ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ژانوییەی ٢٠٢٥ی زایینی، سێمینارێكی كەلتوری، زانستی، سیاسی تایبەت بە کرماشان و ئیلام و لوڕستان لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد بەڕێوەچوو. وەفدێکی کۆمەڵە بەسەرپەرەشتی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لەسەر بانگهێشتی فەرمی ڕێکخراوی جیهانی کورد – لقی سوئێد لەم سێمینارەدا بەشدارییان کرد. سێمینارەكە بە بەشداریی ژمارەیەک لە ئاکادێمیست، مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی ئەو ناوچەیەو سیاسەتوانان لە چەندین پانێلی جیاوازی زانستی و فەرهەنگی و سیاسی پێکهاتبوو. هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی لە پانێلی سیاسی ئەم سمینارەدا بەشداری کرد و باسێکی سەبارەت بە تایبەتمەندیی و گرینگی ئەو ناوچانە و پێویستی یەکگرتوویی کوردی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. لە درێژەدا بەڕێزیان ئاماژەیان بە لێکەوتەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی كە بوو بەهۆی یەکگرتوویی و هاودەنگی هەرچی زیاتری کورد لە کرماشان و ئیلام و لوڕستان كرد و لەسەر ئەرکی حیزبەکان بۆ پەرەپێدانی زیاتری خەبات لەو ناوچانە جەختی کردەوە. هەروەها ئامادەیی خۆی و کۆمەڵەی بۆ پاڵپشتی و هاوپشتی و، هەرجۆرە هاوکاریی و هاوفیکرییەک لەو بارەوە دەر بڕی.
جێگەی ئاماژەیە وەفدی بەشداربووی کۆمەڵە لە پەراوێزی سمینارەکە لەگەڵ چەندین کەسایەتی زانستی و لێکۆڵەری کورد دیدار و گفتگۆیان کرد.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
٢٦ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی
٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی