كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
كۆمیته‌ی ناوه‌ندی

Komala Party- Iranian Kurdistan
Central Committee

راگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ساڵی نوێی خوێندن

 

لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەکانء دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن، جارێکی دیکە شەپۆلی بە میلیۆن خوێندکار دەڕۆنەوە سەر خوێندنگاکان‌و ساڵێکی دیکەی خوێندن دەست پێ دەکەن. کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرجەم قوتابیان‌و مامۆستایان، بۆ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ لە خوێندن‌و خۆپەروەردەکردن دەکات‌و هیوای ساڵێکی پڕ دەسکەوتمان لە رەوتی خوێندن‌و خەبات بۆ سەرجەم خوێندکاران‌و موعەلیمانی زەحمەتکێش هەیە.

ساڵی نوێی خوێندن لەکاتێکدا دەست پێ دەکات کە رژیمی کۆماری ئیسلامی بە گشتی‌و دەوڵەتەکەی ئەحمەدی نژاد بە تایبەت، هێشتا لەگەڵ گەلێک قەیرانی هەمەلایەنەی دەرەکی و ناوخۆیی دەستەویەخەن. قەیرانی پەروەندەی ئەتۆمی و ریسوایی رژیم لە ئاستی جیهانیو لە بوارەکانی چالاکی نایاسایی پیتاندنی یۆرانیۆم، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، داڵدەدانو پشتیوانیی تێرۆریزم‌و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە، زیاتر لە هەرکاتێک بەربینگی بە دەسەڵاتدارانی کۆنەپارێزی ئێران گرتووە.

سەرمایەداری دەوڵەتی لە ئێران لەگەڵ قەیرانێکی قووڵی ئابووری، هەڵاوسان، بێکاری‌و شکست هێنانی بەشی هەرەگەوەری ناوەندە بەرهەمهێنەرکان‌و بایکۆتی جیهانی ئابووری بەرەڕوو بۆتەوە، ئەمەش بەرهەم و ئاکامی رانتخواری و کێشەی باندە مافیاییەکانی ئابووری و دەسەڵات لە ئێران لەگەڵ یەکترە کە بەکردەوە، هەم سیستمی سیاسی دیکتاتۆری ئایینی لە ئێران و، هەم کۆمەڵگای بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک پاڵ ناوە. لە دەرەنجامی ئەم ئابوورییە داڕووخاوەی ئێرانە کە کەلێنی زەقی چینایەتی، هەژاری لە رادەبەدەری کۆمەڵانی خەڵک، لەشکری گەورەی بێکاران‌و گوشاری هەمەلایەنەی ئەم هەژاری‌و بێ دەرەتانییە، زۆرتر لە هەرکاتێک بنەماڵە هەژارەکانی گیرۆدەی دەست تەنگی‌و بێ توانایی لە دابینکردنی پێویستییەکانی منداڵەکانیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پووڵی فرۆشی بەرچاوی نەوتی ئێران لە بازاری جیهانی لە دەیان میلیارد دۆلار تێپەڕیوە. لەم نێوەدا دروشمە پۆپۆلیستی و عەوامفریوییەکانی دەوڵەت زیاتر لەهەرکاتێک بۆکۆمەڵانی خەڵک دەرکەوتووە.

لە لایەکی دیکەوە سەرکوتی سیاسی و سیستماتیکی سەرجەم بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانی وەک بزوتنەوەی خوێندکاران، ژنان‌و کرێکاران و گەلانی ستەمدیتووی ئێران، بۆ بێ دەنگکردنی پچووکترین دەنگێکی نەیارو رەخنەگر، ئەشکەنجە کردنی زیندانیانی سیاسی، دەسگیر کردنی رۆژنامەوانانء چالاکانی مەدەنی‌و سیاسی، دەستێوەردان لە کارو ژیانی خسووسی چالاکانی کۆمەڵگا، ئیتر بووە بە ئەرکی هەرکات‌و ساتەی وەزارەتی ئیتلاعات‌و دەزگای قەزایی رژیم. مانگرتنی سەراسەری زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانەکانی ئێران،  پەرچەکردارو کاردانەوەیەکی راستەقینەی دژ بەم هەلومەرجە داخراوەو سوڵتەی هەوسارپساوی رژیمە.

لە وەها هەلومەرجێکدا، توێژی بەرینی قوتابیان‌و خوێندکارانی کۆمەڵگاو بنەماڵەکانیان، لەگەڵ دۆخێکی پڕ لە قەیران‌و نالەباردا بەرەوڕوو بوونەتەوە. دابین کردنی تەنانەت پێویستییە سەرەتاییەکانی خوێندن‌و خەرجی رۆژانەی خوێندکاران، لە ئەستۆی خۆیانە کە ئەوانی ناچار کردووە کە هاوکات لەگەڵ خوێندن، کاری رۆژانەش بکەن. زۆر بنەماڵە هەژار هەن کە تەنیا بەهۆی نەداری، منداڵەکانیان رەوانەی بازاڕی کار کردووەو دەستیان لە خوێندن پێ هەڵگرتوون. زۆرێک لە منداڵانی ئەم کۆمەڵگایە، دەبێ هەردەم دڵساردی بە خەسارچوونی رەنج و زەحمەتکانیان بن‌و حەسرەت بۆ پێشلکران‌و وەدینەهاتنی ئاواتەکانیان بخۆن.

 سیستمی پەروەردەی ئێران لەماوەی سی ساڵی رابردوودا لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی ئیسلامی شیعە، گیرۆدەی کۆنەپارێزترین بەڕێوبەرانی دەوڵەتی بووە کە، دەیان دام‌و دەزگای جاسوسی‌و چاوەدێرییان لە ژێرناوی بەسیج و حەراسەتی قوتابخانە‌و شوێنەکانی خوێندن بۆ دامەزراندووە. بەم پێیە هەم لەناوەرۆک‌و هەم لە ئیدارەکردنیدا، روانگەیەکی کۆنەپەرەستانە زاڵە کە قوتابخانە‌و شوێنەکانی خوێندنی لە جیاتی ناوەندی راهێنان‌و پەروەردەکرنی راستەقینە، بە کردوە کردۆتە قەفەس‌و ناوەندی چاودێریی وردی خوێندکاران‌و زۆرجار سوکایەتی کردن بە کەسایەتی ئەوان. منداڵانی نەتەوە ستەمدیتووەکانی ئێران هەتا ئێستاش نەیانتوانیوە بە رەسمی، بەزمانی دایکی خۆیان بخوێنن. هەربۆیە نیزامی راهێنان‌و پەروەردە لە ئێران لەژێرچاوەدێریی وەزارەتی پەروەرده‌و وەزارەتی ئیتلاعاتدا، نوقمی خەسارو قەیرانێکی هەمەلایەنە بووە.

 نەبوونی مافی دامەزراندنی رێکخراوەکانی ئازادو سەربەخۆی خوێندکاران، نەبوونی مافی مانگرتن‌و هەرچەشنە بەرهەڵستکارییەک لە هەمبەر پێویستییەکانی خوێندکاران، بوارێکی بەرتەسک کراو و داخراوی دیکەی خوێندکارانە کە هەتا ئێستاش وەک مافێکی سەرەتایی  قوتابیان‌و خوێندکاران پێشێل کراوە. هەر دەنگ هەڵبڕینێکی رەخنەگرانەی قوتابیان‌و خوێندکاران لەبەرامبەر ئەم دۆخەدا، لەگەڵ سزاو زۆرجار بێ بەشکردن لە خوێندن و دەرکردن لە شوێنەکانی خوێندن بەرەوڕوو دەبێتەوە.

   دابینکردنی پێویستیەکانی خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابیان، رەخساندنی هەلومەرجی لەبارو بەڕەسمی ناسینی مافی خوێندن بە خۆڕایی، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەو سەرەتاییترین مافی قوتابیان‌و خوێندکارانە. دامەزراندنی ئازادانەی رێکخراوەکانی تایبەت بە قوتابیان‌و خوێندکاران، مافی مانگرتن‌و دەنگهەڵبڕینی ئازادانە لە نێوسیستمێکی راهێنانی گونجاو و هاوتەریب لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان، پاراستنی کەرامەت‌و کەسایەتی قوتابیان‌و خوێندکاران، دەبێ وەک یاسایەکی روون لە کۆمەڵگادا بسەلمێت‌و بەباشی بەڕێوە بچێت. بێگومان خەباتی هەمەلایەنە و بەربڵاوی قوتابیان‌و خوێندکاران بۆ گەیشتن بە هەلومەرجێکی وەهاو ئازادانە، دەبێ لە ناخی کۆمەڵگاوە رێکبخرێت‌و دژ بە سیاسەت‌و هەڵاوردنەکانی کۆماری ئیسلامی وەگەڕبخرێت.

هێزی گەورەی کۆمەڵایەتی خوێندکاران‌و قوتابیان کۆمەلگای  ئێران‌و کوردستان، بە پشتیوانی‌و رێنوێنی موعەلیمانی وشیارو موتەعەهیدی کۆمەڵگا، پاڵنەری گەورەی گۆڕانە لە پێناو گەیشتن بە مافە رەواکانیان. کوانووی گەرمی خەباتی رزگاریخوازانە لە ئێران بە گشتی و کوردستان بەتایبەت، دەبێ زامنی سەرەکی وەدیهاتنی خواستەکان‌و رزگاری لەدەست ستەم‌و چەوسانەوەی دیکتاتۆری زاڵ بێت. با ساڵی نوێی خوێندن بکەین بە رەمزو دەستپێکی بەهێزترکردنی شەپۆلی خەباتی خوێندکاران و قوتابیانی ئازادیخواز بە دژی کۆنەپەرەستی.

 

 

کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

31ی خەرمانانی 1387ی هەتاوی

 

Web: www.komala.org
E-mail:
  

© Komala 2004