پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ بەشداربووان و بەرکەوتووانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > بەڵگەنامەکان > پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ بەشداربووان و بەرکەوتووانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»
بەڵگەنامەکانڕاگەیاندن

پەیامی کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵە بۆ بەشداربووان و بەرکەوتووانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوابەڕۆژکردنەوە: 2024/12/21 at 12:00 AIM:
ناوەندی ڕاگەیاندن
بڵاوکردنەوە
‫8 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە

کۆمەڵانی ئازدیخواز و عەداڵەتپەروەر،
خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستانی ڕۆژهەڵات،
ژنانی پێشەنگ و لاوانی پێشڕەوی ڕزگاریخواز،
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان، زیندانیانی سیاسی، برینداران و خەسارلێکەوتووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی!
 
کۆنگرەی شازدەهەمی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پەیامی خۆشەویستی و ئەمەگناسی و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەموو ئێوەی ئازیز و خۆنەویست دەردەبڕێت. ئێوە کە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانتان، بەو پەڕی لەخۆبردوویی و بوێری و ئازایەتییەوە لەهەمبەر دەسەڵاتی چەوسێنەر و نگریسی کۆماری ئیسلامیدا وەستانەوە و، بوون بە مەشخەڵێکی ڕووناکیبەخش و ئاڵاهەڵگری خەباتێکی ئەمڕۆیی و شوێندانەر. ڕاپەڕینی ئەمجارەشتان هەمدیسان گەوهەری کەرامەتی ئینسانی و ئەرکی پاراستنی بەها مرۆییەكانی خستەوە ڕۆژەڤ و، پەیامی ئازادیخوازیی و سەربزێویی و زیندوبوونی نەتەوەیەکی بندەستی گەیاندە گوێی هەموو نەتەوەکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی ئەم وڵاتە و بوو بە ڕێنوێن و ئیلهامبەخشی جیهانیان.
 
خەڵکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەری کوردستانی ڕۆژهەڵات
ئەم بزووتنەوە کەم وێنەیە بەرهەمی کەلتورێکی ڕەسەن و دەوڵەمەند و، هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایەکی پێگەیشتوو وپێشکەوتنخوازە کە بە خواستگەلێکی سەرەتایی و هاوکات بنچینەیی، ئاستی وشیاریی و وریایی و شارستانییەتی تاک و کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی وێنا کردەوە. خواستەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بەرهەم و کۆکراوەی پتر لە ٥ دەیە خەبات و چالاکی کۆمەڵەیە و لەگەڵ مێژوو و پێناسەکەی بە تەواوی یەکانگیرە.کۆمەڵە بەردەوام لەو بڕوایەدا بووە کە مافی ژیان و ئازادی و بەرابەری نەک تەنیا هەر بۆ نەتەوەی کورد بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤەکان مافێکی پێویست و گشتگیر و حاشاهەڵنەگرە بەڵام مەیدانی تێکۆشان و ئەرکی سەرەکی ئێمە وەدیهاتنی ئەم داخوازییانە لە کوردستانە و ئەمەش وەک ئەسڵێکی بنەڕەتی و ئامانجێکی هەمیشەیی دەمێنێتەوە.
 
بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بە دوای قەتڵی حکوومەتی ژینائەمینی بە دەست کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و لە شاری سەقز سەری هەڵدا، زۆر زوو تەشەنەی سەند و بە هەموو پانتایی شارەكانی کوردستاندا بڵاو بووەوە. زۆری نەخایاند کە ئەم شەپۆلە گەیشتە ناوچەکانی دیکەی ئێران و، کۆمەڵگاکەی ڕاچڵەكاند و شەقامەکانی جووڵاند. کوردستان سەرەڕای سەرکوت و تێچوویەکی دووهێندەیی، دەستپێشخەر و مێعماری ئەم ڕاسانە بوو و بە بەردەوامی وەکوو سەنگەر و مەکۆی ئەم ئاخێزە، خۆراگر و سەربەرز مایەوە تاکوو ئەزموون و بەڵگەیەکی پڕشنگداری دیکە لە مێژووی خەباتی خۆیدا تۆمار بکا.
 
ژنانی پێشەنگ و کۆڵنەدەری کوردستانی ڕۆژهەڵات
ژیان بە ژنەوە دەست پێدەکا و گەیشتن بە ئازادی لە گرەوی ئازادی ژندایە، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە هەقیقەت بەرهەمی پێشەنگایەتی و تێکۆشان و چالاکی ژنانی کوردستان بوو کە دەنگیان بە هەموو دونیا گەیشت و بە گوێی هەموو چەوسێنەرێکدا زرینگایەوە. ئێوە بوون کە جڵەوی ئەم بزوووتنەوە بەرفراوان و بەرینەتان گرت و، بە پشتیوانی و هاوخەباتی پیاوانی تێگەیشتوو و هوشیار بە گژ کۆنەپەرەستی و زۆرداری و ستەمدا چوونەوە. لە ناوچەیەکدا کە ئائینی سیاسی و فەرهەنگی پیاوسالارانەی دواکەوتوو، ئازادی و یەکسانی و ژیانی سەربستی کردووتە ئامانج، ئێوە هاوکێشە و پارسەنگی هێزتان گۆڕی و چیرۆکی گرنگبوونی چۆنییەتی ژیانتان بۆ کچانی نیشتمان گێڕایەوە. دڵنیاتان دەکەینەوە لە هەموو قۆناغەکانی تۆمارکردنی ئەم شانازییەدا، لە شەقامی شارەکان و لادێکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە کوردستانی باشوور و لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵە لەگەڵتان و هاوڕێ و هاوسەنگەرتان بووە و هاوشانی ئێوە، هەستی بە بەرپرسایەتی کردووە، تێکۆشاوە و تێچووی بۆ داوە.
 
لاوانی خوێنگەرم و بەرپرس و پێشڕەوی کوردستانی ڕۆژهەڵات
ئێوە وەک شۆڕەلاوانی سەربزێو و چاونەترسی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات، میراتهەڵگری مێژوویەکی نەخوازراون و لە هەمان کاتدا وزەی یەکلاییکەرەوەی ئێستان و دەتوانن ببن بە چارەنووسسازی داهاتوویەکی گەش. ئێوە ئەرکێکی گرینگ و تایبەتتان لەم قۆناغە مێژوویەدا لە ئەستۆیە و بە کردوە سەلماندتان کە شیاوی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسایەتییەن. لە ساڵانی ڕابردوو ئێوە بوون و هەن کە بەو پەڕی شەهامەت و لەخۆبردووییەوە بە خشت و بەرد سەنگەرتان لە ئاگر و ئاسن گرتوو و سەرەڕای هەموو تێچوو و خەسارێک، خاوەنداریتان لە مێژوو و ئێستا و داهاتوو کرد. ئێمە ڕێز لە گیانبازی و هەست بە بەرپرسایەتی و خۆڕاگریتان دەگرین و وانەی خەباتتان لێوە فێر دەبین. لە هەموو ئەم چەند دەیەی ڕابردوو ئێوە بوون کە نەسل و نەوە یە لەدوای یەک، سەنگەری بەرەنگاری و خەباتتان ئاوەدان هێشتووەتەوە و چرای ڕێگای داهاتووتان بە گەرمی ڕاگرتووە.بەڵێن دەدەین وەک کۆمەڵە و هاوتەمەنانی ئێوە لە ڕێزەکانی ئەم حیزبەدا، شانبەشانی ئێوە و بە پاڵپشتی یەکتر هەتا گەیشتن بە لووتکەی ئاواتە بەرزەکانمان، یەک بست لە خواستە ڕەوا و ئینسانییەکان پاشەکشێ ناکەین.
 
 
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
ئەم هەڵمەتەش، وەک هەموو هەڵمەتێکی ڕزگاریخوازانەی جەماوەریی، بێ تێچوو نەبوو و بەداخەوە لەم بەشەشدا کوردستان پشکی شێری بەرکەوت. ئەگەرچی هیچکام لەم تێچووانە بێ دەستکەوت نابێت و دڵنیاین دەبێتە تینی هەنگاوێکی بە گوڕ و چرایەکی ڕێنوێن بۆ ڕێگامان تا گەیشتن بە سەربەستی و هاتنەدی ئاواتی ئازاد ژیان.
بەداخەوە بە دەیان ڕۆڵەی دلێری ئەم نیشتمانە گیانی پاکی خۆیان بەخت کرد بەڵام ئەوان شەقام و کۆڵانیان کرد بە سەنگەر و سینگیان کرد بە قەڵغان. هەر دڵۆپێك لە خوێنی ڕژاویان، تینوویەتی نەمامی هیوای شکاند و موژدەی ژیانەوەی گەیاند. فیداکاری و گیانبازیی و ئیرادەی لەشکان نەهاتوویان، سەلماندی کە ئەم دەسەڵاتە لەگەڵ خواستی گەل و فەرهەنگی کوردستان نامۆیە و بە زەبری سەرکوت نەبێت لە چاوتروکانێکدا ڕادەماڵدرێت.
ئێوە وەک دایک و باوک و بنەماڵە سەربەرزەکانتان، دەور و نەخشێکی مێژوییتان گێڕا. لە جیاتی شین و شیوەن، شاییتان بەو شانازییەوە گێڕا و حەماسەتان خولقاند. بەو پەڕی ورە و لەخۆبردووییەوە گیانی ئازیزترین کەسەکانتان پێشکەش بە ئامانجە ڕەوا و بەرزەکان کرد. تەرمی پیرۆزیانتان بە خاکی کوردستان بەخشی بەڵام نە تەنیا چۆکتان نەلەرزی بەڵکوو قەڵای زۆردارانتان لەرزۆکتر و بنکۆڵتر لە جاران کرد. سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕشی ژینا و خۆڕاگری بنەماڵەکانیان دادەنوێنین و، بەڵێن دەدەین هەتا گەیشتن بە لووتکەی ئامانجەکانیان پارێزەری ڕێباز و ڕێبواری ڕێگایان دەبین.
 
برینداران و زیدانیانی سیاسی و خەسارلێکەوتووان،
بە هەزاران بریندار و ئازارچێشتوو و خەسارلێکەوتووی ئەم بزووتنەوەیە، لە بەرانبەر دەسەڵاتی ستەمکار و دەزگا سەرکوتەکەی و، لەهەمبەر توندوتیژییەکی بێسنووردابەدەربەستانە بەشێک لە جەستە یان ماڵ و حاڵیان بەخشی، ژیانی سەربەرزانەیان هەڵبژارد و بە ورەیەکی بەرز و ئیرادەیەکی پتەو کۆڵیان نەدا و دوژمنیان بێهیوا کرد. زیندانیانی سیاسی لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار لە گرتووخانەکانی ڕژیمدا بەو پەڕی خۆڕاگرییەوە وەستاونەتەوە و سەنگەری بەندیخانەیان بە پێوە ڕاگرتووە. هەر لێرەوە هەستی ئەمەگناسی و پێزانینی خۆمان ئاراستەی ئێوە و بنەماڵە خۆڕاگرەکانتان دەکەین و خۆمان بە شەریکی ئێش و ئازاری هەمووتان دەزانین. بەڵێن دەدەین تێچووەکانتان بە بێ دەستکەوت نابێت و خەڵکی کوردستان و نەوەکانی داهاتوو خۆی بە قەرزدارتان دەزانێت.
 
ئێستا کە ئامانجەکانی ئەم بزووتنەوەیە بووەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە و ئاسایی خەڵک و، وەک مافێکی بێ ئەملاوئەولا لە وشیاریی تاکەکاندا سەلمێندراوە، دڵنیاین کە بزووتنەوەکە بێ ئاکام نامێنێتەوە و ڕێگای خۆی بەرەو سەرکەوتن دەکاتەوە.کۆنگرەی ١٦ پشتیوانی و پاڵپشتی خۆی بۆ خەباتتان دەردەبڕێت و بەڵێن دەدات، کۆمەڵە شێلگیرتر لە پێشوو شانبەشانی ئێوە لە دژی هەرجۆرە هەڵاواردن و سەرکوت و نابەرابەرییەک خەبات و تێکۆشانی درێژە پێدەدا و هەنگاوەکانی بەرەو ڕزگاری چڕ دەکاتەوە.
ڕۆژی ڕزگاریی و سەربەستیمان نزیکە و داهاتوویەکی گەشاوە و ڕوون لە ئاسۆماندا دەدرەوشێتەوە. جارێکی دیکە پەیامی ئەمەگناسی و پێزانینی خۆمان بۆ هەموو خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانتان دەردەبڕین. لە داهاتوویەکی نزیکدا هەموومان پێکەوە بەرەو پیری ژیانێکی شیاو و سەربەست دەڕۆین و یادی ئازیزی شەهیدان بەرز و تێچووی هەموو بەشداربووان بە نرخڕادەگرین.
 
«ژن، ژیان، ئازادی»
کۆنگرەی ١٦ی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران  
سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاویی
ڕێكەوتی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی

ناوەندی ڕاگەیاندن 21/12/2024 21/12/2024
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

وتووێژی “گرێتا پڕیڤیترا” لە ڕۆژنامەی “كوریرە دێلا سێرا”،  لە ناسراوترین و پڕخوێنەرترین ڕۆژنامەکانی  وڵاتی ئیتالیا لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
وتووێژی “نیوزنەیشن” تیڤی لە واشنگتۆن لەگەڵ بەرێز عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتیی کۆمەڵە
وتووێژ 28/06/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە
ڕاگەیاندن 26/06/2025
ژمارە١٩٣ی ئاسۆی ڕۆژهەڵات
ڕۆژنامە 22/06/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?