان له بابه‌ت
گرینگ‌ترین پرسه‌كانی ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵه به‌سترا، چه‌ندین
سێمیناریش به‌دوای كۆنگره‌ی یازده و ئه‌و كات به‌سترا كه
باسه‌كانی كه‌مینه هاته ئاراوه و له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كانی
ناو كۆمه‌ڵه‌وه به دوورودرێژی وه‌ڵام درایه‌وه و زۆرێك له
ئه‌ندامان به‌شداریان له باسه‌كاندا كرد. ئایا له هیچ كام له‌و
دوو زنجیره سێمینارانه‌ی ئه‌نداماندا كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی
كه‌م تا زۆر، ته‌نانه‌ت دوو ده‌قیقه‌ش، به‌شداری كرد و رایه‌كی
ده‌ربڕی؟ به شاهیدی هه‌موو به‌شدار بووان و هه‌موو فیلم و
شریته‌كان كه به ده‌سته‌وه‌ن، وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش نایه.
ئایا له ئاخرین كۆنگره‌ی كۆمه‌ڵه‌دا كه كه‌مینه به‌شداری
نه‌كرد و كاك عه‌به‌دلێر وه‌كوو كه‌سێكی كه له خه‌تی ره‌سمی
كۆمه‌ڵه پیشتیوانی ده‌كرد تێیدا به‌شدار بوو، هه‌رگیز له هیچ
كام له باسه‌كاندا به‌شداری كرد؟ به‌تایبه‌ت له‌بیریشمان
نه‌چێته‌وه كه كۆنگره‌ی دوازده كۆنگره‌یه‌كی زۆر سیاسی،
كراوه و پر له راده‌ربڕین و باسی پڕناوه‌رۆك بوو و زۆرێك له
باسه‌كان، له‌وانه پێڕه‌وی ناوخۆ، به دوورودرێژی و یه‌كه
یه‌كه‌ی خاڵه‌كانی قسه‌یان لێكرا. ئایا له هیچكام له
به‌شه‌كانی ئه‌و باسانه‌دا نۆبه‌یه‌كی گرته‌وه؟ قسه و باسێكی
كرد؟ به‌داخه‌وه، وه‌ڵام لێره‌شدا هه‌ر نایه. كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشی له‌م كۆنگره‌یه‌شدا كه‌م تا زۆر لێوی لێك نه‌كرده‌وه
و بێده‌نگی هه‌ڵبژارد.
بۆیه له‌راستیدا له‌پڕ سه‌رهه‌ڵدانی "نه‌زه‌راتی سیاسی"
له‌لایه‌ن ناوبراوه‌وه، رێك له‌و رۆژه‌دا كه خه‌ریكن له
په‌ره‌وه‌نده‌ی خه‌لافكارییه‌كان و بێ‌ئوسووڵییه‌كانی
ده‌كۆڵنه‌وه، ته‌نیا په‌رده‌یه‌كی داپۆشه‌ره بۆ شاردنه‌وه‌ی
راستیی كێشه‌كه و هیچ بنه‌مایه‌كی نییه و هه‌ر خودی ئه‌و
چه‌شنه مامه‌ڵه كردن و به‌كار هێنانی "سیاسه‌ت" و "خه‌تی
سیاسی" نیشان ده‌دا كه سیاسه‌ت و بیروباوه‌ر چ جێگه‌یه‌كی بۆ
ناوبراو هه‌یه و له ده‌سكایه‌یه‌ك بۆ بردنه پێشی مه‌به‌سته
شه‌خسییه‌كان شتێك زیاتر نییه و له‌وه‌دا به‌ڕاستی ده‌رسی چاكی
له "كه‌مینه" وه‌رگرتووه.
سێهه‌م، سه‌یره كه ناوبراو ئێستا باس له‌وه ده‌كا كه پێڕه‌وی
ناوخۆی په‌سندكراوی كۆنگره‌ی دوازده نادێمۆكراتیكه و شتی
له‌و بابه‌ته. ده‌قی پێشنیاركراوی ئه‌و پێڕه‌وی ناوخۆیه
درابوو به هه‌موو به‌شداربووانی كۆنگره و زۆریشی قسه له‌سه‌ر
كرا و پێشنیاری زۆر به‌كه‌ڵكیشی له‌سه‌ر درا و ئاڵوگۆڕی باشی
تێدا درا، به‌ڵام به‌داخه‌وه كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی یه‌كێك
له به‌شداربووانی ئه‌و باسانه نه‌بوو. جێی خۆیه‌تی ئه‌وه‌ش
بزانین كه ئه‌و وه‌كوو ئه‌ندامێكی ئه‌و كاتی كۆمیته‌ی
ناوه‌ندی ته‌نانه‌ت زۆر پێش كۆنگره‌ی دوازده‌ش ده‌قی گه‌ڵاڵه‌ی
پێڕه‌وی ناوخۆی درابوویه و ئه‌وكاتیش هیچ قسه‌یه‌كی له‌سه‌ر
نه‌كردبوو، ره‌خنه‌یه‌كی نه‌گرتبوو، پێشنیارێكی نه‌دابوو. بۆ
ئاگاداریی هه‌مووان، ده‌قی پێڕه‌وی ناوخۆ، به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر
په‌سندكراوی دیكه‌ی كۆنگره‌ی دوازده، به‌كۆی ده‌نگ په‌سند
كرا. ئیتر ئه‌وه خودی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشییه كه ده‌بێ
روونی بكاته‌وه ئه‌ی ئه‌و به‌م هه‌موو ناكۆكییه سیاسییه‌وه و
به‌تایبه‌تی به‌و هه‌موو ره‌خنه‌وه كه ده‌ڵێ له پێڕه‌وی
ناوخۆ هه‌یه‌تی چۆن به‌ته‌واوی بێده‌نگ بوو و ته‌نانه‌ت وه‌كوو
ئه‌ندامێكی كۆنگره كه ده‌نگی مه‌شوه‌رتی هه‌بوو ده‌نگیشی
پێدا و له‌وه‌ش سه‌یرتر چۆن رازی بوو له هه‌ڵبژاردنی كۆمیته‌ی
ناوه‌ندیدا به‌شداری بكات و ئه‌ندامه‌تی كۆمیته‌یه‌ك قبووڵ بكا
كه ده‌بێ به‌گوێره‌ی ئه‌و پێڕه‌وه كار بكات. هه‌روه‌ها بۆ نه
له پلێنۆمی یه‌كه‌م، كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی خێرا و كه‌م خایه‌ن
بوو و به‌دوای كۆنگره‌ی دوازده‌دا به‌سترا و، نه له پلێنۆمی
دووهه‌م، كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر تێروته‌سه‌ل بوو و شه‌ش مانگ
پێش ئێستا گیرا، باسی هیچكام له‌و ره‌خنانه‌ی نه‌كرد و رێك
راوه‌ستا تا كاتێكی دیاریكراو له پلێنۆمی سێهه‌مدا بێته
ئاراوه جا كه‌وته بیری نووسین و راده‌ربڕین؟
ئینجا بۆ یه‌كسه‌ر خستیه سه‌ر ئینتێرنێت، بۆ وه‌كوو هه‌موو
یاسایه‌كی حیزبی ده‌خوازێ پێشتر كه‌م تا زۆر له‌و باره‌یه
هیچی به كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و به حیزبه‌كه‌ی خۆی
رانه‌گه‌یاندبوو؟ بۆچی ئه‌و نه‌زه‌ر و بۆچوونانه‌ی له
هاوڕێیانی شاردبۆوه؟ ناوبراو، هه‌ر وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی
له‌نزیكه‌وه ده‌یناسن ده‌زانن، زۆر جار له‌سه‌ر شت شاردنه‌وه له
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ره‌خنه‌ی لێگیراوه. جاران كاری
سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی ده‌شارده‌وه، ئه‌ی را و نه‌زه‌ره‌كانی بۆ تا
ئێستا شاردبۆوه؟ هه‌ر وه‌كوو دواتر له بیستنی ره‌وتی
رووداوه‌كاندا بۆتان ده‌رده‌كه‌وێ، له راستیدا كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشی ده‌رخستنی ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی بۆ "سه‌عاتی سفر"
دانابوو.
چواره‌م، كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی له نووسراوه‌كه‌یدا ره‌خنه
له "ره‌چاو كردنی سیاسه‌تی سه‌ركوت و زه‌بروزه‌نگ له
ته‌شكیلاتدا" ده‌گرێ و خۆی به لایه‌نگری نه‌رم و نیانی له
قه‌ڵه‌م ده‌دا. ناوبراو هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه ده‌كا كه را و
نه‌زه‌ری خۆی له پلێنۆمی پێشووتری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له
ره‌زبه‌ری 1386ی هه‌تاوی رێكه‌وتی مانگی نۆڤامبری 2007دا،
باس كردووه. ئه‌و قسه‌ی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی راسته كه
ئه‌و له پلێنۆمی پێشوو له بابه‌تێكدا له‌گه‌ڵ باقی
ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا ناكۆك بوو. به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته
چی بوو؟ ناوبراو له هیچكام له باسه‌كانی پلێنۆمی دووهه‌مدا
قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆی نه‌كرد و سه‌رجه‌م زۆر بێده‌نگ بوو، ته‌نیا
له‌سه‌ر یه‌ك خاڵ نه‌بێ ئه‌ویش كۆبه‌ندی ئه‌زموونی كه‌مینه و
ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی بوو. به‌ڵام خۆش ئه‌وه‌یه، یان باشتره بڵێین
سه‌رسووڕهێنه‌ر ئه‌وه‌یه، كه ئه‌وكات ره‌خنه‌ی ناوبراو نه‌ك له
"ره‌چاو كردنی سیاسه‌تی زه‌بروزه‌نگ" به‌ڵكوو رێك به‌پێچه‌وانه
له سازشكاری و به‌كار نه‌هێنانی توندوتیژی به‌دژی
ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی كه‌مینه بوو. ئه‌مانه هه‌مووی به‌ده‌نگی
خۆی تۆمار كراوه و ئه‌گه‌ر لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی
بێ‌لایه‌ن بوایه ده‌مانتوانی بیخه‌ینه به‌ر ده‌ستی. كه‌وابێ
ناكۆكییه‌ك، ئه‌ویش نه‌ك له‌سه‌ر هیچ شتێكی سیاسی، نه‌ك له‌سه‌ر
هیچ سیاسه‌تێك، نه‌ك له‌سه‌ر پێڕه‌وی ناوخۆ و شتی له‌و بابه‌ته
كه ئه‌مڕۆ بۆ مه‌به‌ستێكی تایبه‌تی داتاشراون، به‌ڵكوو رێك
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه بۆچی ئێمه به‌قسه‌ی ئه‌ومان نه‌كرد و زۆر
و زه‌بروزه‌نگمان به‌كار نه‌برد هاته ئاراوه. كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشی ناتوانێ له پلێنۆمێكدا خۆی له نه‌قشی رامبۆدا
نیشان دا و له‌وی دیكه‌یان دا ده‌وری چالاكێكی مافی مرۆڤ
بگێڕێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌یكه ده‌رسی ئه‌و پڕه‌نسیپ پارێزی و
راستگۆییه‌ش له كه‌مینه فێر بووبێت.
پێنجه‌م، كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی (له‌وانه‌یه به ته‌گبیری
راوێژكارانی و به قه‌ڵه‌می ئه‌وانیش)، مونازه‌ره‌ی پاڵتاكیی
كاك عه‌بدوڵڵای موهته‌دی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئاغای
داریوش هۆمایوون وه‌كوو خاڵێكی نێگه‌تیڤ و جێگه‌ی ره‌خنه باس
كردووه و له‌وه‌شدا تووشی هه‌ڵه بووه و مونازه‌ره‌ی پاڵتاكی
له‌گه‌ڵ دیدار تێكه‌ڵ كردووه. خۆ به چه‌پ نواندن ئه‌گه‌ر
ساخته و رووكه‌ش بێ، هه‌ڵه‌ی ئاواشی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌و مونازه‌ره‌یه به‌شاهیدیی هه‌موو گوێگرانی، به‌پێچه‌وانه‌ی
وته‌كانی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی، نه‌ك ته‌نیا به‌مانای
لادان له خه‌ت و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌تی كۆمه‌ڵه نه‌بووه،
به‌ڵكوو دیفاعێكی پته‌و له روانگه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه له كێشه‌ی
كورد و له كه‌یسی كورد له ئێران، له كێشه‌ی ره‌وای نه‌ته‌وه
بنده‌سته‌كان و هه‌روه‌ها له دێمۆكراسی و له‌و به‌ها به‌رزانه
بووه كه كۆمه‌ڵه ساڵه‌هایه خه‌باتیان بۆ ده‌كا. ئێمه
قه‌زاوه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌و باس و ململانێ پاڵتاكییه
بۆته هۆی به‌هێز كردنی هه‌ڵوێست و گوتاری خه‌ڵكی كوردستان و
هه‌روه‌ها جێگه و پێگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی له‌نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و
له‌نێو نه‌ته‌وه‌كانی ئێران به‌رز كردۆته‌وه یان به پێچه‌وانه
بووه، ده‌سپێرینه ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی كه گوێیان له‌و مونازه‌ره
گرتووه. تێگه‌یشتنی ناوبراو له‌وه‌ش كه دانیشتنێك له‌گه‌ڵ
داریوش همایون كراوه راست نییه و له‌راستیدا قه‌ت دانیشتن و
دیدارێكی ئاوا رووی نه‌داوه و قه‌تیش گوزارشی ئاوا به پلێنۆم
نه‌دراوه. ئه‌وه‌ی كه كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی یان چاك لێی
تێنه‌گه‌یشتووه یان به‌ئه‌نقه‌ست ده‌یگۆڕێ ئه‌وه‌یه كه
به‌دوای ئه‌و مونازه‌ره‌یه‌دا ئاغای داریوش هۆمایوون هه‌ر له
رێگه‌ی پاڵتاكه‌وه ده‌عوه‌تی به‌چاو پێكه‌وتن كردووه كه
له‌لایه‌ن كاك عه‌بدوڵڵای موهته‌دییه‌وه موحته‌ره‌مانه ره‌ت
كراوه‌ته‌وه. گوزارشی ئه‌مانه‌ش هه‌مووی به‌تۆماركراوی هه‌ن و
هه‌موو ئه‌ندامان و جێگره‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی شاهیدن. با
ئه‌وه‌ش زیاد بكه‌ین كه ئه‌م وتانه مانای پاكانه و پاڕانه‌وه‌ش
نییه، چونكه له جێی خۆیدا هیچ عه‌یب و ئیرادێك له دانیشتنی
رووبه‌روو له‌گه‌ڵ ئه‌ویش نابینین و به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی
كۆمه‌ڵه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی
نازانین. هه‌لومه‌رجی دیداره‌كه و به‌تایبه‌ت ناوه‌رۆكی
باسه‌كانه كه نیشان ده‌دا ئایا دیداره‌كه به‌كه‌ڵك بووه یان
به زه‌ره‌ر كه هه‌ڵوێستی نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه له‌و
مونازه‌ره‌یه‌دا ده‌توانێ نیشان بدا ئه‌گه‌ر به‌فه‌رز دیدارێكیش
ببوایه چۆن و له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك ده‌بوو. خۆ ئه‌گه‌ر به‌راستیش
كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی تێبینییه‌كی له‌سه‌ر ئه‌و مونازه‌ره
و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌بووبێت، پتر له دوو مانگی به‌سه‌ردا تێپه‌ر
ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌و نه به نامه نه به ته‌له‌فۆن و نه دواتر
به قسه، كه‌سی لێ ئاگادار نه‌كردووه و له‌مباره‌یه‌شه‌وه
بێده‌نگ بووه. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه‌ش، بۆ ئێمه جێی
پرسیاره ناوه‌رۆكی ره‌خنه‌كه‌ی چییه با ئێستا باسی بكات.
له‌درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ئه‌وه‌ش راست نییه كه ئه‌و
مونازه‌ره‌یه و شتی له‌و بابه‌ته "به‌بێ هیچ هه‌وڵێكی جیدی
بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزه پێشكه‌وتوو و كۆماریخوازه‌كان و به‌بێ
شكڵ پێدانی یه‌كیه‌تییه‌كی دێمكراسیخوازی" كراوه. تا ئه‌و
جێگه‌ی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر دیداره‌كانی كاك عه‌بدوڵڵای
موهته‌دی، رێك به پێچه‌وانه‌ی بوختانه‌كه‌ی كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشی و هه‌روه‌كوو له پلێنۆم گوزارش درا، ئه‌و له‌گه‌ڵ
ژماره‌یه‌كی باش كه‌سایه‌تیی سیاسی چه‌پ و پێشكه‌وتنخواز و
تێكۆشه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی وڵات دیداری بووه و دیسانیش رێك به
پێچه‌وانه له‌گه‌ڵ هه‌موویان له‌سه‌ر به‌ره یا ئیئتیلافێكی
دێمۆكراسیخوازی گفتوگۆ كراوه و له راستیدا ئه‌مه ته‌وه‌ره‌ی
سه‌ركیی باسه‌كان بووه كه لێره‌دا جێگه‌ی چوونه ناو
ورده‌كارییه‌كانی نییه و هه‌موو ئه‌وانه‌ش گوزارش دراوه و تۆمار
كراوه. به‌راستی نازانین خۆشی ئه‌و راستنه‌وێژی و
چه‌واشه‌كارییه چییه و ئه‌و به‌ڕێزه پێی وایه ئه‌و جۆره
بوختانانه چه‌نده‌ی ده‌وام ده‌بێت؟
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر كاك عه‌به دلێر گوزارشی پێشووی له‌سه‌ر دیدار
و كۆبوونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ كۆماریخوازه‌كان
خوێندبایه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر گوێی له گوزارشی زاره‌كی هه‌ر له‌م
پلێنۆمه‌دا گرتبایه و به ئه‌نقه‌ستیش هه‌وڵی خه‌وشاندنی
راستییه‌كانی بۆ خۆ چه‌پ هه‌ڵخستن نه‌دابایه، ده‌یزانی كه هیچ
دیدارێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی به‌نی سه‌در نه‌كراوه.
كۆبوونه‌وه یان كۆنفرانسێك له وڵاتی ئاڵمان رێك له‌گه‌ڵ
"كۆماریخوازه‌كان" و له‌سه‌ر بانگهێشتی ئه‌وان، ئه‌ویش به‌شی
چه‌پی كۆماریخوازه‌كان به‌ناوی "جمهوریخواهان لائیك و دموكرات"،
گیراوه كه نوێنه‌رانی به‌نی سه‌دریشی تێدا بوون، ئه‌گینا هیچ
دیدارێكی تایبه‌تی له‌نێوان نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه و نوێنه‌رانی
ئاغای بنی سه‌در رووی نه‌داوه. ئه‌وه‌ش بۆ هه‌موو كه‌سێك كه
ئاگای له‌و كۆبوونه‌وه یان كۆنفرانسه هه‌یه روونه كه ئێمه
رێكخه‌ر و بانگهێشتكه‌ری ئه‌و جه‌له‌سه‌یه نه‌بووین و ئێمه‌ش
نوێنه‌رانی به‌نی سه‌درمان ده‌عوه‌ت نه‌كردووه، به‌ڵكوو
ده‌عوه‌ته‌كه له‌لایه‌ن "كۆماریخوازانی دێمۆكراتیك و لائیكه"وه
بووه. سه‌رباقی هه‌موو ئه‌وانه‌ش، هه‌ر وه‌كوو له گوزارشه‌كاندا
باس كرا، نوێنه‌رانی ئێمه به به‌رپرسایه‌تی كاك محه‌مه‌د
میسری ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و جه‌له‌سه‌یه‌دا
جه‌ده‌لێكی سیاسی قورسیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی به‌نی سه‌در
كردووه كه له‌نێو هه‌موو ئه‌و كۆڕوكۆمه‌ڵانه‌ی په‌یوه‌ندیدار
به‌و باسانه‌وه ده‌نگی داوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی
ئێمه داوای ئه‌وه‌یان كردووه كه جارێكی دیكه ئه‌و جۆره
كه‌سانه نابێ رێگه بدرێن بۆ كۆبوونه‌وه‌كانمان له‌گه‌ڵ
كۆماریخوازانی لائیك و دێمۆكرات. كه‌وابێ رێك به‌پێچه‌وانه‌ی
پڕوپاگه‌نده داتاشراوه‌كه‌ی كاك عه‌به دلێر، ئه‌و جه‌له‌سه‌یه‌ش
شانۆیه‌كی داكۆكی له خه‌ت و سیاسه‌ت و پڕه‌نسیپی كۆمه‌ڵه و
دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پێشكه‌وتنخوازی و
دێمۆكراسیخوازی بووه و هه‌وڵ بۆ خه‌وشاندن و چه‌واشه كردنی
ته‌نیا ده‌توانێ ته‌ئیسرێكی كورت خایه‌ن له سه‌ر ئه‌و
خوێنه‌رانه دابنێت كه له چۆنیه‌تی مه‌سه‌له‌كه به‌ئاگا نین و
به روون بوونه‌وه‌ی راستییه‌كان ته‌نیا ئابڕووی درۆزن ده‌چێ.
هه‌روه‌ها ئاماده بوونی كاك عه‌بدوڵڵای موهته‌دی سكرتێری
كۆمه‌ڵه بۆ وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ته‌له‌ڤیزیۆنی تیشك و
وته‌كانی له‌سه‌ر ئه‌و كاناڵه له‌لایه‌ن كاك عه‌به دلێره‌وه
دراوه‌ته به‌ر ره‌خنه و جیاوازییه‌كی سیاسی لێداتاشراوه.
به‌داخه‌وه هیچ قسه‌یه‌ك یان تێبینییه‌كی جیددی له‌سه‌ر
ناوه‌رۆكی ئه‌و وتووێژه دیار نییه، به‌ڵكوو ته‌نیا بوختانێك به
ناوه‌رۆكه‌كه‌ی هه‌ڵبه‌ستراوه، هه‌ربۆیه‌ش ئێمه به‌پێویستی
نازانین كه له‌سه‌ر ناوه‌رۆكی ئه‌و وتووێژانه قسه‌یه‌ك بكه‌ین
به‌ڵكوو لێره‌شدا قه‌زاوه‌ت به خه‌ڵك ده‌سپێرین كه ئایا ئه‌و
وتووێژه به‌زیانی به‌رژه‌وه‌نده‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و
بزووتنه‌وه‌كه‌یان بووه؟ ئایا به زیانی كۆمه‌ڵه و ئیعتیباری
كۆمه‌ڵه بووه یان به‌پێچه‌وانه بۆته مایه‌ی خۆشحاڵی و
ته‌ئیدیان كردووه؟ رای گشتی كوردستان و رۆشنبیران و
سیاسیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش، تا ئه‌و جێگه‌ی ئێمه
بیستوومانه‌ته‌وه، له‌و وتووێژه رازی بوون و جێگه‌ی سوپاس له
به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌شه كه ئه‌و وتووێژه‌یان
رێكخست.
له‌و جۆره قسه فڕێ دان و گومانسازییه
بۆ چه‌واشه‌كاری له‌و نووسراوه‌یه‌دا كه‌م نییه، به‌ڵام هیچیان
نرخیان له‌وانه زیاتر نییه كه تا ئێستا باسمان كرد و بۆیه
به‌پێویستی نازانین له‌سه‌ر یه‌كه‌یه‌كه‌یان بڕۆین و ته‌نیا
دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌مه ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه
ناوه‌رۆكێكی به‌ناو سیاسی بۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی داتاشێ،
به‌خه‌یاڵی خۆی له‌لای به‌عزێك كه‌س خۆی به "چه‌پ" هه‌ڵخا و
بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیش بووه سه‌رنجێك بۆ لای خۆی راكێشێ و
به‌تایبه‌ت سه‌رنجیش له‌سه‌ر كێشه راستییه‌كه كه ره‌سیده‌گی
به خه‌لافكارییه حیزبییه‌كانیه‌تی لابه‌رێ. هه‌روه‌ها بۆ
ئه‌وه بوو كه له "سه‌عاتی سفر"دا بیخاته سه‌ر ئینتێرنێت و
پلانه‌كه‌ی پێ داپۆشێ و پێی بڕازێنێته‌وه.
كێشه‌كه له‌سه‌ر چی بوو؟
ئه‌و خه‌لافكاری و تاوانانه‌ی كه كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی له
ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی رابوردوودا كردوویه‌تی و لێیان
به‌رپرس بووه و له‌م پلێنۆمه‌شدا هاتنه ئاراوه، به‌كورتی
ئه‌مانه‌ن: كاری سه‌ره‌ڕۆیانه و بێ‌پرسی كۆمه‌ڵه، شاردنه‌وه‌ی
راستییه‌كان له ره‌هبه‌ریی كۆمه‌ڵه یان پاساو كردنیان ئه‌و
كاته‌ی كه لێروله‌وێ ده‌ركه‌وتن، لانی كه‌م تێوه گلان،
ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین بڕیار دان و رێكخستنی هه‌ندێك كار و كرده‌وه كه
ده‌چنه خانه‌ی گه‌نده‌كاری و گه‌نده‌ڵكارییه‌وه،
داروده‌سته‌گه‌ری و ئاژاوه‌گێڕی كه هه‌م به دژی به‌رژه‌وه‌ند
و باوه‌ر و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵه‌یه و هه‌م له پێڕه‌وی ناوخۆدا
قه‌ده‌غه‌یه، ته‌شویق به سه‌رپێچی، هه‌ڵخڕاندنی ئیحساساتی
پێشمه‌رگه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ته‌عه‌سوباتی دواكه‌وتووانه‌ی
ناوچه‌گه‌ری به مه‌به‌ستی كه‌ڵك لێوه‌رگرتنی شه‌خسی،
هه‌ره‌شه‌ی قه‌تلی نامووسی نه‌ك یه‌كجار به‌ڵكوو باره‌ها و له
چه‌ندین شوێنی ره‌سمی، به‌گژ یه‌كدا كردنی پێشمه‌رگه‌ی
كۆمه‌ڵه و به‌تایبه‌ت پێشمه‌رگه مه‌ریوانییه‌كان و شه‌ڕ و
ئاژاوه نانه‌وه، كه هه‌موو ئه‌وانه‌ش به مه‌به‌ستی چه‌ت
تێخستن و به‌ربه‌ست كردنی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه و لێپرسینه‌وه‌یه
بوو كه ده‌یزانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه له‌سه‌ری
ده‌ڕوات، دروست كردنی كه‌ین و به‌ینی نهێنی له‌گه‌ڵ
به‌ڕێوه‌به‌رانی كه‌مینه‌ی پێشووی كۆمه‌ڵه و پیلانگێڕی
هاوبه‌ش به دژی كۆمه‌ڵه، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ستێوه‌ردانی لاوه‌كی،
هه‌ڵوێستی نامه‌سئوولانه و دوژمنكارانه له حاست ره‌خنه و
لێپرسینه‌وه‌ی حیزبی كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڵسۆزانه‌ش هاته
ئاراوه و سه‌ره‌نجام هه‌وڵ دان و نه‌خشه رشتن بۆ سه‌پاندنی
ئینشیعابێكی چه‌كدارانه‌ی سه‌راپا بێ‌بنه‌ما و شه‌خسی و دووپات
كردنه‌وه‌ی سێناریۆی كه‌مینه كه خۆشبه‌ختانه پووچه‌ڵ
كرایه‌وه.
بۆ ئاگاداریی هه‌مووان له پلێنۆمی سێهه‌می كۆمیته‌ی
ناوه‌ندیدا كه له خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ، رۆژانی 9 تا 13ی
مانگی ئا‌پریل، له كوردستان به‌سترا، راپۆرتێكی تێروته‌سه‌ل، به
نووسراو و به ورده‌كارییه‌وه، له‌لایه‌ن كاك ئه‌بووبه‌كری
موده‌ریسی به نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه
له‌سه‌ر ئه‌و خه‌لافكارییانه پێشكه‌ش كرا و دواتریش ژماره‌یه‌ك
له هاوڕێیانی دیكه، به نووسراو یان به وته، ورده‌كاری
زۆرتریان له‌سه‌ر باس كرد و به كاك عه‌به دلێریش نۆبه درا و
داوای لێكرا كه وه‌ڵامی ئه‌و لێپرسینه‌وه و ره‌خنانه
بداته‌وه. دیاره ناوبراو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامی هیچ كام له
تۆمه‌ته‌كان و پرسیاره‌كان و ره‌خنه‌كانی نه‌داوه و شێوه‌یه‌كی
دیكه‌ی گرته به‌ر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمانه لێره‌دا باسی
بكه‌ین ئه‌وه‌یه كه ئێمه چ له‌به‌ر مه‌سڵه‌حه‌ت و كه‌رامه‌تی
كۆمه‌ڵه و پاراستنی ئه‌منیه‌ته‌كه‌ی و چ له‌بار پاراستنی
ئه‌منیه‌ت و كه‌رامه‌تی كه‌سه‌كان، له‌وانه خودی كاك عه‌به
دلێریش، ناتوانین ئه‌و جۆره‌ی كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی كۆمیته‌ی
ناوه‌ندیدا باس كرا و روون كردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر درا، هه‌موو
مه‌وریده‌كان و ورده‌كارییه‌كان و ناوه‌كان لێره‌دا له‌گه‌ڵ
خوێنه‌ر باس بكه‌ین، به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێین كه هه‌موو
به‌ڵگه‌كان هه‌ن، شاهیده‌كان هه‌ن، وته‌كانی نێو پلێنۆم هه‌ن و
ئێمه ئاماده‌ین گه‌ر لیژنه‌یه‌ك له دۆستان و دڵسۆزانی
باوه‌رپێكراوی كۆمه‌ڵه یان لیژنه‌یه‌كی وه‌ها له كادر و
ئه‌ندامه دێرینه‌كانی كۆمه‌ڵه ئاماده بن و بێنه‌وه كوردستان،
هه‌موو ئه‌وانه‌یان له به‌ر ده‌ست دابنێین، با بۆخۆیان ببیستن و
ببینن تا له‌سه‌ر راستی و دروستی ئه‌م قه‌زاوه‌ته دڵنیا بن.
به‌له‌به‌ر چاو گرتنی ئه‌و تێبینییه‌وه پوخته‌یه‌ك له‌و
رووداوانه‌ی كه سه‌ره‌نجام كێشایه نێو پلێنۆمی كۆمیته‌ی
ناوه‌ندی باس ده‌كه‌ین. نزیك به پێنج مانگ له‌وه پێش به
ئاگاداریی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه گه‌یشت كه له
سه‌رده‌می ئاژاوه‌گێڕییه‌كانی كه‌مینه‌دا كۆمه‌ڵێك كار له‌ژێر
ناوی مه‌ئموورییه‌تی حیزبی كراوه. چه‌ند هاوڕێِیه‌ك
دوای ئه‌وه‌ی پێده‌زانن كه ئه‌و كارانه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه
بڕیار نه‌دراوه و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵه لێشی ئاگادار نه‌بووه و
ئه‌وان به‌و شێوه‌یه هه‌ڵخه‌ڵه‌تاون، كاك عه‌به دلێر وه‌ك
ئه‌ندامی رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه و داوای
ره‌سیده‌گی به‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌كه‌ن. گه‌رچی كاك عه‌به‌دلێر
به‌لێنیان پێده‌دا كه شكایه‌تی ئه‌و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه
شكایه‌تبه‌رانه له هه‌وه‌ڵین كۆبوونه‌وه‌ی كومیته‌ی ناوه‌ندیدا
بێنێته گۆرێ و لێپرسینه‌وه‌ی لێبكه‌ن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه
ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌ته‌واوی له كۆمیته‌ی ناوه‌ندی
ده‌شارێته‌وه و تا نزیك به سێ مانگیش باسه‌كه لای خۆی
راده‌گرێ. به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ش كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پوشی به گوشارهێنان بۆ شكایه‌تكه‌ران و پشتیوانی كردن له‌و
یه‌ك دوو كه‌سه‌ی به ئاگادارییه‌وه و بۆ قازانجی ماددی و
به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی ئه‌و كاره‌یان كردبوو، به هه‌موو
شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی دا كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌و باره‌یه‌وه
چه‌واشه بكات.
هاوڕێیانی شكایه‌تبه‌ر دوای ئه‌وه‌ی كه له لێپرسینه‌وی كاك
عه‌به‌دلێر ناهومێد ده‌بن و ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ناوبراوه‌وه
داوای بێده‌نگییان لێده‌كرێت، بڕیار ده‌ده‌ن بۆ پاراستنی
به‌رژوه‌ندی باڵای كۆمه‌ڵه و ئیسباتی پاك و خاوێنیی خۆیان،
شكایه‌ته‌كه به‌رنه لای كه‌سێكی دیكه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و
له‌و په‌یوه‌نده‌دا له‌گه‌ڵ كاك به‌همه‌نی عه‌لییار ئه‌ندامی
ده‌فته‌ری سیاسی باسه‌كه ده‌هێننه گۆڕێ. لێره‌دایه كه
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بۆ هه‌وه‌ڵین جار له مه‌سه‌له‌كه ئاگادار
ده‌بێت. لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان، گه‌رچی ناتوانێ هه‌موو
شتێك به‌ته‌واوی روون كاته‌وه، به‌ڵام بێ هیچ گومانێك ده‌ری
ده‌خا كه خه‌لافكاری و بێ‌ئوسووڵییه‌كی جیددی له ئارادا بووه
و دووسێ كه‌سی تێوه گلاون و كاك عه‌به‌دلێریش، به‌هه‌ر
هۆیه‌كه‌وه، ویستوویه‌تی سه‌رپۆشی له‌سه‌ر دابنێ. مه‌سه‌له‌كه
دێته نێو كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و لیژنه‌یه‌ك بۆ
لێكۆڵینه‌وه له‌و بابه‌ته دیاری ده‌كرێ. شایانی باسه كه
هه‌ر له‌م په‌یوه‌نده‌دا به بڕیاری كۆمیته‌ی ناوه‌ندی
پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵه كه ده‌ستی له‌و گه‌نده‌كارییه‌دا
بووه له ریزی كۆمه‌ڵه ده‌ر ده‌كرێت، به‌ڵام كاك عه‌به‌دلێر
له‌جیاتی هاوكاری له‌و په‌یوه‌نده‌دا ده‌كه‌وێته پشتگیرییه‌كی
بێ‌پاساو له‌و كه‌سه و ناكۆكییه‌كی بێ‌مه‌نتیقتر له‌گه‌ڵ
رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه.
كاك عه‌به دلێر كاتێك ده‌زانێ كه كۆمیته‌ی ناوه‌ندی سووره
له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه واقعییه‌تی ئه‌و رووداوانه روون بكاته‌وه
و لێپرسینه‌وه له‌و كێشه‌یه بكات، له‌جیاتی هاوكاری كردن ده‌ست
ده‌داته دووبه‌ره‌كایه‌تی سازكردن و به ئاشكرا و به حوزووری
ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك به
پێداگریی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، هه‌ره‌شه ده‌كا كه به‌زه‌بری
هه‌لخراندنی پێشمه‌رگه مه‌ریوانییه‌كان كۆمیته‌ی ناوه‌ندی
كۆمه‌له بخاته ژێر گوشاره‌وه. ئه‌وه‌ش نه‌ك له تووڕه بوونێكی
كاتی و نه‌ك له دانیشتنێكی خۆماڵیدا، به‌ڵكوو بۆ چه‌ندین جار
له كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌دا له‌لایه‌ن
ناوبراوه‌وه باس كراوه كه له ده‌فته‌ری سووره‌تجه‌له‌ساتی
كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا تۆمار كراوه. ناوبراو به هه‌ره‌شه‌وه
ناوه‌ستێ و به‌كرده‌وه‌ش به‌رده‌وام هه‌وڵ ده‌دا تاقم و
داروده‌سته بۆ خۆی سازكا و له وه‌ڵامی ناره‌زایه‌تیی
ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به ئاشكرا و بێ‌شاردنه‌وه
نییه‌تی خۆی بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی داروده‌سته ئاشكرا ده‌كات و
ته‌نانه‌ت له‌لای دووكه‌س كه ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی كه
بۆ ره‌خنه و ئامۆژگاری بانگیان كردبوو، زۆر به راشكاوی باسی
"ده‌رسه‌كانی" كه‌مینه ده‌كا و سه‌رنجی ئه‌وان بۆ ئه‌وه
راده‌كێشێ كه هه‌ر وه‌كوو فڵانه‌كه‌س توانی به تاقی ته‌نیا
هێزێك له ناو پێشمه‌رگه‌كانی فڵان ناوچه كۆكاته‌وه، منیش
ده‌توانم هه‌مان كارتان به‌زه‌بری پێشمه‌رگه مه‌ریوانییه‌كان له
گه‌ڵ دووپات كه‌مه‌وه. لێره‌دا كاك عه‌به دلێر به‌خه‌یاڵی خۆی
مه‌سه‌له‌كه "تێئۆریزه"ش ده‌كا و باس له ئه‌همیه‌تی جوغرافیا و
هاوشاری‌گه‌ری
له سیاسه‌ت و حیزبایه‌تیدا ده‌كا و ده‌ڵێ كه ئێوه له
سیاسه‌تدا خاون و له‌و راستییه نه‌گه‌یشتوون و هتاد. كاتێك له
لایه‌ن ئه‌و دوو هاوڕێیه‌وه ره‌خنه‌ی لێده‌گیرێ و ناته‌با
بوونی ئه‌و جۆره بوچوونه له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی سیاسیی كۆمه‌ڵه
و هه‌روه‌ها به‌زه‌ره‌ر بوونی ئه‌و هه‌ڵویسته‌ی بۆ كۆمه‌ڵه و بۆ
شه‌خشی خۆشی پێده‌گوترێ، حاشای لێناكا به‌ڵكوو به
راشكاوییه‌وه جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ به‌مافی
خۆمی ده‌زانم.
بێجگه له قێزه‌ون بوونی ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه‌یه و ئه‌و
شێوه‌یه له تێئۆریزه كردنی "تاقم‌سالاری"
له نێو كۆمه‌ڵه‌دا، كه به‌راستیش یه‌كێك له ده‌رسه‌كان یان
باشتره بڵێین ده‌رده‌كانی كه‌مینه بوو، جێگه‌ی ئاماژه‌یه كه
حیسابه‌كانی كاك عه‌به‌دلێر هه‌ڵه له‌كار ده‌رهات چونكه
زوربه‌ی هاوڕێیانی كادر و پێشمه‌رگه‌ی مه‌ریوانی رێك
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بۆچوونه دواكه‌وتووانه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه و
له‌گه‌ڵ خه‌ت و بیروباوه‌ر و فه‌رهه‌نگ و له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی
رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه مانه‌وه و گه‌وره‌ترین كۆسپی سه‌ر رێگای
سه‌رگرتنی چه‌وتكارییه‌كانی ناوبراو بوون.
به‌هه‌رحاڵ، به‌رهه‌رم و ئاكامی ئه‌و هه‌ڵویسته، به كرده‌وه
بوو به دوبه‌ره‌كایه‌تی و ناخۆشییه‌ك له ناو پێشمه‌رگه
مه‌ریوانییه‌كان كه ئه‌گه‌ر ژیری و به‌ده‌ربه‌ستی هاوڕییانی
رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه و هاوڕێیانی پێشمه‌رگه، له‌وانه پێشمه‌رگه
مه‌ریوانییه‌كانیش، نه‌بوایه، دوور نه‌بوو كار بكێشێته جێگه‌ی
ناسك كه قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی هاسان نه‌بوایه. به‌و شێوه‌یه
كاك عه‌به دلێر گه‌وره‌ترین غه‌دری نه ته‌نیا له كۆمه‌ڵه
به‌ڵكوو له مه‌ریوانییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵه، له پێشمه‌رگه‌كان و
له ناو رێكخستنه‌كان، كرد. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له حاڵێكدا كرا كه
ماوه‌یه‌ك پێشتر هه‌ڵگرتنی ئاڵای درۆیینی دڵسۆزی بۆ ناوچه له
لایه‌ن كه‌سانێك له كه‌مینه‌ی كۆمه‌ڵه‌وه به‌رز ببووه‌وه كه
هه‌موو كه‌س ده‌یزانێ چكۆڵه‌ترین دلسۆزییه‌ك و غه‌مخۆرییه‌كیان بۆ
ناوچه‌كه نییه و ته‌نیا وه‌ك ئامرازێك بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان
كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گرن.
زۆر به داخه‌وه هاوكات له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه رێبه‌ری و
كادره‌كانی كۆمه‌ڵه له كۆنگره‌ی 12 و دوا به دوای
ئاژاوه‌گێری و رویشتنی كه‌مینه هه‌وڵی ده‌دا ده‌رس و
ئه‌زموونه‌كانی كه‌مینه كۆبه‌ندی بكات بۆ ئه‌وه‌ی رێگه نه‌دات
جارێكی دیكه ئه‌و چه‌شنه دیارده‌یه دووباره و دووپات
بێته‌وه، وادیاره كاك عه‌به‌دلێر به جۆرێكی دیكه و له
به‌رژه‌وه‌ندی خۆی ده‌رسه‌كانی دیارده‌ی كه‌مینه‌ی فۆرمۆڵه
كردبوو. به تایبه‌ت دوای ئاژاوه‌گیرَییه‌كانی
كه‌مینه باره‌ها له‌ناو كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له ناو هه‌موو
ئه‌نداماندا به ده‌سته‌وه گرتنی ناوچه‌گه‌ری و هه‌ڵخڕاندنی
هه‌ستی دواكه‌وتووانه له‌و بوواره‌دا و به‌تایبه‌ت كردنی به
ئامرازێك بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له كێشه‌ی نێوخۆیی وه‌ك خه‌لافێكی
گه‌وره‌ی سیاسی و حیزبی باسی لێوه كراوه و مه‌حكووم كراوه.
هه‌روه‌ها و له‌و په‌یوه‌نده‌دا دروست كردنی هه‌ر جۆره
ده‌سته‌به‌ندی دروست كردنێك له ناو كۆمه‌ڵه مه‌حكووم كراوه و
كاك عه‌به دلێریش ئیلتیزامی پێبووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای
ئه‌وانه‌ش به هه‌موو توانایه‌وه ده‌ستی داوه‌ته پرۆپاگه‌نده‌ی
دواكه‌وتووانه و هه‌وڵی داوه به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و جۆره
هه‌سته مه‌به‌ستی شه‌خسیی خۆی به‌رێته پێشه‌وه. به‌داخه‌وه
ئه‌و ده‌رسی خۆی نه‌ك له ره‌خنه و له سنووربه‌ندی له‌گه‌ڵ
كه‌مینه، به‌ڵكوو له خودی كه‌مینه و ره‌وشته‌كانی وه‌رگرتبوو.
یه‌كێكی دیكه له ده‌رسه‌كانی كه‌مینه بۆ ئێمه بریتی بوو له
په‌یڕه‌و كردن و جێخستنی فه‌رهه‌نگی به‌رز له هه‌ڵسوكه‌وت له
ناو حیزب‌دا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له زمانی سیاسی و مه‌تین. كاك
عه‌به دلێر وه‌ك یه‌كێك له ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی
له‌ماوه‌ی رابوردوودا به‌پێچه‌وانه به زمانێكی زۆر ناخۆش و
نابه‌جێ چ له گه‌ڵ ئه‌ندامانی كومیته‌ی مه‌ركه‌زی و چ به
تایبه‌ت روبه‌رووی پێشمه‌رگه‌كان قسه‌ی كردوه. ده‌رسێكی
دیكه‌ی ئه‌م ئه‌زموونه ناخۆشه ئه‌وه بوو كه ئه‌ندامانی
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی قسه‌وباسی ناو ئه‌و كۆمیته‌یه به‌شێوه‌ی
سه‌ربه‌خۆیانه نه‌به‌نه ده‌ره‌وه، كاك عه‌به‌دلێر به‌داخه‌وه
له‌م بوواره‌شدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ره‌چاو ده‌كرد.
هه‌روه‌كوو باس كرا، كاتێك كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له رێگای
دیكه‌وه به خه‌لافكارییه‌كانی زانی، كاك عه‌به دلێر له‌سه‌ر
ته‌وزیحاتی ناواقیعی و چه‌واشه‌كاری به‌رده‌وام ده‌بێت، گه‌رچی
له كۆبوونه‌وه‌كانی كومیته‌ی ناوه‌ندی ددان به‌وه داده‌نێ
كه له مه‌سه‌له‌كه ئاگادار بووه و كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ئاگادار
نه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵ ده‌دا پاساوی بۆ بێنێته‌وه و
ده‌ڵێ كه پێی وابووه كه مه‌سه‌له‌كه شتێكی گرینگ نییه
بۆیه باسی نه‌كردووه و له سه‌ر ده‌ور و نه‌قشی خۆی
روونكردنه‌وه‌یه‌ك نادا و له‌جیاتیان به‌خه‌یاڵی خۆی وه‌ك
گوشارێك بۆ سه‌ر كۆمیته‌ی ناوه‌ندی له ئه‌ندامه‌تیی ئه‌و
كۆمیته‌یه و له هه‌موو مه‌سئولییه‌ته‌كانی خۆی ده‌كێشێته‌وه
كه نامه‌كه‌ی به خه‌تی خۆی له‌به‌ر ده‌ستدایه. ئه‌وكات بریار
ده‌درێ كه له هه‌وه‌ڵین پلێنۆمی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا
ره‌سیده‌گی به ئیستیعفاكه‌ی بكرێ و تا ئه‌و كاتیش مه‌جه‌لی
پێویست بۆ لێكۆڵینه‌وه و روون كردنه‌وه‌ی راستییه‌كان ده‌بێت.
ئاخرین كاری تاوانبارانه‌ی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پوشی
پیلانگێران له كاتی پلێنۆمدا ده‌بێت. به‌و زانیاریانه‌ی به
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی گه‌یشتبوو، ناوبراو به هاوده‌ستی و به
ئامۆژگاریی سه‌رانی كه‌مینه، كه له دوو سێ مانگی رابوردوودا
پێكه‌وه نێوانیان كردبووه‌وه، خۆی حازر كردبوو كه ئه‌گه‌ر
ره‌وتی پلێنۆم به ئاره‌زوی ئه‌و نه‌چووه پێش، كه ده‌شیزانی
ناچێته پێش، ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ی خۆیان به لاینگرانی ئه‌و
ده‌زانی له دوو سێ ماڵه‌وه له ئوردوگا ده‌ست بكه‌نه ته‌قه و
ماڵه‌كه‌ی كاك عه‌به دلێریش بكه‌نه سه‌نگه‌ر و به هێنانی
هێزی حكوومه‌تی بۆ ناو ئوردوگا و دروستكردنی "باڵێك" له ناو
كۆمه‌ڵه‌دا به‌خه‌یاڵی خۆیان هه‌مان سێناریۆی كه‌مینه جارێكی
دیكه دووپات كه‌نه‌وه. بڵاو كردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسراوه
"سیاسییه"ش كه له سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا باسمان كرد، لێره‌دا
جێگه‌ی شیاوی خۆی ده‌بینێته‌وه. ئه‌و نووسراوه‌یه بۆیه
ئاماده كرابوو، كه وه‌كوو په‌رده‌یه‌كی داپۆشه‌ر روخساری
دزێوی ئه‌م ئاژاوه‌گێڕییه، ئه‌م گه‌نده‌كارییه، ئه‌م
داروده‌سته‌گه‌رییه كۆنه‌په‌رستانه‌یه، ئه‌م پیلانه، داپۆشێ و
وه‌كوو كێشه‌یه‌كی سیاسی له قه‌ڵه‌می بدا و بۆ ماوه‌یه‌كیش
بووبێت رای گشتی و به‌تایبه‌ت كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی
كوردستانیشی پێ چه‌واشه بكا. هه‌ر كه‌س بچووكترین یاسایه‌كی
كاری حیزبی بزانێت، تێده‌گا كه رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه هیچ
رێگه‌یه‌كی بێجگه له پێش‌گرتن و پووچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی ئه‌و
پیلانه نه‌بوو، ئێمه به‌حوكمی به‌رپرسایه‌تی سیاسی و
ئه‌خلاقی و حیزبیمان نه‌مانده‌توانی و نه‌ده‌بوایه له‌حاست ئه‌و
پیلانه‌دا ده‌سته‌وه‌ستان بمێنینه‌وه.
كاتێك له رۆژی شه‌ممه له سه‌ر یه‌ك شه‌ممه رێكه‌وتی 12ی
ئا‌پریل ئه‌و كاره خه‌لافانه‌ی كاك عه‌به دلێر دێته ده‌ستووری
كاره‌وه و داوای لێده‌كرێ له سه‌ر ئه‌و كارانه
روونكردنه‌وه‌ی خۆی بدات و به تایبه‌تی داوای لێده‌كرێ كه
به گیانێكی هاورێیانه و به پێی سوننه‌ت و فه‌رهه‌نگی
شۆڕشگیرانه‌ی كۆمه‌ڵه هه‌ڵویست بگرێ و رێگایه‌ك بۆ درێژه‌ی
هاوكاری خۆی له گه‌ڵ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بهێلێته‌وه، كاك
عه‌به دلێر به شێوه‌یه‌كی ئێگجار سه‌رسورهێنه‌ر حاشا و نكۆڵی
له هه‌موو ئه‌و خه‌لافه ته‌شكیلاتیانه ده‌كا و رایده‌گه‌ینێ
كه ئه‌مانه ته‌نیا په‌روه‌نده سازییه و به‌س. له حالێكدا هه‌ر
ئه‌و جۆره‌ی ئاماژه‌ی پێكرا له كوبوونه‌وه‌كانی پێشووی
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ددانی به به‌شێك له‌وانه دانابوو و پاساوی
بۆ هێنابوونه‌وه یان وه‌كوو سیاسه‌تێكی دروست تیئۆریزه‌شی
كردبوون، به‌ڵام ئه‌مجاره ته‌نانه‌ت یه‌ك تاقه رسته‌ش ته‌وزیح
نادا. رێك به‌دوای ئه‌و هه‌ڵویسته كوتوپره‌دا كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پوشی راده‌گه‌یه‌نێ كه ئاماده نییه چیدی له
كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شداری بكا و ده‌یه‌وێ پلێنۆم به‌جێ بهێڵێ.
دیاره ئه‌و هه‌ڵوێسته كه زۆر نامه‌سئوولانه و بێ‌مه‌نتیق
ده‌نوێنێ، له‌روانگه‌ی پیلانه‌كه‌ی خۆیه‌وه "مه‌نتیق"ێكی
هه‌بوو. ئه‌و ده‌بوایه خۆی وه‌كوو ئۆپۆزیسیۆنێك بنوینێ كه
قسه‌ی سیاسیی خۆی ده‌ربڕیوه، نه‌چۆته ژێر باری هیچ شتێك،
دوایه‌ش وه‌كوو قاره‌مانێك ده‌ركه‌ی پێكداداوه و هاتۆته ده‌رێ.
گومان له‌وه‌دا نه‌بوو كه به هاتنه ده‌ریشی له‌و
كۆبوونه‌وه‌یه به‌كرده‌وه ده‌ستی ده‌دایه به‌ڕێوه بردنی
پیلانه‌كه. له‌روانگه‌ی ناوبراوه‌وه و له‌و پیلانه‌دا، كه به
هاوكاریی سه‌رانی كه‌مینه كێشابوویان، كاتی "سه‌عاتی سفر"
گه‌یشتبوو. چوونه ده‌ر له پلێنۆم، قوت كردنه‌وه‌ی ناكۆكی
سیاسی له سه‌ر ئینتێرنێت و ئاژاوه‌نانه‌وه له ناو ئۆردووگا به
مه‌به‌ستی راكێشانی هێزه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ نێو
ئۆردووگا، هه‌ركامه‌یان به‌شێك له‌و گه‌ڵاڵه‌یه بوون. له ماوه‌ی
كه‌متر له ده ده‌قیقه‌دا به‌ڵگه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌ركه‌وت: هاوكات و
بۆ ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه‌ی كاك عه‌به‌دلێر رایگه‌یاند كه
چیدی ئاماده‌ی به‌شداری نییه و كۆبوونه‌وه‌كه به‌جێ دێڵێ،
له دوو شوێن له ئوردوگای كۆمه‌ڵه چه‌ند ته‌قه‌یه‌ك ده‌كرێ و
هاوكات هه‌ر خودی ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌قه‌كه‌یان كردبوو به
ته‌له‌فون پێوه‌ندی به هێزی حكوومه‌تی هه‌رێمه‌وه ده‌گرن و
پێیان راده‌گه‌یه‌نن كه له ئوردوگای كۆمه‌ڵه ته‌قه‌یه!! و
خه‌ڵك سه‌نگه‌ریان لێكگرتووه!! له یه‌كێك له‌و ته‌قه كردنانه‌دا
كه ته‌نیا به مه‌به‌ستی ئاژاوه‌نانه‌وه كرابوو یه‌كێك له
كه‌سانی سه‌ر به‌خۆیان قاچی ده‌پێكرێ و به سووكی بریندار
ده‌بێ.
تا ئه‌و جێگایه‌ی كه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر رێبه‌ریی كۆمه‌ڵه،
ئێمه ئه‌وه‌مان به باشتر ده‌زانی كه كاك عه‌به‌دلێر ئه‌و
جۆره‌ی كه شیاوی كادرێكی كۆمه‌ڵه‌یه وه‌ڵامی
لێپرسینه‌وه‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی بداته‌وه، راستییه‌كان به
راشكاوی باس بكات، پێ له هه‌ڵه‌كانی خۆی بنێ، ئه‌و
جێگه‌یانه‌ی كه به پێویستی ده‌زانێ ره‌خنه له خۆی بگرێت و
هه‌وڵ بدات بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و كارانه تا به‌و
شێوه‌یه ئه‌و گرفته وه‌ك كێشه‌یه‌كی ناو حیزبی بمێنێته‌وه،
هه‌موو پرده‌كان نه‌روخێن و رێگاكانی دووباره هاتنه‌وه‌ی
ناوبراو بۆ ناو چاڵاكیی حیزبایه‌تی دانه‌خرێن. له هه‌مان حاڵ‌دا
و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بۆ ئه‌وه ئاماده بووین كه ئه‌گه‌ر
ناوبراو ده‌ستی دایه كاری ئاژاوه‌گێڕی پێشی پێبگرین. كاك
عه‌به دلێر رێگه‌یه‌كی بۆ پشكی یه‌كه‌م نه‌هێشته‌وه. هه‌ر
بۆیه ئاژاوه‌گێران به‌خێرایی چه‌ك ده‌كرێن و ده‌رده‌كرێن و
مه‌جالی جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كه‌یان پێنادرێ.
پلێنۆمی سێهه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندی دوای به‌په‌رچدانه‌وه‌ی
پیلانه‌كه درێژه به كاری خۆی ده‌دا و باقی كاروباره‌كانی
ده‌ستووری خۆی جێبه‌جێ ده‌كا. هه‌ر وه‌ك پێشتریش رامان
گه‌یاندووه، له‌و پلێنۆمه‌دا به دوای ئه‌و پرسیار و ره‌خنانه‌ی
كه له‌لایه‌ن كۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌وه ئاراسته‌ی كرابوو و
نه‌بوونی هیچ جۆره ته‌وزیح و روونكردنه‌وه‌یه‌كی په‌سه‌ند له
لایه‌ن نابراوه‌وه له وه‌ڵامی ئه‌و خه‌لافكارییه
ته‌شكیلاتییه‌یانه‌ی ئه‌نجامی دابوو، هه‌روه‌ها به له‌به‌ر چاو
گرتنی كرده‌وه‌ی پیلانگێڕانه‌ی ناوبراو له ره‌وتی خودی
كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه له‌سه‌ره‌وه باسمان كرد، هه‌موو ئه‌ندامان
و جێگره‌كانی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌تێكڕای ده‌نگ
ئیستیعفانامه‌كه‌ی كاك عه‌بدوڵڵای كۆنه‌پۆشی لێ قبووڵ ده‌كه‌ن
و به‌م جۆره ناوبراو له كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه‌دا نه‌ما.
كۆتایی و سه‌رنجێك
له كاتی لێپرسینه‌وه‌كانی پلێنۆم له كاك عه‌بدوڵڵای
كۆنه‌پۆشی، ناوبراو بۆ یه‌كه‌مین جار ده‌ری بڕی كه ئه‌و
هه‌میشه خۆی له‌گه‌ڵ كه‌مینه و خه‌تی كه‌مینه به نزیك
زانیوه به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئینشیعابه‌كه‌یان نه‌بووه. دیاره تا
ئه‌و كات هه‌میشه پێچه‌وانه‌كه‌ی له كاك عه‌به‌دلێر بیسترابوو
و، هه‌روه‌ك ئاماژه‌مان پێدا، ئه‌و به‌درێژایی كیشَه‌كه‌یان
هه‌میشه خوازیاری توندوتیژی له حاست ئه‌واندا بوو. هه‌روه‌ها
سه‌رانی كه‌مینه‌ش له توولی ئه‌و ده‌وره‌یه‌دا هه‌میشه به
ناشیرین‌ترین شێوه باسیان ده‌كرد و له هیچ خراپه و
سووكایه‌تییه‌ك ده‌رهه‌ق به ئه‌و خۆیان نه‌ده‌پاراست. سه‌ره‌ڕای
هه‌موو ئه‌وانه‌ش جێگه‌ی پرسیاره كه ئایا ئه‌و وته‌یه‌ی كاك
عه‌به‌دلێر سه‌باره‌ت به نزیكی له‌گه‌ڵ "خه‌تی كه‌مینه" هیچ
راستییه‌كی تێدایه؟ به‌بڕوای ئێمه به‌ڵێ، راستییه‌ك له‌و
وته‌یه‌دا هه‌یه.
دیاره نه كه‌مینه خه‌تی هه‌یه و نه كاك عه‌به‌دلێریش
وه‌دوای خه‌ت كه‌وتووه. نووسراوه "سیاسییه"كه‌شی نه‌ك له
رووی روانگه‌یه‌كی سیاسیی راسته‌قینه‌وه، به‌ڵكوو بۆ میدیا و
به‌تایبه‌ت به ته‌گبیری سه‌رانی كه‌مینه بۆ ئه‌وه داڕێژراوه
تا به خۆ قه‌شمه‌ر كردنی چه‌پ به خه‌یاڵی خۆیان ته‌ئسیرێك، یان
ئه‌گه‌ر دڵیان نه‌یه‌شێ كڵاوێك، له‌سه‌ر ته‌یفی كۆمه‌ڵه دابنێن
و له كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشان دردۆنگیان بكه‌ن. ئه‌گینا
چه‌پایه‌تی و ده‌ست تێكه‌ڵ كردن له‌گه‌ڵ سه‌رانی كه‌مینه؟
ئه‌ویش دوای ئه‌و هه‌موو داڕمانی ئه‌خلاقی و سیاسییه
له‌نێویاندا؟ چه‌پایه‌تی و داروده‌سته‌گه‌ری، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی
هه‌ڵخڕاندنی هه‌ستی دواكه‌وتووانه‌ی ناوچه‌گه‌ری؟ ئه‌و
ناوچه‌گه‌رییه ئه‌گه‌ر "راسته‌قینه"ش بووایه و ته‌نیا بۆ
به‌رژه‌وه‌ندخوازیی شه‌خسی و هێز كۆكردنه‌وه‌ش نه‌بووایه،
له‌گه‌ڵ هه‌موو جیهانبینی و باوه‌ر و فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵه
ناته‌بایه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ره‌وتی گه‌شه و ته‌كامولی خودی
كۆمه‌ڵگای كوردستان و ئاستی فه‌رهه‌نگی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی
كوردستان و له‌گه‌ڵ هه‌موو مه‌سڵه‌حه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی
بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد ناته‌بایه و
پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی فه‌رهه‌نگی و سیاسییه و له‌راستیدا
رێك له خزمه‌تی دوژمنانی ئه‌و بزووتنه‌وه دایه كه خوازیاری
پارچه پارچه كردنی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ین. چه‌پایه‌تی و
هه‌ڕه‌شه‌ی قه‌تڵی نامووسی، ئه‌ویش به جیددی و به‌رده‌وامی؟
ئه‌مه زۆرتر له بیركردنه‌وه و ره‌فتاری كه‌س و كاری "دوعا"
ده‌وه‌شێته‌وه تا له‌و ده‌قه رازاوه‌یه‌ی كه نووسیبوویان و
دابوویانه ده‌ست كاك عه‌به‌دلێره‌وه. نه‌خێر، بۆ دۆزینه‌وه‌ی
ئه‌و نزیكییه نابێ نه به‌شوێن خه‌ت و نه به شوێن سیاسه‌تدا
بگه‌ڕێین.
له‌راستیدا كاك عه‌به‌دلێر و سه‌رانی كه‌مینه، سه‌ره‌ڕای هه‌موو
ناكۆكی و كێشه‌یه‌ك، سه‌ره‌ڕای هه‌موو قین و قینكارییه‌ك كه له
قۆناغێك به‌م لاوه له‌نێوانیاندا هاته پێشه‌وه، له
فه‌رهه‌نگێكی دیاریكراودا هاوبیر بوون. هه‌رتكیان كاری حیزبی،
زاڵ كردنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی،
دیسیپلین، گوزارش دان، لێپرسینه‌وه، به‌ڕێوه بردنی بڕیار و
زه‌وابیت و شتی له‌و بابه‌ته‌یان به‌دڵ نه‌بوو، دژی بوون،
به‌رهه‌ڵستكاری بوون و به "بێده‌ست" كردنی خۆیانیان ده‌زانی.
هه‌رتكیان لایه‌نگری "تاقم‌سالاری"
بوون، داروده‌سته‌گه‌ری حیزب ده‌ر حیزب و ته‌كه‌تولیان په‌ره
پێده‌دا، ده‌یانه‌ویست له نێو حیزب‌دا ئه‌فرادی سه‌ر به‌خۆیانیان
هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ده‌یانكۆشا سه‌رچاوه‌ی ماڵی خۆیانیان هه‌بێ.
ئه‌م حاڵه‌ته كرمۆڵی و بێ‌بڕوایی، بوختان و ویته‌ویت، ناكۆكی
بێ‌بنه‌ما و بێ‌پاساو، بیر و كرداری دواكه‌وتووانه و سه‌ره‌نجام
گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌كاری له‌گه‌ڵ خۆی دێنێت. به‌پێچه‌وانه،
به‌بڕوای ئێمه ناسین و ره‌خنه لێگرتن و وه‌لانانی هه‌موو
ئاسه‌وارێكی ئه‌م فه‌رهه‌نگه مه‌رجی سه‌ره‌كیی دروست كردنی
حیزبێكی خاوه‌ن بیروباوه‌ڕ، شۆڕشگێر، پاك و خاوێن، یه‌كگرتوو و
رێك و پێك، شه‌فاف و جێی باوه‌ڕه و هه‌ر ئه‌مه‌ش
ئه‌وله‌وییه‌تیی سه‌ره‌كیی كۆمه‌ڵه‌یه. هه‌ر ئه‌وه
وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی سادقانه‌یه به كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و
به هه‌موو خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان و هه‌ر ئه‌وه‌ش پێشمه‌رجی
هه‌موو سه‌ركه‌وتنه‌كانی داهاتووه.
كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
16ی گوڵانی 1387ی هه‌تاوی، رێكه‌وتی 5ی مانگی مه‌ی 2008ی
زایینی
|