بە ئاگاداری هاونیشتمانان دەگەیەنین لە ڕۆژانی ١٢ و ١٣ی مانگی ژووییەی ٢٠٢٥ی زایینی بەرانبەر بە ٢١ و ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاویی، پلێنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦، بە بەشداری سەرجەم هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو و سەرکەوتووانە کۆتایی بە ئەرک و کارەکانی خۆی هێنا.
پلێنۆم بە خولەکێک بێ دەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی سەرجەم شەهیدانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان دەستی بە کار کرد. سەرەتا سکرتێری گشتی لێکدانەوە و شیکارییەکی تێروتەسەلی بۆ ڕووداوەکانی نێوان دوو پلێنۆم و بارودۆخی نوێی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران (بە تایبەتی شەڕی ١٢ رۆژە) هەروەها سەرخەتی ئەرکەکانی داهاتوو پێشکەش بە کومیتەی ناوەندی کرد. ئەندامانی کومیتەی ناوەندی بە گەرم و گوڕی بەشدارییان لە باسەکان کرد و ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان دەربڕی. پاشان پرس و بابەتە حیزبییەکان خرانە بەرباس و هەڵسەنگاندێک بۆ چۆنییەتی و چەندایەتی ڕاپەڕاندنی کار و چالاکییەکانی حیزب لە خولی پێشوودا کرا.
لە درێژەدا چەندین بڕیار و بەڵگەنامەی ناوخۆیی کەوتە بەر باس و لێکدانەوە و بەکۆی دەنگی هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی پەسەند کران. لە بەشی کۆتاییدا، ئەندامانی دەفتەری سیاسی کۆمەڵە بە کۆدەنگیی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرانەوە و بەم جۆرەش دووهەمین پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٦، لەدوای دوو ڕۆژ دیالۆگی گەرم و گوڕ لەگەڵ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و قسەوباسی تێر و تەسەل، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی کار و چالاکی زیاتر و چڕوپڕ لە دەورەی نوێدا، سەرکەوتووانە کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.
لە ڕۆژانی داهاتوو دەقی بەیاننامەی سیاسیی پلێنۆمی دووهەمی کومیتەی ناوەندی بە ئاگاداری رای گشتیی دەگەیەنین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتارییەتی کۆمیتەی ناوەندی
٢٣ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٤ی ژووییەی ٢٠٢٥ی زایینی