دایکان، باوکان، کچان، کوڕان و کۆمەڵانی کۆڵنەدەر و ئازادیخواز
سەرجەم چین و توێژە وەفادار و ئەمەكناسەكانی كوردستان
ئێوە خەڵکی خۆڕاگری کوردستان جارێکیتر و بە بەشداریی پڕشكۆتان، خۆڕاگریی و شۆڕشگێڕیی بێوێنەی خۆتان بەكردەوە سەلماند. جارێكیتر هاوخەمی خۆتان بۆ گیانبەختكردنی چوار رۆڵەی نیشتمان دەربڕی و هاوكات، بە مانگرتنێكی بەرین و گشتیی و یەکگرتووانە، ناو و یادی رۆڵەکانتان بەرز ڕاگرت و قین و توڕەییتان لە رژیمی کۆماری ئیسلامی کردە شانۆیەکی حەماسی و پێشکەشی یادی ئەو گیانبەختکردووانەتان کرد.
جارێکیتر کۆمەڵگای کوردستان نیشانیدا کە پشتی حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی خۆی بەر نادا و سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمەکانی سەر ڕێگای گەیشتن بە دوائامانجەكانی، شێلگیرتر لە هەمیشە بڕوا و متمانەی تەواویان بە حیزب و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی خۆیان هەیە.
کۆمەڵە وێڕای دەڕبڕینی ئەوپەڕی سپاس و پێزانین و رێزگرتن لە فیداكارییەكانی ئێوەی ئازیز و خاوەن هەڵوێست،
یادی رۆڵە قارمانەکانی و سەرجەم گیانبەختکردوانی رێگای ئازادی و نیشتمان بەرز ڕا دەگرێ و پەیمان نوێدەکاتەوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی ئەم هاوڕێیانە و سەرجەم گیانبەختكردووانی ئەو ڕێبازە، شێلگیر و کۆڵنەدەرانەتر لە هەمیشە، درێژەپێدەری رێبازی پیرۆزیان دەبێت. دڵنیاتان دەکەینەوە لەسەر ڕێبازمان سوورتر دەبین، دەستی گەرمتان دەگوشین و چاوی گەشتان ماچ دەکەین. بە بوونی ئێوە، ئيمە ورەمان بەرزتر و هەنگاومان قایمتر دەبێت. بێگومان بە پاڵپشتیی ئێوە قارەمانانی سەنگەری شار، خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بەسەركەوتن دەگات و خوێنی بە ناحەق ڕژاوی رۆڵەکانمان ون نابێت.
سەرکەوێ خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
٣٠ی ژانوییەی ٢٠٢٤ی زایینی