شکۆدار بێت ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە،
پێشمەرگە قارەمانەکانی کۆمەڵە!
کەمئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوان!
کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان،
لاوانی شۆڕشگێر و تێکۆشەر،
٤٦ ساڵ لەمەو پێش لە ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویی هاوڕێی تێکۆشەرمان ” سەعید موعینی” ناسراو بە ” خانە ” لەگەڵ پۆلێک لەپێشمەرگەکانی یەکییەتی نیشتمانی کوردستان لە گوندی ” دڕێ” لە کوردستانی باشوور، لە لایەن ڕژیمی بەعسەوە پەلامار ئەدرێن و لە دوای شەرێکی قارەمانانە و نابەرابەر گیانی ئازیزی لە پێناو بەدەست هێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەخت کرد و بۆ هەتاهەتایە یاد و ناوی لە دڵی ئێمە و جەماوەری کوردستاندا زیندوو ماوەتەوە.
هەر بۆیە، ڕۆژی گیانبەختکردنی کاک ” خانە موعینی ” وەکوو ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە دیاریی کراو و تاکوو ئێستا، کچان و کوڕانی تێکۆشەری کوردستان لە قۆناخە جیاوازەکاندا، لە پێناو ڕزگاری نەتەوەیی، دادپەرەوەریی کۆمەڵایەتی و، نەهێشتنی هەر چەشنە هەڵاوردنێک، سەنگەری پێشمەرگایەتییان بە ئاوەدانی هێشتووەتەوە و لە ڕێگای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد بە سەدان کەس کەم ئەندام بوون و بە هەزاران کچ و کوڕی تێکۆشەر،گیانی ئازیزیان لەو رێگەیە بەختکردووە.
هاوڕێیانی تێکۆشەر،
وشەی پێشمەرگە، بۆ خەلکی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی گەلی کورد جیا لەوەی ناوێکی پیرۆزە و گرێدراوە بە مێژووەیەکی پڕ سەروەریی و خۆڕاگری، لە هەمانکاتدا، بە کردەوە پێشمەرگە باسکی بەهێزی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردە و لەهەموو سەردەمێکدا، پێشمەرگە هێزیكی کاریگەر بوو لە خەبات و بەرەنگاری و نیشانیان داوە تەنها باسکی چەکداری بزووتنەوە نین بەڵکوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا وهەست بە بەرپرسیاریەتی لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، تێکۆشاون و بە تایبەت پێشمەرگەی کۆمەڵە لە مەیدانی خەباتێکی فرە ڕەهەند، لە پێناو بە دەستهێنانی مافە سیاسیەکان، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، پارێزگاری لە مافی بەشخوراوان، کرێکاران و چینی هەژاری کوردستان، ڕێکخستن و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکان گیانبازیی کردووە.
جەماوەری تێکۆشەری کوردستان،
لەم سەردەمەدا، زۆرتر لە جاران قەیرانی ڕەوایی و کێشە و ململانێی لە نێوان چەندین باڵی دەسەڵات،و لەلایەکی دیکەوە نەمانی ڕەوایی ئەم ڕژیمە لە ناو خەڵک و جەماوەردا،کۆماری ئیسلامی تووشی کێشە و گرفتی قورس کردووە. مردنی سەرۆک کۆماری ئێران، لاپەڕەیەکی دیکەی لە ناکارامەیی و ناکۆکی نێوان دەسەڵات و قەیرانی ڕێبەری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەڵدایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هیچ کات نەیتوانی ڕەوایی خۆی بە سەر خەڵکی ئازدیخواز و تێکۆشەری کوردستان بسەپێنێت و بە پێشەنگایەتی خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخۆازی کوردستان، پەرەسەندنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بۆ ئاستی سەرتاسەری ئێران، زۆرتر و زۆرتر لە جاران کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی کێشە و گرفت کردووە و ڕەوایی لێ سەندووەتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی حکومەتە تۆتالیترەکان ئەوەیە لە ڕێگای نیشاندانی ڕەوایی خۆیان بە جیهانی دەرەوە،مەبەستیانە درێژە بە حاکمیەت و سەرکوت و هەڵاواردان بدەن. لەئێستادا، کۆماری ئیسلامی بەرەوە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری هەنگاوی هەڵگرتووە و بە داڕشتنی پیلانی جۆراوجۆر لە هەوڵی ئەوەدایە لەم هەڵبژاردنە، ڕوو بە دنیای دەرەوە تەقەلایەک بۆ بە وێنە کێشانی ڕەوایی خۆی بدات ئەگەرچی هەوڵێکی بێ سەرئەنجامە و پرسی هەڵبژاردن بۆ کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا سەنگەری بەرەنگاریی خەڵکە لە گەڵ دەسهەڵات و پرسی بایکۆت کردن و بەشدارینەکردن لە بە ناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی، ئاکتێکی سیاسیە کە زۆرترین لایەنگری لە ناوخۆی ئێران هەیە. کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی زۆرتر لە جاران تووشی ئاڵۆزی و سەرلێشێوای بووە و دڵنیایین خەڵکی ئێران و کوردستان، هەر وەکوو هەڵبژاردنی پێشوو، بە پشت بەستن بە عەقڵیەت و هوشیاری خۆیان جارێکی دیکە نایەکی گەورە بە کۆماری ئیسلامی دەڵێن و ڕێگە نادەن کۆماری ئیسلامی لە بردنە پێشی ئەم شانۆیە کە تاکە چەکە بە دەستیەوە ماوەتەوە کەڵک وەربگرێت.
لاوان، كچان و كوڕانی تێکۆشەری کوردستان،
ئێوە وەک هێزێکی کاریگەر، وشیار و لە خۆبردوو لە قۆناغە جیاجیاکاندا نیشانتان داوە کە چۆن سەنگەرەکانی بەرەنگاری لە ناو شار و دێهاتەکانی کوردستان ئاوەدان ڕادەگرن. ڕێبەریی ئاکتە پێشەنگ و پێشکەوتووەکان دەکەن و درێژەدەری هەمان ڕێباز و ڕێگەیەکن کە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هەزاران قارەمانی ئەو نیشتمانە گیانیان بۆ بەختکردووە. ئێوە ئەو هێزە کاریگەرەن کە گەشە و ئاسایشی داهاتووی کوردستان بە وشیاری خۆتان مسۆگەر دەکەن.
بێ گومان کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە ئەو هێزە بوون و هەن کە بۆ ئەو ئامانجە تێکۆشاون و تێدەکۆشن. ڕزگاریی نەتەوەی کورد لە چەوسانەوە و دابینکردنی ئاسایش و داهاتوویەکی گەش، ئاسۆیەکە کە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە هەنگاوی بۆ هەڵدەگرن.
جارێکی دیکە بە ناوی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەوە، سەرەتا یاد و ناوی کاک خانە و سەرجەم پێشمەرگە گیانبەختکردووەکان بەرز ڕادەگرین و پیرۆزبایی ٣١ی جۆزەردان کە سیمبولی خۆراگری و ئیرادەی گەلە، لە هەموو کادر و ئەندامان و دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە، چالاکان و خەباتکارانی بزوتنەوەی ڕەوای گەلی کورد و هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی رۆژهەڵات دەکەین.
ئەو دڵنیاییەش بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەدەین کە ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هەموو توانا و ئیمکانەکانی خۆیان زیاتر لە جاران لە هەوڵی ئەوە دابوون سەنگەرەکان لە کۆمەڵە بەرتەسک بکەنەوە، گوشارەکان بۆ سەر ئەم هێزە نیشتمانییە چڕتر بکەن و پەڕوباڵی کار و چالاکییەکانی بکەن، دەیان پیلان و پرۆژەیان بە دژی ئەو حیزبە خستووەتە گەر و لە هەوڵی جێبەجێ کردنی دان بەڵام ئەمە خەیاڵێکی خاوە و کۆمەڵە هێزێکی لە شکاننەهاتووە و لە شکان نایەت. کۆمەڵە بەو پەڕی هێز و توانایەوە گەرم و گەشتر لە جاران هەوڵەکانی بۆ بە سەرەنجام گەیاندنی ئامانجە بەرزەکانی خەڵکی کوردستان دەخاتە گەڕ و ئامادەی گیانبازیی و وەستانەوەیە.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣
٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٤