|
په‌یامی
کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی کۆمه‌ڵه
له
یادی هونه‌رمه‌ندی شۆڕشگێڕ مه‌رزه‌ی فه‌ریقی دا
ڕۆژی 18ی ئه‌م
مانگه، تێکۆشه‌ری ئازادیخواز و خه‌باتکاری دڵگه‌رمی ڕێگه‌ی ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ریی
خه‌ڵکی کوردستان، ده‌نگی ناسراوی سرووده‌کانی کۆمه‌ڵه و سیمای دیاری خه‌بات له
پێناو یه‌کسانیی مافه‌کانی ژن و پیاودا، مه‌رزه‌ی فه‌ریقی دڵی له لێدان که‌وت. هه‌واڵی
مه‌رگی ئه‌م ژنه تێکۆشه‌ره، له ماوه‌یه‌کی زۆر کورت‌دا وه‌ک شه‌پۆلێکی خه‌م و داخ
به‌رینایی کوردستانی گرته‌وه و، ئه‌وه خۆی نیشانده‌ری ئه‌و ڕاستییه بوو که
مه‌رزیه له گه‌ڵ سرووده‌کانی، له گه‌ڵ چریکه گه‌رمه‌کانی له ستایشی ئازادی
و جوانی و به‌هره‌مه‌ندیدا و، له گه‌ڵ پێکه‌نینه‌که‌ی به ڕووی منداڵه بێنازه‌کانی
وڵاتێکی پڕ له بریندا، ڕه‌گه‌کانی خۆی گه‌یاندبووه ناو دڵی پڕ له ئاوات وئومێدی
جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان. له شار و دێهاتی کوردستان، مه‌رزیه دوای مه‌رگیشی،
ده‌نگی سروودێک بوو له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه له گه‌ڵ شه‌قام و کۆڵانه‌کان ده‌دوا.
مه‌رزه له ده‌روونی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا بیره‌وه‌ریی سڵاوێکی گه‌رمه
که ساڵها له دڵی پڕ ئومێده‌وه بۆ پێشمه‌رگه شۆڕشگێڕه‌کانی ڕێگای ڕزگاری و به‌خته‌وه‌ریی
خه‌ڵکی کوردستانی نارد. مه‌رزیه، له دژوارترین ڕۆژه‌کانی خه‌باتی خه‌ڵکی
کوردستاندا، ده‌نگی به هێزی سه‌نگه‌ره‌کانی خۆڕاگری و هاواری دانیشتوانی شار و
گونده ژه‌هرباران کراوه‌کان و سه‌رزه‌مینه سووتاوه‌کان بوو.
مه‌رزیه، له کۆچی
خه‌ڵکی مه‌ریوان و له ڕۆژانی نه‌ورۆزی خوێناویی سنه‌دا، له کۆڕوکۆمه‌ڵی بنکه‌کان و، له بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌کانی
دواتردا پێگه‌یشت و، له ڕاستیدا بزووتنه‌وه‌ی کوردستان بێشکه‌ی پێگه‌یاندنی هونه‌ری
ناسر و مه‌رزیه‌ی لاو بوو. له کاتێکدا له ناوچه‌کانی دیکه‌ی ئێران، ده‌سه‌ڵاتی
کۆنه‌په‌رستانه‌ی کۆماری ئیسلامی باڵی ڕه‌شی سه‌رکوت و زمانئامانی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌دا
کێشابوو و جلو‌به‌رگی ڕه‌ش و فه‌رهه‌نگی گریان و ته‌عزیه‌ی کردبووه فه‌رهه‌نگی
زاڵ، کوردستانی شۆڕشگێڕ، ببووه مه‌ڵبه‌ندی
خه‌مڵینی فه‌رهه‌نگی ئازادیخوازانه‌ی لێواولێو له شادی و ئومێد به ڕزگاڕی و
ستایشی ژیان و شۆڕشێکی پڕ له جووڵه و ته‌کان. له‌و بزووتنه‌وه فه‌رهه‌نگییه
نوێیه‌دا ناسر و مه‌رزه دوو سیمای هه‌ره دیار بوون.
له ساڵانی
دواتردا، مه‌رزه له تاراوگه‌ش ئه‌م په‌یوه‌نده‌ی خۆی له گه‌ڵ بزووتنه‌وه و خه‌باتی
ئازادیخوازانه پاراست و له ڕۆژانی سارد و خۆڵه‌مێشیی غوربه‌تیشدا، له هه‌رجێگایه‌ک
چه‌ند که‌س بۆ نیشاندانی پشتیوانی له خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان کۆ ده‌بوونه‌وه،
مه‌رزه به دلسۆزی و خه‌مخۆرییه‌کی زۆره‌وه به‌شداریی تێدا ده‌کرد. له کۆبوونه‌وه‌کانی
هاوپشتیی خه‌ڵک له کاتی کۆڕه‌وی خه‌ڵکی کوردستاندا و له هه‌ڵمه‌تی یارمه‌تی
کۆکردنه‌وه بۆ په‌نابه‌رانی کورد له تورکیا و یارمه‌تی کۆکردنه‌وه بۆ منداڵانی
هه‌ژار و بێ سه‌رپه‌رستدا، مه‌رزه به هه‌موو توانای خۆیه‌وه هه‌ڵده‌سووڕا. به‌م جۆره بوو که مه‌رزه، نه‌ک هه‌ر وه‌ک
هونه‌رمه‌ندێکی به‌سۆز، به‌ڵکوو وه‌ک تێکۆشه‌رێکی چالاکیش له مه‌یدانی داکۆکیکردن له ئامانجه‌کانیدا
ئاماده بوو.
هاوڕێی خۆشه‌ویستمان
کاک ناسری ڕه‌زازی!
ئێمه له‌و خه‌ساره
گه‌وره‌یه‌دا، که خامۆشبوونی نیوه‌ی ده‌نگت بوو، شه‌ریکی خه‌متین. کۆمه‌ڵه، به
خامۆشبوونی ده‌نگی مه‌رزه، له هێزێکی گه‌وره‌ی گه‌یاندنی موژده و ئاره‌زووه‌کانی
به جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بێبه‌ش بوو. ئێمه، یادی مه‌رزه، وه‌ک به‌شێک له
مێژووی خۆشه‌ویستی تێکۆشانی کۆمه‌ڵه و وه‌ک سیمایه‌کی ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی
ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد، ڕێز لێده‌گرین.
ماردین و دڵنیا و
کاردۆی خۆشه‌ویست!،
ئێوه جگه‌رگۆشه‌کانی
مه‌رزه‌وناسر، یادگاری بیره‌وه‌رییه ئازیزه‌کانی هه‌موومانن. چۆنیه‌تیی په‌روه‌رده
کردنی ئێوه له ناو خێوه‌ته‌کانی ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا، خه‌مێکی گه‌وره‌ی مه‌رزیه
بوو. داهاتووی گه‌شی ئێوه له ئامێزی خۆشه‌ویستیی خه‌ڵکی کوردستاندا، مایه‌ی خۆشی
و هیوای هه‌موومانه. هیوادارین بۆ ناسری
باوکتان و بۆ ئیمه‌ش هه‌روا هێمای ئومێد به داهاتوو بن.
هه‌روه‌ها، هیوادارین
له‌یلا و مه‌سعوودی ئازیز و هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌و بنه‌ماڵه تێکۆشه‌ره، که
پێشتریش به گیانبه‌ختکردنی هاوڕێی فیداکارمان سووسه‌نی فه‌ریقی خه‌مێکی گه‌وره
له دڵیان نیشتبوو، ئێستاش له خه‌می له‌ده‌ستدانی مه‌رزیه‌دا، هه‌روا خۆڕاگر بن
و، دڵنیا بن که یادی ئه‌و ئازیزانه له
دڵی ئێمه‌شدا، بۆ هه‌میشه سه‌وز ده‌مێنێته‌وه.
جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی
ئازادیخوازی کوردستان!
هاوخه‌میی ئێوه له
مه‌رگی مه‌رزیه‌دا، دیمه‌نێکی دیکه‌ی یه‌کگرتوویی هیوا و خواسته‌کانی خه‌ڵکی
کوردستان بوو. له‌م ده‌رفه‌ته‌دا، جارێکی دیکه‌ش سپاسی هه‌موو ئه‌و جه‌ماوه‌ره به‌رینه
ده‌که‌ین که چ به ناردنی په‌یامی هاوده‌ردی و چ به به‌شداریکردنیان له کۆبوونه‌وه‌کانی
یادکردنه‌وه‌ی مه‌رزیه‌دا، ڕێزیان له تێکۆشانی هاوخه‌باتێکی ناسراوی خۆیان گرت.
دڵنیاین له ڕۆژانی داهاتووشدا، که ته‌رمی بێ گیانی مه‌رزه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
کوردستان تا له شاری سلێمانی ئه‌سپه‌رده بکرێت، کۆبوونه‌وه‌کانمان ده‌بنه نموونه‌یه‌کی
پڕشنگداری دیکه له هاوپشتیی خه‌باتکارانه‌ی خه‌لکی کوردستان.
بژی
یادی مه‌رزه‌ی فه‌ریقی
بژی
ده‌نگی سرووده گه‌رمه‌کانی شۆڕشی خه‌ڵکی ئازادیخوازی کوردستان
کۆمیته‌ی
ناوه‌ندیی
کۆمه‌ڵه‌ی
شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران
22ی
سیپتامبری 2005
|