بە داخ و پەژارەوە ئاگادار بوین هاوڕێ ئەحمەد ئەسپەری کادر و پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و دۆست و دڵسۆزی بە ئەمەکی کۆمەڵە، خەڵکی گوندی گردنەڵێن لە ناوچەی پیرانشار ناسراو بە “ئەحمەد گردنەڵێنی” شەوی ١٩ی ٧ی ٢٠٢٥ی زایینی، لە شاری وێسترۆس لە وڵاتی سوئێد بە هۆی نەخۆشین، ماڵئاوایی لە ژیان کرد و کۆڕی بنەماڵە و هاوڕێیانی بەجێهێشت.
کاک ئەحمەد ئەسپەری ساڵی ١٣٣٩ی هەتاویی لە گوندی گردنەڵێن لە ناوچەی پیرانشار لەکۆشی بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و خۆشەویستی ناوچەکە چاوی بە ژین هەڵهێنا.
کاک ئەحمەد لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران دژی ڕژیمی پاشایەتی وەک هەموو لاوانی ناوچەکە بەشداری ڕاپەڕینی جەماوەری کرد. ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی لە گوندی مێراوێ کە مقەڕی کومیتەی ناوچەی سەردەشتی لێ بوو، پەیوەست بوو بە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێباز و ئارمانەکانی کۆمەڵە وەفادار مایەوە.
زۆر زوو کاک ئەحمەد بوە هاوڕێیەکی جێگا متمانەی هاوڕێیانی و خۆشەویستی ناوکۆڕی هاوڕێیان. لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا لە زۆر مەئمووریەتی گرینگ و هەستیاری هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا چالاکانە بەشداری کرد.
ساڵی ١٣٦٣ی هەتاوی لە شەڕی بە ناوبانگی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە دژی هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، لە کێوی گەوناویی لە نزیک ئاواییەکانی ڕەشەدێ و پێلە لە ناوچەی مەریوان بە توندی بریندار بوو، سەختی برینەکەی دۆخێکی ڕەخساندبوو کە چارەسەرکردنی ئاسان نەبوو، هەر بۆیە بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەرەکی لە لایەن کۆمەڵەوە بەڕێکرا بۆ دەرەوەی وڵات و لە وڵاتی سوئێد نیشتەجێ بوو، گەرچی بە داخەوە برینەکانی کاک ئەحمەد لە وڵاتی سوئێد بە تەواوی چارەسەریان بۆ نەکرا بەڵام بە دەم ئازار و ژانی کەم ئەندامییەوە درێژەی بە ژیانی شەخسی و شۆڕشگێڕانەیدا.
کاک ئەحمەد ماوەی دووساڵ بوو کە تووشی نەخۆشینی دیکە هاتبوو، پاش دووساڵ ململانێ لەگەڵ ئازار و ژانی نەخۆشینەکەی، سەرەئەنجام شەوی ١٩ی ٧ی ٢٠٢٥ی زایینی لە شاری وێسترۆس لە وڵاتی سوئێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد و دڵەگەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
بێگومان ماڵئاوایی کردنی کاک ئەحمەد بۆ بنەماڵە، هاوڕێیانی، کۆمەڵە و بزووتنەوەی ڕزگاری خوازانەی کوردستان خەسارێکە و داخیشە لەسەر دڵی هەموومان، ئێمە وەک کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان، لە هاوژینی کاک ئەحمەد، خاتوو سیما مەحموودپوور، هەموو بنەماڵە، خزمان و ناسیاوان و خەڵکی گوندی گردنەڵێن سەرەخۆشی ئەکەین و هیوامان سەبووریی هەموولایەکە.
یادی کاک ئەحمەد و هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری بەرز و بەڕێز ڕائەگرین.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کومیتەی دەرەوەی وڵات
٢٠/٧/٢٠٢٥ی زایینی
٢٩ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی