پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: پەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > ڕاگەیاندن > پەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی
ڕاگەیاندن

پەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوابەڕۆژکردنەوە: 2023/11/18 at 7:26 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
بڵاوکردنەوە
‫5 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

كۆمەڵانی تێكۆشەری خەڵكی كوردستان، خۆشك و برایانی خۆشەویستم، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، دایك و باوكە بەڕێزەكان، پێشمەرگە دێرینەكان، كچان و كوڕانی خەباتكار، دۆستان و ئازیزان، گەلی سەربەرزی كورد، نەورۆز و ساڵی تازە لە هەمووتان پیرۆز.
نەورۆز ساتی نوێ‌ بوونەوە و بووژانەوەیە، ڕەمزی هاتنەوەی تینی ژیانە بۆ لەشی ساردەوەبووی سروشت و هێمای سەركەوتنی ڕووناكی و دەروشانەوە بەسەر تاریكی و كەسیرەیی دایە. با لەم ساتەدا ئێمەش گەشی و سەركەوتن بۆ یەكتری بە ئاوات بخوازین. با بە جامانەی خەباتكارانە و گوڵی سووری هیواكانمانەوە، بە دڵی خۆش و پڕ لە هیوا و بەسەری بەرزەوە دەست لەناو دەستی یەكتری، بەپانایی هەموو كوردستان، ڕۆژی نەورۆز بكەین بە رۆژی شایی و دیلانی گشتیمان، با نەورۆز بكەین بە ڕۆژی ئاشتەوایی و كرانەوەی دڵمان بەرامبەر بەكتر، بێكەین بە رۆژی پتەو كردنەوەی پەیوەندیمان لەگەڵا یەكتر، بەكورتی بیكەین بە بۆنەی یەكگرتووییمان.
با ئاگری نەورۆز وەكوو چرایەك شەوەزەنگی تاریكیمان بۆ دڕ بدا و بەرچاومان ڕوون بكاتەوە، با ئاهەنگی نەورۆزی كوردەواری پیر و لاو بێنێتە جۆش و فەرهەنگی گەش و پێشكەوتوومان بە نەسلی نوێ‌ بناسێنێت. با ئاڵای كوردستان دەسرۆكەی سەرچۆپیمان بێت، جامانە و هەوری شان و ملمان بڕازێنێتەوە و گوڵی سوور بكەینە یادگاری ئەو ئازیزە گیانبەختكردووانەمان كە بۆ شادی و بەختەوەری گەل خۆیان بەخت كرد.   
با نەورۆز بانگی دادپەروەری و ئازادیخوازی گەلی دێرینی كورد بەدنیادا بڵاو كاتەوە و منداڵا و نەوەی نوێیمان بەو سرود و دروشمانە گۆش كا، با نەورۆز ببێتە هێمای یەكگرتوویی لەشكان نەهاتوومان، رۆژی بڕوا بەخۆییمان و رۆژی نیشاندانی ئیرادەی نەتەوەییمان، با نەورۆز ببێتە مژدەبەخشی داهاتووی گەشمان، با نەورۆز ببێتە رۆژی شەكانەوەی ئاڵای سەوز و سوورمان.   
نەورۆز هەمیشە لە كوردەواریدا خۆشەویست بووە، بە هێنەری تین و تەوژمی نوێ‌ ناسراوە و بەگەرمی پێشوازی لێكراوە، با بە كردنەوەی ئاگری نەورۆز لە زۆرترین شوێنەكانی هەموو گوند و شارەكانی كوردستان، رێز لەو فەرهەنگە خۆشەویستە بگرین و ئەو نەریتە بسپێرینە دەست نەسلی تازەشمان.
لەبیرتانە لە پەیامی نەورۆزی پارەكەدا رامگەیاند كە: دڵنیا بن كە دوژمنانی ئازادی و بەختەوەریمان لەئێستادا گەورەترین تەنگژەی هەموو ژیانی نگریسیان تێپەڕ دەكەن، زۆری نەماوە جێیان پێ‌ لەق بێ‌ و شیرازەیان لێ‌ تێك بچێ‌، دڵنیا بن ئەو كاتەی قەڵای بەڕواڵەت لەشكان نەهاتووی دیكتاتۆری هاتە داڕمان، خۆتان پێتان سەیر دەبێ‌ كە تا چ ڕادەیەك كولۆر و پرتووكاو بووە و بەخۆتان دەڵێن بۆ ئێمە وا دێر جووڵاوینەتەوە.
ئەمساڵا رێك ئەو دۆخە هاتە ئاراوە و بەربڵاوترین بزووتنەوەی ئەم چل ساڵە بەدژی رژیمی كۆماری ئیسلامی لە مانگی بەفرانباردا هاتەدی و دەیان شاری گەورە و بچووكی ئێران دەنگی گۆڕانگارنخوازی خۆیان بە هەموو دنیا گەیاند. ئەو سەرهەڵدانە گەورەیە، كە پێدەچێ‌ سەرەتایەك بێت بۆ كۆتایی زستانی دیكتاتۆری، ئەفسانەی لەشكان نەهاتوویی رژیمی پووچەڵا كردەوە، سام و هەیبەتی شكاند و مەشروعیەتی لەبەرچاوی دنیا بۆ نەهێشتەوە.
هیوادارم نەورۆزی داهاتوومان نەورۆزی ئازادی بێت و هەموومان بە شادی و یەكگرتوویی بتوانین بەتێكڕا بڵێین:
 ئەو رەنگە سوورە بوو كە لە ئاسۆی بڵندی كورد،
موژدەی بەیانی بە گەلی دوور و نزیك ئەبرد.
 هەرچەند ئەمساڵا تەوژمی گەورەی خەبات بۆ ئازادی لە هەمیشە زیاتر بەرۆكی بە دەسەڵاتدارانی كۆنەپەرست گرتووە و ئاسۆی خەباتمان لە هەمیشە روونترە، بەڵام هیچ سەركەوتنێك بێ‌ تێكۆشان و ماندوو بوون بەدەست نایە و هیچ ئازادییەك و هیچ مافێك بەبێ‌ نرخ نییە. هەموو شتێك بەستراوەتەوە بە تێكۆشانی خۆمان، بە ورەی بەرزی خۆمان، بە یەكگرتووییمان، بەرێكخراوبوونمان، بەرێباز و سیاسەتی دروستمان.
هاوڕییان، هەر وەك لە پەیامی بیست و شەشی رێبەنداندا بەڵێنمان دا، جارێی دیكەش هەمووان دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ سەختی و بەربەستێك و هیچ پیلانێكی رژیمی كۆماری ئیسلامی، لە ڕێ‌ لامان نادا و كۆڵمان پێ‌ نادا. كۆمەڵە لەسەر پەیمانی شۆڕشگێڕانەی خۆی سوورە، بەرپرسایەتی مێژوویی خۆی بەڕوونی دەناسێ‌ و پێداگری لەسەر دەكا، وەكوو هەمیشە بەرچاوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان روون دەكاتەوە، رێگەی دروستی خەبات دەنوێنێ‌ و بۆخۆشی بوێرانە لە رێزی پێشەوەی ئەو خەباتەدا بەرەو سەركەوتن رێ‌ دەپێوێ‌.   
ئێوەش لاوانی خۆشەویست، نەسلی نوێی خەباتكاری كوردستان، بەسەر و دڵی خۆش و شێلگیرتر و پتەوتر لە هەمیشە وەرنە ریزی خەباتی پڕ لەشانازی كوردستانی شۆڕشگێڕتان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕتانەوە. بزانن كە ئێستا ئاسۆمان لەهەمیشە روونترە، دوژمن لە هەموو كاتێك زەلیلترە و فرسەتێكی مێژوویی بۆ هەموو خەڵكی ئێران هەڵكەوتووە، بەڵام ئەوەش بزانن ئازادی گەوهەرێكی گرانبەهایە، بەڵام نرخێكی سەنگینیشی هەیە و بەخۆڕایی دەست هیچ میللەتێك ناكەوێ‌.
جارێكی دیكە سەری رێز بۆ هەزاران شەهید و بۆ بنەماڵەی بەڕێزیان دادەنەوێنم.

ناوەندی ڕاگەیاندن 18/11/2023 08/04/2018
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٩٠
ڕۆژنامە 21/04/2025
ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٨٩
ڕۆژنامە 27/03/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دۆخی ورمێ
ڕاگەیاندن 24/03/2025
ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەمە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 16/03/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?