کۆمەڵانی خۆڕاگر و تێکۆشەری کوردستان!
خەباتکاران و ئازادیخوازان!
لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاویدا شەهید پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆک کۆماری کوردستان لەگەڵ شەهیدان سەدری قازی و سەیفی قازی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەسێدارەدران، دواتر کۆمەڵێکی دیکە لە کاربەدەستان و فەرماندەکانی کۆماریش پەیوەست بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بوون. لە ٧٧هەمین ساڵوەگەڕی ئەم ڕۆژەدا یاد و ناوی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.
ئەگەرچی مەبەستی ڕژیمی پاشایەتی لەم کردەوە و جینایەتە سەرکوت و تۆقاندنی بزووتنەوەی مافخوازانە و ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بوو ، بەڵام نەک لەم پێناوەدا سەرنەکەوت بەڵکو هەڵوێست و خوێنی قازی محەممەد و هاوڕێیانی بوون بە بزوێنەر و بەستێنی درێژەپێدان بە ڕێگا و ڕێبازی ڕزگاری کوردستان کە لە زۆر پێشترەوە دەستی پێکردبوو و هەتا ئێستاش بەردەوامە. پانتایی و تەمەنی کۆماری کوردستان هەرچەندە بچووک و کورت بوو ، بەڵام بە بەشداری هەمە لایەنە و تەنانەت کوردەکانی پارچەکانی دیکە، بوو بە خولقێنەری سەرەتایەکی مێژوویی بۆ هەموو کورد و لەو ماوە کورتەدا توانی گەلێک دەستکەوتی بەنرخ مسۆگەر بکات و ئەو ڕاستییە بسەلمێنێت کە نەتەوەی کورد توانای یەکڕیزبوون، پێکەوەژیان، بەڕێوەبەری و ئیدارەی پێشکەوتووانەی خۆی هەیە. ئەم ئەزموونە بوو بە ئیلهامبەخش و ڕێخۆشکەری بزووتنەوە و هەوڵەکانی دواتر لە پانتایی هەموو بەشەکانی کوردستان.
١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی ورە وەرگرتن و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ئاوات و ئامانجەکانی پێشەوا و هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای سەربەستی کوردستانە کە بە سەری نەترس و بەرزەوە تەنافی سێدارەیان لە مل کرد و بە وتەو کردەوەیان پیشانیان دا گەلی کورد لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانی سوور و شێلگیرە. ئەم ڕێگا پڕ لە هەوراز و نشێوە بە هەموو خەسار و تێچوو و دەستکەوتەکانییەوە لە ڕەوتێکی مێژووییدا بەردەوامە و هەتا دێت باڵا دەکا. دەبینین دوای زیاتر لە ٧ دەیە، زەبر و زەنگ و سەرکوتی ڕژیمی پێشوو و کۆماری ئیسلامیش نەیتوانیوە ئیرادەی خەڵک بشکێنێت و بەپێچەوانە بزووتنەوەکەی پتەوتر و بەرفراوانتر کردووە. ئەم خەباتە نەسل بە نەسل گوازراوەتەوە و ڕوو لە گەشە بووە، بەڕێوەچوونی یەکگرتووانە و شکۆمەندی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵات، ئاوێنەی باڵانوێنی ئەم گەشە و پێشوەچوون و پێگەیشتووییەیە.
ڕاستە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێستا زیاتر لە سەردەمی کۆمار فرەڕەنگ و فرەچەشن و فرەحیزبە، بەڵام قازی محەممەد هەر لە سەرەتای سوێندخواردنی بۆ سەرۆک کۆماری هەتا کاتی دادگایی و وەسییەتنامەی پێش لە لەسێدارەدانی، هەوڵدەر و پاڵنەری یەکێتی و یەکڕیزی و هاوخەباتی و یەکخستنی نێوان ماڵی کورد بوو. ئەم بۆچوون و ڕوانگەیە لە ئێستای کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و لە نێو هەموو حیزبە سیاسییەکان زیاتر لە هەمووکات وەک پێویستییەکی سەردەم و حاشاهەڵنەگر خۆی دەنوێنێت. هەر بۆیە جارێکی دیکە وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی پێشەوا و هاوڕێیانی و هەموو شەهیدانی کوردستان، داوا لە هەموو کۆمەڵانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان دەکەین بەکردەوەیی لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەکانی شەهیدانی کۆمار و کوردستان هەوڵ و تێکۆشان بکەن.
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین،
نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا دەژین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی
٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی
٢٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی