لە رۆژانی رابردوودا و بە بۆنەی ۲٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە،لە لایەن کومیتەی بالیسان و ناوەندی پەروەردەی کۆمەڵەوە سمینارێکی سیاسیی بۆ هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە بالیسان بەڕێوە چوو. لەم سمینارەدا کە بەشێک لە هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی و کادر و ئەندامان و پێشـمەرگەکانی کۆمەڵە بەشداریان کرد، هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی وێرای ڕێزگرتن لە گیانبازی هاوڕێیانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و پیرۆزبایی ڕۆژی کۆمەڵە لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان و پێشمەرگەدێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و هەموو ئەو هاوڕێیانەی ئێستا لە ڕیزی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەدان و بنەماڵەکانیان و هەروەها سەرجەم لایەنگرانی کۆمەڵە، ئاماژەی بەوە دا کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە تەواوکەری خەباتی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و بە ئاماژەدان بە ئێستا و مێژووی کۆمەڵە، کاریگەری خەباتی جەماوەری و پێشمەرگانەی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات گرینگ و پڕبایەخ پێناسە کرد.هەروەها سکرتێری گشتی کۆمەڵە بە لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و ناوچەکە ئاماژە بەوە کرد هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە زۆرتر لە جاران ئەبێت لە بەشە جوارەجۆرەکانی تەشکیلاتدا خۆی تەیار بکات بۆ ئەگەری هەر گۆڕانکاریەک و پشتیوانی لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات. لەبەشێکی دیکەی سمینارەکەدا هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی ئاماژەی بە ئامانجی کۆمەڵە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوان لە نێوان حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و جەختی کردەوە بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە کە ئامانج و خواستی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە،هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک بکات.
لە بەشێکیتری سمینارەکەدا هاوڕێ سۆما یووسفی ژیاننامەی هاوڕێی ڕێبەر کاک حەمە حوسەین کەریمی پێشكەش بە ئامادە بووان کرد و لە دوای سمینارەکە بۆ ڕێز گرتن لە ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە ٢٦ نەمام لە بنکەی کۆمەڵە لە دۆڵی بالیسان نێژران.