تاقمی حیکمەتیست لە توێی ڕاگەیانراوێک لە ٢٨ی دێسامبری ٢٠١٨ی زایینی و لە درێژەی زنجیرە ساختەکارییەکان و بە سیناریۆیەکی دوژمنکارانە، ئەمجارە کۆمەڵێک تۆمەتی درۆینە و بێ بنەمایان خستۆتە پاڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ.
یەکەم ئەوەی کە ئێمە بە توندی ئەو ئیدیعاکەی ڕەت دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە هیچکات و لە هیچ ناوەندێکی حیزبی شتی وا نەهاتۆتە گۆڕێ. تەنیا سەرچاوەیەک کە ئیدیعاکەرەکان پشتی پێ دەبەستن، قسەی کەسێکی مەعلوم ولحاڵە لە شەونشینییە فەیسبووکییەکان کە ئێمە پێشووتر دەربارەی نییەت و ئامانجەکەی هۆشداریمان دابوو.
هێنانەگۆڕێ و بڵاوکردنەوەی وەها ئیدیعایەکی بێ بنەما و بە بێ خستنەڕووی هەر چەشنە بەڵگەیەک، دوور لە هەر چەشنە ئەخلاقێک و لە پێناو ئاژیتاسیۆن، ئامرازی بوون و تفاقی سیاسی لە ڕێگەی بێ حەیایی و گاڵتەجاڕییەوەیە کە هەمووان دەزانن جنێوفرۆشی و تۆمەت بەخشینەوە میراتی بەرچاوی تاقمی حکمەتیست دێتە ئەژمار کردن.
لە کۆتاییدا بیرهەمووانی دەخەینەوە کە ناو، بەرنامە و پێشینە، ناوەرۆک و کارنامەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بۆ خەڵکی کوردستان و ئێران ناسراوە و بە ڕووهەڵماڵدراوی و هەڵەوێژی کۆمەڵێک دۆڕاوی سیاسیی لەکەدار نابێت. هەر لەم پێوەندەدا داوا لە حیزب و لایەن و ڕەوتە سیاسییەکان، چین و توێژەکانی خەڵک و مرۆڤە ئازادیخوازەکان دەکەین لە بەرامبەر هەوڵی لەو چەشنە خەمسارد نەبن و لە پێناو مەحکووم کردنیان هەوڵ بدەن. هەروەها ڕێز لە مافی داکۆکی لە خۆکردنی ئەو کەسایەتییە حەقیقییەکان کە ناویان لە دەقی ڕاگەیاندنەکەیاندا هاتووە دەگرین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی
٢٩/١٢/٢٠١٨