پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Notification Show More
Aa
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
خوێندنەوەی: کوردە ناڕازییەکانی ئێران، بە مەبەستی “ڕووخان”ی حکومەت داوای هاوکاری لە ئەمریکا دەکەن
بڵاوکردنەوە
پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Aa
Search
  • سەرەکی
  • وتار
  • ڕاگەیاندن
  • بەڵگەنامەکان
  • هاوپەیمانییەکان
  • ئاسۆی ڕۆژهەڵات
  • پەیوەندی
  • کوردی
    • کوردی
    • فارسی
Follow US
© Komala Party of Iranian Kurdistan
پێگەی فەرمی کۆمەڵە > وتووێژ > کوردە ناڕازییەکانی ئێران، بە مەبەستی “ڕووخان”ی حکومەت داوای هاوکاری لە ئەمریکا دەکەن
وتووێژ

کوردە ناڕازییەکانی ئێران، بە مەبەستی “ڕووخان”ی حکومەت داوای هاوکاری لە ئەمریکا دەکەن

ناوەندی ڕاگەیاندن
دوابەڕۆژکردنەوە: 2025/06/01 at 10:00 PM
ناوەندی ڕاگەیاندن
بڵاوکردنەوە
‫17 دەقەی پێویست بۆ خوێندنەوە


وتووێژی گۆڤاری نییوزویک لەگەڵ کاک عەبدۆڵا مۆهتەدی سکرتێری کۆمەڵە

ڕێبەری بزووتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە ئێران بە نیوزویکی ڕاگەیاندووە، گرووپەکەی داوا لە ئەمەریکا دەکات دەست بۆ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی درێژ بکات بۆ لاوازکردن و دواجار ڕووخاندنی حکومەت. لە کاتێکدا ئەو گرووپە بە دوای پشتیوانی چەکداریدا ناگەڕێ، عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، داوای لە سەرۆک کۆمار، دۆناڵد ترامپ کردووە، پەیوەندییەک دروست بکات کە زەمینە بۆ ڕووخانی حکوومەتی ئێران بخوڵقێنێت. موهتەدی بە نیوزویکی ڕاگەیاند: “ئێمە پێمانوایە کە حکومەتی ئەمریکا دەبێ سیاسەتێکی کراوەی هەبێت بەرامبەر بە دژایەتی دێموکراتیکی ڕێژیمی ئێران، وەک گەلی کورد، وەک کەمینە نەتەوەییە جیاوازەکان، گرووپە سیاسییە نەتەوەییە جیاوازەکان، بە مەرجێک تیرۆریست نەبن و باوەڕیان بە دیمۆکراسی بێت.” هەروەها زیادی کرد: ” پێمان وایە دامەزراندنی وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەن و توێژە جیاجیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەمریکایە، چونکە ئەگەر ئەمریکا لە پێوەندی لەگەڵ ئەواندا هەبێت، لەوانەیە ڕژیم لە ژێر گوشاری قەیرانە ناوخۆییەکان بڕوخێت.” 

لە کاتێکدا بەشێک لە ڕەخنەگرانی ئێران دژایەتی هەوڵەکانی ترامپ دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، موهتەدی پێی وایە ڕێککەوتنێک کە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی سنووردار بکات، نەک هەر ڕژیم بەهێز ناکات، بەڵکو لە ڕاستیدا ڕژیم لاواز دەکات. موهتەدی وتی: ئێمە لەگەڵ ئێرانێکی نائەتۆمی داین، هەروەک چۆن ئیدارەی ترامپ بۆوونێکی هاوشێوەی هەیە. هەروەها خۆمان لەگەڵ سیاسەتی حکومەتی ئەمریکا لە بەرپەرچدانەوەی چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا هاوسۆزین. بەڕای من ڕێککەوتنێک کە لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە بێت، دەسەڵاتی ئێران بەهێزتر ناکات، بەڵکو لاوازی دەکات.

خەباتی کورد لە ئێران

ئێران وڵاتێکی هەمەچەشنە کە لە کۆمەڵێک پێکهاتە نەتەوەییە جیاوازەکان پێکهاتووە. گەورەترینی ئەو پێکهاتانە پێکهاتەی فارسی زمانە. گرووپە دیارەکانی دیکە بریتین لە ئازەرییەکان، کوردەکان، عەرەبەکان، لوڕەکان، بەلووچەکان. کورد کە زۆرجار بە گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی جیهان ناودەبرێت، زیاتر لەو ناوچانەدا دەژین کە ئێران، عێراق، سوریا و تورکیە دەگرێتەوە. کوردەکانی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی لە پارێزگاکانی باکووری ڕۆژئاوادا بوونیان هەیە، لەوانە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان، کرماشان، ئیلام و بەشێک لە هەمەدان و لوڕستان. بەپێی خەمڵاندنەکان کوردەکان نزیکەی لەسەدا ١٠ی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن کە بەنزیکەیی لە نێوان ٨ بۆ ١٢ ملیۆن کەسە. زۆرینەیان موسڵمانی سونیین و زۆرینەی دانیشتوانی ئێران ئیسلامی شیعە پەیڕەو دەکەن. ئێرانیش هاوشێوەی وڵاتانی دیکە کە دانیشتووانی کوردی بەرچاویان هەیە، مێژوویەکی پڕ کێشەی هەیە لەگەڵ کەمینەی کورد. هەندێک لە کوردەکان حکومەت و دەسەڵاتیان بە سەرکوتکردنی مافەکانیان تۆمەتبار کردووە -تۆمەتێک کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە پێش ئێستا- و هەندێکیشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵات پەنایان بۆ خەباتی چەکداری بردووە. هەروەها گرووپە کوردییەکان وەک هێزی نیابەتی لە ڕکابەریی نێوان زلهێزەکانی ناوچەکەدا بەکارهێنراون، چ لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی ئێران و چ لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٩٧٩. لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، لایەن و هێزە کوردییەکان لە هەردوو وڵات بەرەنگاری حکومەتەکانیان بوونەوە.

کۆمەڵە وەک یەکێک لە گرووپە چەکدارە پێشەنگەکانی کورد سەریهەڵدا و سەرەتا هەڵوێستی مارکسیستی-لێنینیستی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆماری ئیسلامی تازە دامەزراو گرتەبەر. ئەو حیزبە تا ڕادەیەکی زۆر بە نهێنی کارەکانی کردووە، تۆڕەکانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دامەزراندووە. ئەم گروپە چەندین جار جیابوونەی بەخۆیەوە دیوە، دیارترینیان لە ساڵی ٢٠٠٠دا کە فراکسیۆنی موهتەدی لە لقی حزبی کۆمۆنیست جیا بوونەوە. زیاتر لە دە ساڵە موهتەدی هەوڵی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا دەدات و لە ساڵی ٢٠١٨ لە سەردەمی یەکەمین ئیدارەی ترامپ، کۆمەڵە یەکەم دەفتەری خۆی لە واشینگتۆن دی سی کردەوە. بزووتنەوە دیارەکانی دیکەی کورد لە ئێران بریتین لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (پ د ک) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک). ئەم گرووپانە لە ساڵانی ڕابردوودا لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئێران، هەروەک هەندێک لقەکانی کۆمەڵەش تێوەگلاون. بەڵام موهتەدی ڕایگەیاندووە کە بزووتنەوەکەی وازی لە خەباتی چەکداری هێناوە. بەڵام حکوومەتی ئێران هەر سێ لایەنەکەی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشان کردووە.                                                                                                  نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک بۆ نیوزویک بدات. هەروەها نیوزویک هەوڵی داوە بۆ پێوەندی گرتن بە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ وەرگرتنی زانیاری. دوای ئەوەی موهتەدی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ نیوزویک داوای پشتیوانی ئەمریکای کرد، نوێنەرایەتیی ئێران دووپاتی کردەوە کە “حزبی کۆمەڵە بە گرووپێکی تێرۆریستی چالاک ناسراوە کە سەدان کەسی لە مەهاباد و شارەکانی دیکەی ئێران شەهید کردووە”. شاندی ئێرانی لەو کاتەدا بە نیوزویکیان وتبوو: “ئەگەر حکومەتی ئەمریکا پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، نابێت هیچ یارمەتی یان ئاسانکارییەکی گونجاو بۆ چالاکییە سیاسییەکان و کۆبوونەوەکان بۆ ئەم گرووپە دابین بکرێت”.                             بەڵام موهتەدی جەختی لەوە کردەوە کە چیتر بەرخۆدانی چەکداری بە ڕێگایەکی کردەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کۆمەڵە لە ئێران نابینێت. هەروەها ئاماژەی بە هەڵوەشانەوەی ئەم دواییەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پ ک ک) کرد لە دوای شۆڕشی دەیان ساڵەی لە دژی تورکیە.


کوردە ناڕازییەکان لە ئێران داوای هاوکاریی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی زەمینە بۆ “ڕووخان”ی حکومەت خۆش بکەن

موهتەدی وتی: گەلی کورد دەیان ساڵە، تەنانەت سەدان ساڵە بۆ مافەکانی خۆی خەبات دەکات. بەڵام من پێم وایە سەردەمی خەباتی چەکداری و بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەو ڕێگەیەوە کۆتایی هاتووە و چەکداماڵینی پ ک ک ەیش نموونەی ئەم ڕاستیەیە. ناوبراو هەروەها وتی: سەرکەوتنی ئێمە لە ڕێکخستنی مانگرتنی گشتی و بزووتنەوە جەماوەرییەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینادا بەڵگەیە لەسەر ئەم ڕاستییە. بزووتنەوەی ژینا ئاماژەیە بۆ ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لەژێر دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” کە لە سەرانسەری ئێران لە کاردانەوە بە گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی، ژنێکی کوردی ئێرانی تەمەن ٢٢ ساڵ کە بە ژینا ئەمینی ناسراوە، لە مانگی سپتامبری ٢٠٢٢ لە کاتی دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسەوە ڕوویدا.        چالاکانی مەدەنی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان بە کوشتنی مەهسا ئەمینی تۆمەتبار کرد، دوای ئەوەی مەهسا ئەمینی بەهۆی پابەند نەبوون بە یاسای جلوبەرگی وڵاتەوە دەستگیرکرا. بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەم تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە و بە ئاماژەدان بە توێژینەوەکان دەڵێن کە گوایە بەهۆی کێشەی پزیشکی پێشووەوە گیانی لەدەست داوە.                                    ئامۆزای مەهسا ئەمینی کە ئەندامی فراکسیۆنی کۆمۆنیستی کۆمەڵەیە، جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی بە گرووپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە نەبووە. موهتەدی باسی ئەوەی کرد کە کۆمەڵە ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پێشخستنی هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە ڕێگەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەوە، لەوانەش ڕێکخستنی مانگرتن و چەشنەکانی دیکەی نافەرمانی مەدەنی بوو. ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بارەوە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران (پ د ک) کردووە، بەڵام هێرشەکانی پژاک بۆ سەر هێزەکانی ئێرانی ڕەت کردووەتەوە کە دوایین جار بوو بە هۆی کوشتنی سەربازێکی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە لە مانگی ئۆکتۆبەردا.

موهتەدی وتی: تا ئەو جێگایەی پەیوەندی بە بزووتنەوە مەدەنییەکان هەیە، پێموایە ئێستا لە کڵاشینکۆفەکان کاریگەرترن و بزووتنەوەی ژینا، بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ئەوەی سەلماند.

حکومەتێک لەناو حکومەتدا

موهتەدی باسی لەوە کرد کە کۆمەڵە لە ڕێگەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردی لە کوردستانی ئێران دەدات و چالاکانە بۆ ئەو ئامانجە تێدەکۆشێت. ناوبراو باسی لەوەش کرد کە ئەم هەوڵە هاندانی لاوانی کوردی ئێرانیش لە خۆ دەگرێت بۆ هەنگاونان لەسەر شەقامەکان. ناڕەزایەتی و نائارامییە بەربڵاوەکانی دوای مردنی ژینا ئەمینی، سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ مافی ژنان و مافی کورد لە ئێران ڕاکێشا، هەروەها تووڕەیی گشتیی لە ناوخۆدا بەرامبەر بە لایەنە توندڕەوەکانی ناو حکومەت لێکەوتەوە. هەندێک هیوای خۆیان بۆ گۆڕانکاری بردە سەر سندوقی دەنگدان. مانگی ئاگۆستی ساڵی ڕابردوو، دوای مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری توندڕەو لە ڕووداوێکی هێلیکۆپتەردا، سەرۆکی ڕیفۆرمیست مەسعوود پزیشکیان کە بە ڕەچەڵەک ئازەری-تورکە، لە هەڵبژاردنێکی خێرادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. بە بەرنامەیەک هاتە ناو گۆڕەپانەکەوە کە بریتی بوو لە پێشخستنی مافی کەمینە نەتەوەییەکان کە کوردیشی دەگرتەوە. پزیشکیان لە ماوەی 45 ساڵدا یەکەم پارێزگاری سونیی کوردستانی دەستنیشان کرد و هەرێمی کوردستانی نیمچە ئۆتۆنۆمی عێراقی دراوسێی وەک یەکەم شوێنی گەشتی دەرەوەی خۆی هەڵبژارد.                        بەڵام موهتەدی پێشبینی ڕێوشوێنی هەمەلایەنەتر دەکات کە ڕێگە بە کورد بدات ئۆتۆنۆمی زیاتر لە ئێراندا، هاوشێوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (AANES). هەردوو پێکهاتەی نیمچە دەوڵەتی بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی واشینگتۆن لە دوای شەڕی کەنداو و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا پێکهێنران. موهتەدی وتی: ئێمە مۆدێلی ئەوان کۆپی ناکەین، بەڵام بە گشتی بەڵێ لەگەڵ ئێرانێکی فیدراڵی داین، چونکە حیزبی من و خەڵکی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە پێکهاتەیەکی سیاسی فیدراڵی و دیموکراتیک دەکەن لە داهاتووی ئێراندا، پێکهاتەیەک کە ڕێگە بە خەڵک دەدات ڕۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان لە ناوچە کوردنشینەکاندا. جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە سەرکردایەتییەکی ناوخۆیی کورد دەگرێتەوە کە بەرپرسیار دەبێت لە سەرپەرشتیکردنی کاروباری حکومەت و پەروەردەیی و تەنانەت کاروباری ئەمنییش.

بەڵام موهتەدی ئاماژەی بەوەدا کە چالاکییەکانی کۆمەڵە تەنیا لە سەر کوردەکانی ئێران نیە، بەڵکوو ئەو حیزبە بە دوای هاوکاری لەگەڵ پێکهاتە نەتەوەییەکانی دیکە و بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنەکان لەوانە کۆماریخواز و پاشایەتیخوازانەوەیە، “جگە لە توندڕەوەکان، ئیسلامییە توندڕەوەکان و ئەوانەی تێوەگلاون لە چالاکییە تیرۆریستییەکان”. موهتەدی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم گرووپە پەراوێزییانە “بۆ بزووتنەوەی دیموکراسی دژ بە ڕژیم کەڵکیان نییە. لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت زیانیشیان هەیە”، وەک نموونە هاوپەیمانیی ئەم دواییەی لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی، شازادەی دوورخراوی ئێران، کە دواجار “لەلایەن پاشایەتییە توندڕەوەکانەوە لەناوچوو” هێنایەوە. هاوکات نەبوونی یەکگرتوویی، باڵی بەسەر جموجۆڵە کوردییەکان لەدەرەوەی وڵاتدا کێشاوە و دەستکەوتەکانی سنووردار کردووە و بەردەوام هەڕەشەی گەڕانەوە بۆ دواوەی لێ کردوون. کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا هەوڵی سەربەخۆیی دا، نزیکەی هەموو وڵاتانی ناوچەکە بە ئەمریکاشەوە دژایەتی ئەو هەنگاوەیان کرد وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو دەنگدانە، هێزە سەربازییەکانی عێراق ئەو بەشە خاکەیان کۆنترۆڵکردەوە کە لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە لە شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) دەستی بەسەردا گیرابوو.

دوو بڕیاری دادگا لە بەغدا ساڵی ڕابردوو ڕێگەی بۆ مەرکەزگەرایی زیاتر لە عێراق خۆش کرد، لەوانە نەهێشتنی سیستەمی پشکی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی کەمینەکان و هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی. لەم دواییانەدا لە سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات کە لەلایەن پنتاگۆنەوە پاڵپشتی دەکرێن و سەرکردایەتی ئیدارەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (AANES) دەکەن، لە مانگی ئازاردا ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق. ئێستا حکومەتەکە لەلایەن ئەحمەد ئەلشرع سەرۆکی کاتییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە پێشتر فەرماندەی میلیشیا ئیسلامییەکان بووە و بە سەرکردایەتیکردنی یاخیبووان ناسراوە کە لە مانگی دیسامبری ڕابردوودا دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریای ڕووخاند. دوو مانگ دوای ئەم ڕێککەوتنە، هێشتا بێ متمانەیی بەردەوامە. لە کاتێکدا ئەلشرع بەڵێنی داوە ڕەسمییەتی زیاتر بە کوردەکانی سوریا بدات، بەڵام داوای لاوازکردنی زیاتری حوکمی ناوەندیی و گفتوگۆکانی پەیوەست بە بیرۆکەی جوداخوازی ڕەت کردووەتەوە.           سەرەڕای ئەم کێشانە، موهتەدی بە گەشبینییەوە لە ئایندەی کورد لە ئێران و دەرەوەی ئێران دەڕوانێت، هاوکات جەخت لەسەر پێویستی درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی زیاتری نێودەوڵەتی دەکاتەوە.                       موهتەدی وتیشی: “پێویستە هۆشیاری سیاسی سەبارەت بە مافەکانی کورد و پرسی کورد لە ڕۆژئاوا، لە ئەمەریکا، لە پێوەندی لەگەڵ حکومەت و ڕاگەیاندن و کۆنگرێس بەرز بکەینەوە”. پێویستە بەردەوام بین لە کارەکانمان. ئەم پرۆسەیە کاتی دەوێت، بەڵام سەرکەوتوو دەبین. ئێمە سەرکەوتوو دەبین. لە هەموو کاتێک زیاتر هیوام بە داهاتووی کورد هەیە. بەڵام لە کاتێکدا موهتەدی بە گشتی پشتیوانی لە دۆزی کورد لە وڵاتانی دیکە لەوانە عێراق و سوریا و تورکیا دەکات، بەڵام دوودڵ بووە لە بەستنەوەی ئامانجەکانی ئێستای کۆمەڵە بە دامەزراندنی کوردستانێکی یەکگرتوو و سەربەخۆ کە چوار وڵات بگرێتەوە. موهتەدی وتی: ئەمە خەونی هەموو کوردێکە، شتێکە شایەنی ئێمەیە، بەڵام پێویستە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێ بهێڵرێت تا چارەسەری بکەن. لەم قۆناغەدا هەر پارچەیەکی کوردستان دەبێ لە چوارچێوەی سنووری ئەو وڵاتانەی کە دانیشتووانی بەرچاوی کورد تێیدا دەژین، بە دوای مافەکانی خۆیدا بگەڕێت.

فراوانکردنی ناوچەیی

بەڵام مەسەلەی کورد بە گشتی بۆ سنوورەکانی دەرەوە فراوان دەبێت. ژمارەیەک له لایەنە کوردییه کانی ئێران له نێویاندا پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و فراکسیۆنه کانی حزبی کۆمه ڵی کۆمۆنیست و ڕیفۆرمخواز به چالاکی لە ناوچه کوردییەکانی عێراق ناسراون. سوپای ئێران ناوبەناو هێرشی دژی ئامانجە کوردییەکان ئەنجام داوە، دوایین هێرشەکانیش لە مانگی یەکی ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە، کاتێک سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی بۆ سەر شوێنێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستپێکرد. کاربەدەستانی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو شوێنە بنکەیەکی سەر بە دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلە. سەرکردایەتی بەغدا و هەولێر بوونی ئیسرائیلیان لە باکوری عێراق ڕەتکردەوە. بەڵام ئیسرائیل مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لە هەوڵدان بۆ پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ بزووتنەوە کوردییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە عێراق و سوریا. سەرکردەکانی مۆساد لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردی عێراق هەبووە و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل یەکەم و ڕەنگە تاکە سەرکردەی جیهان بوو کە لە ساڵی 2017 دا پشتیوانی هەرێمی کوردستانی عێراقی بۆ سەربەخۆیی کرد، ئەمەش هەنگاوێکە کاردانەوەی توندی ناوچەیی بەدوای خۆیدا هێنا. بارودۆخی ئێران لە هەندێک ڕووەوە ئاڵۆزترە. ناتانیاهۆ، کە ڕۆڵی سەرەکی لە پشتیوانیکردنی بڕیارەکەی ترامپ لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ وازهێنان لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە نێوەندگیری باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گێڕا، ئێستا جارێکی دیکە گومانەکانی سەبارەت بە ڕێککەوتنە نوێیەکەی لەگەڵ تاران پەرەپێداوە. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبری دیپلۆماسی، چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە و بەشێک لە بەرپرسانی ئیسرائیلیش داوای هەنگاوی پێشگرانەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە. بەڵام ترامپ گرنگیدانی خۆی بۆ ئەو جۆرە کردەوە سەربازییە کەم کردووەتەوە و هۆشداری داوەتە ناتانیاهۆ لە کردەوەی تاک لایەنە کە دەتوانێت دانوستانە ئەتۆمییە بەردەوامەکان بخاتە مەترسییەوە. 

لە لایەکی ترەوە موهتەدی لاپارێز بووە سەبارەت بە هەنگاوی سەربازیی دەرەکی دژی ئێران، هەرچەندە ئەگەری هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕەت نەکردۆتەوە. موهتەدی وتی: ئێمە پێشوازی لە هەر پشتیوانیەکی هەر وڵاتێکی دیموکراسی لە ناوچەکە یان ڕۆژئاوا دەکەین بۆ شەڕی ئێمە لە دژی ئەم ڕژیمە. تا ئێستا هیچ پشتیوانییەکمان نەبووە. ئەوەی لە داهاتوودا پێویستمانە ئەوەیە کە ئێرانێکی ئازاد و دیموکراتیک دوژمنی ئیسرائیل نەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد: نامانەوێت دروشمی لەناوبردنی ئیسرائیل لە داهاتوودا بەردەوام بێت. ئێمە نامانەوێت هیچ دوژمنایەتییەک بەرامبەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا هەبێت. ئێمە نامانەوێت لە داهاتوودا هیچ دوژمنایەتییەک بەرامبەر دراوسێکانمان لە ئارادا بێت و چارەسەری هەموو ئەم سیاسەتە هەڵانەش گۆڕانی دیموکراتیکە لە ئێراندا.

تێبینی: ئەم نووسراوە، وەرگێڕاوی دەقی وتووێژی حەوتوونامەی نیوز ویکە. جگە لەو بەشانەی ئاماژەی ڕاستەخۆ بە وتەکانی سکرتێری کۆمەڵە کراوە، بەرپرسیارەتی ڕاو و بۆچوونەکانی نووسەر لە ئەستۆی خۆیەتی و بەواتای پشتڕاستکردنەوەیان نییە.
ناوەندی ڕاگەیاندن 01/06/2025 01/06/2025
Share This Article
Facebook Twitter Copy Link Print

کۆمەڵە لە سۆشیاڵ میدیا

Facebook Like
Twitter Follow
Instagram Follow
Youtube Subscribe

بابەتی زیاتر

ژمارە ١٩١ی ئاسۆی ڕۆژهەڵات بڵاو کراوه
ڕۆژنامە 22/05/2025
ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٩٠
ڕۆژنامە 21/04/2025
ئاسۆی ڕۆژهەڵات ژمارە ١٨٩
ڕۆژنامە 27/03/2025
ڕاگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە دۆخی ورمێ
ڕاگەیاندن 24/03/2025
//

پێگەی  فەرمی کۆمەڵەی  شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی  کوردستانی  ئێران،  لە  لایەن ناوەندی  ڕاگەیاندنی  کۆمەڵەوە  بەڕێوە  دەچێت

پێگەی فەرمی کۆمەڵەپێگەی فەرمی کۆمەڵە
Follow US
ماڵپەڕی فەرمی کۆمەڵە
Welcome Back!

Sign in to your account

Lost your password?