کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان،
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی،
هەڵسووڕاوانی نەهێنی، پێشمەرگە کۆنەکان و کەم ئەندامانی سەنگەر،
هۆگران، پێشمەرگە و ئەندام و کادرەکانی کۆمەڵە!
لە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، چەپکەگوڵی سووری وەفا و خۆشەویستی ئێمەتان پێشکەش!
٢٧ی ڕەشەمە ڕۆژی گیانبەختکردووانی کۆمەڵەیە. سی و شەش ساڵ پێش ئێستا لە وەها ڕۆژێکدا خەڵکی بێتاوانی شاری هەڵەبجە لە لایەن دەسەڵاتی بەعسەوە کیمیاباران کران و بە داخێکی گرانەوە زیاتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئەم شارە و تەنانەت گیانلەبەرەکانی ئەو ناوچەیە بەتێکڕا بوونە قوربانی ئەم کارەساتە. کۆمەڵەش لە ئاکامی ئەم تاوانە دژە مرۆڤانەیە زەبرێکی قورس و جەرگبڕ و لەبیرنەکراوی بەرکەوت. گوردانی شوان یەکێک لە گوردانە هەرە چالاک و بوێر و لێهاتووەکانی کۆمەڵە بوو کە تا ئەو کات بە سەدان چالاکی سەرکەوتوو و حەماسەی خولقاندبوو. بەداخەوە لەو دەمەدا لە نزیک ئەو ناوچەیە جێگیر دەبن و ئەوانیش دەکەونە ژێر کاریگەری کیمیاباران و ژەهراوی بوون. ئەم کارەساتە لە کۆتاییەکانی شەڕی ئێران و عێراق وەک دوو وڵاتی مڵهوڕ و کۆنەپەرەست و شەڕخوازدا ڕوویدا.
هاوڕێیانی گوردانی شوان سەرەڕای هەوڵ و تەقالایەکی زۆر بۆ دەرباز بوون لەو دۆخەو لە کاتی پەڕانەوە لە چۆمی پڕخرۆشی سیروان دەکەونە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و لە ٢٧ی ڕەشەمەدا تووشی شەڕێکی قورس، دەستەویەخە و نابەرابەر دەبن. زۆربەی هاوڕێیانمان سەرەڕای ژەهراوی بوون، نەخەوتن و ماندوویەتییەکی زۆر، پاش شەڕێکی سەخت و قارەمانانە، لە سەنگەردا گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکیشیان بە برینداری و نیوەگیان بەدیل گیران و لە دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئیعدام کران، سەرئەنجام بۆ جارێکی دیکە خوێنی کۆمەڵە و خەڵکی ڕۆژهەڵات لەگەڵ باشوور تێکەڵ بە یەک بوو.
ئەم ڕۆژە تاڵە وەک ڕۆژی شەهیدانی کۆمەڵە ناودێر کراوە تاکوو وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو ئازیزانە، ڕێز لە خەبات و گیانبازی هەموو ژنان و پیاوانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە بگرین کە لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی ئەم حیزبە و کوردستان گیانی ئازیزیان پێشکەش بە خەڵک و نیشتمان کرد. ئەوان بە مەرگی خۆیان بوون بە ئیلهام بەخش و ڕێپیشاندەرانی نەسلی دوای خۆیان و ئەم بازنەی خۆڕاگری و سەربەرزییە تا ئێستاش بەردەوامە. هەزاران ئەستێرەی سوور و چوار پێشمەرگەی قارەمانی کۆمەڵە کە ماوەیەک پێش سەربەرزانە بەرەوپیری سێدارە ڕۆیشتن وەک دوانموونە، بە چەکی ئیرادە و بە خوێن و بە کردەوە سەلماندوویانە ئەم کاروانە تا سەرکەوتن ڕاناوەستێ و ڕووناکی ئەم ئەستێرە گەشانە، ئاسمانی شەوەزەنگمان هەتاکوو بەربەیانی خۆرهەڵات بۆ ڕوون دەکاتەوە.
ئەم ڕۆژە، ڕۆژی بێ هیوایی و شیوەن و ماتەمین و دەستەوئەژنۆ دانیشتن نییە، بەڵکوو ڕۆژی ڕێزگرتن لە قارەمانییەتی ئازیزترین ڕۆڵەکانی کوردستانە کە وا لە سەنگەری بەرگەری ڕەوای چەکدارانە یان لە ڕیزەکانی خەباتی نەهێنی و لەسەر شەقام، یان لە ژێر سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارەدا گیانیان بەخت کردوە. ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوەیە لەگەڵ ڕێباز و ڕێگا و ئامانجی بەرزیان. ڕۆژی ڕێزگرتن لە هەموو ئەو بنەماڵانەیە کە بە شانازییەوە ئازیزترین کەسەکانی خۆیان پێشکەش بە ڕێبازی ڕزگاری و نیشتمانپەروەری و عەداڵەت و مرۆڤایەتی کردوە. لەم ڕۆژەدا کە هاوکاتە لەگەڵ نەورۆز و نوێی بوونەوە، رێبوارانى رێگەى پڕ لە شانازى گیانبەختکردووان و خەڵکی ئەمەگناس، گڵکۆی شەهیدان بە گوڵی سوورەوە دەڕازێننەوە و سەردانى بنەماڵەى سەربەرزى گیانبەختکردووان دەکەن و پەیمانیان لەگەڵ نوێدەکەنەوە.
لاوان و ژنان و پیاوانی کۆڵنەدەر و سەربزێوی کوردستان!
پاش ئەم هەموو ساڵە و ئەم هەموو کارەساتانەی بەسەر کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕەوای گەلی کورد هاتووە، ئێستا کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی ئێمەن کە چۆکیان شکاوە و هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاراستەیەن کە دوایین ساڵەکانی مانەوە و ژیانیان تێپەڕ دەکەن. جیا لە دەیان قەیرانی چارەهەڵنەگری دەرەکی و ناوخۆیی، کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لەدوای شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هەموو هیوایەک بۆ مانەوە و هەموو سەرچاوەکانی ڕەوایی لەدەستداوە و چیتر توانای نییە خۆی لە هەمبەر خواست و ورە و وزەی جەماوەری مافخواز، دادخواز، ناڕازی و وەزاڵەهاتوو ڕاگرێت. لە بەرامبەردا ئێمەش یەکڕیزتر، بەئەزموونتر، بە ورەتر و بە وزەیەکی زیاتر لە جاران وا خەریکین بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون و گەشاوە هەنگاو دەنین. بایکۆتی بەرینی بە ناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی و کارناواڵی ڕەنگاوڕەنگ و یەکگرتووی نەورۆزی کوردستانی ڕۆژهەڵات جارێکی تر بە هەمووانی پیشاندا کە کوردستان سەنگەری خۆڕاگری و مەکۆی ژن، ژیان، ئازادییە. جێی خۆیەتی لەم ڕۆژەدا ڕێزی تایبەت بگرین لە شەهیدان و خەسارلێکەوتوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و بنەماڵە سەربەرز و ڕووسوورەکانیان کە بە فیداکاری و بوێری و قارەمانەتییەوە، سیمایەکی پڕشنگدار و پێشکەوتوو و پێگەیشتوویان لە کوردستان وێنا کرد و دەنگی خواست و ئیرادەی کوردیان هەتا سەرانسەری ئێران و جیهان بەرز کردەوە. لەم ڕۆژەدا جارێکی تر ناو و یاد و ڕێگای هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەرز و بەنرخ ڕادەگرین و لە فیداکاری و لەخۆبردوویی و گەورەیی بنەماڵەکانیان ورە وەردەگرین. هەروەها لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە خەبات و گیانبازی ڕۆڵەکانی ئێوە بەرحەق و ڕەوا بووە و دڵنیاتان دەکەینەوە سەنگەری خۆڕاگری ڕۆڵەکانتان بە تێکۆشانی بێ وچانی هەزاران هاوڕێی ماندوویی نەناس و نەبەزیو و نەتەزیو بەقایمی ڕاگیراوە.
کۆمەڵە هەوراز و نشیوی زۆری بەخۆیەوە دیوە، بەڵام قەت چۆکی دانەداوەو پشتئەستوور و پشتبەستوو بە هێزی جەماوەر و، بەپشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سەرەڕای هەموو کۆست و تەگەرەکان بەهێزتر و شێلگیرتر لە جاران درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدا و هەتا ڕۆژی سەرکەوتن لە هیچ جۆرە چالاکی و گیانبازییەک لە ڕێگای مافەکانی گەلی کورد و سەربەستی نیشتمان و بەها مرۆڤایەتییەکان هەدا نادا. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هێزی ئێوەی جەماوەر و خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و لە ڕۆژی پێویستدا، جارێکی دیکە دێتەوەوە دەست لە ملان و دەست لە نێو دەستی ئێوە، ئەرک و نەخشی مێژوویی خۆی بەڕێوە دەبات و بە پاڵپشتی ئێوە شایی و زەماوەندی سەرکەوتنی یەکجاری دەگێڕێت. هیوادارین گەلی کورد و حیزبەکانی بە یەکگرتوویی و هاوخەباتی و پاڵپشتی یەکتر و زیاتر، ڕەوتی ڕووخان و داڕمانی کۆماری ئیسلامی خێراتر بکەن و ئاوات و ئامانجی هەموو گیانبەختکردووانی کوردستان و کۆمەڵە، هەرچی زووتر بێتە دی. بەڵێن بێت تا دواهەناسە ڕێبواری ڕێگای شەهیدان و درێژەپێدەری ڕێبازی شکۆداریان بین.
بەرز و بەڕێز بێت یادی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و کوردستان
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد
بڕووخێت ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٢ی هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی