ئێمه له گه‌ڵ هێرشی سه‌ربازی نین بۆ سه‌ر ئێران
ره‌زا كه‌عبی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
وتووێژی ئاڵای ئازادی
(رۆژنامه‌یه‌كی سیاسی هه‌فتانه‌یه مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان ده‌ری ده‌كات)
ژماره 666 دووشه‌ممه 2006-06-16
دیداری: جمال ئیختیار
ره‌زای كه‌عبی ئه‌ندامی سه‌ركه‌ردایتی كۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرسی تایبه‌ت به ئێران و كوردستان و له دیدارێكی ئاڵای ئازادی دا راشكاوانه وه‌ڵامی دایه‌وه.
ئاڵای ئازادی: به‌گشتی قه‌یرانی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟
ره‌زا كه‌عبی: قه‌یرانی ئه‌تۆمی ئێران به‌شێكه له كێشه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی. ده‌توانم بڵێم دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی ئێران باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ ئا‌مریكا و ئورووپاش تا كۆماری ئیسلامی له كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا ته‌ریك بخه‌نه‌وه. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامی وتی ئه‌گه‌ر بێت و دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی قبووڵ بكه‌ین، رۆژئاوا باسی تێرۆریزم ده‌كات، ئه‌ویش قبووڵ بكه‌ین باسی مافی مرۆڤ ده‌كات و دواییش باسی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئیسرایل ده‌كه‌ن. زه‌ق بوونه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران له چه‌ند ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه هه‌لێكی له‌بار و گونجاوی بۆ رۆژئاوا خولقاند تا گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی زیاتر بكه‌ن. هێنانه گۆڕێی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری هێرش بۆسه‌ر عیراق. یه‌كه‌مین جار، چه‌ند مانگ پێش هێرش بۆسه‌ر عیراق بوو كه رۆژنامه‌یه‌كی چاپی ئا‌مریكا باسی له‌وه كرد كه كۆماری ئیسلامی به نهێنی خه‌ریكی دروست كردنی چه‌كی ئه‌تۆمیه.
هه‌ربۆیه من پێم وایه دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی به‌شێك له كێشه و قه‌یرانێكی زۆر گه‌وره‌تر و قووڵتر له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. ئێستا وا دیاره ناوه‌ندی ئه‌م قه‌یرانه كۆماری ئیسلامیه. هه‌ر هه‌نگاوێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م قه‌یرانه، پاشه‌كشه و سه‌ره‌نجام گۆڕینی ده‌سه‌ڵات له ئێران كه كۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌ت له ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوودا نیشانی دا كه هیچ چه‌شنه له سازان و گۆڕانی پێوه دیار نیه. مانه‌وه‌ی ئه‌م رژیمه زۆرتر و زیاتر له گره‌وی ئه‌وه‌دایه كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نا ئه‌من بمێنێته‌وه، تیرۆریزم و بونیادگه‌رایی ئیسلامی به‌هێز بێت، ئێراق سه‌قامگیر نه‌بێت و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی رژیمێكی ئیسلامی وه‌ك حكوومه‌تی ئیران به‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا وه‌ك ده‌یان ساڵی رابردوو به‌رده‌وام بێت.
ئاڵای ئازادی: ده‌رباره‌ی قه‌یرانی ئه‌تۆمیی ئێران، بۆچی ئێران؟ بۆ نموونه بۆ ئیسرایل نا، كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمیه؟
ره‌زا كه‌عبی: زۆر روونه كه ئه‌وه ته‌نیا ئیسرایل نیه كه خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمیه. له په‌نای ئێرانه‌وه، پاكستانیش خاوه‌نی چه‌كی ئه‌تۆمیه. هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به مانای مه‌ترسیه‌ك بوو بۆ سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاتانی كه‌نداو و دراوسێكانی ئێران. به مانای هه‌ناردنی شۆڕشی ئیسلامی (صدور انقلاب اسلامی) گه‌شه‌ی بونیادگه‌رایی ئیسلامی و تیرۆریزم، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی ئاشتی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌هێزكردن و پڕچه‌ك كردنی حه‌ماس له فه‌له‌ستین بووه و هه‌یه.
ئاڵای ئازادی: ئه‌گه‌ری پێكدادانی نێوان ئا‌مریكا و ئێران، به ڕای جه‌نابتان تا چه‌نده‌یه؟
ره‌زا كه‌عبی: هێشتا زۆر زووه كه قسه له پێكدادانی نێوان ئا‌مریكا و ئێران بكرێ. من پێم وانیه سناریۆی عیراق له ئێران دووپات بێته‌وه. هێرش بۆ سه‌ر چه‌ند شوێنی ده‌ستنشان كرا‌و ره‌ت ناكه‌مه‌وه، به‌ڵام پێم وایه وه‌ك هێرشێكی گه‌وره و چوونه‌وه ژووه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئێراق كرا، له كاتی ئێستادا ناتوانێ جێگای قسه بێت.
ئاڵای ئازادی: ستراتیژی ئا‌مریكا گۆڕینی رژیمی ئێرانه یاخود به‌رگری له ده‌ست پێڕاگه‌یشتنی ئه‌و رژیمه به چه‌كی ئه‌تۆمی و پێكهێنانی گۆڕانكاری له‌ناو رژیمی ئێران‌دا به هێشتنه‌وه‌ی ساختاری ئێستا؟
ره‌زا كه‌عبی: پێم وایه نه ته‌نیا ئا‌مریكا به‌ڵكو ئێستا ئورووپاش له‌سه‌ر گۆڕینی رژیمی ئێران رێكه‌وتوون. له مانگی دووی ساڵی رابردوودا (2005) كه جۆرج بووش سه‌فه‌رێكی چه‌ند رۆژه و به‌رچاوی بۆ ئورووپا كرد، له‌و كاته‌وه خیتابی سیاسیی ئورووپا و ئا‌مریكا له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی، له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆر زوو له یه‌ك نزیك بووه‌وه و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامی، هه‌م ئورووپا راگه‌یاندنی خۆی له‌سه‌ر رژیمی تاران توندتر كردووه و هه‌م ئا‌مریكا تێكۆشا كه به ته‌نیا خۆی تووشی كێشه نه‌كا و به‌ڵكوو له‌گه‌ڵ ئورووپا زۆر هاوئاهه‌نگتر بێت. پاش ئه‌وه سه‌فه‌ره و به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاڵمان، سیاسه‌تی ئاڵمان زۆر گۆڕانی به‌سه‌ر هات. هه‌روه‌ها فه‌رانسه كه هه‌میشه په‌یوه‌ندیی زۆری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی هه‌بوو، سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌كانیان به ئاشكرا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ته‌نانه‌ت شیراك باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌گه‌ر بێت‌و پێویست بێ، به چه‌كی ئه‌تۆمی له تیرۆریسته‌كان ده‌ده‌ن.
له‌و دیداره‌ی بووش له‌گه‌ڵ ئورووپا، له‌سه‌ر گۆڕینی رژیمی تاران رێكه‌وتوون و له‌و كاته‌وه زۆرتر و زیاتر میدیاكانی رۆژئاوا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه كه هه‌ر جۆره گۆڕانێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گۆڕانی رژیمی ئێرانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. راشكاوانه‌تر باسی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمیی ئێران، باسی ده‌ورونه‌خشی كۆماری ئیسلامی له ئێراق، باس له مافی مرۆڤ و پشتیوانی له گه‌لانی ئێران و ئازادی له ئێران ده‌كرێ.
ئاڵای ئازادی: میانه‌ڕه‌وی ئورووپا به‌رامبه‌ر به ئێران یان توندڕه‌وی ئا‌مریكا، كامیان؟
ره‌زا كه‌عبی: هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا، ئورووپا و ئا‌مریكا له‌سه‌ر گۆڕینی رژیمی ئێران رێكه‌وتوون. ئه‌وه‌ی كه له پرۆسه‌ی ئه‌م كێشه‌یه‌دا هه‌ر كامیان چۆن هه‌ڵوێست ده‌گرن، له‌م راستیه كه هه‌ر دوو لا خزمه‌ت به ستراتیژێكی هاوبه‌ش ده‌كه‌ن، هیچ كه‌م ناكاته‌وه.
ئاڵای ئازادی: پێتان وایه كه كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له كۆتاییدا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئێران رێك بكه‌وێت؟ چین و رووسیه چ رۆڵێك ده‌گێڕن؟
ره‌زا كه‌عبی: كۆتایی ئه‌م قه‌یرانه یا قۆناغی یه‌كه‌می ئه‌م قه‌یرانه، گۆڕینی رژیمی ئێرانه. پێم وانیه كوت‌وپڕیش بكرێت. قسه له جۆرێك سازان و چاوه‌ڕوانی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك ناكه‌م، به‌ڵام ئه‌گه‌ر قسه له كۆتایی بێت، ده‌بێ رژیمی كۆماری ئیسلامی بڕوات. رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به مانه‌وه‌ی رژیمی ئیسلامی له ئێران رووی خۆشی و ئارامی نابینێت.
چین و رووسیه‌ش سه‌ره‌نجام رازی ده‌بن؟ ئه‌وان نایانهه‌وێت كۆماری ئیسلامی هه‌رزان فرۆش بكه‌ن. چین كه نایهه‌وێت خۆی تووشی كێشه‌یه‌ك بكات كه هه‌م به‌راده‌یه‌ك له‌و دووره و هه‌م زۆر زه‌ره‌ری پێناگه‌یه‌نێ. به‌ڵام رووسیه جۆرێكی دیكه‌یه. ئه‌م قه‌یرانه راسته‌وخۆ ئه‌ویش ده‌گرێته‌وه. گۆڕینی رژیمی ئێران له كاتێكدا كه هیچ داهاتوویه‌كی روونی نیه، زۆر زۆر ده‌توانێ بۆ رووسیه جێگای مه‌ترسی بێت. هه‌ر بۆیه له قه‌یرانی ئه‌تۆمیی ئێستادا رووسیه دڵ‌نیگه‌رانتره و تا بتوانێ له نیگه‌رانیه‌كانی خۆی كه‌م ده‌كاته‌وه.
ئاڵای ئازادی: ئایا ئێوه وه‌كوو چه‌په‌كان، دژایه‌تی وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی له ئێران ده‌كه‌ن؟
ره‌زاكه‌عبی: "چه‌په‌كان" له دونیای ئه‌مڕۆدا ناتوانی سه‌رنجی ئێمه بۆ رێبازێكی سیاسی و یان بیروبۆچوونێكی دیاریكراو رابكێشی. به‌ڵام هه‌ڵوێستی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ئێمه له‌گه‌ڵ هێرشی نیزامی بۆسه‌ر ئێران نین. ئه‌وه‌ی كه له ئێراق روویدا. به‌ڵام ئێمه به مافی ره‌وای گه‌لانی ئێران و به‌تایبه‌ت گه‌لی كوردی ده‌زانین كه هاوپشتیی جیهانی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات. له قه‌یرانی ئه‌تۆمی له ئێران و له‌و قه‌یرانه قووڵه‌ی كه سه‌رتاپای كۆماری ئیسلامیی داگرتووه و له كاتێكدا كه كێشه‌ی جیهانی زه‌قتر ده‌بێته‌وه، ئێمه ناتوانین به بیانووی دروشمی دژی ئه‌مپریالیستیی ده‌یان ساڵی پێشوو، پشت له گه‌له‌كه‌ی خۆمان و رزگاریی ئه‌و گه‌له بكه‌ین. هه‌ربۆیه ئێمه راشكاوانه رامانگه‌یاندووه كه ده‌بێ كۆماری ئیسلامی بڕوات. له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا هه‌وڵمان داوه جیهان قانیع بكه‌ین كه ده‌ست له رژیمی ئێران هه‌ڵگرن. زۆر جار داوامان له ئورووپا كردووه كه دیفاع له ئێران نه‌كات. ئایا ئێستا كه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستێك ده‌گرێ كه بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازی له ئێران و وبزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستان به‌تایبه‌ت ده‌توانێ كه‌ڵكی گه‌وره‌ی لێ وه‌ربگرێ، ده‌بێ له ده‌ستی بده‌ین؟
ئاڵای ئازادی: تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاراسته سیاسیه‌ن كه ده‌ڵێت هێرشی ده‌ره‌كی ده‌بێته هۆی به‌هێزتر بوونی پێگه‌ی توندڕه‌وه‌كان له ئێران؟
ره‌زا كه‌عبی: رێك به پێچه‌وانه‌وه‌یه. تا ئێستای قه‌یرانی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمی له ئێران، ئه‌وه‌ی كه شاهیدی بووین شكانی توندڕه‌وه‌كانه. راسته له میدیاكاندا هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن، به‌ڵام توندڕه‌وه‌كان هیچ كات له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا وه‌ك ساڵی رابردوو، به‌رامبه‌ر به خه‌ڵك، به پۆشینی لیباس، به هات‌وچۆی كچان و كوڕان و ته‌نانه‌ت به بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌ریه‌كان (تا ئه‌و جێیه‌ی بۆیان كراوه سه‌ركوتیان كردووه) به‌ڵام زۆر جاریش چاوپۆشی ده‌كه‌ن و كردوویانه.
ئاڵای ئازادی: به بۆچوونی جه‌نابتان كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكا چۆن ده‌توانن یارمه‌تی خه‌ڵكی ئێران بده‌ن بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری به‌شێوه‌ی دیموكراتیك؟
ره‌زا كه‌عبی: به پشتیوانیی راشكاوانه له بزووتنه‌وه‌ی دیموكراسیخوازی، له مافی گه‌لان، له مافی كرێكاران و ژنان.
ئاڵای ئازادی: ئێوه چۆن به پیر گۆڕانكاریه‌كانه‌وه ده‌چن، بۆ ئه‌وه‌ی رۆڵی خۆتان به‌جێ بهێنن بۆ چه‌سپاندنی مافی كورد و دیموكراسی له ئێران‌دا؟
ره‌زا كه عبی: كۆمه‌ڵه هه‌وڵ ده‌دات له كوردستان به‌ره‌یه‌كی نیشتمانی به‌هێز له هێزه سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه خۆشناو و تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان پێك بهێنێت. له ئێران‌دا ئێمه زۆر له مێژه قسه له پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی دیموكراسیخوازی ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها ئێمه به‌ره‌یه‌ك له گه‌لانی ئێران بۆ مسۆگه‌ر كردنی مافی گه‌لانی دانیشتووی ئێران له داهاتوودا، به پێویست ده‌زانین.
ئاڵای ئازادی: ده‌كرێ بارودۆخی كوردستانی ئێران و ناره‌زایی خه‌ڵك له رژیم شی بكه‌نه‌وه؟
ره‌زا كه‌عبی: بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، قۆناغێكی هه‌ستانه‌وه و بووژانه‌وه تێپه‌ڕ ده‌كات. به‌تایبه‌ت پاش هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ری له هاوینی رابردوودا، بزووتنه‌وه‌ی سیاسی گه‌شه‌ی كردووه. پانتایی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه هیچ كات له كوردستانی ئێران ئه‌وه‌نده به‌رین نه‌بووه و به‌شێكی زۆر به‌رچاوتری له خاك و دانیشتوانی كوردستان له خۆ گرتووه. ترس له دام‌وده‌زگاكانی رژیم جێی خۆی داوه به خه‌بات و دژایه‌تی راشكاوانه‌ی خه‌ڵك. زیندانه‌كان جێگای خۆڕاگرین. هێزه سیاسیه‌كان له باری ستراتیژیی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌وه هیچ كات ئه‌وه‌نده هاوئاهه‌نگ نه‌بوون. نیدرالیزم بووه‌ته دروشم و ستراتیژی هه‌موو هێزێك.
كۆمه‌ڵگای كوردستانی ئێران له ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا، گه‌لێك ئاڵ‌وگۆڕی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌خۆوه بینیوه. ئه‌م كۆمه‌ڵگایه ئێستا به هیچ جۆرێك له‌گه‌ڵ سی ساڵ له‌مه‌وپێش و له كاتی هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، هاوسه‌نگ نیه. بزووتنه‌وه‌ی سیاسی و رزگاریخوازی و ئاوات و ئاره‌زوو بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی به راستی جێگای سه‌رنجه. پێگه‌ی ژن له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا گۆڕاوه. خوێنده‌واری له ئاستێكی به‌رچاودا گه‌شه‌ی كردووه. بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری له كوردستان، دیارده‌یه‌كی نوێی ئه‌م ساڵانه‌یه. خوێندكارانی كورد له زۆربه‌ی زانستگه‌كانی ئێران‌دا دره‌وشاونه‌ته‌وه. بزووتنه‌وه‌ی رووناكبیری له كوردستان به‌ڕاستی گه‌شه‌ی كردووه. كوردستان زۆرتر و زیاتر بووه‌ته كۆمه‌ڵگایه‌كی رێكخراو. ته‌نیا له شاری سنه 56 ngo هه‌یه. له هه‌موو شاره‌كان چه‌ندین ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بی و رووناكبیری هه‌یه. رۆژنامه‌وانی، چاپه‌مه‌نی، چیرۆك و شیعر، سینه‌ما، په‌یكه‌رتاشی، مۆسیقا، له ئاستێكی به‌رز دایه. شاره‌كان زۆر گه‌وره بوونه‌ته‌وه. هات‌وچۆی خه‌ڵك له كوردستانه‌وه بۆ وڵاتانی جیهان له ئاستێكی به‌رین و به‌رفراوان دایه. ئه‌م ئاڵ‌وگۆڕانه گه‌لێك شوێنه‌واری قووڵ و بنچینه‌یی داناوه. فه‌رهه‌نگی سیاسی گۆڕاوه. ئه‌م ئاڵ‌وگۆڕه كاریگه‌ریی كردووه‌ته سه‌ر هێزه سیاسیه‌كان. حیزبایه‌تی له كوردستان گۆڕاوه. حیزبه‌كان ده‌بێ بتوانن ئاڵ‌وگۆڕی به‌رچاو له ساختاری حیزبی و سیاسی و راگه‌یاندن و هه‌ڵس‌وكه‌وت له‌گه‌ڵ نه‌یارانی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆیان پێك بهێنن. هه‌روه‌ها گه‌لێك دیارده‌ی دیكه كه مه‌جالی باسكردنیان له‌م وتووێژه‌دا نیه.
ئاڵای ئازادی: پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان چۆن ده‌بینن؟ هه‌روه‌ها توانای ئێوه وه‌ك هێزی پێشمه‌رگه و قۆڵی سه‌ربازی له چ ئاستێكدایه؟
ره‌زا كه‌عبی: كۆمه‌ڵه به تایبه‌ت له دوای هاتنه ده‌ره‌وه له حیزبی كۆمۆمیستی ئێران له 6 ساڵ له‌مه‌و پێشه‌وه، به خێراییه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی كردووه. دیار هه‌ل‌ومه‌رجی سیاسیش زۆر یارمه‌تی ئێمه‌ی داوه. له ماوه‌ی 6 ساڵی رابردوودا، كۆمه‌ڵه و رێبازه‌كه‌ی به‌رچاوتر بووه‌ته جێگای باس و لێدوانی هێزه سیاسیه‌كان و ناوه‌نده رووناكبیریه‌كان. باسی فیدرالیزم و به‌ره‌ی كوردستانی له‌م قۆناغه‌دا یه‌كه‌مین جار له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه هاته ئاراوه. جێ و شوێنی سیاسه‌ت و رێبازی كۆمه‌ڵه له بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا زۆرتر له جاران به‌رچاو ده‌كه‌وێت.
بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی پێگه‌ی جه‌ماوه‌ریی كۆمه‌ڵه، به‌راستی ئامارێكی دروستمان نیه. به‌ڵام كۆمه‌ڵه وه‌ك یه‌كێك له دوو هێزی گه‌وره‌ی كوردستان ناسراوه و ئێستا و داهاتووش هه‌ر ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ. به‌ڵام پێم وایه كۆمه‌ڵه زۆر زیاتر توانیوێتی كارێكی وا بكات كه سیاسه‌ت و رێبازه‌كه‌ی ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆرتری هه‌بێت. ئاستی پێشمه‌رگایه‌تی و سه‌ربازیی كۆمه‌ڵه ئێستا بۆ كارێكی و پارتیزانیه و لێره و له‌وێ ده‌توانێ وه‌ڵام ده‌ره‌وه بێ، به‌ڵام بۆ هه‌ستانی جه‌ماوه‌ری و یه‌كلاكه‌ره‌وه، كاری زۆری ده‌وێ، ئه‌ویش له نه‌خشه و سیاسه‌تی ئێمه‌دا هاتووه كه ده‌بێ به خێرایی خۆمان به‌هێزتر بكه‌ین.
ئاڵای ئازادی: دان‌وستان له‌گه‌ڵ ئێران‌دا ده‌كه‌ن یان پێتان وایه رژیم ده‌بێ بڕوخێ؟
ره‌زا كه‌عبی: ئێمه هه‌میشه دان‌وستان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی به مافی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستان و هێزه سیاسیه گه‌وره‌كانی كوردستان ده‌زانین. دانوستانیش كراوه له قۆناغی جۆراوجۆردا. به‌ڵام هه‌ر دانوستانێك ده‌بێ به ئاشكرا و دیاریكراو بێت. ئێمه هیچ كات له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه و مافی چالاكی كۆمه‌ڵه دانوستانمان نه‌كردووه و له‌وباره‌وه هیچ جۆره داخوازیه‌كیشمان نه‌بووه و نیه. به‌ڵام به مافی خۆمان و بزووتنه‌وه‌كه‌ی ده‌زانین ئه‌گه‌ر پێمان وابێ به دان‌وستان ده‌توانین به‌شێك له مافه‌كانی خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌كه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
ئاڵای ئازادی: ئه‌ی بۆ له‌م دواییه‌دا هه‌واڵی ئه‌وه بڵاو بۆوه كه به نهێنی له‌گه‌ڵ باڵیۆزی كۆماری ئیسلامی له به‌غدا كۆبوونه‌ته‌وه؟
ره‌زا كه‌عبی: ئه‌م هه‌واڵه به‌هیچ جۆرێك راست نیه. ئه‌وه‌نده‌ش بێ‌پایه بوو كه ئێمه ته‌نانه‌ت به پێویستمان نه‌زانی وه‌درۆی بخه‌ینه‌وه.
ئاڵای ئازادی: ئه‌مریكا هیچ بانگێشتێكی ئێوه و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌كانی دیكه‌ی ئێرانی كردووه بۆ هاوكاری؟
ره‌زا كه‌عبی: نه‌خێر.
ئاڵای ئازادی: پێكهێنانی به‌ره تا چه‌ند پێویسته بۆ به‌ره‌وپێش بردنی خه‌باتی كورد له كوردستانی ئێران؟
ره‌زا كه‌عبی: پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی له رۆژهه‌ڵات، بزووتنه‌وه‌ی كوردستان ده‌باته قۆناغێكه‌وه كه به‌راستی زۆر جیاواز ده‌بێ. خاڵێكی وه‌رچه‌رخان ده‌بێ. هێز و توانای بزووتنه‌وه‌كه به راستی چه‌ند به‌رابه‌ر ده‌كات.
ئالای ئازادی: باسی رۆڵ و نه‌قشی كۆمه‌ڵه له پێكهێنانی به‌ره‌ی كوردستانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌كه‌ن؟
ره‌زا كه‌عبی: له هاوینی 2003دا كۆمه‌ڵه له كۆنفرانسی خۆیدا، یه‌كه‌مجار باسی به‌ره‌ی كوردستانی كرد. زۆرمان هه‌وڵ بۆ دا. به‌خێرایی پێشوازی لێكرا. له‌ناوخۆی كوردستان و له ده‌ره‌وه. تا ئێستاش بووه به قسه وباسی هه‌موو كۆڕ و كۆمه‌ڵی سیاسی و رووناكبیری. ئێستاش هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین كه به‌ره‌یه‌كی دیموكراتیك، به‌هێز و به ئوسلووبی سیاسی پێشكه‌وتوو و جه‌ماوه‌ری پێك بێت.
ئاڵای ئازادی: په‌یوه‌ندی و كاری هاوبه‌شی ئێوه له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكرات و حیزبه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی ئێران بۆ دروست كردنی به‌ره له چ ئاستێكدایه؟
ره‌زا كه‌عبی: به‌هیچ جۆرێك باش نیه. به‌ڵام به‌راستی كۆمه‌ڵه هه‌وڵی خۆیداوه. ئاماده‌یی و بڕوابه‌خۆیی بۆ هاوكاریی و كاری هاوبه‌ش له كۆمه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كان زۆره. به‌ڵام به‌داخه‌وه وه‌ڵامی گونجاوی خۆمان وه‌رنه‌گرتۆته‌وه.
ئاڵای ئازادی: ده‌ڵێن ئێوه داواتان كردووه (پژاك) له به‌ره‌دا به‌شدار بێت به‌ڵام حیزبی دیموكرات رازی نیه. ئه‌گه‌ر ئێوه زیاتر بفه‌رموون؟
ره‌زا كه‌عبی: نه‌خێر وانیه. نه ئێمه داوامان كردووه و نه حیزبی دیموكرات.
ئاڵای ئازادی: به رای جه‌نابتان به‌ره ده‌بێ چۆن بێت؟
ره‌زا كه‌عبی: به‌ری كوردستانی، له هێزه سیاسیه‌كان و كه‌سایه‌تیه خۆشناو و تێكۆشه‌ره‌كانی كوردستان پێك دێت. به‌ره ده‌توانێ و ده‌بێ یه‌كه‌مین ئه‌زموونی دیموكراتیك، پێكه‌وه ژیان، كۆكردنه‌وه‌ی نه‌یارانی سیاسی له پرۆژه و ستراتیژێكی هاوبه‌ش و به‌ردی بناغه‌ی ده‌سه‌ڵاتێك بێت كه هه‌موو لایه‌نه‌كان به ته‌وافوق له‌سه‌ری پێك دێن. به‌ری كوردستانی له قۆناغی ئێستا و پێش رووخانی رژیم و له قۆناغی دوای رووخانی رژیم رۆڵی جۆراوجۆری ده‌بێت.
به‌ره‌ی كوردستانی به بڕوای من له هه‌ر به‌شێك پێك بێت، نابێ ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆی فه‌رامۆش بكات. به‌ره هه‌ر به ته‌نیا كاریگه‌ری و ره‌نگدانه‌وه‌ی له به‌شێك له كوردستاندا نیه، هه‌ر بۆیه ده‌بێ له جێگا و رۆڵی خۆی زیاتر به ئاگا بێت.
ئاڵای ئازادی: په‌یوه‌ندیی ئێوه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی كوردستانی و سه‌راسه‌ری له ئێران چۆنه؟
ره‌زا كه‌عبی: له كوردستاندا ئاماژه‌م پێكرد، به‌ڵام ده‌بێ زۆر زیاتری بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنی سه‌راسه‌ری، ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه زۆر زۆر به‌ربڵاو و چه‌ند لایه‌نه‌یه. به‌ڵام كۆمه‌ڵه ساڵه‌هایه كه بۆ سه‌راسه‌ری قسه له پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی دیموكراسیخوازی ده‌كات. هه‌وڵمان بۆ داوه. به‌ڵام كۆكردنه‌وه‌ی زۆر كارێكی ئاسان نیه. له به‌شێك له‌م هه‌وڵانه‌ماندا حیزبی دیموكراتیش به‌شدار بووه. له رێگه‌ی ده‌زگای راگه‌یاندنی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی رۆژهه‌ڵاته‌وه، په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ناوخۆی ئێران باشه و ده‌توانم بڵێم له ناساندنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و راكێشانی هاوپشتی بۆ ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه، بێ كاریگه‌ری نه‌بووه.
ئاڵای ئازادی: هه‌ل‌ومه‌رجی كۆمه‌ڵه له تاراوگه و هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هێزه سیاسیه‌كانی كوردستانی باشوور چۆنه؟
ره‌زا كه‌عبی: له تاراوگه رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵه هه‌میشه له هه‌موو جم‌وجووڵێك بۆ دیفاع و پشتیوانی له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه سه‌راسه‌ریه‌كان، له‌قاودانی جنایاتی رژیم و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حیزب و پارلمانه‌كانی وڵاتانی جۆراوجۆردا به‌شدار بووه.