پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: سووریا؛ مەیدانی ململانێی هێزەكان
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > وتار > سووریا؛ مەیدانی ململانێی هێزەكان
وتار

سووریا؛ مەیدانی ململانێی هێزەكان

سۆران سەلیمی
دوابەڕۆژکردنەوە: 2023/11/18 at 5:30 PM
سۆران سەلیمی
بڵاوکردنەوە
‫12 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

یادداشتێك دەربارەی داهاتوویەكی ناڕوون

كاتێك لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١دا ناڕە‌زایەتیەكانی خەڵكی سووریە دەستی پێكرد زۆربەی لێكۆڵەران و چاودێرەكان لەو باوەڕە‌دا بوون كە وەكوو توونس و میسر، دەسەڵاتی دیكتاتۆری سووریەش دەڕووخێ و دەسەڵاتێكی نوێ لەو وڵاتە سەقامگیر دەبێت، كەمتر كەسێك بوو كە بوێرێ باسی مانەوەی بنەماڵەی ئەسەد و ئەو شەڕە‌ ناوخۆییە بكات كە دواتر هاتە ئاراوە. بەڵام ئێستا كە نێزیك بە ٧ ساڵ لە یەكەم ڕۆژە‌كانی قەیرانی سووریە تێپەڕ دەبێت نەك بەشار ئەسەد نەڕووخا كەچی شەڕێكی ماڵوێرانكەر بەرۆكی‌ خەڵكی ئەو وڵاتە گرت كە تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ هەزار قوربانی، ١٢ ملیۆن ئاوارە، نزیك ٤ ملیۆن لە دەرەوەی وڵات و ٨ ملیۆن لە ناو خودی خاكی سووریە و هەزاران كەم ئەندام و كاول بوونی بەشێكی بەرچاوی هەموو ژێرخانە ئابووری، كۆمەڵایەتی و مرۆییەكانی لێ كەوتووتەوە. خاڵی لاوازی كۆی هەموو لێكدانەوەكان، نەبوونی خوێندنەوەیكی قووڵ لە پێگەی ستراتێژیكی سووریە لە سیاسەتی ناوچەیی وڵاتانێك وەكوو ئێران و ڕووسیە ‌بوو، یان لانیكەم پێیان وابوو كە ئەو دوو هێزە ناوێرن یان ناتوانن بەو شێوە دەستێوەردان بكەن و بڕۆنە هانای دەسەڵاتی بەشار ئەسەد. بەڵام ڕاستی ئەوە بوو كە شەڕی ناوخۆیی لە سووریە لەلایەك دەرفەت و بیانوویەكی بۆ كۆماری ئیسلامی ڕە‌خساند كە لە لاوازیی حكوومەتی بەعس كەڵك وەرگرێت و بە یەكجار‌ی بوونی خۆی لەوێ بسەپێنێت، لە لایەكی دیكەشەوە بەشداریی توركیه ‌و عەرەبستان هەڕ‌شەیەكی لەسەر نفووزی تاران لەو ناوچە خوڵقاند كە دەیتوانی بە  پرۆژە‌ی “هیلالی شیعی‌” كە خەونی ٤ دەیەی ڕابردووی تاران بوو لەبار ببات؛ ئەویش لە كاتێكدا بوو بە سەرنجدان بە بارۆدۆخی سیاسیی عێراق و ئەو دەرفەتەی لە سووریە پێك هاتبوو، ئێران بۆی دەركەوت كە دەبێت بە هەر نرخێك بێت ئەو مەترسی و هەڕە‌شە بكات بە دەرفەتێكی زێڕین تاكوو بتوانێت ڕێگای “تاران-بەیرووت” هەموار بكات و بەم شێوە باڵادەستیەكی كەم وێنە لە هاوكێشە هەرێمیەكان بۆخۆی مسۆگەر بكات و لە ئەگەری سەركەوتنی پرۆژە‌كەدا‌_ بە هەر نرخێك بێت_ ئێران بە كردەوە دەبووە دراوسێی ئیسراییل و لەلایەكی دیكەشەوە عەرەبستان و توركیەی لە ناوچەكەدا‌ لاواز دەكرد.
لەم نێوانەدا سیاسەتی هەرێمی ئامریكاییەكان و بێلایەن بوونی ئەوان لە ڕووی سەربازیەوە و دواتر دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ڕووسەكان ڕێگایان بۆ پێش بردنی پرۆژەكەی تاران خۆش كرد، ئەگەرچی تەنیا ڕووسەكان لەو هەلوومەرجەدا ڕۆلگێڕ نەبوون، بەڵام بێگومان لە دێسامبری ٢٠١٥دا كە سوپای ڕووسیە بە ئاشكرا، ڕاستەوخۆ و فەرمی هاتە ناو جەرگەی شەڕەكەوە، هاوكێشەكان ئاراستەیەكی دیكەی بە خۆوە گرت و باڵادەستیی هێزەكانی بەشار ئەسەد دەستەبەر كرا. لەو هەلومەرجەدا هێزەكانی ڕ‌كابەری حكومەتی سووریەش بۆ خۆیان گەورەترین هۆكاری سەرنەكەوتنی شۆڕشی گەلانی سووریە بوون. لە ڕاستیدا هێزە عەرەبەكان پێك هاتوون لە ٤ بەشی جیاواز كە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بگەنە ڕێككەوتنێكی نێوخۆیی و پرۆژە‌یەكی هاوبەش پێشكەش بكەن كە لانیكەم بە شێوەیەكی تۆكمە لەلایەن ڕۆژئاواوە پشتیوانی بكرێن، بەتایبەت ئەوەیكە هەر لایەنێك ئەجێندای وڵاتێكی ناوچەكە پێڕەو دەكات. لە كاتێكدا هاوپەیمانیی ناسراو بە “لێژنەی باڵای دانووستانەكان” ناوەندەكەی لە “ڕیاز”ی عەرەبستانە، گرووپی “هاوپەیمانیی نیشتمانی” بنكەی لە ئیستانبۆلی توركیەیه ‌و گرووپی سێهەمیش لە قاهیرەی میسرە كە ئەمەی دوایی خاوەن پاڵپشتی میسر و ڕووسیەیە. چەندین لایەنی بچووكی دیكەش هەن كە بە تەواوەتی لەلایەن مۆسكۆ پشتگیری دەكرێن و هەڵویستەكانیان بەرامبەر بە دەمێشق نەرم و نیانترە. “هێزەكانی سووریەی دیمۆكراتیك” لایەنی دیكەی ئەو قەیرانەن كە ڕوونە هەم لەلایەن ئامریكاوە تا ئێستا پاڵپشتی كراون و هەم لەلایەن ڕووسیەوە تا ئێستاش كێشەیەكی ئەوتۆیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی نەبووە، بەڵام لەم نێوانەدا ئەو گرووپانە كە گەورەترین كێشەیان بۆ هێزە ڕ‌كابەرەكانی حكوومەتی سووریە درووست كرد هێزە تیرۆریستیە ئیسلامخوازەكان بوون كە ” بەرەی نووسرە” یەك لەوانەیە_ ئەو گرووپە دوواتر لە مانگی حەوتی ٢٠١٦دا ناوی خۆی گۆڕا بۆ بەرەی فەتحی شام و سەر بە قاعیدەیە_ كە ئێستاش لە ئیدلیب بوونێكی بەرچاوی هەیە و لەناو نەچووە. بەڵام بەرچاوترین، بەهێزترین و كاریگەرترین هێزی ئیسلامگەرا بێگومان “داعش”ە‌ كە لە سەرەتاكانی ٢٠١٤دا سەری هەڵدا و لە ماوەیەكی كورتدا بەشێكی زۆری خاكی سووریه ‌و عێراقی خستە ژێر ڕكێفی خۆی و تا ئەو جێگایە چووە پێش كە خەریك بوو بەغداش داگیر بكات و لە ئاكامدا بوو بە هۆی پێك هێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئامریكا.
لە ڕاستیدا ئەگەر سەرنجێك بدەینە ڕووداوەكانی ئەو ٧ ساڵە، خاڵی زەقی كۆی ڕووداوەكان سەرهەڵدانی داعشە؛ دیاردەیەكی سەرنجڕاكێش كە ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاوەڕواننەكراو نیە بەڵام بەو شێوە و لەو بازنە كاتیه كورت و خێرایەدا جێگای پرسیار و لێكۆڵینەوەیە بەتایبەت ئەوەیكە دەبینین هاتنی داعش هەموو هاوكێشەكان و تەنانەت هەڵویستەكانی گۆڕا و هەموو وڵاتانی بەهێزی جیهانی گەیاندە ئەو قەناعەتە كە تەركیز بكەنە سەر نەهێشتن و لەناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستیه ‌و قەیرانی نێوان حكوومەتی بەشار ئەسەد و ڕكابەرانی بۆ ماوەی ٣ ساڵ كەوتە پلەی دووی سیاسەتی دەرەوەی ئامریكا و ڕۆژئاوا. لێرەوە، براوەی یەكەمی ئەو دیاردەیە تاران و دەمێشق بوون، گەورەترین بیانووی مۆسكۆ بۆ دەستێوەردان لە سووریە بوونی داعش و تیرۆریستەكانی سەر بە قاعیدە بوو، وزەو توانایەكی زۆری هاوپەیمانان تەرخان كرا بۆ شەڕ دژی داعش و بەم شێوە زۆرێك لەو ناوچانەی لەلایەن ئەو هێزە ئیسلامیەوە داگیر كرابوو، بە هاوكاریی ئێران و ڕووسیە گەڕایەوە ژێر ڕكێفی دەمێشق، واتە هەموو ئەو ناوچانەی كە داعش لە دەستی ڕ‌كابەرانی بەشار ئەسەدی دەرهێنابوو. جگە لەوەش ئامریكا و هاوپەیمانیی دژی داعش، ناچار كرا یارمەتیەكی بەرچاو پێشكەشی هێزەكانی “پ.ی.د”ە‌ بكات كە ئەوەش لە ڕاستیدا بە هیچ شێوەیەك لە بەرژە‌وەندیی توركیە وەكوو ڕكابەری ئێران لە ناوچەكەدا‌ نەبوو واتە قەیرانی سووریە ئەوەندە گەیشتە ئاستێكی ئاڵۆز كە تەنانەت ئامریكاییەكانی ناچار كرد لە زۆر ڕە‌هەندەوە لە بەرژەوەندیی كۆماری ئیسلامیدا دەستێوەردان بكات، كە ئەوەش ڕوانگەی زۆرێك لە لێكۆڵەران و چاودێرانی سیاسیی لەمەڕ پێوەندیەكانی تاران و هێزی داعش پشتڕاست دەكاتەوە. ئەگەرچی دواتریش دەزگای هەواڵگریی ئامریكا “سیا” سەدان هەزار_ نزیك ٦٧٠ هەزار_ بەڵگەی بڵاو كردەوە كە بەشێكیان پێوەندیەكانی تاران لەگەڵ قاعیده ‌و داعش دەسەلمێنێت. كەواتە ئێستا و دوای ٧ ساڵ چی ڕوویداوە و چی لە ئارادایە؟ یەكەم، ئەوەیكە داعش دوای سێ ساڵ نەك بە تەواوەتی بەڵام زیاتر لە ٩٥ لە سەدی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە دەست داوه ‌و دەتوانین بڵێین خەریكە بە تەواوەتی لەناو دەچێت، حكوومەتی بەشار ئەسەد زیاتر لە نیوەی خاكی سووریەی گرتووتەوە، حەڵەب كە یەكێك لە گرنگترین شوێنەكان و یەكێك لە خاڵەكانی دیاریكەری هاوكێشەكان بوو، لە كۆنتڕۆڵی حكوومەتی ناوەندیدایە، بەرەی نووسرە تەنیا لە ناوچەی ئیدلیب بوونێكی بەرچاوی هەیە، هێزە چەكدارەكانی ڕكابەری حكوومەتیش زۆرێك لە ناوچەكانی خۆیان لە دەست داوە. بەڵام لەم نێوانەدا دوو خاڵی گرنگ هەیە، تاكوو ئێستاش هێزە ناڕازیەكان نەیانتوانیوە بگەنە ئەجێندایەكی هاوبەش و هاوپەیمانیەكی بەربڵاوی هەمەلایەنە پێك بێنن دووهەم، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەڵویستی ئەو هێزانە لەمەڕ حكوومەتی كاتی‌ دەگۆڕدرێت و چیدیكە بۆ هێندێك لایەن بەشدار نەبوونی بەشار ئەسەد لەو حكوومەتەدا‌ هێڵی سوور نیە_ بێگومان ئەوە هەڵوێستی هەموو لایەنەكان نییه،‌ بەڵام گۆڕانكاریی بەرچاو لە هەڵوێستی هەموو گرووپەكاندا هاتووتە ئاراوە_ و لە ڕاستیدا دەسەڵاتی ناوەندی دەنگی بەهێزتر بووە لە دانووستانەكاندا و‌ ئەوەش بە هۆی پاڵپشتیی ڕووسیە و ئێران ‌ لە سەر زەوی مسۆگەر كراوە. ڕ‌كابەران تەنیا بە پشت بەستن بە خوێن ڕشتنی ئەم ٧ ساڵه،‌ دیسان لەسەر هەڵویستەكانیان پێداگری دەكەن بەڵام لانیكەم لە كاتی ئێستادا و لە بەراوەرد لەگەڵ سێ ساڵ پێش، ئێستا بەشێكی زۆری هێز و توانای خۆیانیان لە دەست داوە.
لێرەدا دەمەوێت خاڵێك وەبیر بێنمەوە، ئەگەر بمانەوێت هەموو ڕە‌هەندەكانی قەیرانی سووریە بدەینە بەر باس و لێكۆڵینەوه ‌و بۆ نموونە ڕۆڵ و بەرژە‌وەندیەكانی هەر یەكە لە هێزە جیهانی و هەرێمیەكان لەو قەیرانهدا‌ تاوتوێ بكەن و چاوێك بە ڕووداوەكانی ئەم حەوت ساڵەدا بخشێنین و هێزە ڕ‌كابەرەكان و دیاردەكان و سەرهەڵدان و ڕووخانی هەر یەك لە لایەنەكانی ئەو هاوكێشە ئاڵۆزە بخەینە ژێر چاودێری و خوێندنەوەیەكی قووڵەوە_ بەتایبەت لە سەر بنەمای بەڵگه ڕاستەقینە‌كان_ دەتوانین چەندین كتێب و پەرتووك بنووسین، بۆیە هەرگیز ناكرێ و ناتوانین لە وتارێكی كورتدا و بە شێوەیەكی شیاو تیشك بخەینە سەر ئەو پرسە بەڵام وەكوو خاڵی كۆتایی دەبێت ئاماژە‌ بە ڕاستیەكی دیكەیش بكەین.
ڕاستە بە ڕواڵەت و بەپێی هەموو ئەو داتاگەلەی سەرەوە یەكەم، كۆماری ئیسلامی ئێران و دووهەم، دەسەڵاتی بەشار ئەسەد خەریكن لەو قەیرانەدا سەردەكەون و بە تایبەت تاران لەوانەیە خەونی درووست كردنی كەوانەی شیعی بكات بە ڕاستیەكی گۆڕە‌پانی سیاسیی ناوچەكە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەو دوو لایەنە ناتوانن بانگەشە بۆ سەركەوتنی یەكجاریی خۆیان بكەن. یەكەم، ئەوەیكە بە ئێستایشەوە توركیە خاوەن بەرژە‌وەندیەكی بەرچاو لە هەرێمەكەیه ‌‌و ئامادە نابێت بە ئاسانی واز لەوە بێنێت، بەتایبەت كە ڕووسەكان بۆ لاوازكردنی پێگەی ئامریكا لە ناوچەكە پێویستیان بە توركیە هەیە و كۆبوونەوەی سێ قۆڵیی ڕووسەكان لەگەڵ تاران و ئانكارا و تا ڕادەیەكی زۆر ڕاهاتن و رێككەوتن لەگەڵ توركەكان، ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت. دووهەم، ئەگەرچی و‌ادیارە عەرەبستان لەو قەیرانەدا پێگەی لاواز بووە بەڵام بێگومان ئەو وڵاتە بە هۆی هێزی ئابووریی خۆی و نفووزی لەناو دەو‌ڵەتانی عەرەب هەم بۆ ئامریكا و هەم بۆ ڕووسەكان خاوەن گرنگیی تایبەته ‌و لە ئاكامدا دەبێت هەر بەرژە‌وەندیەكانی بە شێوەیەك بپارێزرێت. خاڵی سێهەم كە زۆر چارەنووس سازە، ڕۆڵی هاوبەشی مۆسكۆ-واشینگتۆنە لەو هاوكێشەیەدا‌. دوایین چاوپێكەوتنی پووتین و ترامپ و ئەوەیكە تەنیا ڕاگەیاندرا لەسەر چارەسەریی ئاشتیانەی كێشەی سووریە ڕێككەوتن و هیچ ئاگاداریەكی زیاتر نەدركا، زۆر گریمانەی هێناوەتە ئاراوە كە ئەو دوو دەسەڵاتە جیهانیە قەناعەتیان هێناوە كە بە شێوەی دڵخوازی خۆیان كۆتایی بەو شەڕە بهێنن و بەرژە‌وەندیی دوولایەنەیان مسۆگەر بكەن. بێگومان بەرژە‌وەندیەكانی ئامریكا كە ئاسایش و بەرژە‌وەندیی “ئیسراییل”یش لە خۆوە دەگرێت، ناتوانێت لەگەڵ خەونی لە مێژینەی “كەوانەی شیعی‌” یەك بگرێتەوە. ئەوەش لەبیر نەكەین كە ڕووسەكان لەگەڵ ئیسراییل پێوەندیەكی زۆر دۆستانەیان هەیە و مێژووی ڕووسەكانیش سەلماندوویەتی‌ كە هەر كات پێویست بكات دەتوانن هاوپەیمانەكانی خۆیان بكەنە قوربانیی بەرژەوەندیی خۆیان؛ ئەوەش لە كاتێكدایە كە هێندێك سەرچاوەی نزیك لە حكوومەتی ڕووسیە لەو باوەڕەدان كە مانەوەی بەشار ئەسەد چیدیكە هێڵی سووری مۆسكۆ نیە و ڕووسەكان تەنیا دەیانەوێت ئەو قەیرانە بە زووترین كات كۆتایی پێبێت بەو مەرجەی بتوانن بە پاراستنی بەرژە‌وەندیەكانیان قەرەبووی تێچووی ئەو شەڕە‌ بكەنەوە كە‌ بەپێی هێندێك سەرچاوە ڕۆژانە یەك ملیۆن دۆلاری ناوەتە سەر دەستی ئابووریی ڕووسیا كە لە ئێستاشدا ئابوورییەكەی له ‌بارۆدۆخێكی باشدا نیە. لە ڕاستیدا، دەتوانین بڵێین ڕووسەكان و ئێرانیەكان خاوەن هیچ بەرژە‌وەندیەكی ستراتێژیك نین و تەنیا هەلومەرج تارانی ناچار كردووە پشت بە ڕووسیە ببەستێت و ڕووسەكانیش بە هەموو شێوەیەك لەو هەلومەرجە سوودیان وەرگرت، بەڵام بێگومان لە كاتی بەشكردنی دەسكەوتەكاندا ڕووسیە زۆرتر پێیخۆشە لەگەڵ ئامریكا ڕێبكەوێ تا ئەوەیكە تاران بكات بە هاوبەشی خۆی.
لە كۆتاییدا، دەبێت بلێین كە ئەگەرچی لە هەموو ڕەهەندەكانەوە، قەیرانی سووریە گۆڕانێكی بنەڕە‌تیی بەسەردا هاتووە، بەڵام بە ئێستایشەوە جگە لە ڕووسیە هیچ لایەنێك براوەی حاشا هەڵنەگری ئەو پڕۆسەیە نییە و دەبێت چاوەڕوان بین بزانین دەرەنجامی دانیشتنەكانی “ژنێڤ” بە كوێ دەگات.

سۆران سەلیمی 18/11/2023 07/12/2017
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٩٠
ڕۆژنامە 21/04/2025
ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٨٩
ڕۆژنامە 27/03/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دۆخی ورمێ
ڕاگەیاندن 24/03/2025
ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەمە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 16/03/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?