پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: دەرسەكانی ١٧ و ٢١ی خەرمانان
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > وتار > دەرسەكانی ١٧ و ٢١ی خەرمانان
وتار

دەرسەكانی ١٧ و ٢١ی خەرمانان

ئەردەڵان فەرەجی
دوابەڕۆژکردنەوە: 2023/11/10 at 12:27 AIM:
ئەردەڵان فەرەجی
بڵاوکردنەوە
‫10 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان (٨ی سێپتامبر) ڕژیمی جینایەتكاری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە زیندانی گەوهەردەشتی كەرەج هاوڕێ ڕامین حسێن‌پەناهی، پێشمەرگە فیداكار و ئەندامی دڵسۆزی كۆمەڵە و دوو كەس لە زیندانیانی سیاسیی كورد لوقمان و زانیاری مورادی لە سێدارەدا. هەر هەمان ڕۆژ كاتژمێر دە و نیو بە چەند مووشەكی كورت‌هاوێژ هێرشی كردە سەر بارەگانی حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران. لە ئەنجامی ئەو هێرشە مووشەكییە بۆ سەر حیزبی دێمۆكراتی كوردستان، كە لە كاتی بەستنی پلینۆمی حیزبەكەی خۆیاندا بوون، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی و كادرەكانیان گیانیان لە دەست داو و دوو كەس لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێرانیش لەو مووشەك‌بارانەدا شەهید بوون.
بۆ لێكدانەوە و شی‌كردنەوەی هۆكارەكانی جینایەتەكانی ١٧ی خەرمانان دەبێ ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كۆماری ئیسلامی لە پازێڵێكی گشتیدا وێنا بكرێت. ئەوەی ڕاستییە كە ئەمریكا ساڵی ٢٠٠٣ بە تەرخان‌كردنی بوودجەیەكی گەورە و بە هەزاران سەرباز هێرشی كردە سەر عێراق و لە ماوەی كەمتر لە ٢١ ڕۆژدا ڕژیمی بەعسی عێراقی ڕووخاند. ماوەی ١١ ساڵ لەو وڵاتە لە هەوڵی كۆنتڕۆڵ‌كردنی ئەو وڵاتە و ڕێكخستنی هێزەكانی ئەو وڵاتە بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی بەهێزی هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بەڵام پاش تەرخان‌كردنی زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار و كوژرانی زیاتر ٤٠٠٠ سەربازی ئەمریكایی دواجار لەسەر بڕیاری باراك ئۆباما سەرۆك كۆماری پێشووی ئەمریكا، ئەمریكا لە عێراق كشایەوە. كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق بە مانای پێشكەش‌كردنی وڵاتی عێراق بوو بە كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو جۆرەی دەوترا كە پێتەختی عێراق (وەك ناوەندی بڕیاردان) بەغدا نییە و تارانە. بەڵام بە دوای هاتنە سەركاری دۆناڵد ترامپ لە ئەمریكا، ڕەخنەی لەو سیاسەتە هەڵەیەی ئۆباما گرت و وتی لە عێراق بۆ ئێمە زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلار پارە و تێ‌چوو و كوژرانی ٤٠٠٠ سەربازی ئەمریكایی و دەیان هەزار سەربازی بریندار و كەم‌ئەندام لێ‌كەوتۆتەوە، بەڵام دواجار عێراقمان پێشكەشی ئێران كردووە، ئێرانێك كە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكایە و هەڕەشەی لەناوبردنی هاوپەیمانەكانمان دەكات و لە هەوڵی وەدەست‌هێنانی چەكی ئەتۆمییە و مایەی ئاژاوەگێڕییە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی سەرەكیی تیرۆریزمە لە جیهاندا. بۆیە بڕیار یان پلان داڕێژرا بۆ دەركردنی ئێران لە عێراق.
دیارە نەك دەركردنی ئێران لە عێراق بەڵكوو لە سوریا و یەمەن و لوبنان و بڕینی دەستە ئۆختاپووسییە ئاژاوەگێڕانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە ناوچەكە و بردنەوەی بۆ ناو وڵاتەكەی خۆی.
لە ڕێكەوتنی هیلسینكیی سێ (٣) پاش دیداری پووتین و ترامپ وەك دەردەكەوێت بڕیار لەسەر دەركردنی ئێران لە سووریا درا و ستارتی دەركردنی ئێران لە سووریا دەستی پێ‌كردووە. ئێستاش پلان بۆ دەركردنی ئێران لە عێراق لە ئارادایە. خۆپیشان‌دانەكانی بەسرە-كە وەك دڵ وایە بۆ ئێران‌ و بەندەرێكی گرنگ و ستراتیژییە- دژی دەستێوەردانەكانی ئێران لە عێراق و سووتاندنی كۆنسوولی ئێران، كە دەیان كوژراوی لێ‌كەوتەوە،‌ فیتوویەك بوو كە ئێران زۆر زوو ناسییەوە. لە لایەكی دیكەوە پاش هەڵبژاردنەكانی پەرلمانی عێراق دوو كۆتلە و جەمسەری گەورە درووست‌بوون كە لایەنێك لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن و سەر بە ئێرانن و لایەنێكی‌تر سەر بە ئەمریكا. كۆتلەی عامری و مالیكی و فەتح لە بەرەی ئێران و موقتەدا و عەبادیش لە بەرەی ئەمریكان. ئێستا ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ یەكلای‌كردنەوەی دەوڵەتی داهاتووی عێراق تا دێ تووندتر دەبێتەوە و بەركەوتنی گەورە و خوێناوی‌تریشی بە دواوە دەبێت. هەوڵەكانی مەك‌گۆرك نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ عێراق، لە هەوڵی ڕێكخستنی لایەنە عێراقییەكانە بۆ پێك‌هێنانی دەوڵەتێكی نزیك لە ئەمریكا و بە واتایەكی دیكە كورت‌كردنەوەی دەستی ئێران لە عێراق و لە لایەكی دیكەشەوە قاسم سولەیمانیش لە هەوڵدایە بۆ یەكخستنی هێزەكانی سەر بە ئێران و پێكهێنانی دەوڵەتی نزیك و لە ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی. هەرێمی كوردستانی عێراقیش لەم یارییەوە گلاوە. دیارە ڕۆڵی كورد لە ئێستادا ڕۆڵێكی یەكلای‌كەرەوە دەبێت چونكە كورد و بە تایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیمۆكراتی كوردستان كە بڕیاڕیان داوە لە بەغدا وەك یەك كۆتلە كار بكەن خاوەنی ٤٣ كورسین كە چوونە پاڵی كوتلەی كوردی لە پەرلمانی عێراق، چارەنووسی پێكهێنانی دەوڵەتی داهاتووی عێراق یەكلای دەكاتەوە. بەڵام ئەم ڕۆڵ‌گێڕانە بۆ كوردی باشوور هەروا ئاسان نییە، چونكە پڕە لە هەڕەشە و دەرفەت. لە لایەكەوە ئەمریكا هەڕەشەی ئەوە لە كورد دەكات كە ئەگەر لەگەڵ ئەو كۆتلەیە نەكەون، كە سەر بە ئەمریكایە، ئەوا هەموو پشتگیرییە سیاسی و سەربازییەكانی بۆ كورد و بە تایبەتی بۆ هێزی پێشمەرگە ڕا دەگرێت، لە بەرامبەریشدا ئێران هەڕشەی ئەوەی لێ‌دەكات ئەگەر لەگەڵ كۆتلەی سەر بە ئێران نەكەون ئەوا ئەمنییەت و ئاسایشی هەرێم دەخاتە‌ مەترسییەوە. سەرباری پەیامی ئەو هێرش و تاوانكارییە بۆ ئەمریكا و هێزەكانی یان بە واتایەكی‌تر سەركردایەتیی سیاسیی كوردی باشوور، پەیامەكەی بۆ كوردی ڕۆژهەڵات خوێناوی و داپڵۆسێنەرانە بوو.
هاوڕێ ڕامین حسێن‌پەناهی كە لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوو پاش دەستگیربوونی لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەكانی ڕژیمەوە، كەمپینێكی گەورەی جیهانی لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە بگرە تا باشوور و دەروەی وڵات بۆ دەربازكردنی گیانی وەڕێ‌كەوت و گەلێك ناوەند و كۆڕوكۆمەڵی مافی مرۆڤی و كەسایەتیی كورد و ئێرانی و جیهانی پێی پەیوەست بوون و جیا لەو ئاكسیۆنە گەورە و بەربەرینانەی كە بۆی ڕێكخرا، گەلێك ناوەندی باوەڕپێ‌كراوی جیهانیش دەربارەی ئازادیی ڕامین هۆشدارییان دایە ئێران و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوكمی لە سێدارەدانەكەی و ئازادكردنی بوون. سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوونانه، كۆماری ئیسلامی هاوڕێ ڕامینی وێڕای دوو زیندانیی سیاسیی كوردی دیكە لە سێدارەدا. پەیامەكه ‌بۆ گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات لە لایەن كۆماری ئیسلامییەوە ئاشكرایە‌، بەڵام وڵامی گەلی كورد و سەركردایەتیی سیاسیی بزووتنەوەی خەڵكی كوردستان بەو مان‌گرتنە پڕشكۆیە سەرتاسەرییەی ٢١ی خەرمانان لە كوردستانی ڕۆژهەڵات پەیامێكی بەهێزی یەكلایی‌كەرەوە بوو بە كۆماری ئیسلامیی دا. ئەو مان‌گرتنە كۆتایی هێنا بەو تۆمەت و قسە و قسەڵۆكانەی كە حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات وەك سەركردایەتیی بزووتنەوەی سیاسیی كوردستانی ڕۆژهەڵات، خاوەنی پێگەیەكی جەماوەری لەناو خەڵك دا نین و سەری خۆیان و بزووتنەوە ڕەوا و ماف‌خوازانەكەیان و حیزبەكانی هەڵقوڵاوی خۆیانیان بەرز كردەوە. بۆ دۆست و دوژمنی دەرخست كە جەماوەری خەڵكی كوردستان و حیزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات پەیكەرەیەكی یەك‌گرتووی جیانەكراوەی بزووتنەوەی ڕەوای كوردستانی ڕۆژهەڵاتن و لە ئەگەری یەك‌بوون و یەكگرتووبوونیان وەزن و قورسایی حیزبەكانی چەند ئەوندەی‌تر دەبێت. ئەگەرچی مان‌گرتنەكەی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ وەك ڕۆژێكی مێژوویی لە خەباتی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات دژی كۆماری ئیسلامی هەڵدەگرێت دەیان وتار و كتێبی لەسەر بنووسرێت و ببێت بە وانەی خوێندنگاكان، بەڵام  ڕەنگە لە تاقەتی ئەم سەروتارە بەدەر بێت. كەواتە، جێی خۆیەتی لەو بارەیەوەی ئاماژە بە خاڵێك بدرێت كە‌ كۆماری ئیسلامی لە هەمووان باشتر دەزانێت لە هەڵدێری فەنابوون و لەناوچوونە و دەش‌زانێت ڕێكخراوترین خەڵك و كۆمەڵگا لە سەرتاسەری ئێران بزووتنەوەی خەڵكی كوردستانە و سەرەنجام سەرەتای كەوتنی دۆمینەكانی ئەو پرۆسەیە لە كوردستانەوە دەست پێ‌دەكات، بۆیە یەكەم بە چاوسووركردنەوە و چاوترسێن‌كردنی ئەو بزووتنەوەیە هەوڵی تۆقاندنی دەدات و دەیەوەێ بڵێت ئەگەر دەرەقەتی شەڕی ئەمریكا و ئیسرائیل و كێ و كێ نایەم، بەڵام ئەوندەم هێز هەیە كە كوردی پێ داببپڵۆسێنم. ڕوونە كە كۆماری ئیسلامی ئەو ئیعدام و مووشەك‌بارانانەی نە لە ڕووی بەهێزییەوە بەڵكوو بە پێچەوانەوە، پەلەقاژەی بێ‌هێزی و دەستەوەستانییەتی. لە لایەكی دیكەوە، هەوڵ دەدات بە تەزریقی تووندوتیژی و پەلكێش‌كردنی تووندوتیژی بۆ ‌بازنەی بزووتنەوەی كوردی ڕۆژهەڵات، بزووتنەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش هان بدات بۆ دژكردەوەی هاوچەشن و تووندوتیژ ئامێز. مێتۆد و شێوازێك كە لە سووریا بەرامبەر بە ئۆپۆزیسیۆنی دێمۆكرات و ماف‌خوازی سووری پەیڕەو كرا و بەو بیانووەوە كۆی پرۆسەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر بە ڕژیمی بەشار ئەسەد بەلاڕێدا برا و ئەوەی لێ‌كەوتەوە كە هەموو جیهان شاهیدیەتی. گەلی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەنی مافی بەرگریی ڕەوایە و لە ڕابردووشدا ئەوەی سەلماندووە و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو كات خاوەنی پێشمەرگە بووە، بەڵام بە وشیاری و وریایی سەركردایەتیی سیاسیی كورد و هاوپشتیی بێ‌وێنەی مان‌گرتنە گشتییەكەی ٢١ی خەرمانان پەیامێكی بەهێز، بەڵام مەدەنی و شارستانییانە درا بە گوێی كۆماری ئیسلامیدا كە گەلی كورد گەلێك لەوە تێگەیشتووترە بكەوێتە داوی ڕزیوی لەو چەشنە، هەوڵێك كە تەنانەت بۆ بزووتنەوەی خەڵكی عەڕەبی ئەهواز تاقی‌كرایەوە كە سەرەڕای هەموو گومانەكان، بۆ تاشینی بیانوویەك بوو بۆ هێرش‌كردنە سەر بزووتنەوەی ماف‌خوازانەی گەلی عەڕەب و یان بۆ دەست بەتاڵ نەچووبوونی ڕووحانی بۆ ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كە لەوێ فارس وتەنی “ننە من غریبم” دەربێنێت و بڵێت منیش (كۆماری ئیسلامی) قوربانیی تیرۆریزمم، بوو.
گەلی كورد لە كوردستانی ڕۆژهەڵات و باقیی نەتەوە بندەستەكانی كۆماری ئیسلامی و باقیی خەڵكی دێمۆكراسی‌خوازی ئێران لە بەردەم ساتەوەختێكی مێژووییدا وەستاون. ئەگەرچی لە دایك‌بوون و هاتنە ئارای قۆناغێكی دیكە لە ژیان و تێ‌پەڕین لەم ڕژیمە بێ‌ژان و ئازار نابێت، بەڵام ئەم گۆڕانە مسۆگەرە و مەگەر موعجیزە تەمەنی ئەم ڕژیمە نگریسە بۆ ماوەیەكی كورت درێژ بكاتەوە.

ئەردەڵان فەرەجی 10/11/2023 06/10/2018
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٩٠
ڕۆژنامە 21/04/2025
ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٨٩
ڕۆژنامە 27/03/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دۆخی ورمێ
ڕاگەیاندن 24/03/2025
ڕاگەیاندنی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٧ی ڕەشەمە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 16/03/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?