ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر ٣ چالاکی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاوی
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سزای ناڕەوای سێدارە بە سەر ٣ کەس لە چالاکانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ٩٨ی هەتاوی بە ناوەکانی “ئەمیر حسێنی مورادی، سەعید تەمجیدی و محەمەد ڕەجەبی” لە لایەن دادگای ئنقلابی تارانەوە دەرکراوە.
ئەم حوکمە کە پێشووتر لە لایەن قازی “سەڵەواتی”ـیەوە دژی ئەو سێ چالاکە گەنجە دەرکرابوو، لە لایەن دادگای دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامی تەئید کراوەتەوە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سزای سێدارە بۆ ئەو سێ چالاکە گەنجە بە پێشێلکردنی زەقی مافی مرۆڤ دەزانێت و بە توندی مەحکوومی دەکات و هاوکات داوا لە هەموو ڕێکخراو و کۆڕ و کۆمەڵی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی داکۆکی کاری مافی مرۆڤ دەکات، هەوڵەکانیان بۆ ڕاگرتنی ئەم حوکمە ناڕەوا و دژی مرۆییە چڕتر بکەنەوە، ببن بە دەنگی کپکراوی ئەو چالاکانە و خەڵکی ناڕازی ئێران.
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕێ زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٩ی جولای ٢٠٢٠ زایینی
١٩ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی