شکۆدار بێت ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە،
کۆمەڵە لە ٢٦ی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی خەباتی ئاشکرای خۆی راگەیاند. حیزبێکی سیاسی کە دوای نزیک بە ١٠ ساڵ خەباتی نهێنی، شێلگیرانە و سازماندراو درێژەی بە تێکۆشانی خۆی دا و بەردی بناغەی دامەزراوەیەکی بنیاتنا کە بوو بە حیزبێکی رێنوێن و رێ نیشاندەر و ورەیەکی نوێی خستە ناو جەستەی بزوتنەوەی کوردستانەوە. لە دوای ئاشکرا کردنی خەباتی نهێنی خۆی بەدوای گیانبەختکردنی هاوڕێی ڕابەر کاک حەمە حسێن کەریمی، کۆمەڵە زۆر زوو بە پانتایی کوردستان رەگی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا داکووتاو و بوو بە وێردی سەر زمانی هەموو چین و توێژەکانی ئەو کۆمەڵگایە. حیزبێکی نوێ کە بوێرانە بەرانبەر پێشهاتە سیاسیەکانی کوردستان و ئێران هەڵوێستی دەنواند و کولتورێکی نویی لە حیزبایەتی پێشکەشی خاک و نیشتمانەکەی کرد. کۆمەڵە بە هەوڵدان بۆ دەستەبەر کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسانیخواز، بە هەوڵدان بۆ داڕشتنی بناغەکانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد و پەرەدان بە کولتوری یەکریزی و پلوراڵیزم، فۆرمێکی نوێی لە وەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانی بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان خستە ڕوو. هەروەها دەستپێکی خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووی بوو لە بەهێز کردنی خەباتی مەدەنی و جەماوەری وێڕای پتەو کردن و بەهێز کردنی خەباتی سیاسی لە مێژینەی کورد بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی و ئاوێتە کردنی ئەو دووانە بۆ ناساندنی شکۆ و جەوهەری پێشکەوتنخوازانەی بزوتنەوەی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە ئێران و جیهان.
لە دوای تێپەر بوونی ٤٦ ساڵ بە سەر ئاشکرا بوونی خەباتی نهێنی کۆمەڵە لە کاتێکدا یادی ئەو رۆژە مەزنە بەرز رادەگرین کە کوردستان لە لایەک دوای ئەزموونی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و سەرکوتی خوێناوی ئەو شۆڕشە، هێشتا هەر ئاڵاهەڵگری بەرەنگاری بە دژی کۆماری ئیسلامیە و لە مانگەکانی ڕابردووشدا بە نیشان دانی یەکریزییەکی لە شکان نەهاتوو و بەڕێوەبردنی مانگرتنی سەرکەوتووانە بە دژی ئێعدام لە ئێران لە سەر داوای حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات جارێکی دیکە سەرکەوتنی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی بە سەر حوکمی تاریک و چەپەڵی کۆماری ئیسلامی نیشان دا و ئەو سەرکەوتنەش لە کاتێکدا دووپات بووەوە کە کۆماری ئیسلامی لە هیچ هەوڵێک بۆ گوشار خستنە سەر حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت کۆمەڵە بە دەیان پیلان و پلانی ناسەرکەوتوو درێغی نەکردووە و بەردەوامە،
لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئێستادا لە لاوازترین پێگەی خۆی دایە، قەیرانی ئابووری و ئەگەری داڕمانی ئابوری لە هەموو کات نزیکترە و زۆرتر هەستی پێدەکرێت، تێکشکانی بەرەی موقاومەت و داڕوخانی دیواری هیوا و نەمانی پێگەی ستراتژیکی ئێران لە دوای رووخانی سوریەی بەشار ئەسەد، هەم لە ڕووی ئابووریەوە و هەم بە دیوە سیاسیەکەیەوە زەربەیەکی کاریگەری لە لاشەی بۆنکردووی کۆماری ئیسلامی وەشاند و دۆڕانی پرۆژەی هیلالی شیعەی گارانتی کرد. هەروەها هاوکات لەگەڵ ئەو شکستانە هاتنە سەر کاری کابینەی نوێ لە ئامریکا و هاتنەوە مەیدانی گوشارەکان و ئابلۆقە ئابووریەکان، کۆماری ئیسلامی ئەوەندەی تر خستووەتە پەلەقاژە و سەرەڕای وتارەکانی خامنەیی و پێداگری لە سەر سیاسەتە دژە ئامریکاییەکای بۆ هێشتنەوەی ئینسجامێکی نیوە و ناتەواو لە ناو بەدەنە و یارانی خۆیان، بە پێچەوانە و لە پشتی پەردە لە هەموو هێز و لۆبی خۆیان کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی بچنە سەر مێزی موزاکرە و بۆ مانەوەی دەسهەڵاتەکەیان تەقەلا بکەن. هەرچەند سەر مێزی گفت و گۆش ئەمجارەیان پێ ناچێ دەسکەوتێکی ئەوتۆیان بۆ مسگۆر بێ و دۆڕاوی سەرەکی هەموو رووداوەکانی یەک ساڵی رابردوو بە بێ گومان کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتەکانی بوون.
کۆمەڵە کە وەک هەمیشە هەوڵی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی کوردستانی و هاوپەیمانیەتێکی بەهێزی کوردی داوە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوش بە دەیان گەڵاڵە و پێشنیار لە هەوڵی وەدیهێنانی ئەو خەونە دابووە و بڕوای وایە یەکریزی و هاوئاهەنگی هێزە کوردییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەتوانێ کارتی کورد بەهێزتر بکات لە موعادلات و پێشهاتەکانی بەردەمی، بۆیە لە دوایین کۆنگرەی خۆیدا جارێکی دیکە بە هەست کردن بەو زەرورەتە هەوڵ بۆ دروستکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو یان هەر فۆرمێکی دیکەی هاوپەیمانی کە خزمەت بە یەکریزی و یەگکرتووی کورد بکات وەک ئەرکی کۆنگرە دیاری کرد و هێز و توانای خۆی بۆ ئەو زەرورەتە خستووەتە گەڕ.
بەدڵنیاییەوە چالاکان و هەڵسوڕاوانی نهێنی، پێشمەرگە دێرینەکان و دۆستان و دڵسۆزانی کۆمەڵە ئەمساڵیش وەک نەریتی هەموو ساڵەکانی ڕابردوو، بەسەردانی بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کوردستان و چالاکی بەرینی تەبلیغی یادی ئەو ڕۆژە بەرز ڕادەگرن، لێرەوە و لە رێگەی ئەو پەیامە پیرۆزبایی لە هەموو خەڵکی قارەمانی کوردستان ، لاوانی خوێن گەرمی هیوای دوارۆژی نیشتمان، هەڵسوڕاوانی مەدەنی، زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەکانیان، بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان و بنەماڵەی بە ورە و خۆڕاگریان، ژنانی کۆڵنەدەری کۆڵەکە و جوهەری بزوتنەوە رزگاریخوازەکان، پێشمەرگە دێرینەکان، کەم ئەندامانی سەنگەر وچالاکانی نهێنی هەردەم ئامادە و گیان لە سەردەست دەکەین و دڵنیایان دەکەینەوە کە کۆمەڵە سورتر لە هەمیشە لە سەر بەڵێنی خۆی بۆ دابین کردنی ئاوات و ئازرەزووەکانی خەڵکی کوردستان پێداگرە و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دەدا و جارێکی دیکە بە رەساڵەتی خۆی هەڵدەستێت بۆ تەیار کردن و وەگەرخستنی هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجەکانی خەڵکی کوردستان وبزوتنەوە ڕەواکەی. نە تەنیا بۆ ئەوە بزوتنەوەکە سەربخات و مافەکانی کورد بەدی بێنێت بەڵکوو بۆ دابین کردنی ئەو کۆمەڵگایەی گەشە و سەقامگیری بۆ داهاتووی نەوەی نوێی تێدا گارانتیە و بەدی دەکرێت.
سەرکەوێ بزوتنەوەی رەوای گەلەکەمان
پیرۆز بێت ٢٦ی رێبەندان
بروخێ کۆماری سێدارەی ئیسلامی ئێران
٢٦ی رێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی