خەڵکی تێکۆشەری کوردستانی ڕۆژهەڵات،
بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردووان، زیندانیانی سیاسی،
تێکۆشەرانی دێرین و خەباتکارانی نهێنی،
پێشمەرگە فیداکارەکانی کۆمەڵە!
دۆستان و دڵسۆزانی کۆموڵە،
٤٧ ساڵ لەوە پێش و لە ٣١ی جۆزەردانی ١٣٥٧ی ھەتاویی، ھاوڕێ “سەعید موعینی” ناسراو بە “خانە” شان بە شانی پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لە شەڕێکی نابەرابەر لەگەڵ ھێزەکانی ڕژیمی بەعسی عێراق، گیانی ئازیزی بەخت کرد و بەم بۆنەوە، ٣١ی جۆزەردان وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ناودێر کرا.
پەیامی ئەمساڵی پێشمەرگەی کۆمەڵە، لەکاتێکی جیاواز و هەستیاردا بەدەستتان دەگات. ڕەوتی رووداوەکان و شەپۆلی گۆڕانکارییە گەورەکان، ئاخرجار کەنارە ئارامەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕاند و گەیشتە تاران و، لە ئاکامی سیاسەتە خۆسەپێن و شەڕانگێز و تێکدەرانەکانی ڕژیم، ئەو وڵاتە تووشی شەڕێکی دەرەکی ڕاستەوخۆ و قورس و وێرانکەر بووە.
هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، ئاوێنەی باڵانوێنی ئیرادەی سەربەستی و خۆڕاگریی نەتەوەیی و، پارێزەری ماف و بەرژەوەندیی خەڵک و نیشتمان بووە. هێزێکی ڕێکخراو و تەیار و هەڵقوڵاو لە دڵی کۆمەڵگا کە وەک باسکی بەرگری و بەرەنگاریی، بەو پەڕی توانا و فیداکاری و لەخۆبردووییەوە، لەهەموو بەشەکان و بوارە جیاوازەکانی گۆڕەپانی خەبات چالاکی نواندووە. لەو پێناوەشدا بە هەزاران شەهید و کەمئەندام و قوربانی داوە و لە ھەموو سەنگەرەکانی خەباتدا لەوانە شاخ، شار، گوند، زیندان و ھتاد دەوری چالاک و کاریگەری هەبووە.
خەباتی پێشمەرگانەی کۆمەڵە هاوشێوەی هەموو سەرهەڵدانەکانی دژ بە زۆرداری و چەوساندنەوە و هاوشانی هەموو جووڵانەوەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی دونیا، خەباتێکی جەماوەریی و پشتبەستوو بە هێزی خەڵک، بە پشتیوانی و لە پشتیوانی خەڵک بووە. بۆیەش هەرکات کە پێویست بێت، لەپێناو پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە و نیشتمان، ئامادەیە، خۆی ڕێکدەخا و خۆی تەیار دەکا.
لەوانەیە ئەم بارودۆخە هەستیار و چارەنووسسازە، وەک هەلێکی لەبار بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی و هاتنەدی ڕۆژی سەربەستی نەتەوەکەمان بێتە هەژمار. بۆیە، پێویستە هەموو لاو و ژن و پیاوێکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە هەموو مەیدانەکاندا بە ئەرکی مرۆڤانە و مێژوویی خۆیان هەستن و خزمەت بە نەتەوە و نیشتمانی خۆیان بکەن.
خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات!
ئەمڕۆکە هەمووتان لە شوێنی خۆتانەوە و لە مەیدانی خەباتدا پێشمەرگەن و پێشمەرگایەتی دەکەن. دڵنیاتان دەکەینەوە، ڕۆڵەکانتان وریاتر و ئامادەتر لە هەموو کات لە ڕیزە جوراوجۆرەکانی خەباتدا چالاکن و لە ئەگەری پێویست یان سازبوونی هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر بەها و ماف و ئامانجەکانتان، ئازایانە و شێلگیرانە دێنە مەیدان و ئەرکی پارێزگاری لە کیان و کەرامەت و ماف و گیانی خەڵک و نیشتمان بەجێ دەهێنن، لەو پێناوەشدا ئامادەی هەمووجۆرە قارەمانییەتی و گیانبازییەکن.
کوڕانی و کچانی خوێنگەرمی کوردستانی ڕۆژهەڵات!
کۆمەڵە حیزبی دوێنە و ئەمڕۆ و سبەی ڕۆژی خۆتانە و بە پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی، حیزبی پێشەنگی خۆتان و خەڵکەکەتان بەهێزتر و مەیدانی بەرەنگاریی ئاوەدانتر بکەنەوە. داواتان لێدەکەین بە ڕێزەکانی پڕ لە شانازی کۆمەڵەوە پەیوەست بن و ئاسۆی ئاوات و ئارەزووەکانتان لەم ھێزەدا ببیننەوە. کۆمەڵە، لەسەر پشتیوانی و خاوەندارییەتی لە ماف و ویستی ئێوە و خەڵکی کوردستان، زیاتر لە ٥ دەیە چالاک و پێداگر خەباتی کردووە، لەم ساتەوەختە تایبەتەشدا شێلگیرتر و قایمتر و پتەوتر لە هەمیشە، بۆ گەیشتن بە ماف و ئامانجەکانتان تێدەکۆشێت.
ئاسۆمان ڕوونە، سەرکەوتن بۆ ئێوەیە.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی
٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢٠ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی