شکۆدار بێ ۲٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە.
وەک نەریتی هەموو ساڵێک ۲٦ی رێبەندان ساڵرۆژی کۆمەڵە لە لایەن چین و توێژە جۆراجۆرەکانی خەڵکی کوردستانەوە پێشوازییەکی کەم وێنەی لێکراو راپۆرتی ئەم پێشوازییەش لە پەیج و سایت و کەناڵەکانی کۆمەڵەوە بە ئاگاداری هەموو لایەک گەیشتووە. کۆمەڵەش بە پێی بارودۆخی ئێستا و بەداخەوە هەموو گوشارە ئەمنیەتییەکان بەڵام رێورەسمێکی شایستەی ئەو رۆژەی لە سوورداش بەرێوەبرد.
لەم رێورەسمەدا کە بەشێک لە هاورێیانی نیشتەجێی سوورداش تێیدا بەشدار بوون،وێڕای دەستپێکی مەراسیمەکە هاورێ کەوسەر فەتاحی ئەندامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە پەیامی کۆمەڵەی بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵە پێشکەش بە بەشداران و ئامادەبوانی رێورەسمەکە کرد.هاورێ کەوسەر لە پەیامەکەیدا وێرای وەبیرهێنانەوەی دەور و رۆڵی کۆمەڵە لە شۆرشی کوردستاندا لەسەر رەوایی شۆرشی ژن ژیان ئازادی و پێگەی گووتاری کۆمەڵە لەو شۆرشەدا،لەسەر راسپاردە و سیاسەتی کۆمەڵە بۆ هاوکاری و نزیکایەتی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کە لە کۆنگرەی ۱٦ی کۆمەڵەدا پێداگری لەسەرکراوە جەختی کردەوە و رایگەیاند کە ئامانجی هەنووکەیی و لە مێژینەی کۆمەڵە پێکهێنان و سازدانی بەرەیەکی کوردستانییە لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی رۆژهەڵاتدا و کۆمەڵە لەو بابەتەوە هەم خاوەن بڕیار و هەمیش خاوەن پلان و پرۆژەیە. شایانی باسە ئەو رێورەسمە پاش پەیامی کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات سەبارەت بە گرینگایەتی و پێگەی لاوان و بەشداربوونیان لە خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورددا و پێگە و بەڵێنی کۆمەڵە بەرامبەر بە لاوان کە لە لایەن کاک هێرشی رەهنەوەرد بەرپرسی کۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵاتەوە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا،لە نێو ئاپۆرەی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات.