خەڵکی خۆڕاگر و خەباتکاری کوردستان،
ئاپۆڕەی جەماوەری وەزاڵەهاتوو لە ئێران،
زیاتر لە حەوتوویەک لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێت. ئەم خۆپیشاندانانە زۆر زوو بە شارەکانی دیکەدا بڵاوبووەوە و وەک ئاخێزێکی کۆمەڵایەتی، ناوەڕۆکی سیاسی بەخۆیەوە گرت. سەرەڕای ئەوەی کە ڕەوا و ئاشتیخوازانە بوو لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی بوویەوە و بوو بە گۆڕەپانی بەربەرەکانێی خەڵک و سەرکوتگەران لەسەر کۆڵان و شەقامی شارەکان.
بەداخەوە هەتا ئێستا ناوی زیاتر لە ٢٠ کوژراو لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە پشتڕاست کراوەتەوە کە زۆرینەی بەرچاویان لە ناوچە کوردستانییەکان و لوڕستانن. لەدوایین نموونەدا دوێنە لە مەڵەکشایی ئیلام، ناڕازییان بە چەکی قورس هێرشیان کرایە سەر و چەندین شەهید و دەیان برینداری لێکەوتەوە. هەروەها تاکوو ئێستا دەیان کەس بەهۆی سەرکوت و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان بەتوندی بریندار بوون و بارودۆخی هەندێکیان ناجێگیرە. هاوکات سەدان چالاکی مەدەنی و خۆپیشاندەریش بەشێوەی ڕەشبگیر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەستبەسەر و بێ سەروشوێن کراون.
کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندەران بەتایبەتی لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان بەتوندی مەحکوم دەکا و جیاواز لە پێشێلکاری زەقی مافی مرۆڤ، دەستبردن بۆ ئەم ڕێژەیە لە ئاستی توندوتیژی و سەرکوت لە ناوچە کوردستانییەکان بە سەرکوتی سیستەماتیک و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی دەزانێت. لەم پێوەندەدا وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی و هاوخەمی گەرمی خۆی بۆ بنەماڵەی گیانبەختکردووانی ئەم سێ پارێزگایە و هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران، هیوای چاکبوونەوە و تەندروستی بۆ برینداران دەخوازیێت. هەروەها داواکارین گیراوانی ئەم دواییانە بەبێ مەرج و دەستبەجێ ئازاد بکرێن و مافی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتوو بە فەرمی بناسرێت.
بێگومان تاوان و ڕەشەکوژی لەم چەشنە لەلایەن خەڵکی خۆڕاگری کوردستان و لوڕستانەوە بێ وڵام نامێنێتەوە و خوێنی لاوە سەربزێو و قارەمانەکانمان بەفیڕۆ ناچێت. هەروەها هێزە سەربازی و ئەمنییەکان ئاگادار دەکەینەوە، تەمەنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی روو لە کۆتاییەو هەتا رێگەی گەڕانەوەتان لەبەردەستە، ڕیز و ڕێگاتان لە هێزە سەرکوتگەرەکان جیابکەنەوە و چیتر دەستتان بە خوێنی خەڵکی ناڕازی سوور مەکەن. ئێستا کە خەڵک بەدەست زیاتر لە ٤٦ ساڵ ستەمکاری، ناکارامەیی، گەندەڵی، چەوساندنەوە و هەڵاواردن وەزاڵەهاتوون و بەدوای مسۆگەرکردنی ژیانێکی شیاو و سەربەست لە دەسەڵاتێکی دێمۆکرات و سکۆلار و فرەچەشندان، هاوکات ڕژیم دەرەتانێکی نەماوە و لەژێر گوشاری دەرەکیدایە، هەلومەرجەکان بەخێرایی لە ئاڵوگۆڕدان و پێویستە ئێمەی کوردیش بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە و تەیار بین. ئێمە بەتەواوی و بۆ جارێکی دیکە پاڵپشتی خۆمان لە خەڵکی خرۆشاو ڕادەگەینین و دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ خواستە ڕەوا و پێشکەوتنخوازانەکانی خەڵکی کوردستان و هەموو ناوچەکانی دیکەی ئێران.
لە کۆتاییدا لە کۆمەڵگەی جیهانی، وڵاتانی بەرپرس لەهەمبەر بەها مرۆڤانەکان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان داوا دەکەین، لەئاست ئەم سەرکوت و خوێنڕێژیانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبن و بە شێوەی کردەیی پاڵپشتی لە خەڵکی ناڕازی بکەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی
١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی
٤ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی


