|
ئه‌وه پارێزگاری له پرێنسیپه‌کانی کۆمه‌ڵه نیه
خالید سیاده‌ت
ڕاگه‌یاندنێک به ئیمزای هه‌شتاو چه‌ند که‌س له ڕابیته له گه‌ڵ ئه‌و
کێشه‌یه‌ی که چه‌ند ڕۆژ له‌وه پێش له ئۆردوگای کۆمه‌ڵه‌دا هاته‌پێشێ
بڵاو بۆته‌وه. نوسه‌رانی ئه‌و ڕاگه‌یاندنه ده‌ڵێن که کاریان به‌وه
نیه که کێشه‌که له سه‌ر چیه و له‌و کێشه‌یه‌دا کێ خه‌تاباره و
هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێن که ناشیانه‌وێ لایه‌نگری له هیچ لایه‌نیک بکه‌ن،
وه‌ک بۆخۆیان ده‌ڵێن ته‌نیا بۆ پارێزگاری له سیاسه‌ت و ڕێبازی
شۆڕشگێرانه و سۆسیالیستی کۆمه‌ڵه ده‌ستیان کردوه به چالاکی ئیمزا
کۆکردنه‌وه.
من به پیویستم زانی له سه‌ر ئه‌و شێوه‌کاره و ئه‌و نوسراوه‌یه له
چه‌ند دێرێکدا بیروبۆچونی خۆم بنوسم. له پێشدا پێویسته
بڵێم که لێره‌دا ڕوی قسه‌م له هه‌مو ئه‌و که‌سانه نیه که ئه‌و
نوسراوهیان ئیمزا کردوه، به‌ڵکو روی قسه‌م له هه‌ڵسوڕاوانی ئه‌و
کاره و نوسه‌رانی ئه‌و نامه‌یه‌یه که تا ئه‌و جێگایه‌ی بزانم هه‌ر
ئه‌و که‌سانه‌ن که چه‌ند ساڵ له‌وه پێش نێوی گروهی وه‌حده‌تی
کۆمه‌ڵه‌یان له خۆیان نابو، له به‌ر ئه‌وه، لێره‌وه ڕوده‌که‌مه
خۆیان و تێبینی و ڕهخنهکانمیان له گه‌ڵ باس ده‌که‌م.
به‌ڕێزان، ئێوه چه‌ند مانگێکه چالاکیه‌کی ئاشکرا و نیوه ئاشکراتان
ده‌ست پێکردوه و تا ئێستا یه‌ک دوو ڕاگهیهندنتان بڵاو کردۆته‌وه و
حه‌ولتان داوه له ڕێگای ئیمزا کۆکردنه‌وه‌وه مه‌شروعیه‌ت و
حهقانیهتێک بۆ خۆتان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن. لێره‌دا ئه‌وه‌ی که جێی
سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ئێوه هیچ باسێک له‌وه ناکه‌ن که ڕێبازی
فیکری و سیاسیتان چیه. خۆتان وه‌کو ته‌نیا واریسان و حه‌قدارانی
ڕه‌وتی کۆمه‌ڵه نیشان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناڵێن که چۆن بیر
ده‌که‌نه‌وه، پرۆژه‌تان چیه. خه‌ڵک لۆمه ده‌که‌ن که له ڕێبازی
سۆسیالیستی و شۆرشگێرانه‌ی کۆمه‌ڵه لایان داوه، به‌ڵام له هیچ
جێیه‌ک ناڵێن که ڕیبازی سۆسیالیستی و شۆرشگێرانه چیه و چۆنه، پێتان
وانیه له‌و بابه‌ته‌وه، هیچ نه‌بێ، به‌و هه‌شتا، نه‌وه‌د که‌سه‌ی که
نامه‌یان بۆ ئیمزا کردون ته‌وزیحێک قه‌رزدارن.
ئیوه له‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی چه‌ند ڕۆژ لهوهپێشتاندا،
هێرشێکی توندتان کردۆته سه‌ر کۆمه‌ڵه و ده‌ڵێن کارمان به‌وه نیه
ئه‌و کێشه‌یه خه‌تای کێیه و چیه و چۆنه، به‌ڵکو ئێوه له ڕێبازی
شۆرشگێرانه و سۆسیالیستی کۆمه‌ڵه لاتان داوه و به‌و هۆیه‌وه
مه‌حکومن و داواتان له هه‌مو خه‌ڵکیش کردوه که له دژی کۆمه‌ڵه
هه‌ستن و ئه‌ڵبه‌ته نامه‌که‌ی ئێوه‌ش ئیمزا بکه‌ن!
به‌ڕیزان، پێش هه‌مو شتێک ئه‌و پرسیاره بۆ خه‌ڵک دێته پێشێ که ئێوه
بۆ چونه‌ته سه‌ر کورسی قه‌زاوه‌ت و به‌و ڕۆژگاره خه‌ریکی ئه‌وه‌ن
بزانن کێ پرێنسیپی شۆڕشگێرانه و سۆسیالیستی کۆمه‌له ده‌پارێزێ و کێ
نایپارێزێ. ئه‌و مه‌رجه‌عیه‌ته و سهڵاحیهتهتان له کوێوه هێنا.
کوا ئه‌سڵه‌ن ئه‌وه وه‌زیفه‌ی سیاسیه بۆخۆتانتان دیاری کردوه، بۆ
دڵتان به‌و جۆره له کاری سیاسی خۆشه. کوا مرۆڤی شۆرشگێر و
سۆسیالیست، که ئێوه به‌رده‌وام باسی ده‌که‌ن به‌وه‌نده وه‌زیفه
بۆخۆی ڕازیه. تا چه‌نده ده‌کرێ نانی چالاکی و پیاوباشی ساڵانی
ڕابۆردو بخۆی، ئێوه له مێژه خه‌ریکن له حیسابی ئیعتیباریهکهتان
خه‌رج ده‌که‌ن. بروا بکه‌ن شۆرشگێری ڕاسته‌قینه واناکا. کۆمه‌ڵه و
بزوتنه‌وه‌ی کوردستان و کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشان پیویستیان به‌وه‌یه
بارێک له سه‌ر شانیان سوک که‌ی. ئیمزا کۆکردنه‌وه و "ئیعلامیه‌ی
شه‌داد و غهلاز" بار له سه‌ر شانی که‌س سوک ناکا. زمانی
ئیعلامیهکهتان و شێوه‌ی کاره‌که‌تان زۆرتر وه‌بیر هێنه‌ره‌وه‌ی
کۆمۆنیستی کرێکاریه تا ره‌وتێکی ڕه‌سه‌ن. ئێوه له کاتوساتێکدا هێرش
ده‌به‌نه سه‌ر کۆمه‌ڵه که که‌مپه‌ینێک له دژی که‌وتۆته ڕێ که
سه‌ری به زۆر جێگای گوماناویه‌وه وه‌سڵه. ئێوه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی
چوار ئیمزای زیاتر له دژی کۆمه‌ڵه په‌ناتان برد بۆ که‌سانێک که
بۆخۆتان ئێمه‌تان لۆمه ده‌کرد که بۆ له ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌دا
وه‌رتان گرتون.
پێتان وایه ته‌نیا ئه‌رکی شۆڕشگێرانه و سۆسیالیستی ئه‌وه‌یه که
دژایه‌تی کۆمه‌ڵه و ئه‌ڵبه‌ته هه‌مو حیزبه سیاسیه‌کان بکه‌ن. پیتان
وانیه ده‌بو جارێکیش ئیمزا له دژی کۆماری ئیسلامی کۆکه‌نه‌وه، پێتان
وانیه ده‌بو ڕاگه‌یاندنێکیش له سه‌ر کوژرانی برایمی لوتفوڵاهی بده‌ن.
پێتان وانیه پرێنسیپی شۆڕشگێرانه ده‌خوازێ که له جیاتی
دوبه‌ره‌کایه‌تی زیاد کردن و تۆوی نه‌فره‌ت پژاندن، بیر له
یه‌کگرتویی و نزیک بونه‌وه بکه‌نه‌وه. له جیاتی بێ هومێدی و
ڕه‌شبینی و بێ ئاسۆیی، مژده‌ی هیوا و گه‌رمی و ڕزگاری بده‌ن.
ئێوه له نوسراوهکهتاندا وای ده‌گه‌یه‌نن که چونکه سه‌رده‌می
لاوی خۆتان له کۆمه‌ڵه‌دا تێپه‌ڕ کردوه، ئێستا هه‌ر که‌س ئه‌و نێوه‌ی
له‌سه‌ر بێ، ده‌بێ ئه‌و شتانه‌ی ئێوه پێتان پرێنسیپه بیپارێزی. به
ڕاستی ئه‌وه مۆدێلیکی نوێ و زۆر لوکسی سیاسه‌ت کردنه که ئێوه له
مانگه‌کانی ڕابۆردودا پێشکه‌شی بازاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتتان
کردوه. سه‌رده‌می لاوی ئێوه و خه‌باتی ئێوه له کۆمه‌ڵه‌دا
ئه‌ڵبه‌ته جێگای ڕێزه، به‌ڵام ئه‌وه ئه‌رکی خۆتانه پارێزگاری
لێبکه‌ن. که‌س سیاسه‌تی ڕۆژانه‌ی خۆی له سه‌ر بنه‌مای پاراستنی
ڕابۆردوی خه‌ڵکی دیکه داناڕێژێ. ئه‌و پارێزگاریهش ئه‌وه نیه که له
جیاتی هه‌مو که‌س له هاوڕێیانی پێشوی خۆتان ڕاست بنه‌وه و به
سه‌رچاوه‌ی هه‌مو خراپه‌یه‌کی دنیایان له قه‌ڵه‌م بده‌ن. ئاخر ده‌بێ
له پێشدا بۆخۆتان مۆدێلێک له کۆمه‌ڵه‌یه‌کی شۆرشگێری به تاقه‌ت و
حه‌وسه‌له‌ی ماندویی نه‌ناسی دڵسۆزی خه‌ڵک بخه‌نه به‌رچاو، ئه‌و جار
بڵێن خه‌ڵکی دیکه ناحه‌قن.
ڕه‌نگ بێ بڵێن که ئه‌وه ڕاست خه‌ریکی ئه‌و کاره‌ین و ده‌مانه‌وێ
کۆمه‌ڵه‌یه‌کی شۆرشگێر و سۆسیالیست دروست بکه‌ین، ئه‌گه‌ر وایه بۆ
ئاشکرای ناکه‌ن. بۆ پلاتفۆرم و به‌رنامه‌ی سیاسی خۆتان ناده‌نه ده‌رێ.
ئێوه بۆ کۆکردنه‌وه‌ی چوار ئیمزای زیاتر په‌ناتان بۆ هه‌مو که‌س برد.
پێوه‌ندیتان به ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌وه گرت که واز بێنن، نێوی
که‌سانێکتان نوسی که تا ڕۆژێک پێشتر ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بوون، په‌ناتان
بۆ ئه‌و که‌مینه‌یه‌ی که به نێوی ڕه‌وتی ڕێفۆرم له کۆمه‌ڵه
جیابونه‌وه برد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌ڵێن ته‌جه‌موعی پێشمه‌رگه
و ئه‌ندامی پێشوی کۆمه‌ڵه‌ن، به‌ڵام نێوی که‌سانێکتان نوسی که هیچ
کاتێک له ڕیزی کۆمه‌ڵه‌دا نه‌بوون. ئه‌وانه ئه‌ڵبه‌ته زۆر موهیم نین
به‌لام له گه‌ڵ شێوه‌کاری سۆسیالیستی و شۆڕشگێرانه نایه‌نه‌وه.
سیاسه‌تی ئینتیزاریش به‌ڕاستی ئێوه ڕه‌چاوی ده‌که‌ن، ڕاده‌وه‌ستن تا
بزانن که‌ی له حیزبێکدا کێشه وئاڵۆزی دێته پێشێ، ئه‌وجار ده‌که‌ونه
جموجۆڵو و تۆڕهکهتان بڵاو ده‌که‌نه‌وه.
به‌ڕێزان، له‌و چه‌ند مانگه‌ی ڕابۆردودا که هێندێک چالاکیتان له
خۆتان نیشان داوه، به ڕاستی نمونه‌یه‌کی باشتان له کۆمه‌ڵه به
ده‌سته‌وه نه‌داوه، نه ته‌حریم کردنی ڕۆژی کۆمه‌ڵه و نه ئه‌و
ڕاگه‌یاندنه‌ی ئه‌م دواییانهتان هیچکامیان لاپه‌ڕه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوی
به مێژوی کۆمه‌ڵه زیاد نه‌کردوه
2008-04-26 |