پێشمەرگە دێرینەکانی کۆمەڵە و ھەروەھا پێشمەرگەکانی نەوەی نوێ
کەم ئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان کۆمەڵە!
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەتان لێ پیرۆز بێت.
پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی، بێ گومان یەکیک لە فاکتەرە گرنگەکانی بەرگری لە کیانی نەتەوەیی گەلی کوردە و ھەر بۆیەش وشەی پێشمەرگە لە ھەناوی خەڵکی کوردستاندا ھەر دەم ھێمایەکی خۆشەویست و ئومێد بەخشە.
لە ماوەی نزیک بە چل ساڵ خەباتی پێشمەرگانەی کۆمەڵە، پێشمەرگەی کۆمەڵە سیمبولی ڕاستگۆیی، فیداکاری و خۆنەویستی و قارەمانییەتی و سەرمەشقی شۆڕشگێڕانی کوردستان بووە. مێژووی چل ساڵەی خەباتی ئەو ھێزە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.
لە ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی ھەتاویدا ھاوڕێ “سەعید موعینی” ناسراو بە “خانە” شان بە شانی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە شەڕێکی نابەرابەردا لەگەڵ ھێزەکانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەعسی عێراق، گیانی ئازیزی بەخت کرد و بوو بە سەرقافڵەی کاروانی شەھیدانی کۆمەڵە. گیانبەختکردنی پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە سەنگەری بەرگری لە پارچەیەکیتر لە کوردستان بوو بە ڕەمزێک بۆ ناساندن و پێناسەکردنی ئەرک و بەرپرسایەتی پێشمەرگەی کۆمەڵە. چەند مانگ پاش ئەم ڕووداوە و دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران و ئاشکرابوونی چالاکییە نھێنییەکانی کۆمەڵە و پێکھاتنی ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە ٣١ی جۆزەردان وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ناودێر کرا و لەو کاتەوە جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، بە سۆز و ھەستێکی تایبەتەوە ڕێز لەم رۆژە دەگرن.
پێشمەرگەی کۆمەڵە لەماوەی ٤٠ ساڵ خەبات و تێکۆشانی خۆیدا، تووانیویەتی ببێت بە جێگەی هیوای خەڵکی بندەست و ھەژاری کوردستان و بەردەوام بە خولقاندنی حەماسە و قارەمانییەتی، باسی نێو ماڵان و وێردی سەر زاران بووە. چاوپاکی و چاونەترسی، چاوتێری و چاوتێژی لە پاڵ پاراستنی سنوورەکانی ئەخلاق و مافە ئینسانییەکان تەنیا بەشێک لەو نۆرمانەیە کە پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو پرەنسیپێک ڕەچاوی دەکات.
فێرگەی پێشمەرگایەتی، لە ٤ دەیە مێژووی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵەدا، ھاوکات لەگەڵ پەروەردەی سیاسی، ڕاھێنان و فێرکاری نیزامیشی بەرەوپێش بردووە و فێرخوازان و قوتابیانی ئەم بزووتنەوەی بە ھەر دوو چەک تەیار کردووە. ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە کە ھەڵگری سەدان و ھەزاران بیرەوەری و ئەزموونی پرشنگدارە، وەکوو باسکی بەھێزی گەلێکی چەوساوە بووە کە خەونی داگیرکەران و بەکرێگیراوانی ڕژیمی تێکداوە و لە پێناو ڕووخاندنی قەڵای زۆرداریدا خەباتی کردووە.
پێشمەرگەی کۆمەڵە، ھەر کاتێک و لە ھەر جێگایەک کە پێویست بووبێت، بۆ پاراستنی مافی ڕەوای خەڵک و بزووتنەوەی ڕەوای کوردستان گیانبازی کردووە، چاونەترسی و لەخۆبردوویی کردووەتە کردار و ئاکاریی وەک دوو فاکتەری بنەڕەتی لە ناسنامە و پێناسەی خۆی بۆ گەییشتن بەئامانجەکانی، گونجاندوویەتی.
پێشمەرگەی کۆمەڵە ھاوکات وەک ئاڵاھەڵگرانی تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادییە سیاسییەکان، یەکسانیخوازانی مافی ژن و پیاو، پارێزگاری کردن لە مافی کرێکاران و چینی ھەژاری کوردستان، پشتیوان و رێکخەری خەباتی جەماوەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئەرکی شۆڕشگێڕانەی خۆی بەڕێوە بردووە. پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ھەموو سەنگەرەکانی خەباتدا، شاخ، شار، زیندان و ھتد دەوری چالاک و کاریگەریان نواندووە.
پێشمەرگەی ژن، ئەو دیاردە جوان و بە نرخەیە کە کۆمەڵە وەک دیاردەیەکی نوێ و لە پێناو یەکسانیخوازی و ڕزگاری نەوتەوەیی پێشکەشی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی کردووە. ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، ھێزێکی بەرحەق و کاریگەر بووە لە پانتای خەباتی کوردستانی ڕۆژھەڵات و جەماوەری خەڵکیش پاڵپشتێکی گەورە و ورەبەخشی ئەم ھێزە بوون و ھەن .
پێشمەرگەی کۆمەڵە، ئەگەر چەک بەدەست لە بەرانبەر داگیرکەرانی گەلی کورددا قارەمانانە خۆڕاگری کردووە و بەگژ دوژمی ھاردا چۆتەوە، لە لایەکی دیکەوە لە بەرانبە خەڵکی کوردستان چەکی بیروباوەڕ و وشیار کردنەوەی لە شان کردووە و داکۆکیکەری ڕاستەقینەی ئاسایش و ئارامی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بووە. ڕەفتار و ڕەوشتی جوانی پێشمەرگەی کۆمەڵە ھیچ کات کۆن نابێت و ئێستاکەش ڕەمزی شانازییە و بۆ ھەموو کچان و کوڕانی کوردستان.
ھاوڕێیان!
کۆماری ئیسلامی، بە درێژایی تەمەنی و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر شەرعیەت و ڕەوایی خۆی لەدەست داوە، کارامەیی نەماوە و لەبواری نێودەوڵەتیش ھیچ دۆست و ھاوپەیمانی بۆخۆی نەھێشتۆتەوە، بۆیەھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە بەرەو نەمان و لەناوچوون ھەنگاو دەنێت. لە بەرامبەر ئەمەدا بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵەن کەسەرەڕای ھەموو تەنگ و چەڵەمەکان، بەردەوام بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون لە ھەڵکشاندا بووە. خەت و گوفتمانی ئێمە بەرینتر بۆتەوەو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زیاتر لەجاران سەرەنجی داوەتەبزووتنەوەڕەواکەمان. زیاتر لە ٤٠ ساڵ خەباتی پێشمەرگانەی ئێمە لە چوارچێوەی مافی ڕەوای بەرەنگاری نەتەوەییدا، سەلمێنەری خوێندنەوەیەکی درووستە کە پاش ٤٠ ساڵ کۆمەڵگای نێونەتەویی قەناعەتی پێ ھێناوە. کۆماری ئیسلامی ئێستا ھەڕەشەیکی گەورەیە بۆ سەر ناوچەکە و وڵاتانی دەوروبەر و تەناھی جیھانی خستووتە مەترسییەوە. بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران و کارنامە و کردەوەکانی ئەم ڕێکخراوەیە، ئەوەی بۆ جیھان ڕوونکردەوە کە خەباتی پێشمەرگانەی ئێمە ھەر لە سەرەتاوە و لە ناوەڕۆکی خۆیدا شەڕێک بە دژی تێرۆر و تێرۆریزم بووە .
ھەنووکە، رەفتاری کۆماری ئیسلامی وایکردووەکە ھەموو سیناریۆ و ئەگەرێک دەتوانێت بێتەئاراوە بۆ لەناوچوون و ڕووخانی ئەم ڕژیمە. پێمانخۆشە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دڵنیا بکەینەوەکە ھەروەک پێشوو، چلۆن چەک و ھزر و بیر و پێنووسمان لە پێناو پاراستنی مافی ڕەوای خەڵکەکەمان ھەڵسووڕاوە، لە ئەگەری ھەر ڕووداوێکدا، پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، گیان لەسەردەست و خۆبەخشانە، ئامادەن بۆ پاراستنی ماڵ و سامانی خەڵک و دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کوردستان و دووپاتی دەکەینەوە کە ٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی ڕێزلێنانە لەو ئەرکە بەنرخانەی کە پێشمەرگەی کۆمەڵە بە کردەوە ھێناویانەتە سەر شانۆی سیاسی و پێشمەرگانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و ھەر کات پێوستیش بێت ئامادەیە جارێکی دیکە نەقش و دەوری مێژووی و گرنگی خۆی بگێڕێت.
لاوانی شۆڕشگێڕ و کۆڵنەدەری کوردستانی ڕۆژھەڵات!
دڵنیاین کە ھەموو لاوانی کوردستان لە ئاڵۆگوڕی سیاسی داھاتووی کوردستاندا وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە بۆ سەربەرزی و سەرکەوتنی ئامانجەکانی گەلی کورد و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان لەچەشنی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ئامادەیی و سنگفراوانییەوە دێنە مەیدانی خەبات و تێکۆشان لە دژی داگیرکەرانی کوردستان و بۆیە لێرەوە داواتان لێدەکەین پەیوەست بن بە ڕێزەکانی پڕ لە شانازی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە و ئاسۆی ئاوات و ئارەزووەکانتان لەم ھێزەدا ببیننەوە. بێگومان بۆ خۆتان و بنەماڵە و مێژووی گەلەکەمان دەبنە ڕێنوێن، و برووسکەی ئیرادە و ھەڵبژاردەتان، دەبێتەچرای ڕوونکەرەوەی خەبات و تێکۆشان بۆ نەوەکانی داھاتووش.
جارێکی دیکە بە ناوی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە، سەرەتا یاد و ناوی کاک خانە و سەرجەم پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان بەرز ڕادەگرین و دواجار بە بۆنەی ئەم ڕۆژەوە کە دەرخەری ئیرادەی گەل و ھێمای خۆڕاگری ڕۆڵەکانیەتی، لە ھەموو ھاوسەنگەران و سەرجەم خەڵکی کوردستانی ڕۆژھەڵات پیرۆزبایی دەکەین. ھەروەھا داوا لە پێشمەرگە دێرینەکان دەکەین تاکوو ئەزموونی کردەوەیی خۆیان لەگەڵ وزەی نەسلی نوێ تێک ئاڵێنن و خۆیان بۆ بارودۆخی نوێ ئامادە بکەن.
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی
٢١ی ژوەنی ٢٠١٩ی زایینی