بەداخەوە ئاگادار کراین کە هاوڕێ قادر ڕەسوڵپوور پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی ڕێکخستنی کۆمەڵە ڕۆژی هەینی ٢٧ی پووشپەڕ لە زیندانی شاری مهاباد گیانی لەدەست داوە. گیانبەختکردنی هاوڕێ قادر ڕەسوڵپوور لە کاتێکدابوو کە بڕیار بوو دوێنێ پاش شەش مانگ زیندانی بوون ئازاد بکرێت و بگەڕێتەوە نێو باوەشی بنەماڵەکەی بەڵام بەرپرسانی زیندان بەشێوازێکی گوماناوی بە بنەماڵەی هاوڕێ قادریان ڕاگەیاندووە کە گیانی لەدەست داوە. ئەمە لە کاتێکدا بووە کە ئەم هاوڕێیە هیچ چەشنە نەخۆشیەکی درێژ ماوەو کورت ماوەی لەگەڵدا نەبووەو بەپێی وتەی شایەتحاڵان لەناو زیندان باری تەندرووستی هاوڕێ قادر زۆر باش بووەو هیچ گرفتێکی تەندرووستی نەبووه. هاوڕێ قادر لە ساڵەکانی ١٣٦٣ تا ساڵی ١٣٦٩ی هەتاوی لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا پێشمەرگایەتی کردوەو پاش ساقکردنەوەی کۆمەڵە لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی پەیوەندی بە تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانەوە گرت و لێبڕاوانە لەپێناو سیاسەتەکانی کۆمەڵەدا هەنگاوی دەناو تەبلیغی سیاسەتەکانی کۆمەڵەی دەکرد. گیان لەدەست دانی هاوڕێ قادر جینایەتێکی دیکەی کۆماری ئیسلامیە، تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵە وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە جینایەتکارانەی ڕژیم لە شاری مهاباد، وێڕای بەڵێن نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی هاوڕێ قادر و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە ڕایدەگەیەنین کە تا گەیشتن بە ئامانجە بەرز و ئینسانییەکانی کۆمەڵە درێژەدەری ڕێگایان بین. لە کۆتاییدا سەرخۆشی لە بنەماڵەی هاوڕێ قادر ڕەسوڵپوور، هاوڕێیانی کۆمەڵە و خەڵکی تێکۆشەری شاری مهاباد دەکەین و خۆمان بەشەریکی خەمیان دەزانین.
مەرگ و نەمان بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
سەرکەوێ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
تەشکیلاتی زاگرۆس
٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٩ی ژوئییەی ٢٠٢٥ی زایینی