پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: ئێرادەی جەماوەر گەشاوەتەوە، بە یەكگرتووییمان پشتیوانی بین
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > وتار > ئێرادەی جەماوەر گەشاوەتەوە، بە یەكگرتووییمان پشتیوانی بین
وتار

ئێرادەی جەماوەر گەشاوەتەوە، بە یەكگرتووییمان پشتیوانی بین

ڕفێق حسێن پەناهی
دوابەڕۆژکردنەوە: 2023/11/18 at 4:38 PM
ڕفێق حسێن پەناهی
بڵاوکردنەوە
‫12 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

پێشەكی: مانگی ڕابردوو بابەتێكم لەژێر ناوی (پشكۆی ئێرادەی جەماوەر لە گەشانەوەدایە) لە ئاسۆی ڕۆژهەڵات بڵاوكرایەوە، ئەو بابەتەم لە كاتێكدا نووسی كە هێشتا ڕووداوی گیان‌لەدەستدانی ژینگەپارێزی شاری مەریوان و مانگرتنە بێ‌وێنەكەی 21ی خەرمانانی ئەم‌ساڵ پاش بانگەوازی كۆی حیزب و لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵات بۆ سەركۆنەكردن و بەگژداچوونەوەی جەنایەتەكانی ڕژیم دەرحەق بە خەڵكی كوردستان و لەسێدارەدانی لاوان و شەهیدكردنی تێكۆشەرانی كورد هاتە ئاراوە، لەو بابەتەدا ئاماژەم بەوە كردبوو كە لە ماوەی یەك ‌ساڵی ڕابردوودا بزووتنەوەیەی بەرفراوانی جەماوەری سەری هەڵداوە و لە چەندین ڕووداوی جیاجیادا خۆی نیشان داوە و ئێرادەی بە هێزی خۆی دەرخستووە. یەكێك لە خەسڵەتە باش و گرینگەكانی ئەم بزووتنەوەیە ئەوەیە كە یەك‌ڕیز و یەك‌گرتووانە پێكهاتەكەی لە هەموو چین و توێژە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگایە و حەقە ئەم  یەك‌گرتوویی و پێكەوەبوونە درووستە لە لایەن حیزب و لایەنەكانی ڕۆژهەڵاتەوە بپارێزرێت و پشتیوانیی گەرم‌وگۆڕی لێ‌بكرێ بۆ بەرین‌تركردنەوە و هەستانەوە و خڕۆشانی یەك‌جاری لە دژی كۆماری ئیسلامی. بە هەڵوەستەیەكی زۆرتر لە سەر ڕووداوەكانی یەك ساڵی ڕابردوو درێژە بە هەمان بابەتی مانگی پێشوو دەدەم .
ڕووداوی یەكەم: ساڵیادی 25ی سێپتامبرە كە لە كوردستانی باشوور ڕێفراندۆم كرا، ڕێفرادندۆم و مافی دیاری‌كردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی نێو كۆمەڵگای مڕۆڤایەتی مافێكی سەرەتایی و ڕەوای گەلانە. بۆ نەتەوەی كورد كە لە مێژوودا لە پێناو گەیشتن بەو مافە گەلێك چەرمەسەری و نەهامەتی و خوێن‌ڕشتن و بەڵای بەسەردا هاتووە دیاری‌كردنی مافی چارەنووسن و درووست‌كردنی دەوڵەتی كوردی وەكوو بەشێكی گرینگ لە ئاوات و ئارەزووەكانمانە و خەباتیشی بۆ دەكەین. سەرەڕای هەموو ئیرادات و ڕای موخالیف و موافیق لە كوردستانی باشوور بەبێ دەستێوەردان و تەنانەت بەبێ ئەوەی كە پرسیش بە ئێمە بكرێت، بەڵام ئێمە وەكوو كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە گەرمی پشتیوانیمان كرد و ئێستاشی لەگەڵ بێت لەو مافە ڕەوا و بەرحەقەی گەلەكەمان هەر پیشتیوانی دەكەین. لە كوردستانی ڕۆژهەڵات كەرنەڤاڵێكی مێژوویی بەڕێوە برا، ئەو كەرنەڤاڵە لە لاێك پشتیوانی بوو بۆ ڕێفراندۆمەكەی كوردستانی باشوور بەڵام ڕاستەوخۆی دژایەتی و خۆنیشاندان بوو لە دژی كۆماری ئیسلامی كە گەلی كوردی لە ڕۆژهەڵات بێ‌بەش كردووە لە سەرەتایی‌ترین مافەكانی. كۆمەڵانی خەڵك لە سەرتاسەری شارەكان بە سروودی شۆڕشگێڕانە و بە جل‌وبەرگی كوردیەوە شەقامەكانیان كردە گۆڕەپانی ململانی لەگەڵ داگیركەری نیشتمانەكەی خۆیان و هاوكات لەگەڵ كوردی باشوور ڕێفراندۆمیان بەڕێوە برد بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ئاكامەی كە كوردانی باشوور پێی‌گەیشتن لە ڕۆژهەڵات سەرەتای دەستپێكی هەستان و ورووژاندنی جەماوەر بوو كە تاكوو ئێستاكەش بەردەوامە .
ڕووداوی دووهەم: كوردستان بە گشتی ئاگاهانە لە ماوەی ئەو چوار دەیە كە كۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی بە سەردا سەپاندووە بە هەموو شێوەیك پشتگوێ خراو و بێ‌بەشە لە هەموو ئاوەدانی و گەیاندنی خزمەت‌گوزاری. لەو كاتەدا بەشێك لە ناوچەكانی پارێزگای كرماشان كەوتەبەر زەوی‌لەرزەوە و ماڵ‌وێران و كاول بوو، نیزامی بێ‌كیفایەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەو كاتەدا كە خەڵكی ئەو ناوچانە كەوتنە ژێر ئاوارەوە و بەشێكیان گیانیان لە دەستدا و بەشێكی زۆریشیان ماڵ‌وێران بوون بە هانای ئەو خەڵكەوە نەهات بۆیە ئەم ئەركە وەكوو ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی كەوتە ئەستۆی بزووتنەوەیەكی خۆبەخش كە لە سەرتاسەری كوردستانەوە خەڵك ئازووقە و یارمەتیی گەیاندە خەڵكەكە. ئەو كەمپەین و هەڵمەتە مێژووییە لە لایەك هاوخەمی نەتەوەیی وەكوو حەرەكەتێكی دژەدەوڵەتی لێ‌هات كە خەڵك لە بێ‌متمانەیی بە نیزام بە فریایی هاونیشتمانیان و هاونەتەوەیەكانیان كەوتن و لەو ڕۆژە تەنگانەیە پشتیان گرت. ئەم حەرەكەتە ڕژیمی تووشی شۆك كرد كە نەیدەزانی چلۆن لەگەڵ ئەم بزووتنەوە، كە كۆی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ڕیسوا كرد هەڵسوكەوت بكات. ئەو بزووتنەوە گەورە كە پیر و لاو و ژن و منداڵ نانی دەمی خۆیان گرتەوە و گەیاندیانە خەڵكی زەوی‌لەرزە لێ‌دراوی ناوچەكانی كرماشان، ئەم فریاكەوتن و گەلەكۆمەكە هاودڵی و پێوەندیكی قووڵی لە نێوان ئەو بەشەی كوردستان و باقیی بەشەكانی دیكەدا درووست كردووە كە ئەو پیلانەی كۆماری ئیسلامی كە ساڵانێكە هەوڵی دابوو كە لە ژێر ناوی مەزهەب و… جیایی بخاتە نێوان كۆمەڵگای كوردستانەوە كە ئەمە دەستكەوتێكی گرینگی مێژوویی بوو بۆ كۆی بزووتنەوەی كورد لە ڕۆژهەڵات .
ڕووداوی سێهەم: ساڵیانێك بوو لە سنوورەكانی كوردستان بە ئەنقەست تەقە لە كاسبكاران  و كۆڵبەران دەكرا، ناڕەزایەتیەكان لە لایەن خەڵك و بە تایبەتی بنەماڵەی كوژراوەكانەوە هەموو كات لە ئارادابووـ بەڵام یەكجار بۆ هەمیشە پێویست بوو كە جەماوەری خەڵكی وەزاڵە هاتوو بێنە سەرشەقامەكان و دژ بەو كردەوە هەڵوێست بگرن، وەكوو بینیمان خەڵكی شاری بانە بە تایبەتی و دواتر خەڵكی شاری سنە هاتنە سەر شەقام و دژی بڕیاردەرانی تەقەكەران لە كۆڵ‌بەران درووشمیان وتەوە و ناڕەزایەتیەكان بە شێوەیەكی بەرفراوان دەربڕری. خەڵكی تێكۆشەری شاری بانە بۆ ماوەی چەند ڕۆژ شەقامەكانیان كردە جێگای ململانێ و بەرەنگاری لە دژی هێزە سەركوت‌كەرەكان و خۆڕاگرانە ئەو جەنایەتانەیان بە ناڕەزایەتی مەحكووم كرد و بە گژ كۆماری ئیسلامی و هێزە تەقەكەر و كۆنەپارێزەكانیان چوونەوە. ڕاستە ئەو حەرەكەتە نەیتوانی بە یەكجاری تەقەكردن لە كۆڵ‌بەران بنبڕ بكات و ڕۆژانەش گوێ‌بیستی شەهیدكردنی ڕۆڵە كاسب و زەحمەتكێشەكان دەبینەوە لە سنوورەكان بەڵام بێ‌شك ئەو هەڵوێستە كە وەكوو بزووتنەوەیەك خۆی نیشاندا توانی لەرزە بخاتە دڵی داگیركەرانەوە كە سڵ بكەنەوە لەوەی بە ئاسانی ئەو كردەوانە دوپاتە بكاتەوە. هەر چەند لێرەدا دەبێ ئەوە بوترێت كە كێشەی كۆڵبەران تاكوو كۆماری ئیسلامی لەسەر كار بێت هەر بەردەوامە و شارە سنووریەكان پشت‌گوێ خراوتر و خەڵكێش هەژارتر هەر ناچارن ئیدامە بەو پیشەیە بدەن بەڵام گرینگ ئەوە بوو كە خەڵك بێ‌تەفاوت نەماون و دڵنیام ئەم ناڕەزایەتیانە دووبارە سەرهەڵ‌دەداتەوە .
ڕووداوی چوارەم: نەوڕۆزی ئەم‌ساڵ بوو كە ڕژیم سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گۆڕەشە و گرتن و پێشگیری‌كردن و تەنانەت ئاڵتێرناتیڤ درووست‌كردن بۆ گرتنی ڕێ‌وڕەسمەكانی نەوڕۆز، بەڵام كۆمەڵانی خەڵك بوێرانە سەفی خۆیان لە ڕژیم جیا كردەوە. لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستاندا خەڵكی تێكۆشەری كوردستان بە سروودی شۆڕشگێڕانە و هەڵ‌گرتنی گوڵ بە هێمای گیان‌بخت‌كردووانی ڕێگای ئازادی و پۆشینی جل‌وبەرگی كوردی و لە مل‌كردنی جامانە وەكوو هێمای شۆڕشگێڕی دەست لە نێو دەست بێ سڵ‌كردن و ترسان سەمای ئازادیان كرد و بەم جۆرە جێژنی نەتەوەییان بە باشی بەڕێوە برد و لەرزەیان خستە دڵی داگیركەرانەوە.
ڕووداوی پێنجەم: كۆمەڵێك ژینگەپارێزی مەریوان لە كاتی ئاگركوژاندنەوەی دارستانەكانی دەوڕووبەری مەریوان گیانی خۆیان لە پێناو پاڕاستی ژینگەی نیشتماندا بەخت‌كرد. ساڵانێكە ڕژیم بە بیانووگەلیكی جۆاروجۆرەوە شاخ و سڕووشتی كوردستان ئاگر تێ‌بەر دەدا ئەمە هەم خەساڕێكی گەوەری گیانی و هەم ماڵی بۆ خەڵكی كوردستان لێ‌كەوتەوە. لە كاتی ناشتنی شەهیدانی ژینگەدا بە خاكی نیشتمان بینرا چلۆن كۆمەڵگای كوردستان بە گشتی و بە تایبەتی خەڵكی مەریوان و سنە و دەوڕووبەر بە سڕوودی شۆڕشگێڕانە و نیشتمانیەوە هەم ڕێزیان لە گیان‌بەخت‌كردووان گرت و هەم بە گژ ئەو سیاسەتانەی ڕژیمدا هاتنەوە. هەزاران كەس هاوشێوەی ڕێ‌پێوانە مەزنە مێژوویەكەی كۆچی مەریوان جاڕێكیتر ئەو ڕێگایەیان پێوا و نەوەی نوێی كوردستانیان بە مێژوویی خەباتی مەدەنی، كە بناغەكەی بە دەستی ڕێبەری هەمیشە زیندوو كاك فوئاد، دامەزڕابوو ئاشنا كردەوە، ئەم ڕووداوەش هاوشێوەی ڕووداوەكانی دیكە پەیامی سیاسیی خۆی هەبوو كە دەكرێت لە فورسەتێكی‌تردا بە جیا هەڵوەستەی لەسەر بكرێت .
ڕووداوی شەشەم: كەمپەینی “نا” بۆ لە سێدارەدانی ڕامین حسێن‌پەناهی. وەك دەزانن پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسیی كورد لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا هەمیشە و هەموو كات هەبووە بەڵام ئەم‌جارەیان ئەم پشتیوانیە سەرجەم چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگای گرتەوە، پشتیوانی لە پێشمەرگەیەك كە كرایە هێما بۆ هەموو كەسێك و هەموو كەسێك بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ڕامین سەر بە چ حیزبێكە و چۆن بیر دەكاتەوە بوو بە ئەركێكی نیشتمانی و ئینسانی و ئەخلاقی. ئەو پشتیوانیە كە لە كەمپەینێك زیاتر بوو وەكوو بزووتنەوەیەكی بەرفراوانی لێ‌هات كە تاك و گروپ و حیزب و هەموو كەسێك هاتە پشتی. هەموو ڕێگاكان گرانە بەر بۆ ڕزگاركردنی، بە هەموو زمانێك قسە كرا و داوا كرا ڕامین لە سێدارە نەدرێت. ئەگەرچی نەمانتوانی بگەین بەو ئامانجەمان بگەین بەڵام بەو حەرەكەتەمان بنچینەی كولتووڕێكی جوانی كاری پێكەوەیی و ڕێكخراومان دانا، هەموو كۆمەڵگا ئەرك‌دار كرا و هەر كەسە و لە ئاستی خۆیدا تێكۆشا، كۆمەڵگا بۆ یەكجار بە گشتی ئیحساسی بەرپرسایەتی كرد و وەكوو غوروڕێكی نیشتمانی لێ‌هات، یەك‌گرتوومانی كرد و دەستمانی خستە نێو دەستی یەك، لێك‌تێ‌گەیشتنی دڕووست كرد و فێری كردین كە لە هەموو زەرفیەتەكان دەتوانین كەڵك وەربگرین. ئەمە بۆ خەباتی داهاتوومان گەلێك بە نرخ و پڕ بایەخە كە وەكوو چلۆن ئەرك بوو لەسەر شانمان بۆ ئەوەی تێبكۆشین گیانی ڕامین ڕزگار بكەین ئاوەهاش ئەركە لە سەرشانمان ئەو یەك‌ڕیزی و تەبایە، ئەو كولتوورە جوانە پەرە پێ‌بدەین و بیپارێزین. ژینگەی كوردستان بۆ هەموومانەوە و هەموومان پێكەوە دەتوانین كاری گەورە بكەین و گرینگ بوو بمانتوانیبایە ڕامین ڕزگار بكەین، بەڵام ئەم یەك‌گرتوویەشمان گرینگە و حەقە وەكوو بیلبیلەی چاومان قەدری بزانین و لە كار و خەباتی داهاتووماندا ڕەچاوی بكەین.
ڕووداوی حەوتم: مان‌گرتنی گشتی خەڵك لە دژی جەنایەتەكانی كۆماری ئیسلامی لە دژی ئیعدام لە دژی كوشتنی شۆڕشگێڕان وڵامێكی شیاوی مێژوویی بۆ كۆماری ئیسلامی كە كوردستان یەك‌پارچە لە دژی كوشتنی ڕۆڵەكانی بێ‌دەنگ نابێت و هەڵوێستی بوێرانە دەگرێ. خاڵێكی گرینگی مانگرتنی 21ی خەرمانان ئەوەیە كە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وڵامێكی ئەرێنیان دایەوە بە حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكانی خۆیان و لە هەمانكاتیشدا نیشانیان دا كە كۆماری ئیسلامی هیچ جێگەی و پێگەیەكی لە كوردستاندا نییە و بەو شێوەیە جاڕێكی‌تر ڕێفراندۆمیان بەرێوە برد و “نا”یەكی گەورەیان وتەوە بە كۆماری ئیسلامی. ئەو یەك‌ڕیزی و یەك‌گرتوویەی خەڵك بە گشتی لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوو و بە تایبەتی لە مان‌گرتنە گشتیەكەی 21ی خەرماناندا حەقە لە لایەن حیزب و ڕێكخراوە سیاسیەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بە هەند وەر بگیردرێت و جێی خۆیەتی ئەم هەست بە بەرپرسایەتیەی خەڵك، كە پشكۆی ئێرادەی جەماوەرە پشتیوانی بكرێ و بەو ئاڕاستە درووستە كە تەبایی و یەك‌ڕیزیە بپارێزرێ و بەهێز بكرێت. بێ‌گۆمان لە داهاتوودا ڕووداوگەلی هاوشێوەی ساڵی پار دێنە ئاراوە، بزووتنەوەیەك كە هەستاوە و ئێرادەی كردووە بە كۆماری ئیسلامی ناشكێ و ناكشێتەوە، ڕاسان بە شارەوە دەستی پێ‌كرد و عەزمی جەزم كردووە بۆ خەبات حیزبەكان بە هەموو جیاوازیەكانیانەوە هاوشان و پشتیوانیی جەماوەر یەك‌ڕیز و تەبا بن، لە ماوەی یەك‌ساڵی ڕابردوودا كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ چەندین پیشنیاری گرینگی خستە بەر دەست حیزبەكان لەوانە درووست‌كردنی بەرەی كوردستانی، گرتنی كۆنگرەی ڕۆژهەڵات، دانانی تەلفزیۆنێكی نیشتمانی، دانانی ژوورێكی سەربازی، سازكردنی نوێنەرایەتیی هاوبەش بۆ كاری پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی جیهانی و هتد… كاتی ئەوە هاتووە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕووداوانەی كە لە سەرەوە باسی لێ‌كراوە و هەستانی بزووتنەوەیەكی گەورەی جەماوەری بە كردەوەدەرهێنانی ئەم پیشنیارانە بە شێوەیكی پراتیك پشتیوانیكی بەهێز بۆ گەلەكەمان و كۆی بزووتنەوی كورد درووست بكرێت، ئاڵ‌وگۆڕەكانی ناوچەكە و جیهانیش هەر ئەوەمان لێ‌دەخوازێت، هەموومان ئێرادەی جەماوەرمان بینی چلۆن گەشاوەتەوە بۆ بەرەو پێش‌چوونی هەرچی زیاتر پێویستە یەك‌گرتووتر و قایم‌تر لە جاران بین .

ڕفێق حسێن پەناهی 18/11/2023 06/09/2018
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

وتووێژی “گرێتا پڕیڤیترا” لە ڕۆژنامەی “كوریرە دێلا سێرا”،  لە ناسراوترین و پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانی  وڵاتی ئیتالیا لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
وتووێژی “نیوزنەیشن” تیڤی لە واشنگتۆن لەگەڵ بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 26/06/2025
ژمارە١٩٣ی ئاسۆی ڕۆژهەڵات
ڕۆژنامە 22/06/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?