کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان،
ژنان و پیاوانی وریا و هوشیار و تێکۆشەر،
بە پێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵە پشتڕاستکراوانەی بە دەستمان گەیشتووە و ئەو وێنانەی لە بنکەکانی دەنگدان بڵاوبووەتەوە، گاڵتەجاڕیی بەناو هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جارێکی دیکەو بە بەرفراوانی، یەکگرتووانە و چالاکانە لە لایەن خەڵکەوە بایکۆت کراوە. ڕژیم بە هەموو شێوە و لە هەموو ڕێگایەکەوە هەوڵەکانی خستبوویە گەڕ تاکوو ڕێژەی بەشداری بەرز بکاتەوە و ئەمەش بکاتە ئامرازێک بۆ وەرگرتنەوەی ڕەوایی و شاردنەوەی جینایەت و ڕسواییەکانی، بەڵام ئێوە خەڵکی خۆڕاگر و تێگەیشتوو و پێگەیشتووی کوردستان، هەمدیسان بە کۆدەنگی و لە ڕفراندۆمێکی دیکەدا «نا»یەکی دیکەتان بە کۆماری ئیسلامی وتەوە.
بێگومان ئەم هەڵمەت و کردەوەی ئێوە پیشاندەری بەرزبوونی ئاستی وشیاری سیاسی و ئیرادەی تێکۆشان و خۆڕاگریتانە و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە ململانێی خەڵک و حکومەتدا، هەروا کە پەیامێکی ڕوونیش بە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەگەینێت کە ڕژیم ڕەوایی نەماوە و نوێنەری خەڵک و کۆمەڵگا نییە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای سەرکار هاتنیەوە ڕەوایی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی لە کوردستان نەبوو، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، ئەم قەیرانی ڕەواییە بە هەموو ئێراندا بڵاوبووەتەوە و هەتا دێت بەرینتر و قووڵتر دەبێتەوە.
بە ناوی سەرجەم ڕیزەکانی «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران»، بە بۆنەی ئەم سەرکەوتنە مەزنەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین. ئێوە بە دەیان جار سەلماندووتانە کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەسەڵاتێکی نییە و تەنیا هێزی سەربازی و دامودەزگا حکومییەکانی بە دەستەوە ماوە. ئێمە بە پاڵپشتی و هاوخەباتی ئێوە خەڵکی تێکۆشەر و پێشەنگی کوردستان، سەربەرز و ڕووسوورین و ورە و وزەی خەبات و تێکۆشانمان بەتینتر و بەرزتر دەبێتەوە. دڵنیاتان دەکەینەوە ئەم هەڵوێست و یەکڕیزی و یەکگرتووییەی ئێوە، ڕێگای گەیشتن بە سەرکەوتنمان هەموارتر دەکا و، کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان و داڕمانی یەکجاری دەبا.
جارێکی دیکە بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە پڕشکۆیە کە بەرهەمی پێکەوەبوون و هاوخەباتی و یەکدەنگیتانە پیرۆزباییتان لێدەکەین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندی
١١ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی
١ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی